Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
بومە لەرزە ! …. نەهرۆ

بومە لەرزە ! …. نەهرۆ

Closed
by March 21, 2013 چیرۆک

 

 

هەستم دەکرد لە خەوێکی قووڵ دام، لە نێوان ئاگایی و بێ ئاگایی هاتووچووم دەکرد، هەستم دەکرد هێزی مەرگ بەرەو ژێرزەمینێکی قووڵ و تاریک ڕامدەکێشی، ئای کە تامی مەرگ ناخۆشە، هەست کردن بەچوونە نێو دەروازەی مەرگ ناخۆشترە! دەتوانم زیاتر حاڵەتەکەم ئاشکرا بکەم لە٧٠% جەستەم مردووە، لە ٣٠% یی زیندووە، ئازاریکی قووڵ ناخم ئەنجن ئەنجن ئەکات، دەمەوێ هاوار بکەم بەڵام دەنگ لە گەرووم دەتاسێ، چەند ناخۆشە دەستەوەستان بیت بەرانبەر هێزو دەسەڵاتە نادیارەکان، هاتوو چووی نیوان مەرگ و ژیان، پیاسەیەکی تەنیایی کوشندەیە، لەناکاو حەز دەکەی زنجیرەی بیرکردنەوەت بپسێ بە یەکجارەکی بچیتە نێو دونیایەکی هەمیشە ئارامەوە، کۆدی فەراموشی لێئەدەی کەچی فایدەی نییە، جەمسەری ژیان جارو بار ڕادەکێشی بەلای خۆی دا، وەک کرمێک دەتەوێ ماسولکەکانت بجوڵێنی بەڵام ناتوانی، تەگبیر چی یە؟ چەند چارەنووسێکی رەشە، تۆ هەرگیز بیرت نەکردبوەوە بکەوێتە ئەم داوەوە، تۆ هەمیشە لایەنگری مەرگی کوت و پر بوویت، وا ئێستا بوویتە سەنگی ژێرەوەی ئاسیاو، ئەوە نییە بەرداشەکە بە جاری بتهارێ، هەر رۆژەو چەند شانەیەکت تێک ئەدا، جاروباریش لەنگەر دەگرێ، تۆیش هەناسەیەک هەڵدەکێشی، ئەو خانووەی بەسەرت دا کەوتوو لە قوڕ دروست کراوە ئەگینا ئەگەر چیمەنتۆ بووایە هەر زوو دەمردی، ئاواتەکەشت بەدی دەهات! حەسیرە داقڵێشاوەکان ئازاری بە جەستەت گەیاندووە، لە هەندێ شوێن دا برینداریان کردووی، تۆ ناتوانی دەست بۆ شوێنی برینەکانت بەری، تەنیا بەهەست دەزانی کامە پارچەی لەشت ئازاری پێگەیشتووە، بەخشۆکەیی ویستت خۆت بجۆڵێنی کەچی برستی ئەوەت نییە، پێدەچێ قورسایەکانی سەر جەستەت لەوە زۆرتر بێ کە تۆ وێنای دەکەی، کاتێ ئینسان قورساییەکی ئەوتوی لەسەر بوو، تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە، تۆ ئیستا جگە لە خۆت کەسی دیکەت بیر نییە، لە هەمانکاتدا دەتەوێ ئەم حاڵەتەی نێوان ژیان و مەرگ یەکلابێتەوە! خۆزگە لەگەڵ یەکەم چرکەی بومەلەرزە تیا دەچووم، من نەمزانی بوراومەتەوە، کاتێکیش وەئاگاهاتم جەستەم وزەی تیا نییەو لە ژێر قورسایی کەلاوەیەک دەناڵێنێ، خۆ بە خۆ پرسیارێک ئاراستەی ناخی خۆم کرد، ئەگەر من لە لێواری ئاگاییش دا بم کەواتە هەناسە ئەدەم و ئۆکسجین لیم نەبراوە، وێرای ئەوەی لە ژێر خاک و خۆڵ دام و ئاسوی دەربازبوونم دیار نییە، چاوەروانی دەستێکی دەرەکی بووم دارو پەردووی سەرم لابدا و لەم حاڵەتە نەخوازراوە دەرمبێنێ، ئەمەش تەنیا خواستێکی رووتە، ئەم پانتایی جوگرافی یەی ئێمە بە فەرامۆشی ڕاسپێردراوە، تیپی فریاگوزاری رووی تێ ناکا!

رۆژ لە دوای رۆژ لەگەل قەوارەی خۆم دا راهاتم و ئازارەکانی جەستەشم کەم بوەوە بەڵام تینویەتی و برسییەتی فشاریان بۆ هینام، لەدڵی خۆم دا دەمگوت وابزانە رۆژووت گرتووە، جاروباریش بیرم دەکردەوە جەستە وەکو لوژیک پێویستی بە پروتین و کاربۆهیدرات و ڤیتامینە بۆ ئەوەی شانەکان بەشێوەیەکی تەندروست کارو وەزیفەی خۆیان ئەنجام بدەن، لە راستی دا ئینسان ماشینێکی گۆشتینە! چارت نەبوو، دەبوایە بەرگە بگری، لەگەڵ ناچاری دا هیچ ناکرێ، دوای ئەوەی کە دڵنیا بووی ئازار جەستەتی بەرداوە، بەهیواشی دەستێکت جوڵاند بەرێکەوت بەر دارێک کەوت، هەوڵت دا مشت لە دارەکە قایم بکەیت، سەرەتا ویستت بیجوڵێنی وەک دانی لەق وابوو، بەهەر شیوەیەک بوو جوڵاندت، وێرای ئەوەی گران بوو بەڵام پەیتا پەیتا هەوڵت لەگەڵ دا، دەلاقەیەکی رووناکی کردەوە، سروەیەکی خوشحاڵی دڵی فێنک کردیتەوە، وەک داگیرسانێ مۆمێک بوو لە نێو فەزای تاریکی دا ، بۆ ماوەیەک ئیسراحەتت کرد وەک ئەوەی هەنگاوێکی سەرکەوتووت ئەنجام دابێ، بیرت لە پلانی دواتر کردەوە، ئەمجارەیان هەوڵت دا دەستەکەی دی بجۆلێنی کە لە ژێر خشتێک دا بوو، ئەمیشیان بە ئاسانی کەوتە جوڵە، بەڵام جەستەت وەک بەنج کرا بیت وابوو، بەدەستێک دەلاقەکەت فراوان کرد، لەسەرەتا دا وەک ئەفسانەکەی سیزیف، مشتی خوڵت لابرد دوو مشت کەوت بەسەر دا، بەڵام ئەکسیری ژیان زاڵ بوو بەسەر مێشکت دا، بۆیە کوڵت نەداو بەردەوام بوویت تاوەکو پروسەکە تروسکایی پیشکەوتنی بە خۆیەوە بینی، سروشتی ئینسان وایە کە کەس یارمەتی یی نەدا ناچارە خۆی یارمەتی خۆی بدا، دەست و قاچ و جەستە بۆ ئەوە خۆلقاوە جوڵەی پێ بکەی، جوڵەی خەڵکی دانس و وەرزشە جوڵەی منیش کێشمەکیشی ژێر خاک دایە! منیش بروام بە میکانیزمی جوڵە هەبوو بۆیە وێرای برسیتی و تینویەتی لە جوڵە نەکەوتم کە دوو دەستت رەها بوو دەتوانی شوێنەکانی دیکە رەها بکا، لەو ساتە ئەوەی بیرم لێکردەوە قورسایی سەر سینگم رەها بکەم تا بتوانم باشتر هەناسە بدەم، بەهەردوو دەست خشتەکانی سەر سینگم لادا لەهەمانکاتیش دا قاچەکانیشم دەجوڵاند، خاک وخۆڵ وەک چیمەنتۆ نییە بە ئاسانی دەتوانی تیا جوڵە بکەی، هەستم بەرووناکی و تاریکی ئەکرد بەڵام زەمەنی ژێر کەوتنم بۆ دیاری نەکرا، لە رۆژێکی خۆری رووناک تینم بۆ خۆم هینا دەستم بەقەراخ دەلاقەکەوە گرت و وزەم دایە بەر خۆم، هەرچی دارو پەردووی رووی جەستەم هەبوو رووەو دیوی دەرەوە هەرەسی هینا، بەم شێوەیە پەرجوو ئاسا لە بومەلەرزەیەکی میتافوری سروشتی رەها بووم بەڵام کە رەها بووم نەمتوانی ترسی مەرگ بەیەکجارەکی لەمێشکم بتارێنم، دووبارەبوونەوەی هەمان چارەنووس لەژیانم دا بسرمەوە، بۆیە ئیستا بۆ هەر کوێ دەچم ترسی بومەلەرزە لە ناخم دایە، لەبەر ئەوەی کە تووشی بوویت تەنیا خۆدی خۆت لەگەڵ دڵرەقی سروشت دەکەویتە ململانێ لەوانەیە رزگارت بێت لەوانەشە گۆری هەتا هەتاییت بێت !!

 

                                                            نەهرۆ / نەرویج

                                                           ٢٠  /  ٣  /  ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.