Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

بوونه‌وه‌ی من و خۆمی حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش

Comment
by January 10, 2009 ئەدەب

 "بوونه‌وه‌ی من و خۆم"ی حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش
 له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورتدا
 عومه‌ر سه‌یده‌
 هه‌ڵبه‌ته‌ ئاشنایی به‌ شیعر گرنگتره‌ تا ئاشنابوون به‌ شاعیر, من به‌ حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش و شیعره‌كانی ئاشنام ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 ساڵه‌, هه‌ر بۆیه‌ ماف به‌ خۆم ده‌ده‌م هه‌ندێك له‌ سه‌ر شیعری(بوونه‌وه‌ی من و خۆم)ی قسه‌ بكه‌م, هه‌وڵیش ده‌ده‌م ئاشنایه‌تیمان له‌ جێی خۆی دابنێم ئه‌وكات شتێك بڵێم.
 حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی له‌ ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌ ده‌نوسێت و بڕوا ناكه‌م شیعرێكی هه‌بێت و بڵاو بوبێته‌وه‌و من نه‌مخوێندبێته‌وه‌, به‌ڵام نه‌ به‌ مه‌به‌ست نه‌ بێ مه‌به‌ست تا ئێستا هیچ شتێكم له‌ باره‌یه‌وه‌ نه‌نوسیوه‌, ئێستایش به‌ هه‌مان شێوه‌ هیچ مه‌به‌ستێك نیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێت هه‌ندێك له‌ سه‌ر ئه‌و شیعره‌ی بڵێم كه‌ له‌ سایتی ده‌نگه‌كاندا بینیم.
 به‌ر له‌ هه‌موو شتێك گرنگه‌ به‌ لامه‌وه‌ ئه‌وه‌ بڵێم من وه‌كو خوێنه‌رێكی جدی شیعره‌كانی حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش ده‌شێت زۆر جیاواز قسه‌م هه‌بێت له‌سه‌ری به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی تا ئێستا له‌سه‌ر شیعره‌كانی نوسراوه‌و من بینیومن.
 حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش ناتوانم بڵێم كه‌ خاوه‌نی مۆركێكی تایبه‌ت و جیاوازه‌ هه‌روه‌ك ناشتوانم بڵێم كه‌ سه‌د ده‌ر سه‌د شیعره‌كانی له‌ ستایلی كه‌سانی دیكه‌ ده‌چێت, چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ شیعرنوس و شاعیر دروست بوونه‌ كه‌ ئیدی سانا نیه‌ فریای خوێندنه‌وه‌ی هه‌مویان بكه‌وێت, به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری شیعره‌كانی حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش جوان بوونه‌ لای من, عاده‌م گرتوه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌یان, ئه‌گه‌ر بۆ بینینی شیعریش نه‌گه‌ڕێم به‌ڵام كه‌ شیعری حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش ده‌بینم ده‌یخوێنمه‌وه‌, چونكه‌ مه‌به‌ستمه‌ بزانم گه‌یشتوه‌ به‌ كوێ له‌گه‌ڵ شیعردا.
 كاتێك بوونه‌وه‌ی من و خۆمم خوێنده‌وه‌ هه‌ندێك شتم لا دروست بوو كه‌ دڵخۆشكه‌ر نین بۆ من, چونكه‌ كاتێك چاوه‌ڕێی شیعری نوێی شاعیرێك ده‌كه‌یت و تینوێتیت ناشكێنێت ده‌بێت تووشی چی بێیت؟!!, هه‌ڵبه‌ته‌ بێزاریی و قه‌ڵسبوون.
 من نامه‌وێت له‌ ماندوبوونی حه‌مه‌كاكڕه‌ش كه‌م بكه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شیعره‌دا بینیوێتی, به‌ڵام ناشمه‌وێت به‌و شێوه‌یه‌ بیبینم.
 ئه‌گه‌ر بێینه‌ ناو شیعره‌كه‌وه‌و بیخوێنینه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌م شێوه‌یه‌ قسه‌ی له‌ سه‌ر بكه‌ین:
 بوونه‌وه‌ی من و خۆم .. ناونیشانێكی نامه‌ئلوفه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ شاعیر بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ شتی باو نه‌داته‌ به‌ر گوێمان, بهڵام له‌م هه‌وڵه‌دا من به‌ بڕوای من ئامانجی نه‌پێكاوه‌, چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فۆڕم و وشه‌سازی و داتاشینی نوێ ئه‌ركی شاعیرو نوسه‌ره‌ به‌ڵام پێویسته‌ ره‌چاوی هه‌ندێك له‌ بنه‌ماكانی رێزمانه‌كه‌ی بكات كه‌ نوسینی پێده‌كات, چونكه‌ ئه‌گه‌رچی رێزمانه‌كه‌یش به‌ كه‌م و لاواز ببینین, به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌ بیربێت كه‌ نوسین بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ چودایه‌ له‌ نوسین بۆ ئه‌رشیفكردن, یانی ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ تۆ بنوسێت پێویسته‌ رێزی خوێنه‌ر بگریت, ناكرێت (بوون) كه‌ له‌م به‌كارهێنانه‌ی حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش به‌ مانای(وجود) نایات, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ویستویه‌تی به‌و مانایه‌ به‌كاری بهێنێت, چونكه‌(بوون) كه‌ له‌م شیعره‌ی حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌شدا كه‌ پاشگری(ه‌وه‌)ی دوباره‌كردنه‌وه‌ی وه‌رگرتوه‌ به‌ مانای دوو باره‌ هاتنه‌وه‌ بۆ بوون دێت, یاخود دووباره‌ دروستبوونه‌وه‌, كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ وشه‌سازی بگه‌ڕیین و له‌ ماناكه‌ی بڕوانین ئه‌وه‌یان ده‌شێت بڵێین به‌ خه‌یاڵی شاعیر سه‌ربه‌سته‌ له‌وه‌ی بڕوای به‌ بووباره‌ هاتنه‌وه‌ی هه‌یه‌ بۆ بوون, هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووی زانستییه‌وه‌ قسه‌ی دیكه‌ هه‌یه‌, به‌ڵام قسه‌ له‌ باره‌ی (بوون) په‌یوه‌سته‌ به‌ هاتن له(نه‌بوون)ه‌وه‌, به‌ڵام گریمان حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش ئه‌وه‌ی هه‌لوه‌شاندووته‌وه‌ كه‌ له‌(نه‌بوون)ه‌وه‌ یه‌كجار بێیته‌(بوون) به‌ڵام توانیوێتی به‌ زمانێكی زۆر ساده‌ له‌وه‌یش خۆی ده‌رباز بكات, له‌ سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌یداو پاش ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت:" له‌ دوای مردن" نوسیوێتی(ئه‌گه‌ر) واتا گومان له‌و بڕوایه‌ی ده‌كات له‌ باره‌ی دووباره‌ هاتنه‌وه‌ بۆ (بوون), به‌ڵام له‌ڕووی وشه‌سازیی و رێزمانه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌و نابێت شاعیر بیكات, چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ باوه‌ڕیشی به‌ دووباره‌ دروستبوونه‌وه‌ هه‌بێت هێشتا هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه, ئه‌ویش له‌ تێڕوانینی خه‌یلگه‌رییانه‌و پراكتیكی نوسیندا هاتوه‌ته‌ پێش,‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌(بوون) یه‌كجاره‌(زیندوبوونه‌وه‌) یان(زیندوكردنه‌وه‌) جاری دوهه‌مه‌ هه‌روه‌كوو خۆی له‌ شیعره‌كه‌دا ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر زیندوو بكرێینه‌وه‌" كه‌واته‌(بوونه‌وه‌)كه‌ی خۆی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ به‌و هه‌ڵه‌یه‌ی تێیكه‌وتووه‌..
 شاعیر وه‌كو مۆدێلێك له‌ شیعره‌كانیدا دژه‌كان به‌كار ده‌هێنێت كه‌ ئه‌مه‌یش یه‌كه‌مجاری نیه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات, به‌ڵكو له‌ شیعری دیكه‌یشیدا به‌ زه‌قی ده‌بینرێت, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌یان كارێكی دووباره‌یه‌و زۆرێك له‌ شاعیره‌كان به‌كریان هێناوه‌, كاری من ئه‌وه‌ نیه‌ بڵێم كامیان پێشتر به‌كاریان هێناوه‌, به‌ڵام من قسه‌م له‌ سه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش له‌م شیعره‌دا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌ له‌و كاره‌یشدا بڕوانن:"خۆم ببێت به‌ باڵنده‌
 من ده‌بمه‌ قه‌فه‌س
 خۆم ببێت به‌ ئاگر
 من ده‌بمه‌ به‌فر و ئاو"
 به‌ڵام هه‌ر له‌ دوای ئه‌وه‌وه‌ دێت و ده‌ڵێت:"خۆم ببێت به‌ رێگا
 من ده‌بمه‌ هه‌زار پێ و به‌ سه‌ریدا ده‌ڕۆم"
 له‌م به‌شه‌دا ئه‌گه‌ر شاعیر مه‌به‌ستی دژه‌كان بێت ئه‌وه‌ بۆ من كه‌ خوێنه‌ری شیعره‌كانی ئه‌وم پێم وایه‌ نه‌ك دژی یه‌ك نین, به‌ڵكو فۆڕمێكی زۆر هاوتاو ئالوده‌ی یه‌كن, چونكه‌ رێگه‌ یاخود رێگا پێویستی‌ به‌ قاچه‌كانی رێبواره‌ كه‌ به‌ سه‌ریدا بڕوات, دواجار ریگا ماناكه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و جوانییه‌كه‌ی نامێنێت ئه‌گه‌ر كه‌س به‌ سه‌ریدا نه‌ڕوات, یانی نه‌ك هه‌زار پێ به‌ڵكو هه‌زاران پێش بێت هێشتا دژی رێگا نیه‌.
 دواتر بۆ دژی"خوداپه‌رست", ده‌سته‌واژه‌, وشه‌ی"پیاوكوژ"ی به‌كارهێناوه‌, ئاخر ده‌ی ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ به‌شی زۆری خوداپه‌رسته‌كان له‌ هه‌ر ئاینێك ده‌بینین"پیاوكوژ"یش بوونه‌, تۆ بڵێی شاعیر دركی به‌وه‌ نه‌كردبێت یان ئه‌وه‌ نه‌زانێت, به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دركی پێده‌كات و ده‌یشیزانێت, به‌ڵام به‌ بڕوای من لێره‌یشدا كه‌وتوه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌, یان له‌وانه‌یه‌ بیه‌وێت خوداپه‌رست وه‌كو ئه‌و وێنه‌ خه‌یاڵییه‌ به‌كار بهێنێت كه‌ لای زۆرێك له‌ خه‌ڵكی هه‌یه‌ گوایه‌ پیاوه‌ جوانه‌كان خوداپه‌رسته‌كانن, به‌ڵام بنه‌ما ئایه‌ییه‌كان وا ناڵێن و مێژووی مرۆڤایه‌تیش شتی دیكه‌یان تۆمار كردوه‌, به‌ ناوی خوداوه‌ پیاوكوژه‌كان زۆرێك خه‌ڵكیان له‌ خاچ داوه‌و زۆرێك سه‌ری خه‌ڵكیان په‌ڕاندوه‌.
 هه‌میشه‌ دژی"سپی" .. (ره‌ش) بووه‌, كه‌چی شاعیری به‌ڕێز حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش"ته‌م"ی به‌كار هێناوه‌ بۆ دژی, وا باویشه‌ دژی وشه‌ی ئاسمان كه‌ دورن له‌ یه‌كه‌وه‌و به‌ یه‌ك ناگات نیوانیان لای خه‌ڵك(زه‌و‌ی)ه‌ كه‌چی ئه‌و "ئه‌شكه‌وت"ی به‌كارهێناوه‌.
 لێره‌دا من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ به‌بیر بهێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌شێت له‌ زۆربه‌ی بۆچونه‌كانمدا كه‌وتبمه‌ هه‌ڵه‌وه‌, به‌ڵام بینینی من بۆ ئه‌و شیعره‌ی حه‌مه‌ كاكه‌ڕه‌ش ئاوهایه‌, پێم وایه‌ كاره‌كانی پێشووی زۆر جوانترن, هه‌ر بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی شتێك بڵێم كه‌ خزمه‌تی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ئه‌و و شیعری شاعیرێك بكات كه‌ به‌راستی لای من شاعیره‌ نه‌ك بۆ هۆنینه‌وه‌ و زیادكردنی بابه‌ت.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply