به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به دواداچوونی توندوتیژی دژ به ئافره‌تان:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به دواداچوونی توندوتیژی دژ به ئافره‌تان:
گرفتی پرۆفیشناڵ بوون
نوسینی: رێكه‌وت ئیسماعیل
له زانستی پزیشكیدا دیاریكردنی نه‌خۆشی واته(تشخیص- diagnosis) گرنگترین كاره، چونكه به‌هه‌ڵه دیاركردنی نه‌خۆشیه‌ك وا ده‌كات نه‌ك نه‌خۆشیه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت به‌ڵكو ره‌وشی نه‌خۆشه‌كه‌ش ترسناكتر بێت.
ئه‌مه راسته‌وڕاست ئه‌و هه‌ڵه كوشنده‌یه‌یه كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی به‌دوواداچوونی توندوتیژی دژ به ژنان تێیكه‌وتوون جا ئایا ئه‌مه له دڵسۆزیانه‌وه بێت یان له پرۆفیشناڵ نه‌بوونیانه‌وه بێت.
ئه‌وه‌ی من له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م زۆر به كورتی ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵه‌ی پرۆفیشناڵ نه‌بوونی ئه‌و دامه‌زراوانه رۆڵی گرنگی بینیووه له قه‌به‌كردن و مه‌ترسیداركردن و ته‌نانه‌ت به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی دیارده‌كه.
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به كورتی و هێنده ده‌رفه‌ت هه‌بێت له‌سه‌ر یه‌كێك له هه‌ڵه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوانه بوه‌ستین كه ئه‌ویش بریتیه له چۆنیه‌تی ئاماده‌كردنی ئاماره‌كان و ئه‌و بنه‌ما زانستیانه‌ی كه بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌و ئامارانه پشتیان پێده‌بسترێت….
توندوتیژی دژ به ژنان چیه؟
له پێناسه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتووه كه توندوتیژی دژ به ئافره‌تان به‌ربڵاوترین جۆری پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤه له هه‌موو دنیادا، هه‌موو ئافره‌تێك له هه‌ر وڵاتێكدا و له‌هه‌ر كه‌لتورێكدا له هه‌ر كلاسێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بێت ، له‌هه‌ر ته‌مه‌نێكی ژیاندا و سه‌ر به‌هه‌ر دیانه‌تێك بێت ده‌شێت قوربانی توندوتیژی خێزانی بێت، ئه‌مه گرفتێكی جیهانیه… له‌م پێناسه‌وه بۆمان ئاشكرا ده‌بێت كه دیارده‌ی توندوتیژی تایبه‌ت نیه به كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریه‌وه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ره‌نگه كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری كه‌متر له هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌نانه‌ت ئه‌وروپیش توندوتیژی دژ به ژنانی تێدا بێت. ئه‌ی باشه كه‌واته گرفته‌كه له چیدایه كه ئاماره جیهانیه‌كان كۆمه‌ڵگه‌ی ئیمه ده‌كه‌نه دڕنده‌ترین كۆمه‌ڵگه‌و وێنه‌یه‌كی زۆر ناشرین و نه‌خوازراو به نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌ده‌ن؟
من پێموایه یه‌كێك له هۆكاره هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كان( جگه له هۆكاره سیاسی و ئانقه‌سته‌كان) هۆكاری نه‌شاره‌زایی خودی رێكخراوه‌كانی ژنانه .
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌دواداچوونی توندوتیژی دژ به ئافره‌تان یه‌كێكه له‌و لایه‌نه به‌رپرسانه‌ی كه ره‌وشی توندوتیژی دژ به ژنان تاوتوێ و چاره‌سه‌ر ده‌كات، له‌م فه‌رمانگه‌یه‌وه زانیاریه‌كان ده‌كرێنه داتا‌و پاشان وه‌كو ئامار بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
چۆنیه‌تی دروستكردنی داتا و پۆڵێنكردنی ئاماره‌كان به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر گرنگی ئه‌وه‌ن كه ئه‌م فه‌رمانگه‌یه هیچ پێوه‌رێكی زانستی بۆ پێشێلكاری مافی ژنان ره‌چاو ناكات به‌ڵكو به پێچه‌وانه تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵییه‌كی یه‌كجار زۆر به ئاماره‌كانیه‌وه دیاره كه هه‌ر ئه‌مه‌شه بۆ ته هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌چاو ستاندارده جیهانیه‌كه‌دا رێژه‌ی توندوتیژی به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه دژ به ژنان زۆر قه‌به‌و ناڕاست ده‌رچن و له ئاكامدا كوردستان له به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه وه‌ك ئه‌ژدیهای حه‌وت سه‌ر وێنا بكرێت… با بزانین ئه‌م ئامارانه چین و باسی چی ده‌كه‌ن؟
ئه‌و ئاماره‌ی كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژ به‌ژنان بڵاوی ده‌كاته‌وه ئه‌م بابه‌تانه له خۆ ده‌گرێت
1. كوشتن + خنكاندن
2. خۆكوشتن + خۆخنكاندن
3. هه‌وڵی كوشتن+ خنكاندن
4. گومانی كوشتن + خنكاندن
5. هه‌وڵی خۆكوشتن+ خۆخنكاندن
6. سوتان
7. خۆسوتان
8. سوتاندن
9. هه‌وڵی خۆسوتاندن
10. ده‌رمان خواردن
11. رفاندن
12. لاقه‌كردن+ ده‌ستدرێژی
13. لێدان
14. برینداركردن
15. خۆبرینداركردن
16. كێشه‌ی مۆبایل
17. سوكایه‌تی پێ كردن(تانه‌وته‌شه‌رو ناوبانگ زڕاندن).
18. جنێودان.
19. بێزاركردن(راسته‌وخۆ+ مۆبایل)
20. هه‌ڕه‌شه
21. به‌ندكردن
22. هه‌ڵاتن
23. وونبوون
24. سواڵ پێ كردن.
25. دزی پێ كردن.
26. له‌شفرۆشی پێ كردن.
27. رێگرتن له شوكردن.
28. كۆمه‌ڵایه‌تی
29. خێزانی
30. به‌زۆربه‌شوودان.
31. له‌جیاتی خوێن.
32. ماره‌یی سه‌ر بێشكه.
33. جۆراوجۆر( مردن، كاره‌باگرتن، غازلێدان، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن).
34. خیانه‌تی زه‌وجی.
تێبینی: ئێمه بابه‌ته‌كانمان وه‌ك خۆی نوسیوه‌ته‌وه بۆیه هه‌ڵه زمانه‌وانیه‌كان تایبه‌تن به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوبراو نه‌ك نوسه‌ری بابه‌ته‌كه
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و ئاماره بده‌ین راسته‌وخۆ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له هه‌ر وڵات و بستێكی دنیادا، ته‌نانه‌ت له‌و وڵاتانه‌شی كه ته‌مه‌نی دیموكراسی تێیدا چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاماره به‌وجۆره پڕ بكرێته‌وه ئه‌وه وێنه‌یه‌كی نازانستی و شێواو ده‌ده‌ن به ره‌وشی كۆمه‌ڵگه به‌گشتی و ژنان به تایبه‌تی و رێژه‌ی توند و تیژیه‌كانیش به‌هۆی ئه‌م ئاماره بێسه‌روبه‌ره‌وه بێگومان یه‌كجار زۆر زیاد ده‌كات و ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه هه‌مووتاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان خۆیان له نێو ئه‌و ئاماره‌دا ببیننه‌وه…
ئه‌وه‌ی له‌م ئاماره‌دا به‌دی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه كه رێكخه‌رانی ئاماره‌كه هیچ شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان له یاسا و بڕگه یاساییه‌كانی تایبه‌ت به تاوان نیه، چونكه به‌شێكی زۆر له بڕگه‌كانی ئه‌و ئاماره په‌یوه‌ندی به دیارده‌ی جێنده‌رو توندوتیژی و تاوانی شه‌ره‌فه‌وه نیه، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر دیارده‌یه‌كی دیكه‌ی نێو كۆمه‌ڵگه هه‌ژمار ده‌كرێت. ئه‌م خشته‌یه هێنده‌ی كه‌موكوڕی و موباله‌غه‌و ناشاره‌زایی پێوه دیاره ره‌نگه ته‌نها پسپۆڕانی بواری یاسا و تاوان و كۆمه‌ڵناسی بتوانن راستی بكه‌نه‌وه. من ده‌پرسم له چ بستێك له‌م دنیایه‌دا تاوانی سواڵ پێكردن وه‌ك توندوتیژی دژ به ژنان تۆمار ده‌كرێت؟ یاخود وه‌ك له بڕگه‌ی ١٦ هاتووه (كێشه‌ی مۆبایل) و له بڕگه‌ی ١٩ بێزاركردن به مۆبایل، من پێموایه ئه‌گه‌ر كێشه‌ی مۆبایل و بێزاركردنی مۆبایل به توندوتیژی هه‌ژمار بكه‌ین ئه‌وه ده‌بێت فه‌ڕه‌نساو ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م وڵاتی دنیا بن له توندوتیژی دژ به ژنان نه‌ك كوردستان. دزی پێكردن له‌هه‌موو بڕگه‌یه‌كی یاساییدا تاوانێكی جینائیه‌و هه‌ر كه‌سێك ئه‌نجامی بدات ژن بێت یان پیاو یان مافیا و چه‌ته به هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته نێو چوارچێوه‌ی توندوتیژی دژ به ژنانه‌وه، له پیناسه‌و فۆرمه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش دیارده‌ی له‌شفرۆشی پێكردن به هه‌مان شێوه ده‌چێته نێو چوارچێوه‌ی كاری مافیاگه‌ری یاخود ئه‌وه‌ی به بازرگانی كۆیله‌ی سپی ناوی براوه.. چه‌ندین بڕگه‌ی دیكه‌ی سه‌یرو سه‌مه‌ره له‌م ئاماره‌دا به‌دی ده‌كرێن كه به‌ڕاستی نه‌ك ته‌نها مایه‌ی پێكه‌نینه به‌ڵكو له هه‌مان كاتدا مایه‌ی گریانیشه وه‌ك ( غازلێدان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و كاره‌با گرتن و خۆبرینداركردن و جنیودان و بێزاركردن و ونبوون…هتد)، لێره‌دا زۆرم لا سه‌یره كه رووداوه‌كانی هاتووچۆ به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه ژنان تێدا بریندار ده‌بن یاخود گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن وه‌ك ئامار هه‌ژمار نه‌كراوه، چونكه به‌پێ گومانه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندی ئه‌و ئاماره بێت ده‌كرێت مه‌به‌ستێك له پشت ئه‌و روداوه هه‌بێت و به ئانقه‌ست به‌رامبه‌ر به ژنان ئه‌نجام درابێت…
دیارده‌ی خۆكوشتن:-
دیارده‌ی خۆكوشتن یاخود ئینتیحار، یه‌كێكه له‌و دیاردانه‌ی له‌م ئاماره‌دا نزیكه‌ی یازده بڕگه‌ی له خۆ گرتووه، بێگومان له‌م بڕگانه‌شدا بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌ییه‌كی زۆر به‌رچاو ده‌كه‌ون، تاڕاده‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر گومانیش هه‌بێت وه‌ك له بڕگه‌ی ٤ و ٣٣ دا هاتووه، ئه‌وا هه‌ر ده‌كرێته ژماره‌و بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئایا ده‌كرێت ته‌نها به گومان یاخود روداوێكی نه‌خوازراوی وه‌ك غازلێدان و كاره‌با گرتن، داتایه‌ك بۆ توندوتیژی دژ به ژنان ئاماده بكرێت؟
له ئاماره‌كه‌دا هه‌موو جۆره خۆكوشتنێكی ژنان وه‌ك توندوتیژی دژ به ژنان ناوی هاتووه، له كاتێكدا به‌پێ ی هه‌موو ئاماره زانستیه‌كان رێژه‌ی ٤٠٪ ی خۆكوشتنی كه‌سان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌خۆشی ده‌رونی وه‌ك خه‌مۆكی جوت كه‌سایه‌تی- انفصام- و ماده هۆشبه‌ره‌كان، ٦٠٪ ی رێژه‌ی خۆكوشتنیش ده‌گه‌ڕێته‌وه فه‌رهه‌نگی دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵگا و شێوازی په‌روه‌رده و گرفتی خۆشه‌ویستی و سۆز و گرفتی خێزان و ته‌نانه‌ت ده‌رنه‌چوون له قوتابخانه.
به چ پێوه‌رێك ده‌كرێت ئه‌و كچه‌ی له قوتابخانه ده‌رناچیت و خۆی ده‌سوتێنێت یان ئه‌و كچه‌ی له‌سه‌ر مۆبایلێك كه باوكی یان دایكی لێ ی ده‌سه‌نێت خۆی ده‌سوتێنێت به توندوتیژی هه‌ژمار بكرێت؟ به چ پێوه‌رێك ئێمه ده‌توانین خۆكوشتنی ئافره‌تێك له ژێر فشار‌و هه‌ڕه‌شه‌ی خێزاندا یان به‌هۆی له ده‌ستدانی په‌رده‌ی كچێنی له حاڵه‌ته‌كانی دیكه جودا بكه‌ینه‌وه، یان خۆكوشتنی پیاوان یان كوڕان ته‌نها له به‌رئه‌وه‌ی مێینه نین له چ خانه‌یه‌كدا هه‌ژمار بكه‌ین…
بۆیه مه‌رج نیه هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوشتن و خۆ سوتاندنی كچان بخرێنه ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵگه و له چوارچیوه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان، پیاوان له به‌رامبه‌ریدا تاوانبار بكرێن، هه‌ر وه‌ك چۆن ناكرێت به‌رامبه‌ر خۆكوشتنی پیاوان ژنان تاوانبار بكرێن.
بۆ سه‌لماندنی راستی و دروستی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی هۆڵه‌ندا به نمونه ده‌هێنمه‌وه…
– رێژه‌ی ٩٪ ی كۆمه‌ڵگه‌ی هۆڵه‌ندی له پێنج ساڵی رابووردا به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بۆته قوربانی توندوتیژی ناو خێزان كه رێژه‌كان به‌مجۆره‌ی خواره‌وه دیاری كراون:
٤٥٪ ی هه‌موو هه‌موو ژن و پیاوه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له نێوان هه‌ژده بۆ حه‌فتا ساڵدایه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان قوربانی توندوتیژی خێزانن. له‌م رێژه توندوتیژیه لێدانی قورس و ده‌ستدرێژی سێكسی و لاقه‌كردن به‌رچاوده‌كه‌ون.. ژماره‌كانیش به داتا به‌مجۆره‌یه: ١٦٠ هه‌زار ئافره‌ت دووچاری لێدانی سوك یاخود ده‌ستدرێژی سێكسی و سوكایه‌تیپیكردن بوونه‌ته‌وه، ٣٠ هه‌زار ئافره‌ت دووچاری لێدانی توند و ده‌ستدرێژی سێكسی توند بونه‌ته‌وه. ٧ هه‌زار ئافره‌ت دووچاری توندوتیژی له ئاستی زۆر به‌رزو ترسناكدا بوونه‌ته‌وه.. هه‌ندێك جار توندوتیژی هێنده خراپ بووه كه ئافره‌ته‌كه‌ی ناچاركردووه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا هه‌ڵبێت
له ساڵی ٢٠٠٨ دا نزیكه‌ی ١٠ هه‌زار ئافره‌ت په‌نایان بردۆته به‌ر شێڵته‌ره‌كان رێژه‌ی ٣٨٪ ی ئه‌وانه منداڵیشیان له‌گه‌ڵدا بووه…ژنان به‌رێژه‌ی ٦٠٪ و پیاوانیش به رێژه‌ی ٤٠٪ بوونه‌ته قوربانی، له ساڵی ٢٠٠٧ دا له نێوان قوتابیانی ١٢-١٦ ساڵه‌دا ١٦٠.٧٠٠ منداڵ بوونه‌ته قوربانی و دووچاری جۆرێك له جۆره‌كانی توندوتیژی قورس و سوك هاتوون. لاقه‌كردنی كچان به رێژه‌ی ٨٠٪ له لایه‌ن برا، مام، زڕباوك و باپیره‌وه بووه، رێژه‌ی ١٦٪ی ئه‌و كچانه‌ی كه جارێك یان زیاتر لاقه‌كراون ته‌مه‌نیان له شازده‌ساڵ كه‌متر بووه.
رووداوه‌كانی ساڵی ٢٠٠٨
ساڵی ٢٠٠٨ له بنكه‌كانی پۆلیسی هۆڵه‌ندا ئه‌م ژمارانه تۆمار كراون:
– ٦٣٨٤١ روداوی توندوتیژی
– ٢٣٦٧١ سكاڵای تۆماركراو له كن پۆلیس.
– ١٥٨١٨ هاوڵاتی به‌هۆی توندوتیژیه‌وه ده‌ستگیركراون..
ژماره‌ی قوربانیه‌كان ساڵی ٢٠٠٩
١٤ كوژراوی پیاو
١٩ كوژراوی ژن
١٢ كوژراوی منداڵ ( مه‌به‌ست له منداڵ له یاساكانی هۆڵه‌ندا هه‌موو كه‌سێكی خوار ١٨ ساڵه)
كۆی گشتی ٤٥ كوژراو
ژماره‌ی قوربانیه‌كان ساڵی ٢٠١٠
١٠ كوژراوی پیاو
٢٠ كوژراوی ژن
١٤ كوژراوی منداڵ
كۆی گشتی ٤٤ كوژراو.
ئاماژه جیهانیه‌كان
له هه‌رسێ ئافره‌ت له جیهاندا یه‌كێك له ژیانی خۆیدا لانی كه‌م جارێك یان زیاتر دووچاری توندوتیژی وه‌ك لێدان، سوكایه‌تی، لاقه‌كردن ده‌بێته‌وه، نیوه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی ده‌كوژرێن له لایه‌ن هاوسه‌ره كۆنه‌كانیانه‌وه ده‌كوژرێن، توندوتیژی و لاقه‌كردنی ژنان له نێوان ته‌مه‌نه‌كانی ١٥-٤٤ مه‌ترسیدارتره له نه‌خۆشیه‌كانی شێرپه‌نجه‌و روداوه‌كانی ئۆتۆمبیل و مه‌لاریا.
له به‌لژیكا یه‌ك ژن له حه‌وت ژن دووچاری توندوتیژی ده‌بێته‌وه له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه..
ئۆكسفام له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه توندوتیژی چوارچێوه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ژنان له بواره‌كانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری و مافه‌سیاسیه‌كان به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه . ئۆكسفام نه‌ك ته‌نها ده‌رئه‌نجامه‌كانی توندوتیژی به‌ڵكو هۆكاره‌كانی باس ده‌كات ده‌یباته‌وه سه‌ر نه‌بوونی هاوسه‌نگی له په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدا كه به‌هۆكاره‌كانی كه‌لتوری و ئاین و سیاسه‌ت و خوێندن و ئابوریه‌وه ئافره‌تان كه‌له‌پجه ده‌كات..
به سه‌رنجدانی ئه‌و ئامارانه‌ی سه‌ره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نانه‌ت له هه‌موو وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی دنیاشدا رێژه‌ی زۆر به‌رز له‌و دیارده‌یه به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه‌چی هیچ كه‌س و لایه‌نێكش نایكات به هه‌ڵڵاو ئاماری بێسه‌روبه‌ره‌ی له‌سه‌ر دروست ناكات و بڵاو ناكاته‌وه به‌ڵكو رێگا چاره‌ی گونجاو بۆ ئه‌و دیارده‌یه داده‌نێن و به رێگایه‌كی زانستی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن…
قه‌به‌كردن و شاخ و باڵ لێڕواندنی ئه‌و داتایانه به‌و جۆره ناواقعی و نازانستیه له كوردستاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت ره‌نگدانه‌وه‌ی خاڵێكی زۆر گرنگه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك لایه‌ن و میدیای دیاریكراو به ئانقه‌ست كار بۆ به ئایدۆلۆژیاكردن و به سیاسه‌تكردنی ئه‌م كه‌یسه ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش هۆكاری راسته‌قینه‌ی گه‌وره‌كردن و ئاڵوزكردنی كێشه‌كه‌یه نه‌ك چاره‌سه‌ركردنی، له كاتێكدا هیچ كام له‌و میدیا‌و رێكخراوانه هێنده بوێر نه‌بوون باسی گه‌وره‌ترین توندوتیژی رۆحی و جه‌سته‌یی به‌رامبه‌ر به ژن بكه‌ن كه دیارده‌ی فره ژنیه. هه‌روه‌ها گرفتێكی دیكه ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك رێكخراوی به‌ناو ژنان و فه‌مینیست و داكۆكیكار له مافی ژنان به ئامانجی تایبه‌ت و هه‌ندێك جاریش سۆز ئامێزه‌وه كار له‌سه‌ر وروژاندن و قه‌به‌كردنی نا مه‌سئۆلانه‌ی ئه‌م ئامارانه ده‌كه‌ن و ته‌نها له بڵاوكردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ئاماره‌كاندا رۆڵی خۆیان ده‌بیننه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی كارێكی ئه‌وتۆ زانستی بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه بكه‌ن.
من له رێگای ئه‌م نوسینه‌وه پێشنیازی ئه‌وه ده‌كه‌م كه ئه‌و ئامارانه سه‌رله‌نوێ به پێوه‌رێكی زانستی داڕێژرێن و له رێگای رێكخراوه شاره‌زاكانی ژنانه‌وه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی دیكه هه‌وڵ بدرێت میكانزیمی گرنگ و زانستی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌ی توندوتیژی دژ به ژنان دیاری بكرێت، هه‌روه‌ها داوا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌دوواداچوون ده‌كه‌م له رێگای په‌رله‌مانه‌وه یاسایه‌ك بۆ پابه‌ندكردنی میدیاكان به‌م هه‌واڵانه‌وه هه‌موار بكه‌ن، چونكه بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژانه‌ی هه‌رشتێك له كه‌ناڵه‌كانی میدیاوه ئه‌و شته ده‌كاته كارێكی ئاسایی و رۆژانه له‌به‌رده‌م بینه‌رانیداو ئه‌نجامدان و دووباره‌كردنه‌وه‌شی ده‌بێته حه‌ز و خولیا‌و كه‌لتور.