Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

به‌‌ چرای درۆیه‌که‌وه‌ دیده‌نییم که‌ !

Be First!
by May 1, 2011 ئەدەب

به‌ سروه‌ی جوانترین درۆی خۆت ،گه‌مارۆم بده‌….
ئه‌ی ئیحساسی نه‌گریسم،
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر چوارلاوه‌ گوڵان بێنه‌وه‌ دیده‌نییم ؛
موحتاجی هه‌تاوی ڕه‌ونه‌قدارین درۆی تۆم
تا وه‌ک تاڤگه،….
سپی..سپی، چریسکه‌م بێ و
چه‌شنی لاولاو،….
سه‌و‌ز .. سه‌وز ، سه‌رقاڵی په‌لهاویشتن بم ؛
پێم بڵێ ، وا نییه‌ ،…..
پێم بڵێ ، ئه‌وه‌ی‌ تۆ ئه‌یبینی ، خه‌ونی بزڕکاوی سه‌رخۆشێکه‌‌ ،
ئه‌وه‌ی ئه‌یبیستی،…
ته‌نها زرنگانه‌وه‌ی بێ مانای گوێیه‌کانته له‌ شه‌قامێکی چۆڵ و هۆڵدا‌ ؛.
به‌رهه‌یوانی دڵم ،….
به‌ ئینجانه‌کانی کامه‌رانیی بڕازێنه‌وه‌ و
‌            هه‌ڵمخه‌ڵه‌تێنه‌ به‌ لیمۆی مزری درۆیه‌کی مه‌کرباز
پێم بڵێ ، ئه‌و ‌هێشتا لێره‌یه‌،…..
هێشتا لێوی به‌سه‌ر زامی وه‌ڕسبوونه‌کانی تۆوه‌ سڕ بووه‌
پێم بڵێ تۆ زۆر گه‌مژه‌یت و
که‌ناریی بێبڕستی خه‌ونه‌کانت….
بستێ له‌ هێلانه‌ی ڕووته‌ڵه‌ی سه‌رت دوور ناکه‌وێته‌وه‌
به‌ درۆیه‌کی ساده‌ش بێ ، به‌ منی خۆشباوه‌ڕ بڵێ….
که‌ نیوه‌ی گیانم زیاتری، له‌سه‌ر ئاگردانی‌ وه‌همه‌‌…..
ده‌نا زۆری ماوه‌ کریستاڵی شکۆی ئومێدم وردوخاش بێ
بمخه‌ره‌ به‌ر ڕێژنه‌ی درۆی خۆش
با ، ته‌ڕ..ته‌ڕ بڵێسه‌م به‌رز بێته‌وه‌، ئه‌ی ئیحساس ؛.
ئه‌گه‌ر من که‌سێکی به‌هه‌شتیی بوومایه‌….
ئه‌وه‌نده‌ پێشبینیی تاریک و ختووره‌ی خراپ…
وه‌ک مێرووله‌ له‌شاری دڵمه‌وه‌ ڕێچکه‌یان نه‌ئه‌به‌ست ،
ئه‌گه‌ر من ، فریشته‌ نوێژی له‌سه‌ر داوێنم بکردایه‌
چ ترسم له‌ دڵه‌ڕاوکێ و
خوێندنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ چرچ و لۆچه‌کانی سبه‌ی ئه‌بوو ؛
خۆت بکوژه‌ و
من بێنه‌ره‌وه‌ سه‌ر هێڵه‌ ساکاره‌کا‌نی ژیان ،
خۆت بکوژه‌ و
قه‌ناعه‌ت به‌ من بهێنه‌،……
ئه‌وه‌ی به‌ چاوی تۆ ئه‌یبینم
چ نییه‌ ، له‌ تارمایی پیربوونی خۆم زیاتر ؛
گه‌ره‌کم نییه‌  له‌سندووقه‌ پڕ نارنجۆکه‌کانی سبه‌ی نزیکم خه‌یته‌وه‌ و
ئه‌و هاواره‌ په‌ژمووردانه‌ ‌،
نامه‌وێ له‌ ئێستاوه‌ چاو بکه‌م ،…..
که‌ سبه‌ی له‌ ده‌می ته‌ڕی زامێکمه‌وه‌ به‌رز ئه‌بنه‌وه‌
ئه‌ی ئیحساس ،
تۆیت بکووژی ڕه‌وه‌جوانووی نێو پاوانه‌کانی ئاسووده‌ییم ،
لێم ته‌وه‌للا‌ به ‌،
ده‌نا به‌ سه‌وزیی هه‌ڵئه‌پڕووکێم ،
          به‌ وشکیی، خوێنم چۆڕاوگه‌ ئه‌به‌ستێ ،
   به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ، ده‌ست ئه‌گێڕم بۆ چرا !!
   



به‌رزان هه‌ستیار

کانوونی یه‌که‌می 2010
ئه‌ڵمانیا/کۆل
bhastiar@yahoo.de

Previous
Next

Leave a Reply