Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

بۆنی شه‌ڕو شتی تر … له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

Be First!
by May 7, 2013 گشتی

 

 

 

ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی كوردستانی باشور لانی كه‌م نزیكه‌ی نیوه‌ی كۆی خاكی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان پێكدێنن، سه‌ره‌تای ته‌عریب و ته‌رحیل له‌و ناوچانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردوه‌و هێشتاش به‌رده‌وامه‌، له‌و ناوچانه‌ كورد هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ به‌ زه‌بری ئاشتی شه‌ڕی شه‌ڕبكات،لێ‌ له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌وانی تر لایان وابووه‌ رێگا ڕاسته‌كه‌ رێگای شه‌ڕه‌، له‌ نێو ئه‌و ناوچانه‌دا له‌ مێژه‌ وه‌ك پارێزگا كورد زۆر به‌لای موسڵدا ناچێت و كورده‌كانی ئه‌وشاره‌ش تا راده‌یه‌كی زۆر گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی تازه‌ موسڵ ناخرێته‌وه‌ چوار چێوه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

كه‌ركوك موسڵ نیه‌و له‌ ساڵانی پێشوشدا به‌عس و ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب زۆر هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دا كه‌ركوكیش به‌ ده‌ردی موسڵ به‌رن، بۆ ئه‌مه‌ هه‌موو رێگایه‌كیان تاقیكرده‌وه‌، له‌ سته‌مكاری سیه‌كانه‌وه‌ بۆ سته‌مكاری 1963 و له‌وێشه‌وه‌ بۆ راگواستن و ده‌ركردن و عه‌ره‌باندن و ئه‌نفال.

به‌ درێژای نزیكه‌ی 100 ساڵی خشت ئه‌وانی تر پێیان وابووه‌ شه‌ڕیه‌كێ‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌ باشه‌كانه‌، هه‌وڵی ئه‌وه‌شیان داوه‌ كورد رابكێشنه‌ نێو گه‌مه‌یه‌كی له‌م بابه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی هه‌ندێ‌ جار لای كوردیشه‌وه‌ ئه‌و ئاوازه‌ ناسازه‌ سه‌نراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆر كزو گڕو ناخۆش بووه‌ و كورد بۆی نه‌له‌نجاوه‌، وه‌ك خه‌ڵكی تر، ئه‌مڕۆ له‌ یادی بۆیه‌كه‌مین جار داگیر كردنی كه‌ركوكه‌وه‌ین له‌لایه‌ن به‌ریتایه‌كانه‌وه‌، له‌ ساڵی 1918 ئه‌وان له‌ كاتی خۆیدا عوسمانیه‌كانیان شه‌ق و شڕ كرد، كه‌چی نه‌یانتوانی ئاشتیه‌كی هه‌میشه‌یی و باش بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ دابین بكه‌ن، ده‌شێ‌ بۆ ئه‌و رۆژگاره‌ كوردیش بڕێك خه‌تا بار بن، هه‌ر نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك ئێستا هه‌ندێ‌ جار ناته‌باو لێك دوربوون، به‌ریتانیه‌كانیش هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان نه‌بوو دوای وه‌ده‌ر نانی عوسمانی له‌ عێراق ، ده‌نا ده‌بوایه‌ زانیبایان ئیتر تا ساڕێژكردنی یه‌كجاری برینه‌كه‌ شه‌ڕ یه‌خه‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌رنادات.

ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراقی و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا تۆزقاڵێك به‌ ویژدانه‌وه‌ مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌یان خوێندبایه‌وه‌ئێستا به‌ جێگیر كردنی پێشمه‌رگه‌ له‌و سنوره‌ قه‌ڵس نابوون و ده‌یانگوت كورد هه‌قی خۆیانه‌، هه‌رنا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد مارانگازه‌و ئه‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ لێره‌ سته‌می لێده‌كرێت.

كێشه‌ له‌وه‌دایه‌ عه‌ره‌ب نه‌دۆخی كورد و نه‌مێژوه‌كه‌ی ناخوێننه‌وه‌و پێیان وایه‌ كورد نابێت ئه‌وه‌ بكات كه‌ پێویست بوو له‌ ساڵی 2003وه‌ بیكردایه‌.

من تا ئێستا چه‌ندین جار ” الشیعه‌والدوله‌القومیه‌” ی حه‌سه‌ن عه‌له‌ویم خوێندوه‌ته‌وه‌و ده‌زانم له‌ عیراقدا چه‌ند سته‌م له‌ شیعه‌ كراوه‌، كه‌چی شیعه‌یه‌ك نایه‌ت ئه‌و سته‌مه‌ی له‌كورد كراوه‌ بیخوێنێته‌وه‌، لانی كه‌م بۆ كه‌سێكی وه‌ك دكتۆر نوری مالكی نه‌ك هه‌ر زۆر زه‌رورو پێویسته‌ كورد بخوێنێته‌وه‌ و بیناسێ‌ بگره‌ ده‌بوایه‌ ئێستا خۆی فێری كوردیش كردبا.

سه‌ت ساڵه‌ شه‌ڕ بۆ چركه‌یه‌ك ئه‌گه‌رێكی لاواز نه‌بووه‌، له‌م ناوچه‌یه‌ به‌درێژای ئه‌و ماوه‌یه‌كورد نه‌ك ده‌ستپێشكه‌ری شه‌ڕ نه‌بووه‌ ، ته‌نانه‌ت كه‌ده‌سه‌ڵاتیشی بووه‌ بیری له‌ تۆڵه‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌، خه‌ڵك چۆن ئه‌مه‌ لێكئه‌داته‌وه‌ كه‌یفی خۆیه‌تی، به‌ڵام بۆ من ئه‌مه‌ ماناو ره‌هه‌ندێكی دورو قوڵتری هه‌یه‌، به‌و هیوایه‌ی ئه‌وانی تریش رۆڵیان هه‌بێت له‌ لاواز كردن و بنه‌بڕ كردنی ئه‌گه‌ری شه‌ڕدا.

 

Previous
Next

Leave a Reply