Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

به‌ها فه‌لسه‌فیه‌کانی هونه‌ر له‌کاری داهێناندا

Be First!
by September 1, 2009 تابلۆ

  

هونه‌رباڵنده‌یه‌کی بێناسنامه‌یه‌ ، به‌هه‌موو مه‌رزه‌کانی بووندا بێپرسینه‌وه ده‌ربازده‌بێ و له‌هه‌ر‌  مێرگێکیش پێوه‌رێکی بۆ دابنرێ بێ شک ده‌یپه‌ڕێنێ و نانیشێته‌وه‌ .
هونه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌کی فره‌ ره‌هه‌نده‌ و پێگه‌ی هه‌موو توانا ده‌هێنراوه‌کانی مرۆڤه ‌و جه‌مسه‌ره‌کانی ئاوێته‌ی یه‌ک بوون و به‌ئاسایی جوێناکرێنه‌وه‌ ، موزیسیانێکی وریاو سه‌لیقه‌دار ده‌کارێ تابلۆیه‌ک به‌ئاواز بنه‌خشێنێ ، شێوه‌کارێکی به‌توانا و هه‌ستیار ده‌شێ مێلۆدیه‌کی سۆزدار به‌ڕه‌نگ  بژه‌نێ ، شانۆکارێکی خاوه‌ن هزر و به‌ ئه‌زموون ده‌کرێ به‌ په‌نابردنه‌ به‌ر ده‌ربڕین، رۆمانێک بنووسێته‌وه‌ و ئاوازێکی بکاته‌ به‌ر ، ئه‌مه‌ش  ئه‌و میتۆده‌ هونه‌ریه‌ نوێگیره‌مان بۆ شیده‌کاته‌وه‌  که‌ سه‌رچاوه‌ی هزر  و توانای هونه‌رمه‌ند ته‌نیا له‌پێگه‌کانی واقیعه‌وه‌  نه‌کشاوه‌‌ به‌ڵکو  ته‌شه‌نه‌ی  بۆ دونیایه‌کی بزوێنه‌ری  خه‌یاڵی ره‌ها  کردوه‌ .‌
دکتۆر سیجمۆند فرۆید ده‌ڵێ :  شته‌ هاوبه‌شه‌کانی مرۆیه‌کێ  ئاسا و هونه‌رمه‌ندێک  له‌وه‌دا خۆی ده‌گرێته‌وه‌  که‌  هه‌ردوکیان خه‌ون ده‌بینن و له‌ دونیای واقیعه‌وه  ‌ده‌که‌ونه‌  دونیای  بێئاگایی  و خه‌یاڵ ، ته‌نیا جیاوازیه‌ک هه‌بێ له‌نێوانیاندا ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤی ئاسا کاتێ راده‌چڵه‌کێ  به‌ده‌ستی ‌به‌تاڵه‌وه‌  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  دونیای ئاگا ، به‌ڵام  هونه‌رمه‌ند که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ داهێنانێکی گه‌وره‌ی پێیه‌ .
جێمس جۆی ده‌ڵێ :  مرۆڤی دا‌هێنه‌ر رابه‌ری میانه‌ی دوو جیهانه‌ ، جیهانێک پڕ له‌‌  ئه‌زموون‌  و  یه‌کێکیش پڕ له‌خه‌ون ،  به‌ستنی په‌یوه‌ندی پته‌و له‌میانه‌ی ئه‌م  دوو جیهانه‌دا یه‌کێکه له‌ توانا‌ نهێنیه‌کانی بیرمه‌ندیی  هونه‌رمه‌ند .
په‌یوه‌ندیێکی یه‌کجار توند له‌میانه‌ی  دونیای خه‌یاڵ و هونه‌ردا هه‌یه‌ ، دونیای خه‌یاڵ  پێگه‌یه‌ک و ئاتمۆسفێرێکی گونجاو بۆ هونه‌رمه‌ند فه‌راهه‌م ده‌کا تا هزری بخاته‌گه‌ڕ بۆداهێنان و ئه‌فراندن ، هونه‌رمه‌ند که‌ی توانی کۆدی کات و شوێن   بشکێنێ ، روونتر  ده‌توانێ    بروانێته‌  په‌نجه‌ره‌ی داهێنان.
کاره‌  گه‌وره‌کانی  سریالیه‌کان  له‌ ده‌سپێک و ناوه‌ڕاستی  سه‌ده‌ی بیسته‌مدا  شوڕشێک بوو   بۆ پچڕانی ته‌لبه‌نی واقیع و هوروژمکردن بۆ نێو وڵاتی بێکات و شوێن . هه‌ر به‌و هزره‌ هونه‌ریه‌ وه‌ بوو هونه‌رمه‌نده‌ سینه‌ماکاره‌جیهانیه‌کان توانیان  بیردۆزی ئه‌فراندن له‌ دونیای خه‌یاڵه‌وه‌ بخه‌نه‌ به‌رچاوی  زاناکان و  دواتریش بکرێته‌ که‌ره‌سه‌ و بنه‌مای  شارستانیه‌تێکی  نوێی  بۆ سه‌ده‌کانی  داهاتوو .
گه‌ر له‌ گۆشه‌نیگای هونه‌ره‌وه‌ تێبڕوانین  ده‌بینین  واقیع و داماڵینی فۆرم  دوو ده‌سته‌واژه‌ی  جوێنه‌کراوه‌ن  ، مرۆڤ له‌سه‌ر پێگه‌ی واقیع   نه‌بێ ناتوانێ  بچێته‌ نێو توونه‌کانی رووتبوونه‌وه‌ی فۆرم ، زاناکان ده‌ڵێن واقیع  جه‌سته‌یه‌ وداماڵینیش گیانیه‌تی  هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌شێ بینه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و جه‌سته‌یه‌ بێت و هونه‌رمه‌ندیش له‌ نێو گیانی کاره‌کانی بێ  ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان  بۆ ده‌سه‌لمێنێ که‌  هونه‌رمه‌ند   له‌نێو گیانی  بینه‌ردایه‌ و هه‌رله‌وێشه‌وه‌ هه‌سته‌ هونه‌ریه‌کانی ئه‌کتیڤده‌کا . هه‌روه‌ها واقیع په‌یوه‌ندیه‌کی ئه‌به‌دیشی له‌ته‌ک فه‌نابوونه‌ ،   ئێمه‌  بۆیه‌ ده‌مرین ‌چونکه‌ ده‌ژین ،  گه‌ر نه‌ژیاینایه‌ نه‌شده‌مردین  .
بینین له‌کارێکی هونه‌ری دا ئه‌نجام  نیه‌ به‌ڵکو  رێگه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌نجام  دان ،  شۆپنهاوه‌ر ده‌ڵێ ئامانج  ئه‌وه‌ نیه‌ که‌تۆ شتێکی باش ببینی ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێو ئه‌و شته‌دا ئه‌وه‌   ببینی که‌   که‌س نه‌یدیوه‌ .  ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێ  که‌وا  تابلۆیه‌ک یان شانۆگه‌ریه‌ک هه‌رئه‌مه‌نده‌ نین  ببینرێن  و بناسرێنه‌وه‌ ،‌ به‌ڵکو  گرنگ  ئه‌وه‌یه‌ هه‌ستیان  پێبکرێ ، ئه‌و هه‌سته‌ش ده‌بێبه‌شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی ئاوێته‌ی روح  بێت  و بۆچوونه‌ ساده‌کان ده‌رباره‌ی هونه‌ر  به‌ره‌و ئاستێکی تر بگۆڕێ .       
لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانی هونه‌ر هه‌رده‌م تێکه‌ڵاوی یه‌کترن وزۆرجاریش ده‌توێنه‌وه‌ له‌بۆته‌ی یه‌کترو ئاسته‌مه‌ جوێیان بکه‌ینه‌وه‌ ، له‌میانه‌ی شیعرو تابلۆ په‌یوه‌ندیه‌کی جاویدانه‌ هه‌یه‌ ، هه‌ردوکیان له‌ژێر پێوه‌ره‌کانی هه‌ستکردندا خۆیانده‌بیننه‌وه‌  ،  شیعر به‌ وشه‌ی هه‌ستجووڵێن  و  ده‌ڕبڕینی ئه‌فسووناوی عیشقیی  ناناسرێته‌وه‌ ، ئه‌وکاته‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ که‌ هه‌ست به‌ بوونی خودی شیعر خۆی بکرێ ، که‌ی توانیمان  سیما جوانه‌کانی " بوون " مان خۆشبوێ و نه‌فره‌ت له‌ سیما نه‌گریسه‌کانی بکه‌ین ئه‌وکات  شیعرمان دۆزیوه‌ته‌وه‌ ،   هه‌روه‌ها تابلۆیه‌کی ئاڵو واڵا  و پڕفیگه‌ر و سیخناخ له‌هزر به‌س نیه‌ بۆ  دۆزینه‌وه‌ی  کارێکی  هونه‌ری  سه‌رکه‌وتوو ،  به‌ڵکو  دۆزینه‌وه‌ی  له‌وه‌دایه‌‌ که‌بتوانی هاورێیه‌تی خودی هونه‌ر خۆی بکه‌یت و یه‌کتری بناسن .
هونه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌فراندراوی مرۆڤایه‌تیه‌ ،  هه‌ر خۆیشی کلتووری نه‌ته‌وه‌کان  ده‌پارێزێ  و ده‌یانڕازێنێته‌وه‌ ، هونه‌رمه‌ندی کارامه‌ ورد ده‌ڕوانێته‌ ده‌وروبه‌ری و چاوی له‌سروشت غافڵ نابێ وئاگاداری گۆڕانکاریه‌ دیار و نادیاره‌کانه‌ ‌ وه‌ک .. بوون ، رووداو ، سه‌ربه‌ستی ، داگیرکردن، خه‌ون، نه‌بوونی ، چه‌مکه‌ ده‌روونیه‌کان ، ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌ودیو مردن وفه‌نابوون ، هه‌روه‌ها ئاشکراکردنی
نهێنیه‌کانی سروشت  ،  ئه‌ویش به‌ڕووماڵکردنی ئه‌وبابه‌تانه‌ی که  ‌ده‌که‌ونه‌ پشتی فۆرم ، وه‌ک وزه‌ی شاراوه  ‌و رووناکی و تیشک وشیکردنه‌وه‌ی ئامڕازه‌کانی ، دواتر بیانکاته‌ ‌ بابه‌تی سه‌ره‌کی کاره‌کانی و ئاوێته‌ی روخساری شارستانیه‌تی سه‌رده‌میان بکا ،  ده‌کرێ بڵێین ئه‌م جۆره‌ تێڕامانه‌‌به‌رده‌بازی داکوتراوی گه‌یشتنی هونه‌رمه‌نده‌ به‌ره‌هه‌نده‌کانی ‌ " بوون "   ،  شێوازی هونه‌ریی 
تایبه‌ت و هێما داهێنراوه‌کانیش له‌م چه‌مکانه‌دا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ ، ئه‌م تێڕوانین و بۆ چوونه‌ش ناتوێته‌وه‌ له‌بۆته‌ی کارێکی هونه‌ریی سه‌رکه‌وتو هه‌تا زه‌مه‌ن هونه‌رمه‌ند  قاڵ نه‌کا و تا هوروژمی ژانێکی قورسی ئه‌فراندن په‌ی پێنه‌با .
هاتنه‌دی ئه‌م بۆچوونه‌ش مه‌رجێکی دروست دێنێته ‌پێشی هونه‌رمه‌ند ئه‌ویش بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ وخوێندنه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل و بینینی تاقیکراوه‌سه‌لمێنراوه‌کانی ئه‌وانی تر و جه‌ختکردن له‌ناسینی شارستانیه‌ دیاره‌کانی نه‌ته‌وه‌کان و چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌یان .
خوێندنه‌وه‌  جگه‌ له‌ دروستکردنی  بینای  مه‌عریفی ، زمانێکی نوێی له‌ هێما و ئامڕازه‌کان   به‌ هونه‌رمه‌ند ده‌گرێ ، که‌ده‌بنه‌ که‌ره‌سه‌ی په‌یڤینێکی نوێیی داهێنان .
ره‌نگه‌ خوێنه‌رێکی به‌ڕێز  بڵێ :  هونه‌رمه‌ند  هه‌یه‌ ئاستێکی رۆشنبیریی و  ئه‌کادیمی نیه‌ وده‌وڵه‌مه‌ندیێکی کلتووریشی نه‌بوه‌ ، که‌چی له‌بواری ئه‌فراندندا ئه‌سپی خۆی تاوداوه‌ . من  لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌خوێندنه‌ ئه‌کادیمیه‌کان  نیه‌ ، ‌‌هه‌رچه‌نده‌  یه‌کێکن له‌هوکاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی قاڵبوونی هونه‌رمه‌ند ، به‌ڵکو ته‌نها مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه  هونه‌رمه‌ند له‌ گه‌شه‌کردنه‌ مه‌عریفیه‌کان بێبه‌ری ‌
نه‌بێ و نه‌گاته‌ پێگه‌ی " به‌سته‌ڵۆکی هونه‌ریی"  تا نه‌چێته‌ ژێر رکێفی مامه‌ڵه‌وانان ، به‌ڵکو ئه‌وان بێنه‌ نێو بازنه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌وه‌  .
جوانی هونه‌ر پیرۆزتره‌ له‌جوانی سروشت چونکه‌ خودی هونه‌ر زاده‌ی روحه‌ ، مانای ئه‌وه‌یه‌ هونه‌ر به‌ پشتبه‌ستن  به‌  روح  پیرۆزی  خۆی ئاوێته‌ی کاره‌کانی  ده‌کا و  ئه‌وانیش  به‌م شێوه‌یه‌ ده‌چنه‌ نێو گیانی .
هونه‌ رگواستنه‌وه‌یه‌کی واقیعه‌ بۆ جیهانێکی سه‌رووی حه‌قیقه‌ت ، هه‌تا له‌سروشت نزیکبێته‌وه‌ به‌هابه‌ها فه‌لسه‌فیه‌کانی خۆیونده‌کا ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌  ده‌توانین بڵێین ده‌بێ کاری ئه‌فراندراو سنووره‌کانی واقیع ببه‌زێنێ و خودی هونه‌ریش به‌ها جوانیه‌کان به‌دوور له‌ سروشت  ببینێته‌وه‌،هیندێک را ده‌ڵێن  : گه‌رهات و جوانی بابه‌تی هه‌ست و خه‌یاڵ بێت ئیدی به‌ که‌ڵکی ئه‌وه‌ ناێت ‌بکرێته‌ بابه‌تێکی زانیاری و هیچ جۆره‌ كارلێکێکی فه‌لسه‌فی نیه‌ ، به‌ڵام  هیگڵ   ده‌ڵێ :  ستاتیکا خۆی فه‌لسه‌فه‌یزانیاری جوانیبوونه‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ توانیویه‌تی جیاوازی له‌نێوان پیشه‌و هونه‌ری جوانیبوون بکا و  بۆچوونگه‌لێکیمرۆیی بۆ دابنێت و دووریخاته‌وه‌ له‌ جوانی سروشت .
هربرت رید  ده‌ڵێ : ئه‌و نموونه‌  پیرۆزه‌ی که‌  هونه‌ر به‌ره‌وڕووی  ده‌ڕوا  ئه‌وه‌یه‌ که‌  هه‌موو به‌شه‌کانی  بگه‌ێنێته‌ ئاستی موزیک  و تا راده‌یه‌ک دووریانخاته‌وه ‌له‌جوانیه‌ بینراوه‌کان و به‌رگی هه‌ستپێکردنیان بکاته‌ به‌ ر، چونکه‌ موزیک داماڵاوترین هونه‌ره‌ که‌ کاریگه‌ریی  له‌سه‌ر چه‌مکه‌ ده‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤ نیه‌ و مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌ک ناکا و  وه‌لایان ده‌نێ .
به‌مه‌ش بۆمان  ده‌رده‌که‌وێ که‌ هونه‌ر له‌و ساته‌یدا که‌ده‌بێته‌ بزوێنه‌رێکی ئامڕازئامێز ، خودی خۆشی به‌ئه‌نجامبه‌خش ده‌ناسرێنێ . لێره‌دا ئه‌وپرسیاره‌ ساکاره‌مان  دێته‌وه‌بیر که‌ده‌ڵێ : ئایا هونه‌ر بۆ هونه‌ره‌  وه‌یا  هونه‌ر  بۆ که‌سانی تره‌ ؟      من  لێره‌دا ده‌ڵێم  که‌ی  هونه‌ر توانی رووکاره‌سه‌ره‌کیه‌ راسته‌کانی خۆی رووماڵکاو گه‌شه‌ به‌خۆی بدا و خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆیبێ  ئه‌وسا ده‌کارێ له‌ئاستێکی فره‌ به‌رزه‌وه‌ خزمه‌تی شارستانیه‌ت وجه‌مسه‌ره‌ ئه‌کتیڤه‌که‌ی که‌جه‌ماوه‌ره‌ بکا ،  به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بێ ته‌نها  ده‌بێته‌  ئامڕازێک  و زاده‌ی  مه‌رحه‌له‌یه‌ک  و دواتر کۆتایێکی کاره‌ساتیانه‌ی تووشده‌بێ و  ده‌بێته‌ روداوێکی مێژوویی و چیتر له‌ بووندا پێگه‌ی خۆی نابینێته‌وه‌ .
زاناکان بوون به‌ چه‌ند به‌شێکه‌وه‌ ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر  به‌  جوانی ، هه‌ندێک ده‌ڵێن جوانی  رووداوێکه‌ له‌شته‌ جوانه‌کانا به‌سروشتی خۆی ده‌نوێنێ ، هه‌ندێکی تر ده‌ڵێن   بابه‌تێکه‌و له‌ شتێکی جواندا ده‌یبینینه‌وه‌ ، کۆمه‌ڵێکیش ده‌ڵێن  جوانی سه‌رچاوه‌ی هه‌ستی مرۆڤه‌ ، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین : جوانی ده‌سته‌واژه‌یه‌که‌ ، زۆرجار دیار و زۆرجاریش نادیاره‌ ، ئه‌وه‌ی رووماڵی
ده‌کا هه‌ستی مرۆڤێکی ده‌هێنه‌ر و به‌هره‌مه‌نده‌  .
که‌سه‌ پاڵپشته‌کانی " بوون " ، جوانی له نێو ‌سروشتدا ده‌بینن ، خه‌یاڵئامێزه‌کانیش له‌ده‌رووندا وله‌پشت واقیعه‌وه‌  ده‌یبیننه‌وه‌  ، به‌ڵام  ده‌بێ  ئه‌و  راستیه‌  بزانین  که‌  هونه‌ر به‌گشتی  زاده‌ی داهێنانه‌  به‌ده‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی له‌کوێوه‌ گرتبێ .
به‌ڵێ گوڵ ، شاخ ، ئاو ، ئاسۆ ،  هه‌روه‌ها ده‌روونی پاک ، لێبورده‌یی ،خۆشه‌ویستی ، جوانن به‌ڵام هونه‌رمه‌ندی  وریا و هزرئامێز  ده‌کارێ جوانییه‌کی تر فه‌راهه‌م  بکا که  ‌له‌پێشوو دا  نه‌بینراو  ونه‌ناسراو بێت ، به‌رد ، ره‌گ ، بۆق ، مار له‌روانگه‌ی هونه‌رمه‌نده‌ئه‌وروپیه‌کانه‌وه‌  جوانیش نه‌بن به‌جوانی  ده‌ناسرێن  به‌  مناڵ . ئه‌م  بۆچوونه‌ش  ئه‌وه‌مان  بۆ  ده‌رده‌خا  که‌  له هیچکاتێکا "جوانی" دژه‌که‌ی " ناشیرین"  نیه‌ ، هه‌ر بۆیه‌  جۆمبێرت  ده‌ڵێ :  جوانیی کاره‌ هونه‌ریه‌کان له‌ بابه‌ته‌کانیاندا نیه‌  به‌ڵکو  له‌ ستایڵی ده‌ربڕینی بابه‌ته‌کانه‌ .
چه‌ند رایه‌کی درشتبین هه‌ن  پێیانوایه ‌بۆ ئه‌وه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی سیمای کاره‌هونه‌ریه‌کان بێتده‌بێ  فیگه‌ره‌کان  نه‌ته‌وه‌یی  بن ئه‌وکات  به‌کارێکی  سه‌رکه‌وتو و ره‌سه‌ن داده‌نرێن ، به‌ڕای من ئه‌مه‌ سه‌یرکردنێکی هونه‌ره‌ له‌میانه‌ی تروسکایی  دوو په‌نجه‌وه ، له‌ده‌سپێکی ئه‌م نووسینه‌دا به‌ڕوونی باسی جیهانگیری هونه‌رمان کرد و ئه‌وه‌مان درکاند که‌هونه‌ر روحی مرۆڤه‌ و پابه‌ندی هیچ سنوورێک و به‌ته‌نیا زاده‌ی هیچ نه‌ته‌وه‌ێکیش نیه‌ ، ئه‌وه‌تا شکسبیر درازه‌ مه‌ودایه‌ک لێمان دووره‌ که‌چی  رۆژانه‌  له‌ته‌ک  شاکاره‌کانیا ده‌ژین .   کێ  له‌ ئێمه‌ کاره‌کانی بیتهۆڤن و  داڤنشی نه‌بوونه‌ته‌ خۆراکی ده‌روونی .
هونه‌رمه‌ندی ناوداری عیراقی  ضیاء عزاوی  ده‌ڵێ :
مه‌رج  نیه  ‌ نوسین یا پۆشاک  ببنه‌  هێمای  ره‌سه‌نایه‌تی هونه‌ر .  ده‌پرسێ و ده‌ڵێ : ئه‌گه‌ر کارێکی شێوه‌کاریی ئه‌وروپی  نووسین و پۆشاکی عه‌ره‌بی به‌به‌را بکرێ ئایا ده‌بێته‌ کارێکی عه‌ره‌بێ ؟ .
بیکاسۆ  ماسکی ئه‌فریقی و ،  ماتیس  ئه‌رابسک و  تابیس   نووسینی چینی له‌کاره‌کانیانا ‌به‌رجه‌سته‌ کردوه‌ ، مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌م کارانه‌ بوونه‌ته‌ موڵکی  ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ ، به‌ڵکو ئه‌م   کاره‌یان ده‌ڕژێته‌ ده‌ریای کلتوری شارستانیه‌تیی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ . ‌
پیرۆزکردن و رێزگرتن ی ‌کاره‌ هونه‌ریه‌کان رێزگرتنه‌ له‌ خودی مرۆڤایه‌تی خۆی ،  هه‌موو خۆخڵافاندنێک له‌به‌هاکانی داهێنان گه‌مه‌کردنه ‌به‌ هزره‌ هونه‌ریه‌ پێشکه‌وتوه‌کان ، په‌یڕه‌وی کردنی  بۆچوونه‌ساده‌کان  له‌لایه‌ن هه‌ندێک له‌" هونه‌رکار" ه‌  ئه‌وروپه‌یه‌کان  و  به‌کارهێنانی  کاره‌کانیان  بۆ ته‌واوکردنی جه‌سته‌ی ژوورێک یاجێیه‌ک ،  ده‌چێته‌ بواری بابه‌ته‌کانی مۆده‌وه‌  
که‌  هه‌رجاره‌ی قۆپچه‌یه‌ک  وه‌ یا ێخه‌یه‌کی لێده‌گۆڕرێ ،   به‌ به‌هاکردنی کارێکی هونه‌ری ئه‌وکات چێده‌بێ که‌ له‌ سه‌نگ و نرخی نه‌گۆڕرێ  ،  به‌م بۆچوونه‌ش راپێچی رایه‌کێ هه‌میشه‌ بیستراو  و  ده‌ماوده‌مکه‌وته‌  ده‌بین و ده‌ڵین  ئایا هه‌رکه‌سێک له‌بواری هونه‌ردا کاری خۆی گوزه‌راند ده‌شێ پێی بوترێ هونه‌رمه‌ند ؟
ئه‌ی ئاخۆ به‌کێ ده‌وترێ هونه‌رمه‌ند ؟ . 
هونه‌رمه‌ند ئه‌و هه‌سته‌ به‌تواناو کاریزمایه‌یه‌ که‌هه‌رده‌م له‌روحی کاره‌کانیدایه‌ ،  مه‌رزه‌کان یه‌ک به‌دوای  یه‌ک  ده‌به‌زێنێ  و  به‌وڵاتی خه‌یاڵدا ده‌فرێ  و  ده‌چێته‌ کرۆکی"  بوون " و  به‌جه‌سته‌ی ئازاره‌کاندا ده‌گه‌ڕێ و باوه‌ش به‌چه‌مکه‌ تاریکه‌کانی مرۆڤایه‌تی ده‌کا و سه‌رله‌نوێ له‌وڵاتی واقیع دا رووناکییان ده‌کاته‌به‌ر . که‌سی هونه‌رمه‌ند سۆفی زکری خۆیه‌تی و هه‌رده‌م له‌کۆڕی گه‌رمه حاڵ‌ دایه‌  بۆ  گه‌یشتن  به‌  به‌ها عیرفانیه‌کانی  هونه‌ر . هه‌ر  له‌به‌ ر هه‌ندێک  له‌نگیه‌  که‌سێکی هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌ر جوێنه‌کرێته‌وه‌ له‌ته‌ک ئه‌وانه‌ی کار له‌ هونه‌ردا ده‌که‌ن . ‌  خوێنکارێکی نوێ ده‌رچووی په‌یمانگا  وه‌یا  کۆلیژێکی هونه‌ر  هه‌رچه‌ند  پێشکه‌وتوش بێ ،  ده‌شێ پێی بوترێ شێوه‌کار وه‌یا موزیسیان وه‌یا ئه‌کته‌ر ، وه‌لێ ناکرێ نێوزه‌دبکرێ به‌ هونه‌رمه‌ند !! . هه‌تا زه‌مه‌ن   مۆراڵی هونه‌ریی  و ئه‌زمونه‌کانی قاڵ نه‌کا و نه‌گاته ئاستی ئه‌فراندن .‌

nassertofiq@hotmail.com

 

Previous
Next

Leave a Reply