به بۆنه‌ی بیره‌وه‌ری تیرۆری 90ساڵه‌ی ڕۆزا لۆکسمبورگ
باسێکی کورت له سه‌ر ژیاننامه‌ی رۆزا لوکسمبورگ
به بۆنه‌ی بیره‌وه‌ری تیرۆری 90ساڵه‌ی ڕۆزا لۆکسمبورگ
نووسینی: تۆنی کلیف
و.له ئینگلیزی یه‌وه: ئازاد ئارمانرۆزا لۆکسمبورگ له 5 ی مارسی 1871 دا، له شارۆچکه‌یه‌کی بچووک به ناوی زامۆسک له پۆله‌ندا له دایک بووه (له 15/01/1919له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌لمانیاوه تیرۆر کراوه)وه‌رگێر. هه‌ر له سه‌ره‌تای لاویه‌تی یه‌وه هه‌لسوراو بوو له ناو بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی دا و په‌یوه‌ندی کرد به پارتێکی شۆڕشگێر به ناوی پرۆلیتاریا، که له ساڵی 1882 دا دامه‌زرابوو، ده‌وروبه‌ری 21 ساڵ به‌ر له دروست بوونی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی روسیا (به‌لشه‌فیک- مه‌نشه‌فیک) ده‌ستی به کار کردن کردبوو. پرۆلیتاریا له سه‌ره‌تاوه له باره‌ی پره‌نسیپ و پرۆگرامه‌وه چه‌ند هه‌نگاو له پێش بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی روسیا بوو. له‌و کات دا بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه له ڕوسیادا هێشا به‌سترابۆوه به کار‌و چاڵاکی تیرۆری فه‌ردی، که به‌شێک له ڕۆشنبیرانی قاره‌مان پێی هه‌ڵده‌ستان. به‌ڵام پرۆلیتاریا له ساڵی 1886دا کاری ڕێکخستن و ڕابه‌ری هه‌زاران کرێکاری ده‌کرد له خۆپیشاندان و مانگرتن دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش پرۆلیتاریا به کرده‌وه چوار له سه‌رکرده‌کانی تووشی له سێداره دان و سه‌ربڕین هاتن. وه 23 ی تریش یان تووشی زیندانی بوون، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆریش کاری تاقه‌ت پروکێنیان پێ ده‌کردن. هه‌روه‌ها سزادانی زیاتر له 200 کرێکاری تر. ته‌نها بازنه‌یه‌کی بچووک رزگاریان بوو له تێکشکان. یه‌کێک له‌م که‌سانه ڕۆزا لۆکسمبورگ بوو که له ته‌مه‌نی 16ساڵی دا په‌یوه‌ست بوو به ڕێکخراوی پرۆلیتاریا. له ساڵی 1889دا پۆلیس فشاری زۆری هێنا بۆ ڕۆزا تاوه‌کو وڵات به‌جێ بهێلێت، هاورێیانی رۆزاش ئه‌وایان بیر ده‌کرده‌وه‌و وه به باشتر یان ده‌زانی بچێته ده‌ره‌وه سودی زیاتره، نه‌ک له زیندان دا بێت. بۆیه ڕۆزا بریاری دا و سه‌فه‌ری کرد بۆ سویسرا له شاری زویرخ نیشته‌جێ بوو، که یه‌کێک بوو له گرنگ ترین ئه‌م سه‌نته‌رانه، بۆ کۆچبه‌رانی پۆله‌ندی و ڕوسی. هه‌ر له‌وێوه چوو بۆ زانکۆ و وانه‌ی زانستی سروشتی، بیرکاری، ئابووری خوێند، هه‌روه‌ها له‌وێ به‌شداری چاڵاکانه‌ی بوو له ناو بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری ناوخۆیی و بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری له ژیانی شۆڕشگێرانی کۆچکه‌ران.
گرنگ تر له‌مه‌ش چه‌ند ساڵێک دواتر رۆزا لۆکسمبورگ بوو به ڕێبه‌ری تیوریسیۆنی پارتی سۆسیالیستی شۆڕشگێری پۆله‌ندا. هه‌روه‌ها بوو به یارمه‌تی ده‌ری سه‌ره‌کی ڕۆژنامه‌ی حیزب، Sprawa Rabotnicza که له پاریس چاپ ده‌کرا. له ساڵی 1984 دا پارتی پرۆلیتاریا ناوی گۆردرا، بوو به پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی شانشینی پۆله‌ندا؛ دوای ماوه‌یه‌کی کورت لیتوانیاشی بۆ زیاد کرا. رۆزا هه‌ر به ڕابه‌ری تیوریسیونی پارتی (the SDKPL)مایه‌وه تاوه‌کو کۆتایی ژیانی.
ڕۆزا له ئۆگێستی ساڵی 1893دا نوێنه‌ری حیزب بوو له کۆنگره‌ی ئه‌نته‌رناسیونالی سۆسیالیست. لێره‌دا ژنێک ده‌بینی له ته‌مه‌نی 22 ساڵی دا، ده‌چێته ناو پێشبرکێ یه‌ک له گه‌ل ناسراوترین که‌سانی ناو پارتێکی تری پۆله‌ندا، به ناوی پارتی سۆسیالستی پۆله‌ندا. که بیروباوری سه‌ره‌کی یان سه‌ربه‌خۆیی پۆله‌ندا بوو، هه‌ره‌وها ڕابه‌رانی کۆنی سۆسیالیزمی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕێزیان ده‌گرد له ئه‌زموونه‌کانی پۆله‌نده و هه‌روه‌ها پشتیوانی کردن له بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی پۆله‌ندا رابردوویه‌کی قایم و نه‌ریتێکی درێژی له پشت بوو: هه‌روه‌ها مارکس ئه‌نگلسیش گرنگی یان پێ داوه و ته‌رکیزی سیاسی یان کردۆته سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ش ڕۆزا لۆکسمبورگ چاونه‌ترسانه هێرشی ده‌کرده سه‌ر پارتی سۆسیالیستی پۆله‌ندا، تاوانبار کردنی ڕه‌وتی نیشتمانی به ڕۆشنی و به شێوه‌یه‌کی سروشتی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گۆرینی کرێکاران له ڕێگای خه‌باتی چینایه‌تی: هه‌روه‌ها به‌ره‌و روو وه‌ستانه‌وه و وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێکی جیاواز له ده‌سه‌ڵاتی کۆن پێچه‌وانه‌ی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی پۆله‌ند.
ڕۆزا ڕووناک‌بیری یه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی بازددان و تیژ گه‌شه‌ی کرد و هیچ که‌س نه‌ی توانی به‌ربه‌ستی بکات له په‌یوه‌ست بوونی بۆ چوونه ناو سه‌نته‌ری بزووتنه‌وه‌ی کرێکارانی جهیان. له ساڵی 1898دا له ئه‌لمانیا توانی ڕێباز‌و ڕه‌وتی خۆی پێکبهێنێت.
ڕۆزا به شێوازێکی کۆڵنه‌ده‌رانه ده‌ستی به نووسین کرد، و دوای ماوه‌یه‌ک بوو به یه‌کێک له یارمه‌تیده‌ری سه‌ره‌کی له گرنگترین گۆڤاری تیوری مارکسیستی که ئه‌و کاته‌دا، (Neue Zeit). ئه‌و هه‌میشه سه‌ربه‌خۆ بوو له بڕیار و ڕه‌خنه‌کانی دا، هه‌تا له به‌رامبه‌ر مه‌زنی و پایه‌به‌رزی که‌سێکی وه‌کو کارل کاوتسکی سه‌رنووسه‌ر، که به باوکی مارکسیزم ده‌ژمێردرا.
هه‌ر وه‌کو ئه‌و (کارل کاوتسکی) ده‌ڵێت رۆزا بۆ یه‌ک جاریش بیروباوه‌ری خۆی نه‌ده‌گۆری به بێ لێکۆلینه‌وه و پێ سه‌لماندن.
ڕۆزا لۆکسمبورگ چووه ناو دڵ و ده‌رونی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران له ئه‌لمانیا. هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ری به‌رده‌وام بوو له چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی سۆسیالیستی – له هه‌ندێ کات دا سه‌رنووسه‌ر بوو- له گه‌ل ئه‌وه‌شدا ده‌ست نیشانی چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ده‌کرد و قسه‌که‌ری به‌رده‌وام بوو له سه‌ر ته‌واوی ئه‌م باسانه‌ی بزووتنه‌وه‌که پێویستی پێی بوو. سه‌راپای، قسه‌کان و ووتاره‌کانی کاری داهێنه‌رانه‌ی ڕه‌سه‌ن بوون، کاره‌کانی ئه‌و دوور بوو له سۆز. ئه‌و به‌رده‌وام کراوه بوو له گه‌ل خوێنه‌رانی ، ئاسۆی بیرکردنه‌وه‌ی مه‌زنترو به‌رفراوان تر ببوو له رابردوو.
له‌و کاته‌دا بزووتنه‌وه‌که له ئه‌لمانیا دابه‌ش ببوو بۆ سه‌ر دوو ڕه‌وتی سه‌ره‌کی، یه‌کیان ڕیفۆرمیست و ئه‌وی تریان شۆڕشگێر، له گه‌ل زیاتر بوونی هێزی پیشوو. ئه‌لمانیا خۆش حال بوو به گه‌شه‌ی به‌رده‌وام له‌و کاته‌ی له ئه‌زمه بوو له ساڵی 1873دا کرێکاران پێوانه‌ی ژیانیان سه‌رکه‌وت به به‌رده‌وامی و بێ وه‌ستان، ئه‌گه‌ر به شێنهیش بێت: یه‌کێتی یه کرێکاری یه‌کان و کۆمه‌ڵه هه‌ره‌وه‌زی یه‌کان به‌هێز تر گه‌شه‌یان ده‌کرد.
دژایه‌تی کردنی ئه‌م دواکه‌وتوویی یه، و بیروکراتی یه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وانه، به یه‌که‌وه له گه‌ل زیاد بوونی نوینه‌رانی په‌رله‌مانتاری پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی، دوورکه‌وتنه‌وه له شۆڕش و ئازایه‌تی یه‌که‌یان دا به‌و که‌سانه‌ی که هه‌ر ئێستا به‌یانیان کردووه و جاڕیان بۆ ئه‌وه داوه به‌ره به‌ره برۆن به‌ره‌و ڕیفۆرمیزم وه‌کو بیرورایی بنچینه‌یی. قسه‌که‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م ڕه‌وته ئیدوارد برنشتاین بوو، وه‌کو شاگردێکی ئه‌نگلس له نێوان ساڵانی 1896-1898دا زنجیره‌یه‌ک وتاری نووسی له ڕۆژنامه‌ی Die Neue Zeit له سه‌ر کێشه‌ی سۆسیالیزم، زیاتر و زیاتر به ئاشکرا هێرشی ده‌کرده سه‌ر بیروباوه‌ری مارکسیزم. قسه‌و باسی تیژ‌و به‌رفراوان ده‌ستی پێ‌کرد. رۆزا لۆکسمبورگ تازه هاتبووه ناو بزووتنه‌وه‌ی کرێکارانی ئه‌لمانیا، یه‌کسه‌ر هاته وه‌ڵام له به‌رگریکردن له مارکسیزم. به شێوه‌یه‌کی بلیمه‌تانه و زۆر جوان. ئه‌و له نامیکهکهی دا هێرشی کرده سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌ره‌تانی ڕیفۆرمیزم به ناوی ( ڕیفۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی یاخود شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی).
هه‌ر زوو دوای ئه‌وه، سۆسیالیستی فه‌ره‌نسی میلیرهند (Millerand) چووه ناو هاوپه‌یمانی له گه‌ل پارتی سه‌رمایه‌داری. ڕۆزا لۆکسمبورگ به دوای ئه‌م ئه‌زموونه چوو و له نزیکه‌وه لێکۆلنیهوهی له سه‌ر کرد و له چه‌ند زنجیره وتارێکی گرنگ دا که په‌یوه‌ندی هه‌بوو به‌م کێشه‌یه به گشتی له په‌یوه‌ند به بزووتنه‌وه‌ی کرێکارانی فه‌ره‌نسا و مه‌سه‌له‌ی هاوپه‌یمانێتی له گه‌ل حکومه‌ت. دوای شکستی ماکدۆنالد له به‌ریتانیا، له کۆماری ویمهری ئه‌لمانیا، هه‌روه‌ها به‌ره‌ی گه‌لی له فه‌ره‌نسا له سالی 1930دا. دوای جه‌نگی جهیانی دووه‌م و حکومه‌تی هاوپه‌یمانه‌کان له هه‌مان وڵات‌دا، ئه‌وه ڕۆشنه ئه‌م ئه‌نجامگیری و ده‌رسانه‌ی ڕۆزا لۆکسمبورگ به ده‌ستی هێنا ته‌نیا گرنگ یه‌کی مێژووی نه‌بوو به‌ته‌نها.
له ساڵی 1903-1904دا ڕۆزا لۆکسمبورگ که‌وته دیالۆگ له گه‌ل لینین، له گه‌ل ئه‌و که‌سانه که جیاوازی یان هه‌بوو له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و دروست بوونی په‌یکه‌ره‌ی حیزب، هه‌روه‌ها له سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و چاڵاکی جه‌ماوه‌ری.
دوای ساڵی 1904 "پاراستنی قه‌یسه‌ر" بریاری سێ مانگ زیندانی بۆ برایه‌وه، به‌ڵام یه‌ک مانگ له زیندان مایه‌وه.
له ساڵی 1905دا، له گه‌ل به‌رپابوونی شۆڕشی یه‌که‌می ڕوسیا، ڕۆزا زنجیره‌یه‌ک وتار‌و نامیلکه‌ی نووسی له سه‌ر پارتی پۆله‌ندا، گه‌شه‌ی دا به بیری شۆڕشی به‌رده‌وام، هه‌ر وه‌کو دیاره ئه‌م باسه سه‌ربه‌خۆ گه‌شه‌ی پێدرا له لایه‌ن ترۆتسکی و پارڤس به‌ڵام چه‌ند مارکسیستی ترش باوه‌ریان پێ بوو له‌و کاته‌دا. له گه‌ل ئه‌وه‌شدا به‌لشه‌فیک و مه‌نشه‌فیک هه‌ر دوو لایه‌ن، سه‌ره‌رای جیاوازی قولی نێوانیان، بروایان وابوو که شۆڕشی ئه‌و کاته‌ی ڕوسیا له قۆناغی شۆڕشی دیموکراتی یه. ڕۆزا قسه‌و باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد گه‌شه‌ی دونیا قۆناغی دیموکرسی بۆرژوازی تێپه‌راندووه و له کۆتایی دا یان ده‌سه‌ڵاتی کرێکارانه یاخود شکستێکی ته‌واوه. درووشمی ئه‌و ئه‌وه بوو " دیکتاتۆری یه‌تی شۆڕشگێرانه‌ی پرۆلیتاریا له گه‌ل جوتیاران".
له گه‌ل ئه‌وه‌شدا ته‌نها ئه‌ندێشه و نووسین و قسه‌کردن له سه‌ر شۆڕش به‌س نه‌بوو بۆ رۆزا لۆکسمبورگ. دوروشمی ژیانی ئه‌و ئه‌وه‌بوو، " له سه‌ره‌تاوه کردار". سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش له‌و کاته‌دا وه‌زعی ته‌ندوروستی باش نه‌بوو، له نزیکترین فرسه‌ت له دیسێمبه‌ری 1905دا رای‌کرد بۆ پۆله‌ندای ڕوسیا. له‌و کاته‌ی شۆڕش له لووتکه‌ی خۆی دا بوو، جه‌ماوه‌ریش هێشتا له چاڵاکی دا بوون، به‌ڵام ڕارابوون و له کاتێکدا کۆنه‌په‌رستیش له به‌ره‌وپێشچوون دا بوو. ته‌واوی کۆبونه‌وه‌کان قه‌ده‌غه‌کران، به‌ڵام کرێکاران هێشا له سه‌نگه‌ری خۆیانه‌وه کۆبوونه‌وه‌کانیان ئه‌نجام ده‌دا، له کارگه‌کان کرێکاران ڕۆژنامه‌کانیان لێ قه‌ده‌غه‌کرا، به‌ڵام ڕۆژنامه‌ی پارتی رۆزا لۆکسمبورگ ڕۆژانه ده‌رده‌چوو، ئه‌گه‌ر چی به نهێنیش چاپ ده‌کرا. له 4ی مارسی 1906دا ڕۆزا ده‌ستگیر کرا بۆ ماوه‌ی چوار مانگ. یه‌که‌م جار زیندان و ئینجا له قه‌ڵایه‌ک و دواتریش ئازاد کرا. له سه‌ر ئه‌ساسی ته‌ندورستی و نه‌خۆشی و هاوڵاتی ئه‌لمانی بوو، له‌م وڵاته سنوورداش یان کرد.
شۆڕشی ڕوسیا له ساڵی ,1905 گۆشت و خوێنی دا به ئه‌ندێشه‌ی ڕۆزا لۆکسمبورگ تێگه‌یشت چه‌ند ساڵێک زووتر: ئه‌م خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ری یه- سیاسی- ئابووری یه- پێکهینانی توخمێکی بنچینه‌یی کرێکارانی شۆڕشگێره له خه‌باتکردن له پێناوی ده‌سه‌ڵات، جیاکردنه‌وه‌ی سۆسیالیستی له ته‌واوی شۆڕشه‌کانی رابردوودا. ئێستا فراوانکردنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌وه له سه‌ر بناغه‌ی ئه‌زموونی مێژووی نوێ.
قسه‌کردن له سه‌ر ئه‌نجامگیری کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، تاوانبار کردن به "هاندان بۆ توندوتیژی" دوو مانگی تر چووه زیندان، ئه‌م جاره‌یان له ئه‌لمانیا.
ڕۆزا لۆکسمبورگ له ساڵی 1907 دا به‌شداری کرد له کۆنگره‌ی ئه‌نته‌رناسونال سۆسیالیست له شتوتگراد. ئه‌و به‌ناوی پارتی ڕوسیا و پۆلۆنیا قسه‌ی کرد، له سه‌ر پێشبینی یه‌کان و هه‌ڵوێستی شۆڕشگێرانه‌ی نه‌گۆڕ له به‌رامبه‌ر جه‌نگی ئیمپریالیستی.
له نێوان ساڵانی 1905-1910دا جیابوونه‌وه‌یکی به‌رفراوان ڕووی دا له نێوان ڕۆزا لۆکسمبورگ و سه‌رکردایه‌تی نێوانڕهوی SPD دا، که کاوتسکی ده‌م ڕاستی تیوری یان بوو. له پێش ئه‌وه‌دا له ساڵی 1907رۆزا لۆکسمبورگ مه‌ترسی ده‌ربڕی له سه‌ر سه‌رکردایه‌تی پارت، جیاواز له‌وه‌ی بانگیان هه‌ڵده‌دا بۆ مارکسیزم، هه‌روه‌ها گه‌رانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به هه‌لومه‌رجێک که پێویستی به بڕیاردانێکی چاره‌نووس ساز هه‌بوو. هاتنی ڕووداوی ساڵی 1910، به ته‌واوی په‌یوه‌ندی نێوان ڕۆزا لۆکسمبورگ و کارل کاوتسکی تێکچوو له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شێوازی ڕێگای به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی کرێکاران. له ئێستادا SPD جیابوونه‌وه و بوون به سێ ڕه‌وت و باڵی جیاواز: ڕیفۆرمیسته‌کان که نوێنه‌رایه‌تی بالی سیاسه‌تی ئیمپریالیستی یان ده‌کرد: ئه‌وانه‌ی به‌خۆیان ده‌ڵێن نێوانڕهوی مارکسیستی، به سه‌رکردایه‌تی کاوتسکی ( که ڕۆزا لۆکسمبورگ نازناوی ناون "سه‌رکرده‌ی زه‌لکاو"ی لێنابوو) به قسه هێشتا خۆیان پێ رادیکاله ، به‌ڵام ده‌رده‌که‌وێ زیاتر و زیاتر به‌ره‌و ڕێبازی په‌رله‌مانتاری خه‌بات ده‌که‌ن: باڵی شۆڕشگێر که ڕۆزا لۆکسمبورگ بزوێنهڕی سه‌ره‌کی بوو.
له ساڵی 1913دا ڕۆزا لۆکسمبورگ یه‌کێک له گرنگترین په‌رتووکه تیوری یه‌که‌ی خۆی به چاپ گه‌یاند، که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه: به‌شداری کردن له لێکۆلینه‌وه‌ی ئابووری ئیمپریالیستی. که به بێ شک و گومان، یه‌کیکه له گرنگترین به‌شداری یه‌کانی بنچینه‌یی له قوتابخانه‌ی ئابووری مارکسیستی له سه‌رده‌مانی سه‌رمایه‌وه. که پڕه له مه‌عریفه، زیره‌کترین شێوازه، تیژترین لێکدانه‌وه‌یه‌ی ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌م په‌رتووکه، که میهرینگ نووسه‌ری ژیاننامه‌ی مارکس ده‌ڵێ نزیکترین په‌رتووکه له سه‌رمایه له چاو هه‌موو به‌رهه‌مه مارکسیسته‌کانی تر. کێشه‌ی سه‌ره‌کی له لێکۆلینه‌وه‌که‌ی زۆر گرنگه له بۆ تیوری و سیاسی: به تایبه‌تی چ شتێک کاریگه‌ری فراوانکردنی سه‌رمایه‌داری تازه ده‌کات له ناوچه دواکه‌وتووه‌کان له سه‌ر جیاوازی یه ناوخۆییه‌کان و شێواندنی سه‌رمایه‌داری و جێگیر بوونی ئه‌م سیسته‌مه.
له 20ی فێبریوه‌ری 1914، ڕۆزا لۆکسمبورگ ده‌ستگیر کرا له سه‌ر ئه‌وه‌ی هانی سه‌ربازانی داوه ڕاکه‌ن. له سه‌ر ئه‌ساسی دانه پالی ئه‌م توهمه‌یه قسه‌ی کرد‌و ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی ره‌تکرده‌وه "ئه‌گه‌ر ئه‌وان چاوه‌روانی ئه‌وه‌یان له ئێمه‌یه براکانی خۆمان بکوژین فه‌ره‌نسی یه‌کان یاخود بیانی یه‌کانی تر، ئه‌وسا پێیان ده‌ڵێین، "نه‌خێر له ژێر هیچ قهیدو شهرتێکدا." ئه‌م کاره ناکه‌ین. له دادگادا ئه‌و هه‌لگه‌راوه له نوێنه‌رێکی گومانلێکراوه‌وه بۆ نوێنه‌ری گشتی، دواتر قسه‌کانی ئه‌و بڵاوکرایه‌وه له ژێر سه‌ردێری ملیتاریزم، جه‌نگ و چینی کرێکار، که یه‌کێک بوو له‌م وروژانه سۆسیالسته شۆڕشگێرانه‌ی سه‌رزه‌نشتکردنی ئیمپریالیزم. دادگا بڕیاری ساڵێک زیندانی دا به سه‌ریدا، به‌ڵام زیندانی کردنه‌که‌ی یه‌کسه‌ر جێبه‌جێ نه‌کرا. ئه‌و کاته‌ی ژووری دادگای به‌جێ هێشت، یه‌کسه‌ره‌و راسته‌وخۆ چوو بۆ کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری دووباره ده‌ستی کردوه به پروپاگه‌نده شۆڕشگێری یه‌کانی له دژی جه‌نگ.
ئه‌م کاته‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م ده‌ستی پێ‌کرد، به کرده‌وه ته‌واوی سه‌رکرده‌کانی پارتی سۆسیالیست وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و ڕێبازی نیشتیمانی. له 3 ی ئۆگێستی ساڵی 1914 دا گروپی په‌رله‌مانی سه‌ر به پارتی سۆسیال- دیموکراتی ئه‌لمانیا کۆبوونه‌وه‌و بڕیاری یان دا ده‌نگ بده‌ت به جه‌نگ بڕوابوون به حکومه‌تی قه‌یسه‌ر. له 111 نوێنه‌ر ته‌نها 15نوێنه‌ر یان ده‌نگیان له دژیان دا. هه‌روه‌ها دواتر داواکاری ئه‌وان ره‌تکرایه‌وه، ئه‌وان پێشنیازی دیسپلینی پارتی یان کرد. له 4ی ئۆگێستهوه ته‌واوی گروپی سۆسیال – دیموکرات به یه‌ک ده‌نگ ده‌نگی یان دا به پالپشتی کردنی لایه‌نگره‌کانیان. دوای چه‌ند مانگی تر، له 2ی دیسێمبه‌ره‌وه کارل لیبخێنت گاڵته‌ی کرد به‌م دیسپلینه حیزبی یه که ده‌نگی دا به‌م بێ ویژدانی یه. ئه‌و تاقه که‌س بوو ده‌نگی دا له دژی جه‌نگ و لایه‌نگرانیان.
ئه‌م بڕیاره دڵره‌قانه‌ی سه‌رکردایه‌تی حیزب ده‌ری کرد گورزێکی توند بوو درا له ڕۆزا لۆکسمبورگ، له گه‌ل ئه‌وه‌شدا دوور نه‌که‌وته‌وه و ووره‌ی به‌رنه‌دا. له هه‌مان ڕۆژدا، له 4 ی ئۆگێست سۆسیال دیموکراته‌کان چوونه ژێر ئاڵای حکومه‌تی قه‌یسه‌ری، گروپێکی بچووک له سۆسیالیسته‌کان کۆبوونه‌وه له باله‌خانه‌که‌ی و بڕیاریان دا بجه‌نگێن له دژی شه‌ڕ. ئه‌م گروپه ڕێکخرابوون له لایه‌ن ڕۆزا لۆکسمبورگ و کارل لبخێنت، فرانز میهرینگ و کلارا زیکتین، له کۆتایی دا بوون به یه‌کێتی سپارتاکیستهکان. ڕۆزا لۆکسمبورگ نزیکه‌ی چوار سال زۆربه‌ی کات له زیندانه‌وه درێژه‌ی دا به ڕابه‌رایه‌تی کاری هاندان و ڕێکخستنی شۆڕشگێران، و درێژه‌دان به ڕێبازی ئاڵای به‌رزی سۆسیالیزمی نێونه‌ته‌وه‌یی .
هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ بووه هۆی دابرانی ڕۆزا لۆکسمبورگ له بزووتنه‌وه‌ی کرێکارانی پۆله‌ندا، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه قه‌بوول بکه‌ین که سه‌رمایه‌کی مه‌زن بوو بۆ پارته پۆله‌ندی یه‌که‌ی و لایه‌نگیری به‌رده‌وام بوو له ده‌ربڕینی ئه‌ندێشه‌ی سۆسیالیزمی ئه‌نته‌رناسیونالی.
شۆڕشی ڕوسیای فێبریوه‌ری ساڵی 1917 راست و دروستی پێشبینیه‌کانی ڕۆزا لۆکسمبورگی هێنایه‌دی سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی شۆڕشگێری به‌رهه‌ڵستکاری دژی جه‌نگ و خه‌بات له پێناوی سه‌رنگوون کردنی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیسته‌کان. ڕۆزا له زیندانه‌وه چاودێری ڕووداوه‌کانی ده‌کرد، و له نزیکه‌وه خه‌ریکی لێکۆلینه‌وه بوو له سه‌ر ئه‌زموونه‌کان بۆ دواڕۆژ. ئه‌و به دلنیایی وه باوه‌ری وابوو سه‌رکه‌وتنی فێبریوه‌ری کۆتایی خه‌بات نی یه، به‌ڵکو سه‌ره‌تایه، ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی کرێکاران ده‌توانێ ئاشتی مسۆگه‌ر بکات. ڕۆزا له زیندانه‌وه په‌یام له دوای په‌یامی بڵاوده‌کرده‌وه بۆ کرێکاران و سه‌ربازانی ئه‌لمانیا لاسایی براکانتان بکه‌نه‌وه له ڕوسیا، وه به‌م شێوه‌یه سه‌رمایه‌داران و مشوخۆران سه‌رنگوون که‌ن، له‌کاتێک دا شۆڕشی ڕوسیا بپارێزن، له هه‌مان کات دا ڕێگه‌نه‌ده‌ن له خوێن ڕشتنی خۆتان تا مردن له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ربه‌ریزمی سه‌رمایه‌داری.
ئه‌م کاته‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر به‌رپابوو، ڕۆزا لۆکسمبورگ به گه‌رمی پێشوازی لێ کرد، و په‌سندی کرد له به‌رزترین قۆناغیدا. له هه‌مان کاتدا ئه‌و باوه‌ری به‌وه نه‌بوو هه‌موو شتێک قه‌بوول بکات به بی ڕه‌خنه لێگرتن، هه‌موو ئه‌و کاره خزمه‌ت گوزاری یانه‌ی به‌لشه‌فیه‌کان ده‌یان کرد بۆ بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری. ئه‌و به ڕۆشنی پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌کرد ئه‌گه‌ر شۆڕشی روسیا خۆی رزگار نه‌کات له‌و شێوێندراوانهی بۆی پێش هاتووه، که ئیفلیجی کردووه له گه‌شه‌کردن. که هێشتا زووه بۆ گه‌شه‌سه‌ندن له یه‌کێتی سۆڤیه‌ت، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌ست نیشانی خاله شێوێندراوه‌کانی کرد، به تایبه‌تی له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی.
له 8 ی نۆڤێمبهڕی ساڵی 1918دا شۆڕشی ئه‌لمانیا ڕۆزا لۆکسمبورگی له زیندان ئازاد کرد. ڕۆزا به هه‌موو هێز و توانا‌و په‌رۆشی یه‌وه به‌شداری له شۆڕش کرد. به‌ڵام به داخه‌وه هێزه کۆنه‌په‌رسته‌کان به هێز بوون، باڵی ڕاستی سه‌رکرده‌کانی سۆسیال دیموکرات و جه‌نه‌راله‌کانی سوپای کۆنی قه‌یسه‌ر یه‌کیان گرت بۆ سه‌رکوتکردنی چینی کرێکارانی شۆڕشگێر. هه‌زاران کرێکار کوژران: له 15ی جه‌نیوه‌ری 1919دا کارل لیبخینت کوژرا: له هه‌مان ڕۆژدا سه‌ربازێک به قۆنداخی چه‌که‌که‌ی کێشای به که‌لله سه‌ری ڕۆزا لۆکسمبورگ.
به گیان له ده‌ست دانی ڕۆزا لۆکسمبورگ بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران له جیهان به ناوبانگ ترین ڕابه‌ری خۆی له ده‌ست دا. که ووردبین ترین بیرمه‌ند بوو دوای مارکس ئه‌نگلس . وه‌کو میهرینگ ده‌ڵێت، شتێکی تر نی یه، له ژیانی ئه‌ودا، له مردن زیاتر، ڕۆزا هه‌موو شتێکی به‌خشی له پێناوی ڕزگاری مرۆڤایه‌تی دا.
سه‌رنجێکی کورت له لایه‌ن وه‌رگێره‌وه:-
• ئه‌م نووسراوه‌یه به‌شێکی بچووکه له په‌رتووکێک به ناوی ڕۆزا لۆکسمبورگ، نووسینی: (تۆنی کلیف) له بڵاوکراوه‌کانی کتێبخانه‌ی بووک مارکس. وه‌رگێرانی ئه‌م به‌شه له ئینگلیزی یه‌وه: ئازاد ئارمان.