Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

بۆچی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ڕۆشنبیری سلێمانی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ .؟

Be First!
by June 11, 2009 گشتی

بۆچی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ڕۆشنبیری سلێمانی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ .؟
سه‌روه‌ر كه‌ریم

 

 

له‌وكاته‌وه‌ی شاری سلێمانی دروست بووه‌ ، مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری و نووسه‌ران و شاعیران بووه‌و ، به‌دیوێكی تریش دا شاری په‌روه‌رده‌كردنی شاعیران و نووسه‌ران و ئه‌دیبان بووه‌و چه‌ندین داهێنه‌ری به‌كۆمه‌ڵگای كوردی به‌خشیوه‌ . كه‌منین ئه‌و ئه‌دیب و نووسه‌رانه‌ی جێ‌ په‌نجه‌یان به‌ڕه‌وتی ڕووناكبیری یه‌وه‌ دیاره‌و سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنیان ، له‌شاری سلێمانی یه‌وه‌ بووه‌ ، پێویست ناكات ناو ئه‌وڕووناكبیرانه‌ بهێنین . من نامه‌وێت مێژووی ئه‌ده‌بی و ڕووناكبیری شاری سلێمانی بنووسم ، به‌قه‌ده‌رئه‌وه‌ی ده‌مه‌ێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر فه‌رمانێكی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بكه‌م ، كه‌ماوه‌یه‌ك به‌رله‌ئێستا ، به‌فه‌رمانێك به‌ڕێوه‌به‌رێتی ڕوشنبیری سلێمانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ ، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك دیارنی یه‌ بۆ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌وفه‌رمانگه‌یه‌ ، له‌كاتێكدا هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌خودی وه‌زیری ڕۆشنبیریشه‌وه‌ سلێمانی به‌پایته‌خی ڕۆشنبیری ده‌زانن . ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ، به‌كام پێوانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی ڕۆشنبیری زیاده‌یه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌رێتیه‌ك توانی بێت زۆرترین خزمه‌ت به‌نووسه‌ران و ئه‌دیبان بكات و مه‌ڵبه‌ندێك بێت بۆ ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كانی پانتایی ڕووناكبیری و ده‌رگای به‌به‌رده‌وامی واڵابێت بۆیان ، تاخزمه‌ت به‌داهێنان و به‌ره‌و پێش بردنی بواری ڕۆشنبیری بكات . كه‌واته‌ ئه‌و بڕیاره‌ بۆچی ؟ . ئایا كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ پێویستی به‌ناوه‌ندی ڕۆشنبیری نی یه‌ ، بۆیه‌ هه‌ڵی ده‌وه‌شێنێته‌وه‌ ؟ . یاخود ئه‌وبڕیاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ سلێمانی له‌ماكه‌كه‌ خۆی دابڕێت و هێدی .. هێدی نووسه‌ران و ئه‌دیبان په‌راوێز بخرێت و ئه‌و توانایانه‌ی له‌ویدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ په‌رته‌وازه‌بكرێت . ئایا كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ پێویستی به‌ ناوه‌ندی ڕوشنبیری و توانای ڕۆشنبیر نی یه‌ ، چونكه‌ گه‌یشتوینه‌ته‌ لوتكه‌ی ڕۆشنبیری و داهێنان و هیچ قه‌یرانێك بوونی نی یه‌ ، ئیدی یه‌كه‌ ڕۆشنبیریه‌كانمان بۆ چی یه‌ ؟ . ئه‌وانه‌و چه‌ندین پرسیاری تر كه‌ده‌كرێت له‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری بكرێت ، كه‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ بۆچی ؟.  هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ هیچ خزمه‌ت به‌بواری ڕووناكبیری ناكات ، به‌ڵكو زیانیشی هه‌یه‌و ، هه‌نگاوێكیشه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی چالاكی جۆراوجۆری ڕووناكبیری ، چونكه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی ڕۆشنبیری ،جگه‌ له‌كاره‌ ڕۆشنبیریه‌كانی به‌رله‌ڕاپه‌ڕین ، دوای ڕاپه‌ڕین خاوه‌نی  زیاتر له‌ (300) كۆڕوسیمنار جۆراو جۆربووه‌ بۆ ڕۆشنبیران به‌بێ‌ جیاوازی و خاوه‌نی سێ‌ فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و فێستیڤاڵێكی ژنان و له‌ساڵ 1998 وه‌ به‌به‌ر ده‌وامی ڕێزی له‌ژنان ناوه‌و به‌چالاكی جۆراوجۆر یادی ڕۆژی جیهانی ژنی ڕێك خستوه‌ و خه‌لاتی ڕێزلێنانی به‌ژنان به‌خشیوه‌ … فه‌رمانگه‌یه‌ك خاوه‌نی ئه‌و خه‌رمانه‌ له‌خزمه‌ت بێت به‌پانتایی ڕۆشنبیری بۆ ده‌بێت هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌ ؟ له‌كاتێكدا ئه‌وه‌نده‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ پێویستی به‌ناوه‌ندو فه‌رمانگه‌كانی ڕۆشنبیری هه‌یه‌ ، هیچ شوێنێكی دی پێویستی پێ‌ نی یه‌ . بۆیه‌ حه‌قه‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری چاوێك به‌بڕیاره‌كه‌ی دا بخشێنێته‌وه‌ ، چونكه‌ زیان به‌ڕۆشنبیران و ڕه‌وتی ڕووناكبیری ده‌گه‌یه‌نێت ، له‌پایته‌ختی ڕۆشنبیریدا .

9/6/2009

Previous
Next

Leave a Reply