Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

به‌ گۆتره‌…..سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

Be First!
by March 26, 2009 گشتی

به‌ گۆتره‌
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

زۆرجار پیاو ئه‌وه‌ی به‌ گۆتره‌ لۆی ده‌چیته‌ سه‌ر به‌ به‌رنامه‌ و پلان پێی ناكرێ‌ ، ده‌ڵێن كاتی خۆی زۆر شت هه‌بوو به‌ گۆتره‌ ده‌كڕدرا و ده‌كرا ، پیاو هه‌بوو هه‌ر به‌ گۆتره‌ ئاقاره‌كی داده‌بڕی و هه‌ر به‌ گۆتره‌ش ده‌یفرۆشته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ی خه‌ڵكانێك هه‌ن هه‌ر به‌ گۆتره‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی  توڕمبێل و قه‌سرو قسور .
جیاوازییه‌ك له‌ نێوان گۆتره‌ی ئه‌وێ‌ سه‌رده‌می و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌و كاتی هه‌موو شته‌ك به‌ گۆتره‌ بوو ، به‌ڵام ئێستا هه‌نده‌كی به‌ گۆتره‌یه‌ و هه‌نده‌كیشی به‌ به‌رنامه‌و پلانه‌ .
كابرای ته‌ماته‌ و ئارو فرۆش و میوه‌ فرۆش بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌ر نه‌كات یان هه‌ر هیچ نه‌بێت زه‌ره‌ر له‌ نیوه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ ، ئه‌و میوه‌یه‌ی به‌سه‌ریدا مابۆوه‌ بۆ رۆژی پاشی به‌ سواری كه‌رو عاڕبانه‌كه‌ی به‌ كۆڵاناندا ده‌سوڕایه‌وه‌ ، ئه‌و هه‌موو شته‌ به‌سه‌رچووه‌ی به‌ گۆتره‌ به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ ره‌ش و رووته‌یدا ساغده‌كرده‌وه‌ .
مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێ‌ قسه‌ قسه‌ی راده‌كێشێ‌ ، به‌ڵام بوتڵ بوتڵی راناكێشێ‌ ،  ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی لۆ خۆێنه‌ری شینه‌كه‌یته‌وه‌ هیچی لێتێنه‌گات ، ناحه‌قیشی نییه‌ لێتێنه‌گات ، چونكه‌ له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ی ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده‌ شتی له‌و جۆره‌ و جۆری دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ پیاو هیچی لێتێناگات ، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ر هیچ نییه‌ ،  خۆ ئه‌گه‌ر شتێكیشی لێهه‌ڵكڕێنێ‌ دوور نییه‌ سه‌راوقون لێتێبگات  و هه‌ر سه‌راو قونیش لۆ هه‌وادارانی شه‌رح بكات ، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێجاریش سه‌راوقونكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ شت باشه‌ و خراپ نییه‌ ، چونكه‌ زۆرجاران نان له‌ سه‌راوقونكردنه‌وه‌یدایه‌ .
ئه‌گه‌ر بته‌وێ‌ به‌ دوای هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ رۆژنه‌ به‌گۆتره‌ ده‌كرێن دابچی ، ئه‌وه‌ ده‌بێت  ئه‌توش هه‌ر به‌ گۆتره‌ به‌ ناو كه‌وی ، وه‌ك ئه‌وه‌ی   له‌ رۆژنامه‌و بڵاوكراوه‌كاندا ده‌بیندرێ‌ ، چونكه‌ ئێستا زۆر شت به‌ گۆتره‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر  دیقه‌تی مانیشێت و ئه‌و هه‌واڵ و راپۆرتانه‌ش بده‌ی كه‌ له‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی لای خۆمان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌  ئه‌وجا ده‌زانی رۆژانه‌ چه‌ند   قسه‌ی له‌ گۆتره‌ ده‌كرێ‌ ، هه‌ر له‌ گۆتره‌ ده‌توانی بلێێ‌ له‌ سه‌دا نه‌وت و نۆی هاوڵاتیان ئه‌مجاره‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن ، بۆیه‌ پێم وایه‌ مادام ئێمه‌ هه‌موومان له‌ گۆتره‌ قسان ده‌كه‌ین و ده‌نووسین و جوینان ده‌ده‌ین ، ده‌بێ‌ به‌وه‌ش رازی بین به‌ گۆتره‌ دادگایی بكرین و بخرێنه‌ زیندان و غرامه‌ش بكرێن .
ده‌توانی به‌یانی حزبێك دامه‌زرێنی و هه‌ر له‌ خۆته‌وه‌ و به‌ گۆتره‌ بڵێی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ خه‌ڵكانێك هه‌ر له‌ گۆتره‌ ده‌لێن ناكرێ‌ و خه‌ڵكانێكیش هه‌ر به‌گۆتره‌ ده‌ڵێن ده‌كرێ‌ بلێی له‌ سه‌دا بیست و پێنجی كورسییه‌كان دێنم ، ده‌توانی به‌یانی بێیه‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیون و هه‌ر به‌ گۆتره‌ بڵێی یه‌كێتی و پارتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌یدا  كه‌ قه‌راره‌ بكرێ‌ و نه‌كرێ‌ كه‌س ده‌نگیان پێنادات .
ئه‌وه‌تا رێكخراو هه‌یه‌ هه‌ر له‌ گۆتره‌ له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بیه‌وێ‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیشی پێوه‌ نه‌بێت به‌ ده‌رزه‌ن به‌یاننامه‌ ده‌رده‌كات .

  smkobsat@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply