Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

بودجە و شەڕی ژمارەکان

Be First!
by June 27, 2012 گشتی

 

 

ئەو قسە و باسانەی ئەمڕۆ لە بارەی بودجەوە ئەکرێت، جگە لە نمایش و خوێندنەوە و نوسینەوەی ژمارەکان هیچیتر نیە، بە چەندین مانگ بودجە دوائەخرێ، لایەنی دەسەڵات ئەیەوێ بە هەموو شێوەیەک ئەم بابەتە بێدەنگی لێوەبکرێ، لایەنی ئۆپۆزێسیۆنیش تا ئەو کاتەی پەسندکردن و تێپەڕاندنی بودجە نەگاتە پەرلەمان بە شێوەیەکی پێویست باس و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی بودجە و گرینگی بودجە و چۆنیەتی بەکارهێنانی بودجە ناکرێت، بۆیە تێنەگەیشتنی خەلک لە واتای بودجە و نەبوونی هۆشیاری لەبارەی بودجە بەرپرسیاریەتەکەی لە ئەستۆی هەموو راگەیاندنەکان دایە، راگەیاندنەکانی ئەمڕۆی کوردستانیش بەسەر لایەنەکانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزێسیۆن دابەشکراون کە بە بۆچونی من هەردوکیان دوو رووی یەک دراون، دیارە هەر دەسەڵاتێک بەبێ ئۆپۆزێسیۆن بێت ئەوە دەسەڵاتیکی تاکڕەو و سەرکوتکەرە، بوونی ئۆپۆزێسیۆنێکی رواڵەتیش هیچ نیە جگە لە میکیاج کردن و جوان پیشاندانی رووی ئەو دەسەڵاتە.

هەر کاتێک روکەشی بابەتێک زۆر بە گرینگی و بە بەرفرەوانی باسی لێوەکرا ئەوە ئەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە ناوەرۆک و فەرامۆشکردنی بابەتەکە، ئەلێرەوە ئەبینین باسکردن لە بودجە کورت ئەکرێتەوە تەنها لەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداوە وەرئەگیرێت، ئایا لەڕاستیدا بودجەی هەرێمی کوردستان هەر ئەوەیە؟ ئەگەر هەر ئەوە نیە ئەوە دەبێت باس و لێکۆڵینەوە لە هەموو سەرچاوەکانی بودجە بکرێت، ئەگەریش بودجە هەر ئەو بڕە پارەیە بێت کە لە بەغداوە دێت ئەوە دەبێت پێش هەموو شت باس لەوە بکرێت بۆ تا ئێستا نەتواندراوە لەم بودجەیە سەرچاوەیتری بودجە بەرهەم بهێندرێت؟ بەو پرسیارە دێینە ناو ناوەڕۆکی بودجە، ئایا تەنها باسکردن لە چۆنیەتی دابەشکردنی بودجە بەبێ باسکردن لە چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە بودجە جیبەجی ئەکەین؟ ئەوەی کە رۆن و ئاشکرایە و هەموو مرۆڤێکی سادە و ساویلکەش ئەیبینێ ناڕێکی و خراپی دابەشکردنی بودجە و دزینیێتی، بەڵام ئەوەی لەلای زۆربەی هەرە زۆری خەلک نادیارە و لەلایەن زۆر لەوانەی کە بەردەوام باس لە بودجە ئەکەن کورت بینینە و خۆنەدانە لە کڕۆکی باسەکە، چۆنیەتی بەکارهێنانی بودجەیە بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی پتەوی نشتمانی کە بتواندرێ لەسەریدا کۆمەڵگەیەکی شارستانی و دیموکراسی دابمەزرێت.

بەکارهێنانی بودجە تەنها بۆ لایەنە خزمەتگوزاریەکان ئەگەر ئەوپەڕی دادپەروەریشی تێدابێت ئەوە نیشانەی بوونی عەقلی خێلەکی و نەبونی تێگەیشتنە بۆ بنەماکانی دەوڵەت، عەقلی خێلەکی ئەوەیە کە دەسکەوتەکان بەسەر تاکەکانی خێڵ دابەش ئەکرێت، رێژەی دادپەروەری لە دابەشکردن لە خێڵێک بۆ خێڵێکیتر جیاوازە، بەڵام خاڵی هاوبەش ئەوەیە کە خێڵ کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێن نیە، هەر کاتێک سەرچاوەی داهاتەکانی لەدەستدا یان لە رێی تاکەکانی داهاتەکەی بە هەدەردا ئەوە ئەکەوێتە ژێر هەڕەشەی داگیرکردن، کەواتە کێشەکە لە دابەشکردنی دادپەروەرانە و نادادپەروەرانە نیە، کێشەکە لە عەقڵیەتی خێڵایەتیە کە ناتوانێ سوود لە داهات ببینێت، ناتوانێت لە رێگەی تاکەکانی ئەو داهاتە بکاتەوە بە سەرمایە و سەرچاوە بۆ زیادکردنی داهات، ئەوە بە بوونی سیستەم و دامودەزگای حکومی ئەکرێت، حکومەتێک لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان دانەمەزرێت، هەزار ناوی جۆراو جۆر لەخۆی بنێت جگە لە واتای خێڵ هیچ مانایەکیتر نادات، حکومەتی کوردستان تا ئەمڕۆ پڕۆژە و دامەزراوێکی بەرهەم هێنانی ئەوتۆی نیە کە شایەنی باس بێت، کوردستان هەرێمێکی کوشتوکاڵیە و هەر لە زووەوە سەرچاوەی داهاتەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بووە، کەچی ئەمڕۆ ئەو دوو بوارە لە خراپترین و نزمترین ئاستی بەرهەم هێنان دان، هۆکاری سەرەکی ئەو خراپیەش ئەوەیە کە لە کوردستان حکومەت لەژێر دەسەڵاتی حزب دایە و حزبیش لەژێر دەسەڵاتی کەسانێک دایە ئەو کەسانەش بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیاندا نیە کە کوردستان ببێت بە دەوڵەت و حکومەت لەسەر بنەمای یاسا و دەستور دابمەزرێت، هەر بۆیە هەر هەموو حزبەکانی کوردستان بە راست و بە چەپ کار بۆ ئەوە ئەکەن کە خەلک لە رێگەی موچە و پێدانی کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری پابەند بە خۆیان بکەن و دووریان بکەنەوە لەو کار و کاسبیانەی کە مرۆڤ ئەتوانێ بە سەرفرازیانە بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لێوە پەیدا بکات و ملکەچی حزب و ناچاری واستەکردن نەبێت و هەست بەخۆی بکات وەک مرۆڤێکی بەرهەمهێن و کارامە و بە سوود بۆ خۆی و بۆ نشتمانی، بوونی کار کۆمەڵگا لە مشەخۆری و سستی و تەمبەڵی دوور ئەخاتەوە، کار مرۆڤ چاڵاک و بەهێز ئەکا وایلێئەکا پشت بە هێز و توانا و ژیری و کارامایی خۆی ببەستێت، کار سەرچاوی یەکەمی هۆشیار بوونەوەی مرۆڤە، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی زۆرتر و باشتر ململانەیەک ئەخاتە نێو کۆمەڵگا، چین و توێژە جیاوازەکان کار بۆ ئەوە ئەکەن کە باشترین ئامێر و ئامرازی کار و بەرهەمهێنان دابهێنن و رێژەی بەرهەمەکەیان زۆرتر بکەن، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو هەوڵانەی لە رێگای رێکخراوە بیانیەکان بۆ ئاوەدان کردنەوەی کوردستان کرا لە ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ ئەوە لە دوای ساڵی ١٩٩٤ لە ئەنجامی شەڕی نێوان حزبەکان بە تایبەتی شەڕی نێوان پارتی و یەکیەتی هەموو ئەو کارانەی بۆ ئاوەدان کردنەوەی دێهاتە وێرانکراوەکان کرابوو هەموو ئەو بەردانەی بۆ دروستکردنەوەی ناوچە کوشتوکاڵیەکان لەسەر یەکتر دانرابوون لە ئەنجامی ئەو شەڕانە جارێکیتر خاپور و وێران کرانەوە و تا ئەمڕۆش بە بەردەوام کار بۆ چۆلکردنی ئەو ناوچانە ئەکرێت و بە کردنەوەی رێگا ناتەندروستیەکانی بازرگانی بۆ بەرپرسەکان بۆتە هۆی دوورکەوتنەوەی خەلک لە کاری کوشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بە بوونی ئەو گەندەڵیەی دابەشکردنی زەوی و زاری کوردستان بەسەر ئەو کۆمپانیانەی خانوو دروستکردن و دامەزراندنی خەلک لە رێگەی حزبەکان و بوونی مووچە بۆ ئەندامانی حزب و چەکدار کردنی خەلک لەژێر ناوی جیاجیا بۆتە هۆی ئەوەی خەلک بە تەواوەتی پشت لە لادێکان بکات و روو بکاتە ئەو شوێنانەی کە پێیان ئەڵێن شار و هیچ سیمایەکی شاریان نیە، لێرەدا ئەڵێین ئەرکی حوکمەت ئەوەیە کە بەشێکی زۆری بودجە بۆ ئاوەدان کردنەوە و بوژاندنەوەی لادێکان تایبەت بکات و بتوانێت لە رێگای ئەو بڕە پارە زۆرەی کە پێویستە بۆ بەگڕخستنەوەی بواری کوشتوکاڵ و ئاژەڵداری تایبەت ئەکرێ بەرهەمی هەبێ و بتواندرێ ئەم گرفتانەی پێ جارەسەر بکرێت.

یەکەم سوود وەرگرتن لەو هەموو زەوی و زارەی کە کوردستان هەیەتی و تەواو گونجاوە بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، چونکە ئەو زەوی و زارانە سامانی کوردستان و بەشێکی گرینگی ژێرخان و سەرچاوەی دەوڵەمەند کردنی بودجەن.

دووەم سوود وەرگرتن لە هێز و توانای خەلک و بەکارهێنانی وەک سەرچاوەیەک بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و دەرچوونیان لە باری دەرونی داروخاو و هەستکردن بە بوونی گرینگی خۆیان لە دروستکردنی ووڵات و پابەست بوون بە خاک نەوەک بە حزب.

سێیەم کەمکردنەوەی ئەو هەموو فشارەی کە لەسەر ئەو بەناو شارانە دروست بووە و قەیرانەکانی کرێچێتی و نەبوونی ئاو و کارەبا و هەموو پێداویستیەکانیتری ژیان کە بە هۆی ئەو قرەباڵغیە دروست بووە.

ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەت ئەیدات بەو هەموو کارمەندە بێکارانەی کە بە واستە و لە رێگەی حزبەکان دامەزراون گەورەترین زیانی بە بودجە و خودی خەلک گەیاندوە، فریودانی خەلک بەوەی کە لە رێگای دامەزراندن و موچە یارمەتیان ئەدرێت، باشترین زەمینەی گەندەلی و دزی رەخساندوە و بۆتە مایەی سست کردن و تەمبەڵ کردنی خەلک و بوونی کۆمەڵگایەکی مشەخۆر، زۆر سەیرە لە کوردستانێک کە ژمارەی دانیشتوانانی چوار ملیۆن بێت شەش سەد و سی هەزار (٦٣٠،٠٠٠) موچەخۆری هەبێت، خۆ ئەگەر ژمارەی منداڵەکان لەو چوار ملیۆنە دەربێنین ئەوە مانای ئەوەیە لە هەر چوار کەس کەسێک موچەخۆرە، کەواتە سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکی زۆری بودجە ناگات بە خەلک، ئەوەی کە بە خەلکیش ئەگات بەشێکی زۆری ئەچێتەوە خانەی بەهەدەردان.

 ئەمانە هۆکاری بنچینەیی قەیرانەکانی ئەمڕۆی کوردستانن و تا ئەم  عەقلیەتە لە کوردستان کۆتایی پێنێت، تا بەردەوام خەلک بە موچە کۆت و بەند بکرێت، قەیرانەکان قوڵتر و قوڵتر ئەبنەوە، جیاوازی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان فرەوانتر ئەبێت و نەزانی و نەخوێندەواری و دواکەوتوویی زیاتر باڵ بەسەر کۆمەڵگا ئەکێشێت و هەستی نەتەوەیی و نشتمانی بە ئاستێک کز و لاواز ئەبێت تا ئەگاتە قۆناغی ئیفلیج بوونی کۆمەڵگا، نمونەی ئەو شیکاریەمان لە دروستکردنی ئەو هەموو خانووانەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان دروستئەکرێن بە تایبەت لە هەولێر، رۆژانە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی خانووەکان ژمارەی کرێچی و کرێی خانوو لە زۆر بوون دایە، ئەوەش تەنها ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنێ کە لە تەک ئەو هەموو خەلکە بێ خانووە، خەڵکانێک هەن خاوەنی سەدان و هەزاران خانوونن، ئەمەش بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکان نەوەک هەر ئاوەدان کردنەوە نیە، بەلکو ئەوە وێران کردن و بەدەستەوەدانی کوردستانە،چونکە لە هەر کاتێک کوردستان رووبەڕووی هەر کێشە و گرفتێک بێت، کەمترین گەمارۆی ئابوری ئەمانخاتە سەرچۆک، تۆ بڵێی خەلک خانوو و ئۆتۆمبێل و پارە بخوات!؟ یان ئێستا بە بوونی ئەو هەموو خواردنە بەسەرچوەی لە کوردستان دەرخواردی خەلک ئەدرێت و ئەو ئاوە پیسەی کە سەرچاوەی دەیان نەخۆشی کوشندەیە و ئەو ژینگە پیسەی کە سەرتاسەری سروشتی کوردستانی لەناوبردووە، خانوو، ئۆتۆمبێل، پارە یان دروستکردنی شەقامێک چ واتایەکی ئاوەداکردنەوە ئەدات؟

بودجەی هەرێمی کوردستان دەبێت بەر لە هەموو شتێک ئاوی خواردنەوەی پێ پاکبکرێتەوە، کە ئاو پاک نەبوو با سەدان نەخۆشخانەت هەبێ، سەدان هەزار کارمەندی تەندروستیت هەبێت، نیوەی بودجە بدە بە دەرمان، هەموو ئەوانە بەهەدەردانی بودجەن، جارەسەری بنەڕەتی و تەندروست پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەیە، ئەو ئاوە پیسەی کە کارمەندانی تەندروستی و دکتۆرەکانیش نەخۆش ئەکات.

کەواتە تەواوی و بێ کەم کوڕی بودجە تەنها لە چۆنیەتی دابەشکردنی نیە، بەلکو لە چۆنیەتی بەکارهێنانیەتی، کەچی ئێمە هێشتا لە قۆناغی قسەکردنین لەسەر چۆنیەتی دابەشردن و گەیاندنی بڕێک پارە بۆ تاکەکانی کۆمەڵ، تا ئێستا باس لە راستی و ناڕاستی ئەو ژمارانە ئەکرێت کە بۆ خەلک هیچ مانایەکی نیە جگە لە سەرلێشیواندن، چەواشەکاری و ئاڵۆزکردنی بابەتی بودجە بەو شەڕە ژمارانەی کە لە پەڕلەمان و لە نێوان راگەیاندنە رەنگ جیاوازەکاندا هەیە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بەو شێوەیە بەدرەوام بن ئەوە زەرەرمەندی یەکەم خەلکە کە دابەش ئەبێت لە نێوانیاندا و ئەبێتە سوتەمەنی ئەو شەڕەی لە پێناوی کورسیدا ئەکرێت، هەر ئەو بار و دۆخە لە داهاتوێکی نزیک زۆر بە خراپی بەسەر دەسەڵاتدارانیش ئەشکێتەوە و دەرئەنجام ئەو هەلە مێژوویەی بۆ رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان رەخساوە لەبار ئەچێت و بەرپرسیاریەتی مێژوویی لە ئەستۆی ئەو بەناورۆشەنبیر و حزب و بەناوسیاسیەکان و راگەیاندنە چەواشەکارەکانی کوردستانە.


هەندرێن حەمەدەمین

Handren88@hotmail.com

٢٦ی ٦ی ٢٠١٢

Previous
Next

Leave a Reply