Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

به‌های کتێب‌و ڕۆشنگه‌ری لای مه‌سعود به‌رزانی‌…حه‌مه‌ غفور

Be First!
by April 6, 2009 گشتی

به‌های کتێب‌و ڕۆشنگه‌ری لای مه‌سعود به‌رزانی‌

حه‌مه‌ غفور

(له‌ په‌راوێزی وتاره‌که‌ی مه‌سعود به‌رزانیدا له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ کتێب)

رۆژی 2ئه‌پرێڵ له‌ شاری هه‌ولێر ڤیستیڤاڵی نه‌ورۆزو پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ کتێب به‌ هاوکاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری‌و ده‌زگای ئه‌لمه‌دا کرایه‌وه‌و بڕیاره‌ 10 ڕۆژ بخایه‌نێ. له‌ مه‌راسیمی کردنه‌وه‌ی ڤیستیڤاڵه‌که‌دا مه‌سعود به‌رزانی به‌ ووته‌یه‌کی کورت مۆرکێکی ناشیاو وه‌ ناشایسته‌ی لکاند به‌م هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لایه‌وه‌، وه‌ قه‌دو باڵاو بایه‌خ‌و گرنگیی کتێب‌و ڕووناکبیری‌و ڕه‌وه‌ندی ته‌نویری‌و جووڵانه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی له‌گه‌ڵ سه‌رو سه‌کوتی تانک‌و تۆپ‌و فڕۆکه‌دا به‌راورد کرد.

مه‌سعود به‌رزانی له‌ گه‌وهه‌ری ووته‌که‌یداو له‌ به‌ بڕشتترین بڕگه‌ی وه‌سف‌و ده‌ربڕینه‌کانیدا سه‌باره‌ت به‌ کتێب‌و گرنگی ته‌نویر له‌ کوردستان ووتی: "کتێب زۆر له‌ تانک‌و تۆپ‌و فڕۆکه‌ کاریگه‌ر تره‌، بۆیه‌ ئومێده‌وارم هه‌میشه‌ کوردستان جێگای ئه‌و پێشانگایانه‌ بێت له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته‌ پێشانگای چه‌ک‌و ته‌قه‌مه‌نی"

شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ که‌ سازکردنی ڤیستیڤاڵی ڕۆشنبیری‌و هونه‌ری، کردنه‌وه‌ی پێشانگای ڕه‌ونه‌قدارو گه‌وره‌ی کتێب، له‌گه‌ڵ ڕه‌خساندنی که‌ش‌و هه‌وای سازگار بۆ جموجووڵ‌و جۆش‌و خرۆشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌پێناو بره‌ودان به‌ خوێندنه‌وه‌و بردنه‌سه‌ری خۆهوشیاری‌ هاوڵاتیان، هاندان بۆ قه‌درزانیی له‌ کتێب‌و هاوڕێیه‌تی کردنی کتێب‌و باشکۆکردنی ڕووناکبیری‌، بوارکردنه‌وه‌و کارکردن بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتنی گشتی به‌ شارستانییه‌ت‌و فه‌رهه‌نگ‌و ده‌رس‌و ته‌جروبه‌و داهێنانه‌کانی جیهان، له‌ بواری ڕووناکبیری‌و جووڵانه‌وه‌ی ته‌نویری‌و ڕه‌هه‌نده‌کانی تری مێژووی کۆمه‌ڵگاکان‌و که‌لتوورو تێکۆشانی خه‌ڵکی ووڵاتانی جیاجیای جیهان بۆ ڕزگاری‌و سه‌رفرازی‌و گه‌یشتن به‌ مافه‌کانیان، ئه‌کرێ‌و ئه‌توانرێ ئه‌ته‌کێتێکی به‌رزو ویقارێکی سه‌لارو که‌شخه‌و پڕمانا‌ ئاژین بکاته‌ دڵ‌و ده‌روونی خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگا‌وه‌. بێگومان مرۆڤ به‌ ڕێزه‌وه‌ ئامێز بۆ وه‌ها ده‌سپێشکه‌ری‌و بوار ڕه‌خساندنێک ئه‌کاته‌وه‌و له‌ ڕاستای کرانه‌وه‌و وه‌رچه‌رخان به‌لای هاوکاری کردن‌و تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی مێژوویی کۆمه‌ڵگا جۆراو جۆره‌کانی مرۆڤایه‌تیدا بایه‌خیان بۆ دائه‌نێ.

به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ سه‌نگ‌و قورسایی چه‌ک‌و جبه‌خانه‌ی جه‌نگی‌و که‌لتوورو فه‌رهه‌نگی شه‌ڕه‌نگێزی‌و ڕوئیاو تێگه‌یشتنی تۆتالیتاری‌و میلیشیایی پاش هه‌ژده‌ ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتی جووتحیزبی کوردی، هێشتا به‌ خه‌ستی له‌ ڕوانگه‌و تێڕوانینی که‌سایه‌تیه‌کی وه‌کو مه‌سعود به‌رزایندا ئاماده‌یه‌. هێشتا عه‌قڵیه‌تی تانک‌و تۆپ‌و ته‌یاره‌ له‌ نه‌هج‌و ڕوانگه‌ی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا باڵاده‌سته‌و ئه‌و جۆه‌ره‌ مه‌سه‌لانه‌ به‌ که‌مترو بێبه‌هاتر ته‌ماشائه‌کات. به‌رزانی وێناکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی‌و ئارام‌و دوور له‌ سه‌روه‌ری چه‌ک‌و میلیشیای به‌لاوه‌ زه‌حمه‌ت‌و ئه‌سته‌مه‌. 

هۆی چیه‌ وا ڕابه‌رێکی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی، له‌نێو پانتایی کتێب‌و ته‌نویرو ڕووناکبیریدا، له‌ دوو توێی خۆنیشاندانێکی گه‌وره‌ی تێکهه‌ڵکێشانی فیکرو فه‌لسه‌فه‌و ته‌نویرو زانست‌و زانیاری گه‌لان‌و کۆمه‌ڵگاکانی جیهاندا، ده‌ست بۆ قووڵایی که‌لتووری میلیتاریستی‌و که‌لتوری پێشمه‌رگانه‌ ئه‌بات‌و سه‌روبه‌ری ئه‌و پانتاییه‌ جوانه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی کتێب که‌ له‌ شاری هه‌ولێر سازکراوه‌، به‌ وێنای لووله‌ تۆپ‌و زرێپۆش‌و بۆمبارانی هه‌وایی ئه‌پێوێت‌و ئه‌شیهێنێته‌وه‌ یه‌ک!؟

ئایا ئه‌مه‌ به‌ره‌نجام‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی چاره‌نووسێکه‌ که‌ حوکمی ڕۆژگارو مێژووی ناعه‌داله‌تی‌و بێئینسافی جیهان‌و ناوچه‌که‌ بڕیویانه‌ به‌ باڵای کوردستان‌و خه‌ڵکی نوێخواز‌و مۆدێرنی کوردستاندا، یاخود مه‌سعود به‌رزانی به‌م ووتاره‌ی‌و به‌م ده‌ربڕینه‌ی گه‌ره‌کیه‌تی ئاماژه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌مان نیشان بدا که‌ به‌لای به‌ڕێزیانه‌وه‌، وه‌ بۆ سه‌رکرده‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ کرده‌وه‌و به‌ شێوه‌ی واقعی هێشتا فه‌رهه‌نگ‌و که‌لتووری جه‌نگ‌و شه‌ڕه‌نگێزی‌و ڕیتمی میلیشیایی سه‌ره‌کی ترو له‌پێشتره‌ له‌ هه‌ر ئاراسته‌یه‌کی دیکه‌!

من وای بۆ ئه‌چم فیکرو فه‌لسه‌فه‌و ته‌نویرو ڕووناکبیری‌و کرانه‌وه‌ به‌لای به‌رزانیه‌وه‌ هێنده‌ بایه‌خداره‌ که‌ بچێته‌ خزمه‌تی که‌لتووری تانک‌و تۆپه‌وه‌. ململانێی بێکۆتایی نێو بازنه‌ی داخراوی سیاسه‌تی کوردایه‌تی، له‌پێناو شه‌ریکبوون له‌ ده‌سه‌ڵاتدا پێویستی حه‌یاتیی به‌م شێوازه‌ له‌ تێڕوانین هه‌یه‌ بۆ ژیان‌و بۆ پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ گه‌لان‌و کۆمه‌ڵگاکانی ده‌روبه‌ردا. جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی (بێگومان به‌وێنه‌ی هه‌موو جووڵانه‌وه‌ ناسیونالیستیه‌کانی تری ناوچه‌که‌ش)هێنده‌ی پشتی به‌ هێزی سه‌ربازی‌و چه‌کداری‌و شه‌ڕه‌نگێزی به‌ستووه‌، کوا بایه‌خ بۆ هوشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و چوونه‌ سه‌ری ئاستی ڕووناکبیری گشتی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی دائه‌نێ! ئه‌م جووڵانه‌وه‌ میلییگه‌رایانه‌ هێنده‌ی تالوکه‌ی ئه‌وه‌یانه‌ که‌ خه‌ڵکی له‌سه‌ر بنه‌مای میللی‌و قه‌ومی‌و ئیتنیکی‌و ئه‌م شتانه‌ ده‌ستیبه‌ندی بکه‌ن‌و دیواری چین له‌ نێوانیاندا درووستبکه‌ن، که‌ی خۆیان بۆ پێکه‌وه‌ژیان‌و نزیکایه‌تی‌و ناسنامه‌ی هاوڵاتیبوون ماندوو ئه‌که‌ن!

ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خۆی وه‌کو ئایدیۆلۆژیایه‌ک‌و وه‌کو ڕێبازێکی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌سه‌ر ڕوی پانتایی‌ میللیگه‌ری‌، وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌هم‌و خورافه‌ی قه‌ومی‌و نه‌ته‌وه‌په‌رستی دامه‌زراوه‌. چۆن، وه‌ که‌ی لۆژیکه‌ ڕابه‌رانی ئه‌و جوولانه‌وه‌یه‌ خۆیان بێن‌و ڕێز دابنێن بۆ هه‌یه‌جان‌و ته‌زاهوره‌یه‌کی ڕۆشنبیری وه‌کو پێشانگای کتێبی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌ولێر، که‌ هه‌نگاوێکی باشه‌ تا که‌ناڵ‌و ده‌روازه‌کان واڵا‌بکات بۆ ئاشتی‌و سوڵح‌و سه‌فاو لێکنزیکبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک‌و گه‌لان‌و پێکهاته‌کانی ناوچه‌که‌!

لێره‌شه‌وه‌ ئه‌کرێ مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ له‌و ڕاستیه‌ تێبگات که‌ بۆچی جووتحیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی‌و حکومه‌ت‌و وه‌زیرو گزیرو به‌رپرسه‌کانیشیان، له‌ هه‌موو شوێنێک، له‌ کاتی ووتار خوێندنه‌وه‌کانیاندا، له‌ میدیاکانیانه‌وه‌و له‌ مامه‌ڵه‌و هه‌ڵس‌و که‌وتی عه‌مه‌لی‌و ڕۆژانه‌یاندا، بێمنه‌تن‌و گوێ بۆ هیچ ده‌نگ‌و سه‌دایه‌کی خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌ر شلناکه‌ن، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ڕووناکبیران‌و نووسه‌ران‌و چاودێرانی سیاسی‌و میدیای سه‌ربه‌خۆ بێنرخه‌ لایان، ڕه‌خنه‌و هوشداری گشتی به‌لایانه‌وه‌ دوژمنایه‌تی ئه‌زموونی ئه‌وانه‌و به‌ بیانووی ده‌ستی دیکه‌ له‌ پشتیانه‌وه‌ به‌ سه‌رکوت وه‌ڵامیان ئه‌ده‌نه‌وه‌. ته‌قه‌و ده‌سڕێژی گوله‌ وه‌ڵامی داخوازی هاوڵاتیانه‌و گرتن‌و زیندانیکردن‌و غه‌رامه‌کردن له‌ دژی ڕۆشنبیران‌و موخالیفانی سیاسیان جێگای دیالۆگی گرتۆته‌وه‌!

به‌ڵام ئه‌م که‌لتووره‌، سه‌رده‌می به‌سه‌ر چووه‌. فه‌رهه‌نگی شکۆدارکردنی تۆتالیتاریزم‌و پیاهه‌ڵدان به‌باڵای چه‌ک‌و جبه‌خانه‌و هێزی سه‌ربازیدا، ڕیشه‌ی له‌ جیاوازی چینایه‌تی کۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدایه‌. چینی سه‌رمایه‌دار له‌پێناو سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات‌و سه‌روه‌ری نوێنه‌رانی چینه‌که‌ی خۆیدا، جگه‌ له‌ زمانی توندوتیژی‌و زمانی تانک‌و تۆپ هیچی تر شک نابه‌ن. به‌رزانیش وه‌کو نوێنه‌ری چینه‌ داراکان‌و سه‌رمایه‌دارانی کوردستان، گه‌ره‌کیه‌تی به‌م سینیاڵه‌ی به‌ کۆمه‌ڵی کوردی بڵێ؛ که‌ ته‌نها ڕێگای کارساز بۆ سه‌پاندنی مه‌رام‌و سیاسه‌ته‌کان، به‌کاربردنی هێزی چه‌ک‌و توانای میلیشیاییه‌. به‌ڕێزیان پێمان ده‌ڵێ؛ که‌ کتێب، وه‌ ڕۆشنبیری باشه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ناگاته‌ باڵای ڕه‌زاقورسی چه‌ک‌و جبه‌خانه‌و شه‌ڕه‌نگێزی!
4/ئه‌پریڵ2009

 

Previous
Next

Leave a Reply