Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بۆچی و لەچی نائومێدم! …3

بۆچی و لەچی نائومێدم! …3

Closed
by March 15, 2013 ئەدەب

 

 

 

3

 

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو چواردەوری مەیتخانەکە چۆڵ بوو، پێموابوو ئیتر دەتوانم بە ئارامی بۆ خۆم وەک هەر مردوویەکی تر چاوەکانم بخەمە سەریەک و بۆ هەتا هەتایە خامۆش ببم، بەڵام نەمزانی لە ئارامی و بێدەنگیدا خانە خەوتووەکانی مێشکی مرۆڤ زیاتر چالاک دەبن و دەوروژێن.

ئەگەرچی من لەناو یەکێک لە چەکمەچەکانی ئەم مەیتخانە سارد و سڕەدا پاڵخراوم و بێدەنگی تا ئەوسەری گەردوون وەک دەریایەکی هێمن و ئارام درێژبۆتەوە، بەڵام بۆ من دۆزەخێکە بۆ خۆی. 

بێدەنگی ناو ئەم مەیتخانە و پاڵکەوتنی من لەناو یەکێک لە چەکمەچەکانیدا لە خەوێکی قوڵ دەچێت، کە خەوتووەکە بە درێژایی شەو بەدەست کابوسەوە بناڵێنێت و کەسێک نەبێت گوێی لە هاوار و قیژە تۆقێنەرەکانی بێت، کەسێک نەبێت بە تەنگییەوە بێت کاتێک داد و بێدادییەتی لەدەست ئەو هەموو دێو و درنجە زەبەلاح و ترسناکانەی لاشەکەی بە زیندووی دەئەنجنن.

دوای ئەوەی ژنە نەعلەتییەکەمیان لێرە دوورخستەوەو چاوەکانم کەمێک لێکنان و هەناسەیەکی قوڵی ئاسودەییم هەڵمژی، بەڵام هێرشێکی سەیر بۆ سەر لاشەکەم دەستی پێکرد، سەرەتا بۆ ساتێک لەبیرم چووبوو من مردوم و هەروام دەزانی ئەمە خەوێکی درێژ و قوڵە، بەڵام دوای ئەو هەموو هات و هاوارە زۆرەی بۆ ئەوەی کەسێک بە هانامەوە بێت نەک هەر سودی نەبوو، بەڵکو مەیتخانە ساردو سڕەکە بە پێچەوانەوە زیاتر بە ناو بێدەنگیدا ڕۆدەچوو، ئەم بێدەنگییە تۆقێنەرەش کەشێکی وەهای درووستکردبوو زیاترو زیاتر گوێم لە زرمەی پێی ئەو هەموو حەشاماتە بێت، کە وەک مێروولە بە دوای یەکدا بەرەو لای من هێرشیان دەهێنا. 

ئەوانە مرۆڤگەلێکی باڵابەرزو کەڵەگەتبوون، پێیەکانییان یەک مەتر پان بوو، ئەگەرچی وەک مێروو بە دوای یەکدا لەسەرخۆ دەجوڵان، بەڵام ناڵەیەکی سەیرو ترسناک لە جوڵەی پێیەکانییانەوە بەرزدەبوویەوە. ئەمانە بوونەوەرێکی سەیر بوون هەندێکجار لەبەر چاوەکانمدا دەبوون بە مێروو، بەڕیزو بە دوای یەکدا خۆیان دەکرد بە ناوشارەکەیاندا.

مێشکە تەقیوەکەی من شارەکەی ئەوان بوو. بە ڕیزو بە دوای یەکدا دەهاتن و پێیە زلە پانەکانیان دەنا بە کەللە شکاوەکەمداو ڕۆدەچوونە ناو مۆخمەوەو هەندێكیان شۆڕدەبوونەوە بۆ ناو هەناوم و بەردەبوونە دڵ و جگەرم.

ئەوەی سەیر بوو ئەم بوونەوەرە سەیرانەم یەک بەیەک دەناسییەوە، هەموو ئەو کەسانە بوون، چ بە تەنها چ لەگەڵ خەباتە خوێڕی یان هەر هاوکارێکی تردا بە دەستەکانی خۆم کوشتبوومن. هەندێک لەمانە بەناوی خیانەتی نەتەوەیی، دوژمنی گەل، دەستی دەرەکی، دوژمنی دەرەکی، کاری بەد ئەخلاقی و هەندێکیشیان هەرنازانم بۆچی دەبوو بیانکوژم، بڕواش ناکەم بەهانەیەک نەبێت بۆ کوشتنیان. ئەگەر ئێوە من بناسن دەزانن قەت بۆم گرنگە نەبووە ئەو کەسە کێیەو لەسەرچی دەبێت بکوژرێت، ئەوەندەی بۆم گرنگ بوو بەم کارانەم دڵی سەرۆک خۆش بکەم و متمانەی زیاترم لەلای خێزانەکەی دەست بکەوێت.

من هەموو ئەمانەم لەسەر داوای سەرۆک و هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بە دەستەکانی خۆم کوشتوون. سوێندتان بەو کەللە تەقیوەم بۆ دەخۆم، هەندێکم لەمانە وەک چۆن داوا کرابوو بە ئەشکەنجەیەکی وا کوشتووە، قەت لەو بڕوادا نەبووم خودا بۆ خۆیشی لەو دونیا بتوانێت زیندوویان بکاتەوە، ئاخر هیچ مەجبوور نیم لەوە زیاتر سوێندتان بۆ بخۆم، یەکێک لەو پێ پانانەی بە درێژایی ئەمشەو لەهەموویان زیاتر مێشکی دەئەنجنیم پێش ئەوەی بیکوژم وەک چۆلەکە باڵەکانیم لێکردەوە.

سەرۆک پێی گوتم ئەمە ئەوەندە ترسناکە ئەگەر دوو پارچەی لەشی پێکەوە بمێنێتەوە بۆ گیانمان زیندوو دەبێتەوە، بۆیە منیش وەک گیسکێک بە بە ڕووتی بە دارێکەوە هەڵمواسی، جوان پارچە پارچەم کردوو، هەر بۆ دڵنیایی سەرۆک هەر پارچەیەکیم لە دۆڵێک و شوێنێکی دوور توڕ هەڵدا، کەچی ئێستا وا دەبینم زیندوو بۆتەوە بۆ گیانم.

بە درێژایی شەو، ئەم پیاوە ترسناکە لەگەڵ هەر پێیەکی بە سەرمدا دەنا یەکسەر قسەکەی سەرۆکم بیردەکەوتەوە، کە پێی گوتم: ئەمە ترسناکە، بەتەنها دوو پارچەی پێکەوە بمێنێتەوە بۆ گیانمان زیندوو دەبێتەوە، لە خۆم دەپرسی سەرۆک ئەمەی چۆن دەزانی؟!. تا ئەمشەو لەوە تێنەدەگەیشتم، کە هەندێک لە هاوکارو هاوئەندامەکانمان بۆچی بەردەوام دەیانگوت: سەرۆک پێغەمبەرە….!.

خۆزگە ئێستا بە هەناسەیەکیش بوایەت دەنگم بە سەرۆک بگەشتبایەو پێم بگوتبایە واز لە کوشتنی ئەو خەڵکە بهێنێت، کە هەرجارەو لە ژێر بیانوویەکدا لەناومان دەبردن، چونکە ئەوانە ئەگەرچی لەبەر چاوەکانیش وندەبن، بەڵام نامرن و لەگەڵ مردنی ئێمەدا ئەوانە زیندوو دەبنەوە، خۆزگە دەنگم بە کوڕی سەرۆک دەگەیشت و پێم دەگوت: ئەو کوڕە گەنجەی هەفتەی پێشوو لە سەر داوای ئەو لەناوم برد، ئێستا زیندوو بۆتەوەو لەبەرامبەرمدا وەستاوە، بەتەنها ئەو لە ڕیزەکەدا نییەو مێشکە گەنیوەکەم ناشێلێت، بەڵام خۆزگە ئەویش ئەو کارەی دەکردو ئاوا لە بەرامبەرمدا نە دەوەستاو چاو ببڕێتە چاوەکانم.

ئەم کوڕە زۆر سەیرە تاکە قوربانییەکە خۆشم ویستبێت، خۆ زۆر نییە، هەفتەی پێشوو بوو لە گۆلگۆسا* لەناوم برد، کەچی هەر پێدەکەنی، خوایە ئەو کوڕەم چەند خۆشویست، بەڵام دواجار کوشتم، ئەو هیچی نەدەگوت؛ هەر پێدەکەنی، تاکە قسەیەکیش چییە نەیکردو تەنانەت وەڵامی پرسیارەکانیشمی نەدەدایەوە، هەروەکو چۆن ئێستا وەستاوەو بەردەوام پێکەنین لەسەر لێوەکانێتی و بە چاوە زەیتونییەکەیدا لێم دەڕوانێت، هەمان قاتی لەبەردایە دەستەکانی وەک جاران لەسەر سنگی کۆکردوونەتەوەو تیژ سەیری چاوەکانم دەکات….

ئاخ، خۆزگە ئەگەر بۆ هەناسەدانێکیش بێت دەنگم دەگەشتە دەرەوەو بە سەرۆک و کوڕەکانیم دەگوت: واز لە کوشتنی ئەو گەنجانە بهێنن، ئەگینا لەپاش مردن دەبنە دۆزەخێکی ئەبەدی. 

پێیان دەڵێم: کاتێک ئێمە لەشکرێک بووین و ئەوان تەنها بوون، چەند دڵڕەق بووین لەگەڵیان، لە پاش مردن ئەوان لەشکرێکن و ئێمە تەنهاین.

خۆزگە دەنگم بۆ هەناسەیەک دەگەشتەوە سەر زەوی و پڕ بەم دونیا دەمقیژاند، تا وەک ئێستای من درەنگ نەبووە دەست لە کوشتنی ئەو گەنجانە هەڵگرن، ئەوانە نامرن، ئەوەی ئەمرێت ئێمەین سەرۆک، خۆزگە بۆ ساتێک دەتبینی بە درێژایی شەو کەللە پوتەکەی من چۆن لە ژێر پێکانیاندا دەپلیشێتەوە…..

 

یاسین خێڵانی

————-

*گۆلگۆسا وشەیەکی ئارامییە، بەمانای کەللەسەر دێت، هەروەها گردێک بووە کەوتۆتە دەرەوەی ئۆرشەلیمی کۆن، عیسای مەسیح لەوێ لە خاجدراوە

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.