Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بۆچی جیهان چاوەڕوانی سەرۆكی نوێی ئەمریكایە

بۆچی جیهان چاوەڕوانی سەرۆكی نوێی ئەمریكایە

Closed
by May 22, 2008 گشتی

عەدنان سەیدحسێن……..

 جیهان چاوەڕوانی سەرۆكی نوێی ئەمریكایە ، سەرۆكێك بۆ چوارساڵی داهاتوو ڕێبەرایەتی بە دەسەڵاترین وڵاتی جیهان دەكات و فەرمانداریی گەورەترین سوپای جیهان دەبێت كە لە زیاتر لە (100) وڵاتدا یەكە سەربازیەكانی جێگیرە. دۆستانی ئەمریكا ، دوژمنانی ئەمریكا تەنانەت ئەوانەش كە هیچ پەیوەندیەكیان بە ئەمریكاوە نیە و سەدان هەزار كیلۆمەتر لەو وڵاتەوە دوورن بە شەوقەوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەڕوانن .
 سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا كە لە كۆتایییەكانی ئەمساڵدا و لەمانگی نۆڤمبەردا دیاری دەكرێت دەستنیشانكردنی تاوەكو ئەمڕۆ لە نێوان سێ كەسدا ماوەتەوە و كێبڕكێیەكی توندی لە گروپی دیموكراتەكاندا هەڵگیرساندووە ، كێبڕكێیەكە لە نێوان ڕەش پێستێكی بە ڕەگەز كینیدایە كە بە تەمایە گۆڕانێكی گەورە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەى ئەمریكادا دروست بكات لەگەڵ خانمێكی ئەرستۆكراتی  كە پێشتر بە هاوڕێیەتی مێردەكەى تەمەنێكیان لە كۆشكە سپیەیەكەدا بە سەر بردووە لە بەرامبەریشدا كۆنە ئەفسەرێكی ئەمریكی لە بەرەى كۆمارییەكاندا بە نیازی گلدانەوەى كلیلی كۆشكە سپیەكەیە لە دەستی حزبەكەیدا و ئەیەوێت بە پێشینە سەربازییەكەیەوە ئەو وڵاتە بەڕێوە ببات بۆ گەڕاندنەوەی عیزەتی ئەمریكاییەكان (هەروەكو خۆی بانگەشەى بۆ دەكات).
 هەموو جیهان چاوەڕوانی سەرۆكی نوێی ئەمریكایە نەك بەتەنها ئەو وڵاتانەی كە سەرۆكی داهاتوو چارەنوسیان دیاری دەكات بەڵكو ئەو وڵاتانەش كە دووراو دوور سیاسەتی ئەمریكایان بە سەرەوە نیە موتابیع چاوەڕوانی ئەنجامن. وڵاتانی چوون (عیراق ، ئەفغانستان ) ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریكادایە و حكومەتی ئەو وڵاتانەش لە ژێر گوشاری ئۆپۆزسیۆندا بە هیوای دیاریكردنی وادەى كشانەوەى هێزەكانی ئەمریكان لە وڵاتەكانیان پارتەكەی پارك ئۆباماو هیلاری كلینتۆن كە زۆرینەى كۆنگرێسیان بەدەستە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەى كۆنگریسەوە  پرۆژەی دیاریكردنی وادەى كشانەوەى سوپایان قبوڵكرد كە دیاریكردنێكی نا ئیلزامیەو دەبێت سوپا لە ماوەی ساڵی داهاتوودا  بكشێتەوە ، لەكاتێكدا جۆن ماكین داوای كردووە ساڵی كشانەوەى سوپا لە عیراق (2013) بێت ، ئەمەش گۆڕانێكی فراوانە لە دیدە نیگای كاندیدەكاندا بۆ مەسەلەى عیراق و لەلای خۆیەوە لە عیراقدا لایەنگیر و دژیان بۆ پەیدا دەبێت.
 ( ئێران ، سوریا ، ڤەنزویلا ، كوبا…) دەیان وڵاتی تر ڕۆژانە لە ژێر هەڕەشەى پرۆسەى سەربازین لەلایەن ئەمریكاوە كە بێگومان كەسایەتی سەرۆك داهاتووی ئەمریكا ئەوە دیاری دەكات كە ئایا لەوادەى سەرۆكایەتییەكەیدا گورزی سەربازی بوەشێنرێت بە تایبەت لە ئێران و سوریا كە بەربەستێكن لە بەرامبەر هەیمەنەی گشتی ئەمریكادا بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستەوەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش جێگەى گرنگی ئەمریكاییەكانە هەر كەسێك سەرۆك بێت ناتوانێت ئەو هێڵە سورەی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی وڵات ببەزێنێت ، سوپاش پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتەیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگەو بوونی سوپا لە ژێر هەر ناونیشانێكدا بێت گرنگەو كشانەوەى یەكجارەكی مایەى لێدوانە بەڵام گورزی سەربازی ئەوەیان لە ئەستۆی سەرۆكە نوێیەكەدایە .
  (Bradely L.Bowman ) مامۆستای ئەكادیمیەى سەربازی ئە مریكی و هاوكاری ئەنجومەنی پەیوەندیە دەرەكیەكانە بۆ مەسەلە نێودەوڵەتییەكان لە دواهەمین كتێبیدا باس لە بوونی سوپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مانەوەى دەكات بومان لە كتێبەكەیدا دەڵێت سەرەڕای پارێزگاری لە ئیسرائیل و پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی میانڕەودا نهێنی جەختكردنەوە لەمانەوەى سەربازی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ :
  1_ گرنتی ناردنی نەوتی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بۆ ئەمریكا ، ئاشكراشە سەرچاوەكانی وزە بەرەو كەمبونەوە دەچن و گرنتی وڵاتانی كەنداو كە (57%) ی یەدەگی نەوتی جیهان و (41%) ی یەدەگی گازی سروشتی جیهان و لە بەردەستدایە واتە گرنتی دابینكردنی وزە بۆ سەد ساڵی داهاتوو بۆ ئەمریكیەكان.  
 2- پاراستنی ژێر خانی ئابووریی وڵاتانی سەربە ئەمریكا لە هێرشی تیرۆریستی و دەستی دەرەكی .
 3- پاراستنی ڕێڕەوە دەریاییەكان بۆ نمونە (52%) ى بازرگانی جیهانی لە گەرووی هورمزەوەیە كە لە بەردەستی ئێران و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەكو قاعیدەدایە و ئەمەش مەترسی هێرشكردنی هەیە.
 سەرەڕای ئەو دوو گروپەى كە باسمان كردن ئەو وڵاتانەی كە ڕاستەوخۆ سیاسەتیان پەیوەستە بە ئەمریكاوە بەشێكی تری وڵاتان گرنگییەكی زۆر بەم هەڵبژاردنانەى ئەمریكا دەدەن لەوانەش وڵاتانی ئەوروپی ئەمەش بەرأی شارەزایان بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە :
 1- سیاسەتە دوژمنكارییەكانی بوش و هەڵگیرساندنی دوو جەنگی عیراق و ئەفغانستان ، گوێنەدان بە ڕای  گشتی جیهانی كە ئەمەش وای كرد بوش لەلای ئەوروپییەكان وەكو كاوبۆیەك وێنا بكرێت كە تەنها بەرژەوەندیەكانی خۆی لە پێش چاوە بێ گوێدانە دەوروبەر.سیاسەتە چەوتەكەى لە دوای یانزە سێپتەمبەرەوە كە لە سەر گریمانەى ئەبێت لەگەڵمان بیت یان دوژمنمان بیت خۆی بنیاتناوە واتا  دابەشكردنی جیهان بەسەر دوو گروپی خەیر و شەڕدا كە لە بەرامبەر ئەمەدا بەلای ئەوانەوە هەریەك لە هیلاری (بەهۆی پێشینەى مێردەكەیەوە كەكەسێكی خۆشەویست بووە لە ئەوروپادا) و ئۆباما تەنانەت ماكینیش بەلایانەوە لە بوش باشتر بێت .
 2- تاقیكردنەوەی سەرۆكێكی ڕەش پێستی غەیرە ئەمریكی كە بە بنەچە كینیە و لە بنەماڵەیەكی موسڵمانە كە ئەمەش  بۆ یەكەم جارە لە ئەمریكادا ڕوو دەدات ، تاقیكردنەوەیەك دەبێت بۆ وڵاتانی ئەوروپی كە بە هەزارەها خەڵكی كۆچەرییان تێدایە بۆئەوەى بێنە دەسەڵات بەتایبەت لە وڵاتێكی وەكو فەرەنسادا كە بە ملیۆنەها كۆچەری بە ڕەچەڵەك عەرەب و ئەفریقیان تێدایە.
   
 
adnansaedhusen@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.