Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان لە ژێر ناوی خزمەت

بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان لە ژێر ناوی خزمەت

Closed
by February 4, 2014 گشتی

 

 

 

پێشەکی

 

بە پێی ئەو بەڵگانەی کە جێماون و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەشە لە مێژووی زارەکی کە فاکت و بەڵگە پشتڕاستی دەکەنەوە، کۆماری کوردستان خاوەن مێژوویەکی ڕوونە کە بە زەحمەت دەکرێ بە لاڕێدا ببردرێت. چەواشەکردنی مێژووی  هه‌موو نەتەوە ژێردەسته‌کان لە بەرنامە زەقەکانی حکومەتان بووە و نەتەوەی کوردیش کە هه‌تا ئێستا بە بێ ویست و پرسی خۆی لە مافی سەربەخۆیی بێبەر کراوە، مێژووەکەشی بە شێوەیەکی سیستەماتیک چەواشە کراوە. ئاستی چەواشەکردنەکان بە پێی هەستیاربوونی ڕووداوەکان و زەمەنێکی کە مێژوو بۆی دەگەڕێتەوە جیاوازن. لەو شوێنانە کە کورد گەرەکی بووە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بونیات بنێت، چەواشەکارییەکان بەربڵاوتر و وردتر کراون. مێژووی کۆماری کوردستانیش بە پێی ئەو بڕیارە یەکلاییکەرەوەی کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد لەو زەمەندا دای، بایەخی تایبەتیی پێ دراوە و کەم چەواشە نەکراوە.

سەربەخۆیی کە مافی هەموو نەتەوەیەکە لەم جیهانەدا، بە پێی ڕێککەوتنێکی نێوان زلهێزان لە پێش کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیدا تا بە ئەمڕۆ، لە نەتەوەی کورد زەوت کراوە. مافی نەتەوەیەک بە هێنانەوەی کۆمەڵێک پاساوی نامرۆڤی، ناڕامیاری و نادروست کوشتار کراوە و تەنانەت بۆ بەرەوپێشبردنی پلانەکانی دژ بە مافی نەتەوەی کورد، پەنا بۆ بوختان و بەڵگەسازکردن بردراوە. لە تەنیشت ئەو پلانانەدا، به‌شێوه‌یه‌کی سیستەماتیک بەشێکی زۆریش لە ڕاستییەکانی مێژووی ئەم نەتەوەیە سانسۆڕکراوە. بۆ وێنە وەک دوو ساڵ بەر لە ئێستا بۆ یەکەمجار ئەم ڕاستییە لەقاو درا کە تا بە ئێستاش ئاڕشیوەکانی سۆڤیەت، ڕووسیەی ئێستا و بریتانیای مەزن ئەو بەشە لە بەڵگەکانی خۆیان بڵاو نەکردۆتەوە کە پێوەندی بە ڕاگەیاندرانی «دەوڵەتی ”جمهوری” کوردستان»ەوە هەیە!  دەوڵەتێک کە «جێژنی سەربەخۆیی و استقلالی کوردستان»ی گرت و پەیتا پەیتا لە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا باسی دەکرد. 

لە ناو نووسەرە بیانییەکاندا زۆر کەس هەبوون کە نووسینەکانیان لە چوارچێوەی هەمان پلانی زلهێزاندا گەڵاڵە کراون.  هەندێکی دیکە لە ڕووی مرۆڤی و دۆستایەتییەوە هەوڵیان داوە کە مێژووی کورد بە شێوەیەکی شیاو تۆمار بکەن کە زۆر مەخابن ئەم جۆرە کەسانەش لە سەر متمانەکردن بە هەندێک کوردی ناسراوەوە، تێکستی ناڕاست یان بەڵگەی ساختەیان بڵاو کردبۆوە. لێرەدا بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە ئەو بەیاننامە ساختەیە بکەین کە گەرەکیان بووە بە ناوی بەیاننامەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بیناسێنن. دەبیندرێت کە ئەو بەیاننامە ساختە و سازکراوە لە پەرتووکی «ویلیام ئیگڵتن»دا سەری دەرهێنا و ئەمەش لە ژێر کاریگەریی متمانەیەک بوو کە ئیگڵتن بە چەند کوردێکی کردبوو،  ئەگینا گومانێک لەوەدا نەماوە کە ئەو بەرنامەیە لە لایەن کەسانی سەر بە سۆڤیەتەوە گەڵاڵە کراوە.  پێداچوونەوەی هەرکام لە چەواشەکارییەکان پێویستی هەیە بە وردبوونەوەی تایبەت، کۆکردنەوەی بەڵگە، خوێندنەوەی دەق و ڕاپۆڕتەکان، هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی مێژووە زارەکییەکان و تەرخانکردنی کاتی زۆر.  هەر بۆیە بۆ لێکۆلەرێک کە سەربەخۆیانە و بە بێ پاڵپشتی حکومەت یان لایەنێکی سیاسیی کاریان لە سەر بکات، هەر وا بە سانایی و لە ماوەیەکی کورتدا سەر ناگرێت.

لەم مژارەدا هەوڵ دراوە تەنێ دوو وێنەی بچووک لە ناو زۆر چەواشەکارییەکان شرۆڤە بکرێن. لەم جۆرە وێنانە لە شێواندنی مێژووی کۆماری کوردستاندا زۆرن کە تا ئێستاش بڵاوکردنەوە و باسکردنی هەندێکیان پێویستی بە تێبینی و لەبەرچاوگرتنی زۆر ڕەوش هەیە. ئەمە بە واتای ڕاگرتن و شاردنەوەی لەوە زیاتری ڕاستییەکان نییە و تەنیا بەم مەبەستە دەگوترێ کە باسکردن و گەڵاڵەکرانی هەرکام لە مژارەکان پێویستی بە ئامادەکردنی زەینی خوێنەر هەیە، بە تایبەتی کە هەندێک لەو کەسانەی دەستیان لە چەواشەکردنی مێژوودا هەبووە، لە ناسناوی ”قاضی” وەک شەڕعییەتێک بۆ چەسپاندنی ناڕاستییەکان کەڵکیان وەرگرتووە. شێواندنی مێژوو لە لایەن هەر کەس و لایەنێکەوە ئەنجام بدرێت، نادروست و نامرۆڤییە و لە هەمان کاتدا ئاشکراکردنی چەواشەکارییەکانیش ئەرکێکە زانستی و مرۆڤیی.

بۆ داگیرکەرانی کوردستان زۆر گرنگە کە نەتەوەی کورد لە فاکتەری یەکگرتوویی بێبەر بکرێت. ئەوان هەمووکات لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە وێنەی مرۆڤگەلێکی ترسنۆک، دۆڕاو و هتد لە سەرکردە کوردەکان ساز بکەن. هەندێک هێرشی گچکە و ساویلکە لە لایەن چەند نووسەرێکی ”ایران”ییەوە بۆ سەر کەسایەتیی جەنابی ”محمد همام قاضی”، سەرۆک کۆماری کوردستان کراون بەڵام هەموو خوێنەرێکی ئاساییش بە دیتن و خوێندنەوەیان هەست بە ناڕاستبوونی زانیارییەکان دەکەن. «پێشەوای معظمی کوردستان»  بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ”جمهوری”ی کوردستان، کوردستانی سەربەخۆی ڕاگەیاند و وێڕای دەربڕینی جیابوونەوەی کوردستان لە ”ایران”، ئاڵا و فاکتەرە نەتەوەییەکانی ”ایران”ی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی سڕێوە و بۆن و ڕەنگێکی کوردستانی پێ بەخشین. 

هەندێکیش لە ژێر ناوی ”قاضی”ی بە هۆکارگەلی تایبەتیی هێرشی هاوشێوەیان کردووە کە هۆکاری چەواشەکارییەکانیان تا بە ئێستاش بە تەواویی ناڕوونە. ئەو هێرش و بوختانانە لە ئاستێک دان کە زەینی مرۆڤی کورد یان هەر خوێنەرێکی بیانی وەسەرسووڕمان دەخه‌ن و پرسیارگەلێک بۆ ئەوان ساز دەکەن کە وڵامدانەوەیان ئەوندە چەتوون دەکا تا خوێنەر ملکەچی زانیارییەکان ببێ.

پلانی خەوشەدارکردنی کەسایەتییەکانی کۆماری کوردستان شاراوە نەبوو بەڵام بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر بۆ زۆرینەی کوردەکان لە پاش بڵاوبوونەوەی نووسینە نازانستی و چەواشەکارییەکانی ”عرفان قانعی فرد” ئاشکرا بوو. لەقاودانی ئەو چەواشەکارییانە لە ڕاستیدا لە بەر ووشیارییەکی تەواوی خوێنەری کورد نەبوو بەڵکوو زۆرتر بۆ ئەوە گەڕاوە کە بێڕێزی بە یەک لە کەسایەتییەکانی بەشدار لە کۆماری کوردستان کرابوو کە خزم و کەسەکەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا خاوەن هێز و دەسەڵاتێکی سنووربەرینن. تا پێش ئەو زەمەن کەمتر بینرابوو کە لە ناو لێکۆڵەرانی نەتەوەی کورددا کەسێک ئەرکی ساخکردنەوە و بەرپەرچدانەوەی چەواشەکارییەکان وە ئەستۆ بگرێت. ئەو هەوڵانە زۆر زووتر بۆ خەوشەدارکردنی کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی نەتەوەی کورد و بنەماڵەکەیان دەستی پێکردبوو و تا بە ئێستاش کە ئەم پیتانە دەچندرێن، کەسێک ناناسریت لە مەڕ ئەو بێڕێزی و چەواشەکارییانە بابەتێکی بڵاو کردبێتەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێ کەسانێک هەبن کە لەو پلانانە بە وردی ئاگادار بن، بەڵام ڕەنگە بە هۆکاری جۆراوجۆر نەخوازن خۆیان لەو بابەتانە بدەن.

جیا لە خەوشەدارکرانی کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی نەتەوەی کورد، پلان و هێزی زۆر بۆ ئەوە تەرخان کراوە کە کەسانی نزیک و بنەماڵەکەیان ناشرین بکرێن. ئەمە بە شێوەیەکی سیستەماتیک ئەنجام دراوە کە نیشان بدرێت بۆ وێنە یای  ”مینا قاضی” هاوسەری سەرۆک کۆماری کوردستان، بایەخێکی بۆ مێژوو و ڕابردوو و کەسایەتیی هاوژینەکەی خۆی نەبوو. پلان ئەوە بووە کە نیشان بدەن ئەو سەرۆک کۆمارە کە گیانی بۆ نەتەوەکەی قوربانی کردووە،  لای مناڵەکانی خۆی بێبایەخ و هەرزان بووە و هەروەها ژنەکەی خوێن و کەرامەتی بە پارە فرۆشتووە و کوڕەکەی بۆ دەستماچکردنی بکوژی باوکی هەنگاوی هەڵهێناوە و هتد.

گەلێک گرنگە ئەمەش لە بەر چاو بگیردرێت کە سەرچاوەی بەڵگەی ساختە، زانیاریی ناڕاست و چەواشەکاریی لە کوێ سەری هەڵداوە؟ زانینی ئەم خاڵە گرنگە کە کام سەرچاوە دەستپێکەری ئەو پلانە بووە؟ هۆکارەکان چ بوون و چلۆن توانیویانە ئەو زانیارییە ناڕاستانە وەک مێژوویەک بۆ کورد بچەسپێنن؟ مێتۆدێک کە بۆ گونجاندنی چەواشەکارییەکان دەکاریان کردووە چین؟ چلۆن دەکرێ پێداچوونەوەیان بکرێ و ڕێگەی دروستی پێداچوونەوەیان چییە؟

لێرەدا دوو کەس لە بنەماڵەی «پێشەوای معظمی کوردستان» بۆ وێنە هەڵبژێردراوە کە لێوردبوونەوەیان بە پێویست دەزاندرێت. یەکیان ”علی همام قاضی”(کوڕی ڕەش)ە و ئەمی دیکەیان هاوسەری پێشەوای کوردستان، یای ”مینا قاضی”یە کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە. 

 

پرسی دەستماچکردنی شای ”ایران” لە لایەن «کوڕی ڕەشە»وە

 

یەکەم سەرچاوە کە باسی دەستماچکردنی شای ”ایران”ی لە لایەن کوڕی ڕەش، تاقەکوڕی پێشەوای کوردستانەوە بڵاو کردەوە، پەرتووکی ”کریم حسامی” بوو. باسکردنی هەندێک ڕاستی لە سەر ئەو نووسەرە کوردە، یارمەتیدەر دەبێت کە خوێنەر بە مێشکێکی ئاوەڵاترەوە سەرنجی بابەتەکە بدات. ”کریم حسامی” بە گوێرەی نووسینەکانی خۆی، هەست و سۆزێکی زۆری بۆ نەتەوەکەی خۆی هەبووە و بە پێی ئەو هەڵسەنگاندن و لێکدانەوانەی کە لە زەمەنی جۆراوجۆر و لە ڕەنگی جیاوازدا هەیبوو، لە ڕوانگەی خۆیەوە خزمەتێکی زۆری بە نەتەوەکەی کردووە. لایەنی هەرە جوان و مرۆڤیی نووسینەکانی ”کریم حسامی” بۆ وێنە بۆ ئەو بەشە دەگەڕێتەوە کە سەرەڕای کێشە و نێوانناخۆشییەکی کە دەگەڵ دوکتوور قاسملوو هەیبوو، لە پاش تێڕۆڕکردنی ناوبراو بە دەستی کۆماری ”اسلامی ایران”، بە شێوەیەکی دیکە لە چاو پێشتر ناوی دەبرد. ئەو هەر چەند کە کێشەی دەگەڵ کەسێک هەبووبا، لە ئەگەری پێویستدا هەڵوێستی جوامێرانەی هەبوو و بە توناکردنی نەیاری خۆی بە دەستی تێڕۆڕیستەکانی کۆماری ”اسلامی ایران” کەیفخۆش نەدەبوو. ”کریم حسامی” لە کاتێکدا کە وازی لە سیاسەتی دۆڕاوی بەدەستهێنانی مافی ئێتنیکی کورد لە چوارچێوەی ”ایران”ێکی دێمۆکڕاتیکدا هێنا، خزمەتێکی کەمی بە ڕاستکردنەوەی مێژووی کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان نەکرد و زۆر ڕاستی و بەڵگەی باشی بڵاو کردەوە. بە تایبەتی لەو زەمەندا دەستڕاگەییشتن بە هەندێک زانیاری و بەڵگە بۆ زۆرینەی لێکۆڵەران چەتوون بوو. بەڵام ”کریم حسامی”ش وەک زۆربەی مێژوونووسەکان کەموکوڕی لە کارەکانیدا هەبوو کە هەندێک لەو کەموکوڕییانە بۆ نەبوونی زانستی پێوەندیدار دەگەڕاوە. لە هەندێک شوێنیشدا بێلایەنانە نەینووسی و لە هەندێک جێگەشدا بە بێ ئەوەی ئاگادارییەکی باشی لە سەر مێژوویەکی تایبەتدا هەبێ، دەستی بۆ پێنووس برد. بە دڵنیاییەوە گەر ناوبراو خۆی لە هەندێک باس دوور خستباوە، دەکرا پەرتووکەکانی ئەو بە سەرچاوەیەکی سەرەکی و جێمتمانەی بێ ئەملا و ئەولای مێژووی نوێی نەتەوەی کورد چاو لێ بکرێن. لە پەنای ئەمانەشدا دەبێ بگوترێ کە ناوبراو زۆر سەرچاوەی زمانە بیانییەکانی بە کار نەهێنابوو و ئەمەش ڕەنگە بۆ نەزانینی زمانەکان یان بڵاونەکردنەوەی سەرچاوە و بەڵگەکان لە کاتی ژیانیدا بگەڕێتەوە.

بە پێداچوونەوەی تێکستەکانی ”کریم حسامی” هەندێک خاڵی سەرنجڕاکێش دەردەکەون. ئەو بە خوێنەری دەبێژێت کە لە سەردەمی ک. ژ. ک ەوە تێکەڵاویی دەگەڵ سیاسەتی کوردستاندا هەبوو، هیچ بیرەوەرییەکی ئەوتۆی لە سەردەمی کۆماری کوردستان نییە کە یارمەتیدەری ساخکردنەوەی مێژوو بێ! ڕوون نییە کە لەو زەمەندا چ ڕۆڵێکی هەبووە و چۆنە کە تەنانەت کەسێک بە ناوی ”ابراهیم نادری” وەک وەزیرێکی کۆماری کوردستان بە خوێنەر دەناسێنێت کە هیچ بەڵگە و سەرچاوەیەک پشتڕاستی ناکاتەوە! هەموو بەڵگەکان و زۆرینەی سەرچاوەکان ئەمە دەسەلمێنن کە ”مناف کریمی” وەزیری فەرهەنگی کۆماری کوردستان بوو،  کەچی ”کریم حسامی، ”ابراهیم نادری” مافناسی کرماشانی بە وەزیری فەرهەنگی کۆمار ناساندبوو و لە پەرتووکەکەی خۆیدا باسی بەسەرهاتی خۆی و ئەو بە ڕواڵەت وەزیرەی گێڕاوەتەوە! ،  چلۆن دەکرێ کەسێک بە متمانەوە بە خوێنەر بێژێ کە خۆی بەشداری ڕووداوێک بووە، لە هەمان کاتیشدا بەسەرهاتی خۆی و کەسێک بگێڕێتەوە و بە خوێنەر بڵێت کە ئەو کەسە وەزیری فەرهەنگی کۆماری کوردستان بوو، بەڵام هیچ بەڵگە و سەرچاوەیەکی زارەکیش پشتڕاستی نەکەنەوە؟! چلۆن دەکرێ بەسەرهاتی خۆی و وەزیرەکەی بە دروست قبووڵ بکەین؟ چۆن دەتوانین بڕوا بە باقی زانیارییە بێ بەڵگەکانی بکەین کە لە کۆی پەرتووکەکانیدا بڵاوی کردنەوە؟!

”کریم حسامی” لە بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانیدا بابەتێکی لە ژێر ناوی «حەسەنی سەیفی قازی» بڵاو کردۆتەوە و بە یەکەم سەرچاوە دادەندرێت کە باسی دەستماچکردنی شای ”ایران”ی لە لایەن «کوڕی ڕەش»ەوە کردووە. ئەو لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکا کە بۆ ماوەیەک لە ماڵی «خانمە خانمی قاضی» کچی ”ابولقاسم صدر قاضی” دەژیا. خانمە خانم هاوسەری “میرزا رحمن مصباح قاضی”، سەرەڕای ئەوە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا تازە جحێڵیک بوو و زۆر ژنی سەرسپی و ماقووڵ لەو بنەماڵەیەدا هەبوون، بەڵام بە هۆی ژیری و لێزانییەکی کە لە بەڕێوەبردنی کاروباری بنەماڵەدا لێی بینرابوو، لە لایەن پێشەوای کوردستانەوە ڕێزی تایبەتیی لێ دەگیرا و کەمتر وابوو قسە لە سەر قسەی ئەو کرابا. ”کریم حسامی” کە بە پێی بیرەوەرییەکانی خۆی، ماوەیەک وەک زۆربەی چالاکە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شاراوەیی ژیانی دەکرد، باس لەوە دەکا کە ئەوکات لە ماڵی خانمە خانمی ”قاضی” دەژیا. پاش گێڕانەوەی هەندێک باس و دابەشکردنی بیرەوەرییەکانی خۆی دەگەڵ خوێنەر ئاماژە بەوە دەکات کە لەو کاتدا بە قەستی بە ”حسن سیف قاضی” گوتبوو کە ناوی «سمایل»ە. ئینجا لە درێژەی باسەکانیدا ئاوای نووسیبوو: 

«هە موو روژی کە لە مەدرەسە دەهاتەوە [مەبەست ”حسن قاضی”یە] سڵاوی دەکرد و دەهات لە کن من دادە نیشت. روژیک هاتەوە سلاوی نەکرد. کیفەکەی فڕێ دا و بالتویەکەی بۆ لایەک فڕێ دا و چوو لە قوژبنیک دانیشت.

دایکی وە دەنگ هات: ئەوە چی یە حەسەن؟ بۆ وا شیت بووی؟ چیت لی قەوماوە؟ بۆ سلاوی ناکە ؟ .

_ ئاخر ئامە لە حەیفی ئەو بێ شە رەفە هەموو شتم لە بیر چوتەوە .

_لە گەل کێتە ؟ بە کێ دەلێی بێ شەرەف ؟

_ بە کوری رەش ئاغا دەڵێم .

_ ئەی . . تۆ غەڵەت دەکەی قسە بە کوری رەش دەلێ ی

_ ئامە خۆ لە خۆرا نیە. غاری دا گوفاری (تەرەقی) چاپی تارانی لە کیفەکەی دەرهینا و دای بە من گوتی: هانی کاک سمایلی بەقەستی. چاوی لێ بکە . دەستی کەسیک ماچ دەکا کە بابی کوشتوە.

پاش کودیتا عەلی قازی چوو بووە کن شا و داهاتبووە دەستی حەمە رەزا شای ماچ کرد بوو. لەم کاتە دا وینەیان لێ هەلگرتبوو وینەکەیان لە پشتی گۆفاری تەرەقی چاپ کردبوو. لە گەرانەوەی مەدرەسەدا رۆژنامە فروشەکان دانەیەکیان دابوو بە حەسەنی کوری خانمە خانم.» [سۆران کرباسیان: نووسینەکە وەک دەقی نووسینی ”کریم حسامی” نووسراوەتەوە و ڕێنووس و ڕێزمان دەستکاریی نەکراون]

ئەمە یەکەم سەرچاوەیە کە باسی ئەو ڕووداوەی کردووە. نووسەر ڕوونی نەکردۆتەوە کە کام ژمارەی گۆڤاری ”ترقی” ئەو وێنەیەی بڵاو کردبۆوە! نووسەر بە پێویستی نەزانیوە کە ڕێکەوتی چاپکرانی گۆڤارەکە بۆ خوێنەر بنووسێت! نووسەر ئاماژە بە دوو شایەت بۆ ڕاستبوونی بیرەوەرییەکانی خۆی دەکات، یەکیان ”حسن سیف قاضی” (حسن قاضی)یە و ئەمی دیکەیان خانمە خانمی ”قاضی”یە. ”حسن قاضی” کە پتر لە سی ساڵە زۆر بە وردی سەرقاڵی مێژووی کۆماری کوردستان و بنەماڵەی ”قاضی”یە و هه‌تا بە ئێستاش هیچ لێدوانێکی لەم پێوەندییەوە نەبووە! بە هۆی ئەو بەڵگە و لێکۆڵینەوانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن نووسەری ئەم دێڕانەوە ئەنجام دراون، بە پێویست نەزانرا کە پرسیارێک لەم بارەوە ئاراستەی ئەو بکرێت. خودی ”کریم حسامی”ش لە ژیاندا نەماوە بۆ ئەوەی کە داوای ڕوونکردنەوەی لێ بکرێت. پێشتریش ڕاگەیێندراوە کە ”صدیق بابایی” پێوەندیی بە لایەنی پێوەندیدارەوە گرتبوو کە ژمارەکانی گۆڤاری ”ترقی”یان لە بەر دەست دابوو. هەوڵ و داواکاریی ئەویش لە لایەن کارگێڕانی ”ترقی”یەوە بێوڵام ماوە.  هەر وەک پێشتر ”علی قاضی” بۆ ماڵپەڕی ڕووداوی ڕوون کردبۆوە، بە هەمان شێوە لە دیمانەکەیدا دەگەل ”صدیق بابایی”ش دووپاتی کردبۆوە کە: «بە پێچەوانەی هێندێ پڕۆپاگەندە هیچکات دەستی شام ماچ نەکردووە.»  تاقە ئاڵتێرناتیڤێک کە بۆ بەدواداچوونی ئەم باسە مابۆوە، پرسیارکردن بوو لە خانمە خانمی ”قاضی” برازای پێشەوای کوردستان و دایکی ”حسن سیف قاضی”. کاتێک کە بۆ ئەم مژارە پێوەندیم بەو هێژایەوە گرت، لە دەقی تێکستی پەرتووکی ”کریم حسامی” لە مەڕ دەستماچکردنی شا لە لایەن ”علی قاضی”یەوە ئاگادارم کرد، گوتی: ئەمە یەکەمجارە کە من گوێم لە شتێکی ئاوا دەبێ! و تەنانەت ئەمەشی گوت کە ”کریم حسامی” هیچکات لە ماڵی ئەو ژیانی نەکردبوو و لەوێ نەمابۆوە.

لە ئەگەری پێویستیدا دەکرێ زۆر باسی دیکەش لەم پێوەندییەوە بڵاو بکرێنەوە کە لە لایەن ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە مەهابادەوە باس کراون. دەنگەکان پارێزراون. ئەوە کە چما ”کریم حسامی” شتێکی ئاوای بڵاو کردۆتەوە و خانمە خانمی “قاضی”ی بە شایەتی بیرەوەرییەکانی خۆی ناو بردووە، ناڕوونە بەڵام خەمڵاندنی هۆکارەکانیش بە لەبەرچاوگرتنی زۆر دەقی دیکەی نووسینەکانی خۆیەوە ساکارن. تەنانەت لەم پێوەندییەشدا لێکۆڵینەوە کراوە کە چ وێنەیەکی ”علی قاضی” بڵاو کرابۆوە و لە کام گۆڤاردا بڵاو ببۆوە. لە ئەگەری بایەخدانی زۆرتر دەکرێ ئەو ڕاستییانە دەگەڵ دیمانەی کۆمەڵیک خەڵکی دیکەوە بڵاو بکرێنەوە کە لەم پێوەندییەوە وەک کەسانێکی بێلایەنی مەهابادی قسەیان کردووە.

لێرە حەز دەکەم سەرنجی خوێنەر بۆ سەرچاوەیەکی دیکە ڕابکێشم. ساڵی ١٩٩٩ی زایینی پەرتووکێک بە زمانی فارسی لە سەر کورتەمێژووی بنەماڵەی ”قاضی” بە چاپ گەییشت. ”قادر فتاح قاضی” لە پێشەکی پەرتووکەکەدا نووسیوێتی کە ئەو پەرتووکەی لە ڕووی یادداشت و دەستنووسەکانی باوکی خۆی (”خلیل فتاح قاضی”) نووسیوە.  لێرەدا لە چاو زۆر تێکستی قسەهەڵگری ئەو پەرتووکە، تەنیا بەشێکی چکۆڵەی شرۆڤە دەکرێ. ئەم پەرتووکە لە لایەن ”حسن قاضی” (حسن سیف قاضی)یەوە وەرگێڕدرا سەر زمانی کوردی و لە باشووری کوردستان‌دا بە چاپ گەییشت.  لەو پەرتووکەدا زۆر باسی سەرنجڕاکێشی مێژووی بنەماڵەی ”قاضی” بڵاو کراوەتەوە. لە کۆی پەرتووکەکەدا هەوڵ دراوە کە زانیاریی ورد لە سەر ئەو بنەماڵەیە بە خوێنەر بدرێت. لەوێدا ئاوا باس لە یای ”مینا قاضی” هاوسەری پێشەوای کوردستان کراوە: 

«کچان و هاوسەری خودالێخۆشبوو قازی محەممەد مانگانە دە هەزار ڕیاڵیان مووچە بۆ بڕاوەتەوە. هاوسەری خودالێخۆشبوو لە دوای شەهیدکرانی قازی، ژیانی هاوسەری پێک نەهێناوەتەوە و خەریکی سەرپەرشتیی موڵک و منداڵەکانیەتی و ئێستا لە تاران دادەنیشێ. (بڕوانە: شیکردنەوەی کۆتایی ئەم کتێبە، ژمارەی ١١)»

بە پێی نووسراوەی ”قادر فتاح قاضی”، گوایە ”خلیل فتاح قاضی” لە یادداشتەکانی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە ژنی پێشەوای کوردستان مانگانە پووڵی لە حکومەتی پاشایەتیی ”ایران” وەردەگرت. ئەمە گەر ڕاست بێ زۆر لە سەر کەسایەتی ئەو ژنە دەکەوێت. حکومەتی پاشایەتیی سەرۆک کۆماری کوردستانی بە پێی دەقی دادگا لە سەر زۆر هۆکار بە ئێعدام مەحکووم کرد کە سەربەخۆییخوازیی ئەو یەک لە تاوانەکان بوو. دەقەکە وا نیشان دەدا کە تەنانەت بنەماڵە و ژنی پێشەواش حوڕمەتیان بۆ پێشەوا نەبوو و پووڵیان لە حکومەتی ”ایران” وەک مووچە وەردەگرت. ئەمە لە کاتێک دایە کە هەموو ئاگایان دەزانن کە بنەماڵەی ”قاضی” لە کۆنەوە خاوەن مڵک و سامانێکی زۆر بوون و چەتوونە قبووڵ بکرێ ژنی ”قاضی محمد” پێویستییەکی ئابووریی هەبووبێ، جیا لەوە کە ڕەنگە ئەم مەبەستە لە نووسینی ئەو پەرتووکەدا زەقتر ببێتەوە کە ئەو ژنە خوێنی مێردەکەی بە پووڵ فرۆشت.

”قادر فتاح قاضی” هیچ دەستنووسێکی باوکی خۆی نەخستۆتە بەر چاوی خوێنەر و تەنیا لە ناوی ”قاضی” شەڕعییەتی بۆ گیڕانەوەی مێژوو وەرگرتووە. ئەو لە ژێر ناوی ”قاضی” پەرتووکێکی بڵاو کردۆتەوە و ڕوون نییە کە ئەم دەقە لە لایەن ”خلیل فتاح قاضی”یەوە نووسرابوو یان ئەوە کە خۆی زیادی کردووە! لە ئەگەری بڵاونەکردنەوەی دەستنووسی ”خلیل فتاح قاضی”دا کە ئاماژە بەو دەقە دەکا، ئیتر گومانێک لەوەدا نامێنێتەوە کە ”قادر فتاح قاضی” خۆی سازکەری ئەو دەقەیە کە لە پەرتووکەکەدا بڵاو کراوەتەوە.

خاڵی سەرنجڕاکێش لەوە دایە کە وەرگێڕی کوردی ئەو پەرتووکە ”حسن سیف قاضی”یە. ”حسن قاضی” بە باشی لە مێژووەکەی سەردەمی کۆماری کوردستان ورد بۆتەوە و زۆر وردەکاریی مێژوو و بەسەرهاتی بنەماڵەی ”قاضی” دەزانێت کە زۆرینەی کوردەکان، تەنانەت خەڵکی مەهابادیش نایزانن. ئەو وەک وەرگێڕی پەرتووک و مژاری جۆراوجۆر نیشانی داوە کە لە هەر شوێنێک زانیارییەک بە پێویست بزانێت، لە ڕێگەی ژێدەر و پاشنووس و هتد بەو پەرتووکەی زیاد دەکا کە وەریدەگێڕێتەوە سەر زمانی کوردی. بەڵام لە کاتێکدا کە بەم دەقە گەییشتبوو، دەقی تێکستەکەی وەک خۆی وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی و هیچ چەشنە ڕوونکردنەوەیەکی لە سەری نەبووە!

وەک خسترا بەر چاوی ئێوە، لە دەقی ئاماژەپێکراودا لە پەرتووکی بەرباس، ئاماژە بە شیکردنەوەی ژمارە ١١ی پەرتووک کراوە. هەر خوێنەرێک کە چاوی بەم بەشە دەکەوێ، بە دڵنیاییەوە چاوەڕێی زانیاریی وردتر لە مەڕ بنەماڵە و ژنی پێشەوای کوردستان دەبێ. بۆ خوێنەر گرنگە کە گەلۆ ژنی ”قاضی محمد” چۆن مووچەی لە بکوژی مێردەکەی و سەرۆک کۆماری کوردستان وەردەگرت؟! بایەخی تایبەتیی هەیە بزانرێت چۆن ئەوانە زێدی خۆیان جێهێشت و لە ”طهران” گیرسانەوە؟! کاتێک کە سەردانی لاپەڕەی پێوەندیدار دەکرێت، دەبیندرێت کە شیکردنەوەی ژمارەی ١١ی پەرتووکەکە هیچ خۆ لەو باسە نادا و باسی مردنی دوو کەس لە ڕۆژی پاش کۆچی دوایی یای ”مینا قاضی” دەکات. شیکردنەوەیەک لە ئارادا نییە. فۆڕمێکی چەواشەکارانەی ڕێفرێنسدانیان بە کار بردووە و هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە مەڕ مووچە و پووڵێک نەدراوە کە ژنی پێشەوای کوردستان لە حکومەتی ”ایران”ی وەرگرتبوو!

ئەو زانیاری و تێکست و وێنانەش کە ”حسن قاضی” لە وەشانی کوردیدا بە پەرتووکەکەی زیاد کردوون، هیچ خۆ لەم باسە نادەن. ئیتر تەواو. ”قاضی”یەک ئەو زانیارییەی بڵاو کردۆتەوە و ”قاضی”یەکی دیکەش بۆی پشتڕاست کردووە. خوێنەریش بە زۆرینە کە چاوی بەو دەقە دەکەوێ، لە ناو خۆیدا شرۆڤەیەکی تایبەتی لە سەر یای ”مینا قاضی” دەکا و لەوانەشە زۆر سپاسگوزار بێ کە ئەو ”قاضی”یانە بە لەقاودانی ڕاستییەکان بێلایەنیی خۆیان بۆ تۆمارکردنی مێژووی بنەماڵەی ”قاضی” نیشان داوە!

خاڵی هەرە سەرنجڕاکێشی بەسەرهات و مێژووەکە سانسۆڕێکی سیستەماتیکی زانیاریی پێویستە! لایەنی هەرە پێویست و گرنگی مێژووەکە قرتێندراوە. ئەمە گەلێک بایەخی هەیە کە خوێنەر بە سانایی هزر و مێشکی خۆی بە دەستی نووسەر و وەرگێڕەوە نەدا و لە ئەگەری هەستیاربوونی باسەکاندا پێداچوونەوەیەکی تێکستە میژووییەکان بکات. مرۆڤ نکارێ تەنێ لە بەر ئەوە کە نووسەر و وەرگێڕ لە ناسناوی ”قاضی” کەڵک وەردەگرن، بڕوا بە هەر دەقێک و زانیارییەکی بێ بەڵگە بکا. ئەمە لە ئەگەری ناڕاستبوونیدا، تەنیا بێڕێزیکردن بە ژنێکی کورد و بوختان بە مرۆڤێک نییە. ئەمە بێڕێزیکردنە بە کۆی وێنەیەکی نەتەوەیی کە پلانی خەوشەدارکردنی لە پشتەوە بووە. ئەمە بێکەرامەتکردنی پێشەوای کوردستانە، با لە هەندێک شوێنیشدا بۆ شاردنەوەی پلانەکانیان، بە رواڵەت ڕێزێک لە پێشەوای کوردستان گیرابێت!

بۆ ئەوە کە ڕاستی و دروستی سەرچاوە و زانیاریی ڕوون ببێتەوە، ناچار پەنام بۆ ئەو تێکست و مرۆڤانە برد کە لە سەر میژووەکە ئاگادارییەکیان هەبوو. 

 بەر لەوە کە ڕاستیی ئەم میژوویە باس بکرێت، پێویستە هەندێک ڕەوشی مەهاباد لەو سەردەمدا بۆ خوێنەر ڕوون بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە تەنانەت لە سەرچاوەی کوردیش کەڵک وەرناگیرێت بۆ ئەوەی خوێنەری ناکوردیش بێلایەنی ئەم ساخکردنەوەی لا ئاشکرا بێ.

”حسین فردوست” کە بە دەرەجەی ”تیمسار ارتشبد”ی دەوڵەتی پاشایەتی ”ایران” گەییشت، لەو کەسانە بوو کە لە یەکەم سەفەری شای ”ایران” بۆ مەهاباد دەگەڵ شا بوو. ناوبراو لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئاوای باسی ئەو ڕۆژەی کردبوو: 

«ماوەیەک دوایە ”محمد رضا” بۆ ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا سەفەری کرد و دوایە وە نێو کوردستان کەوت. هەندێک سەرۆک عەشیرەتی کورد کە بە شای وەفادار بوون، پێشوازییەکی شیاویان لێ کرد. گوایە بە شایان گوتبوو کە لە مەهاباد بە هۆکاری لەسێدارەدانی ”قاضی محمد”، خەڵک ئامادە نین پێشوازی لە ئەو بکەن. ڕۆژێک بە منی گوت: سواری ئۆتۆمبیل بە! لە تەنیشتی دانیشتم و بە بێ شۆفیر و پارێزەر چەند کیلۆمەترێکی لێخوڕی و وەنێو مەهاباد کەوت. ئێمە جلکی ئەڕتەشیمان لە بەر دابوو. لە نێو شاردا لە ئۆتۆمبیل هاتینە خوار و شەقام و کۆڵانەکانی شارمان دوو بە دوو پێوا. هیچ کەسێک، تەنانەت فەرمانداریش بە پێشوازی نەهاتن. بەڵام لە پەنجەرەکانی سەر ڕێگەدا خەڵک لە پشت پەردەکانەوە سەیریان دەکردین. دوایە بۆ سەربازخانەی شار چووین کە لە کۆتایی یەک لە شەقامەکان بوو. هەموویان لە حاڵەتی پشوو یان ڕابواردن دابوون. لە ئاکامدا یەک لە ئەفسەرەکان لەو شوێنە بە ئێمەی زانی و ”محمد رضا”ی ناسی و ”ایست خبردار”ی دا. هاتە پێش و ڕاپۆرتی دا و لە دوایەشدا دەستووری دا سەربازەکان بۆ ڕێزگرتن ئامادە بن. ”محمد رضا” گوتی پێویست ناکا. دوایە سەردانی خانووی ”بهداری” کرد کە چۆڵ بوو. لە کاتی گەڕانەوەدا لە گۆڕەپانێکی چکۆڵە و چۆڵدا دیتمان کە دارێکیان لە زەویدا چەقاندبوو. ”محمد رضا” بە منی گوت: دیتت لە کاتی هاتنماندا دار لێرە نەبوو بەڵام لە گەڕانەوەدا هەیە. کەوایە ئێرە هەر ئەو گەڕەکەیە کە ”قاضی محمد”ی لێ لە سێدارە دراوە! پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە دروست وابوو و هەندێک لە مەهابادییەکان لەو چرکانەدا ئەو کارەیان کردبوو. ئەوە شێوەی پێشوازیکردنی خەڵکی مەهاباد لە ”محمد رضا” بوو بەڵام لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات پێشوازیی لە ئەو باش بوو.»

 ئەمە گێڕانەوەی بەسەرهاتی شای ”ایران” لە شاری مەهاباد لە لایەن کەسی نزیک و جێی متمانەی ئەوە. مێژوویەکی سازکراو بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد نییە. بکوژی ”قاضی محمد” بە هەموو چەک و چۆڵییەوە لە بەرانبەر خەڵکی بێ پەنا و بێ چەک و هێزەوە قەدری لێ نەگیرا و خەڵکی شارەکە بە ژیری پێیان ڕاگەیاند کە قسەی ”قاضی محمد” ناڕاست نەبوو کاتێک کە گوتبووی پرسی کورد بە لەسێدارەدانی ”قاضی محمد” چارەسەر ناکرێ و لەم خاکەدا زۆر ”قاضی محمد”ی دیکە لە دایک دەبن.

ئەمە سەیرە کە خەڵکی ئەو شارە سەرەڕای ئەو هەمووە ڕێزەی کە بۆ پێشەوای کوردستانیان هەبوو، قبووڵی ئەوەیان کردبێ کە ژنی سەرۆک کۆمارەکەیان دەست بۆ بکوژی مێردەکەی درێژ بکات. بە دڵنیاییەوە گەر ئەو دەنگی هەڵهێنابا، زۆر نیشتمانپەروەر و مرۆڤی دڵسۆز هەبوون کە بە هاواری بگەن. هەر ئەوەش بوو کە حکومەت نەیدەوێرا هەڵسوکەوتی ناشرین دەگەڵ بنەماڵەی ”قاضی محمد” بکا. جیا لەوانەش لە ناو بنەماڵەی ”قاضی”دا مرۆڤی یەکجار نیشتمانپەروەر و خاوەن هەڵوێست هەبوون کە لە ئەگەری پێداویستییەکدا حەوجەی بە یارمەتیی خەڵک نەدەکرد و خۆیان قۆڵیان لێ هەڵدەماڵی. بەڕاستی گەر مرۆڤ لە سەر کەسایەتی ”میرزا رحمن قاضی” و ”میرزا عبداللە قاضی” (کۆنەدێ) و زۆر ”قاضی”ی دیکە زانیاریی وردی لە مەڕ کوردبوون و نەتەوەییبوونیان نەبوایە، دەکرا گچکە بڕوایەک بەو دەقە کرابا کە ئەو ”قاضی”یانە لە ناو پەرتووکی «کورتە مێژووی بنەماڵەی قاضی لە ویلایەتی موکری»دا بڵاویان کردۆتەوە.

بۆ ڕوونتربوونەوەی ئەم باسە پێوەندیم بە کچی پێشەوای کوردستان یای ”منیر قاضی”یەوە گرت. کاتێک کە پرسیارم لێ کرد، هەناسەی پڕ لە داخ و پەژارەی هەڵکێشا و گوتی کە هەر ئەو کات پێوەندی بە ”حسن قاضی”یەوە گرتووە و پێی گوتووە کە «حەسەن ئاغا بۆ ئەو شتەت ئاوا نووسیوە؟!» ناوبراو لە وەڵامدا گوتبووی کە ئەو نووسەرە و دەبێ بێلایەن بێت. کچی پێشەوا گوتبووی کە ئەو چاوەڕوانی لایەنگریی نە تەنیا لە ئەو بەڵکوو لە هیچ کەسی نییە و دروست ئەوە بوو کە ڕاستییەکان وەک خۆی نووسرابا نەک بەو شێوەیە سانسۆڕی ڕاستییەکان بکرێ و بێڕێزی بە بنەماڵەی پێشەوای کوردستانی لێ بکەوێتەوە.

یای ”منیر قاضی” بە وردیی باسی ئەو بەسەرهات و مێژوویەی کرد کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیەک بە ڕاستیی پشت دەقی باسکراو دەکرێ و لە دادێدا کۆی قسە و زانیارییەکان لە مژارێکی سەربەخۆدا بڵاو دەکرێنەوە. دەنگەکان پارێزراون.

پاش ئەوە کە پێشەوای کوردستان و باقی نیشتمانپەروەرانی کورد لە سێدارە دران، تەواوی مڵک و سامانی ماڵی ”قاضی محمد” دەگەڵ پارەی ئەو بنەماڵەیە لە لایەن حکومەتی پاشایەتیی ”ایران”ەوە دەستیان بە سەردا گیرا. یای ”مینا قاضی” هاوسەری وەفاداری پێشەوای کوردستان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە نامە و سکاڵای خۆی ئاراستەی حکومەتی ”ایران” کردبوو. بە ڕاشکاویی بە ئەوانی گوتبوو کە ئەو سامان و مڵک و پووڵانە میراتی ئەو مناڵانەن کە لە ”قاضی محمد”ەوە بەجێماون. ماوەی پتر لە دوو ساڵان بە هاوکاریی هەندێک ڕۆڵەی دڵسۆزی مەهابادیی هاتوچۆی کردبوو، نامەی ناردبوو و سکاڵای پێشکەش حکومەت کردبوو. پاش ماوەیەکی زۆر حکومەت بڕیاری دابوو کە پاڕەکانی ئەو بنەماڵەیە بە شێوەی مانگانە بە خۆیان بدرێتەوە. واتە ئەو پووڵەی کە لە لایەن حکومەتەوە بەو بنەماڵەیە درابوو، پووڵی خۆیان بوو. لێیان زەوت کرابوو و لە دواییشدا بە شێوەی چکەچکە پێیان دابوونەوە. لە کۆی رووداوەکانیشدا زۆر کەس پارەی وەک بەرتیل وەرگرتبوو و ئەو ژنە تا بەدەستهێنانی مافی مناڵەکانی کۆڵی نەدا، هەر چەند کە لەم بەینەدا دزیشی لێ کرابوو و بەرتیلێکی زۆریشی دابوو. یەک لەو گەنجانەی کە ئەوکات چەند جارێک دەگەڵ یای ”مینا قاضی” سەردانی شوێنی جۆراوجۆری کردبوو، ”غنی بلوریان” بوو کە کوردەکان زۆرتر بە «مامە غەنی» دەیناسن.

هەر لەم پێوەندییەوە و لە سەر ئەو جۆرە پەرتووک بڵاوکردنەوانە و ئەو جۆرە وەرگێڕانانە بەڵگە، فاکت و ڕوونکردنەوەیەکی زۆر بۆ باسکردن هەن. ”سیف القضات”ی شاعیر گوتەنی: «بلا بمێنێ.»

 


سۆران کرباسیان

دووی ڕێبەندانی ٢٠١٤ زایینی


پەڕاوێز و سەرچاوە

 

گەر هەر چەشنە ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر لە مەڕ ئەم باسانە پێویست بێت، ئامادەم بەڵگەی دیکە بخەمە بەردەست.

سپاس بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ دیمانەکان هاوکاریی پێویستیان کردم. لە نووسینێکی درێژتردا وێنەکان و زۆر زانیاری دیکە بەم باسانە زیاد دەبێ.

پێداچوونەوەی زمانیی ئەم مژارە لە لایەن ئیسماعیل ئیسماعیل زادەوە کراوە.

 

———————————————–

-1   سۆران کرباسیان، کۆماری سەربەخۆ و ”مستقل”ی کوردستان؛ گەڕانەوە بۆ ڕاستییەکان، ٢٠١٢ ئۆسلۆ، لاپەڕەکانی ٣٥ تا ٣٧١

www.kurd.no/komar.pdf

2-   بۆ وێنە بڕوانە ڕۆژنامەکانی کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دیموکڕاتی کوردستان لە ژمارەکانی ١٠ بە دواوە. ژمارەی ١٠ی ئەو ڕۆژنامەیە لە مەهابالە ڕێکەوتی ٤ی فێوریەی ١٩٤٦ی زایینیدا بە چاپ گەییشت.

3-  بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە ناوی Gerald F. P. Dooher بکرێت. 

4-  The Kurdish Republic of 1946, William Eagleton, Jr. London: Oxford University Press, 1963 

5-   بۆ زانیاری زێدەتر لەم پێوەندییەوە بڕواننە: حسن ایوب زادە؛ وتارێکی مێژوویی؛ به‌ڵگه‌یه‌کی ته‌زویریی  له په‌نای ٩٢ ژماره‌‌ی ”رۆژنامه‌ی کوردستان”‌ی سه‌رده‌می کۆمار؟!

www.kurd.no/Tezwir.pdf

وەک پێشتریش گوتراوە لە سەر ئەم ساختەکارییە زانیاریی زۆرتر هەیە کە لە بابەتێکی سەربەخۆدا پێداچوونەوەی دەکرێت.

6-  ئەو شێوە ناوهێنانەی ”قاضی محمد” لە ڕاگەیاندنی فەرمی کۆماری کوردستاندا بەکار بردرابوو. لە نووسیندا لە دەستەواژەکان، شێوەی ناوهێنانەکان و ئەدەبیاتی ئەو زەمەن کەڵک وەرگیراوە و هەڵبژاردەی شەخسی نین. 

7-  بەڵگە، سەرچاوە و زانیاریی زۆر لەم پێوەندییەوە لە مژاری سەرچاوەی یەکەمدا بڵاو کراوەتەوە. 

8-  یای ووشەیەکی جوانی کوردییە کە لە جێگەی ”خانم” لە زمانی کوردی و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بەکار دەبردرا. بە دروست زانراوە کە ئەو ووشە کوردییە لە جێگەی ووشەی بێگانە دەکار بگیردرێت. 

9-  پێشەوای کوردستان وەک لە زۆر سەرچاوەدا ئاماژەی پێکراوە، بە باشیی دەیزانی کە لە ئەگەری خۆقوربانینەکردنیدا، جەماوەری کورد تووشی خەسارێکی گەورە وەک دانیشتوانی شاری تەورێز پاش ڕاکردنی ”پیشەوری” دەبوون. هەر بۆیە مانەوە و خۆقوربانیکردنی بە نرخی پاراستنی گیانی جەماوەری کورد و خەڵکەکەی خۆی لە چاو ڕاکردن و جێهێشتنیان هەڵبژارد. لەم پێوەندییەوە بابەتێک بۆ ژمارەی ٥٩٧ی ڕۆژنامەی کوردستان حدکا ئامادە کرا کە لە دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بە چاپ گەییشت. لە بەستەری ژێرەوەدا دەتوانن بابەتەکە بخوێننەوە.

ژنانی کۆمه‌ڵگایه‌ک ئازادنه‌بن

10-   ئەو باسەی ئێستا کە لە سەر کاک ”علی قاضی” (علی همام قاضی، علی قاضی محمد یان کوڕی ڕەش) لێرەدا دەکرێت، هیچ پێوەندییەکی بە کەسایەتی و چالاکیی ئێستای ناوبراوەوە نییە.

11-    Seyd Mohammad Samadi, The Enclosource Of: Glimpses Of Mahabad History, Kurdisk, 1999 Mehabad, ISBN 964-6806-30-9, Çapemenî Rehrow Mehabad, Çapî yekem, Laperrey 170

12-   کەریمی حیسامی، لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی یەکەم، لە مندالیەوە تا سالی ١٩٥٧، سوید ١٩٨٦، ئای ئێس بی ئێن 13-91970747، چاپەمەنی ژینا نوێ، لاپەڕەی ١٤٧

13-   ”ابراهیم نادری” (ابراهیم خان نادری) ناسراو بە «میرزا ئیبڕاهیم» لەدایکبووی کرماشان بوو. پاش خوێندنی دواناوەندیی بۆ درێژەپێدانی خوێندن ڕووی لە هەندەران کرد. ئەو مافناسێک بوو کە حقووقی لە فەڕانسە خوێند. لە کاتی کۆماری کوردستاندا دەگەڵ ”عبدالله مدبر” خۆیان گەیاندە مەهاباد و لە خۆشی جێژنی سەربەخۆییدا بەشدارییان کرد. ناوبراو هەر لە مەهاباد ماوە و خزمەتی بە دەوڵەتی جمهوری کوردستان کرد. ئەو بە پێچەوانەی تێکستی ”کریم حسامی” هیچکات بە پلەی وەزیریی نەگەییشت، بەڵام دڵسۆزی و خزمەتی ئەو بە حکومەتی کوردستان شاراوە نییە. ئەو لە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستاندا دەگەڵ ”عبدالله مدبر” پێوەندییان بە کۆمەڵە و نیشتمانپەروەرانی سەرووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان، ”ابراهیم نادری” دەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لە بەندیخانە کران. پاش نزیکەی دوو ساڵان ئازاد کرا و ڕووی لە هەندەران کرد. ناوبراو لە ساڵی ١٩٥٦ی زایینی لە کاتێکدا کە فڕۆکەی لێدەخوڕی، لە لایەن سوپای سووریاوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

بۆ زانیاریی زێدەتر لەم پێوەندییەوە بڕواننە: ئیقباڵ سەفەری، میژووی کۆمه‌ڵه‌ی ژ- ک، کۆماری کوردستان و رۆڵی که‌ڵوڕه‌کان! ماڵپەڕی یارسان، ڕێکەوتی ١ی ٢ی ٢٠١١ی زایینی.

14-   کەریمی حیسامی، لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی یەکەم، لە مندالیەوە تا سالی ١٩٥٧، سوید ١٩٨٦، ئای ئێس بی ئێن 13-91970747، چاپەمەنی ژینا نوێ، لاپەڕەکانی ٢٥٢-٢٥٠

15-   سدێق بابایی، وتووێژی تایبەت دەگەڵ تاقەکوڕی پێشەوا لە زیندانی حیزبەکەی بابی، ئاڵمان ١٤ی ٦ی ٢٠١٢ی زایینی، لاپەڕەی ١٦

16-   هەمان سەرچاوەی پێشوو.

17-   مؤلف: شادروان خلیل فتاح قاضی، ناشر و ویراستار: قادر فتاح قاضی، تاریخچە خانوادە قاضی در ولایت موکری، چاپ اول، تبریز ١٣٧٨ هجری شمسی

18-   خەلیلی فەتاحی قازی، کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، وەرگێڕانی حسنی قازی، هەولێر ٢٠٠٩، چاپی یەکەم، چاپی ئاراس

19-   خەلیلی فەتاحی قازی، کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، وەرگێڕانی حسنی قازی، هەولێر ٢٠٠٩، چاپی یەکەم، چاپی ئاراس، لاپەڕەکانی ١٦٧ و ١٦٨

20-   خاطرات ارتشبد سابق حسین فردوست، لاپەڕەی ٥٧

تێبینی: ئەم بابەتە پێشتر لە ژمارەی یەکی گۆڤاری ئەلێکترۆنی «وڵات»دا لە ڕێبەندانی ٢٧١٣ بڵاو ببۆوە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.