Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

به‌های ڕه‌هابوون … به‌ندی عه‌لی

Be First!
by February 3, 2008 ئەدەب

ئه‌ی کیژه پێچراوه‌‌کانی نیو قوماتی
ووڵاتی به‌فرو قه‌له‌ڕه‌ش
په‌رده‌ که‌ڕووداره‌کانی‌
سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی نیگا لاده‌ن
ڕه‌نگاڵه‌کانی خۆرهه‌تاو
که‌یفیان به‌ژووری نسرم و سیا نایه‌ت
گه‌ر شه‌وانه‌ش چرای روحتان دانه‌گیرسێ
نه‌مۆته‌که‌ی خه‌م له‌سینه‌ دائه‌به‌زێ و‌
نه‌دڵ خورپه‌ی پڕ ته‌لیسمی
عیشقی پیایه‌ت
 
له‌ڕۆژهه‌ڵات .. ئێمه‌ی بچوک
پێ له‌ئاوه‌ ڕژاوه‌که‌ی گه‌وره‌ ئه‌نێین
به‌ده‌ست خۆمان نیه‌ ، گیانه‌
خود ، سه‌روه‌ری هه‌موومانه‌و
خود په‌رستی له‌هه‌ر کوێ بێ
به‌حوکمی کات
به‌حوکمی شوێن .. ئێمه‌ش له‌وێین
گومان هاوڕێی ڕۆژه‌کانی سه‌فه‌رمانه‌و
متمانه‌ ، پولی دانسقه‌
چۆن وانه‌بێ .. ئێمه‌و مانان
به‌زه‌حمه‌ت دێینه‌ دنیاوه‌و گه‌وره‌ ئه‌بین
به‌ڵام ئاسانیش ئه‌فه‌وتێین
 
ده‌ورو به‌رمان ده‌شتی مینڕێژه‌ به‌یاساغ
هه‌ر گه‌وره‌کان ، مناڵ ئاسا
ده‌رسی ڕه‌وشتمان دائه‌ده‌ن
ئه‌وانیشن .. چه‌قۆ کوله‌ی سزاو تاوان
له‌سه‌ر تاڵه‌ مووی باریکی مل دائه‌نێن
ئه‌و‌ی پێی وایه‌ تاجی به‌خت
به‌ده‌ستی ڕێکه‌وت و قه‌ده‌ر
ئه‌نرێته‌ سه‌ر
به‌سه‌زمانه‌و خۆشخه‌یاڵێکی بێ خه‌به‌ر
 
کیژه‌ ڕوومه‌ت سووره‌کانی
سه‌ر ته‌نوری پڕ له‌پشکۆی خۆشه‌ویتی
ئێوه‌ له‌گڕ دروست بوون و
سه‌مای قژتان کڵپه‌ی ئه‌وه‌
وه‌لێ حه‌یفێ
هه‌ندێ ووشه‌ی وه‌کو عیشق و
بزه‌ی لێوه‌ په‌مییه‌کانی ژوان و
ناوی کۆتره‌ ته‌ته‌ریه‌کان
له‌مانیفێسته‌ کۆنه‌که‌ی گه‌وره‌کانا
له‌زیندانی ته‌پ و تۆزاوی ئه‌رشیفا
له‌ژووری ئه‌شکه‌نجه‌دانا .. داڕزیون
به‌ڵام دانیان به‌تاوانا نه‌هێناوه‌
تاکو ئه‌مڕۆش
 
ئه‌ی په‌پووله‌ نه‌شمیله‌کانی دۆزه‌خی
ووڵاتی پیاو
پیاوی گه‌وره .. پیاوی نه‌خۆش
به‌ئه‌فسانه‌ی ڕۆژه‌ کۆنه‌کانی ئه‌شکه‌وت
پیاوی سه‌رمه‌ست تاحاڵه‌تی ڕشانه‌وه‌
به‌وه‌همی هێزو ئایه‌ته‌ شه‌یتانیه‌کان
ئه‌ی چۆله‌که‌ هه‌ڵکوڕماوه‌کانی دڵم
من پێوه‌ری ڕه‌هایی ژین
 هه‌ر به‌فڕینی ئێوه‌دا ئه‌ناسمه‌وه‌

فێبریوه‌ری 2008

Previous
Next

Leave a Reply