Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌تیرۆر بگرین……..

Be First!
by July 26, 2008 گشتی

 بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌تیرۆر بگرین ده‌بێت کار بۆ دیاری کردنی چاره‌نووسی سیاسی کوردوستان بکه‌ین

 تیرۆرکردنی ( سۆران مامه‌ حه‌مه‌ ) ڕۆژنامه‌نووس و به‌رپرسی نووسینگه‌ی که‌رکوکی گۆڤاری ( لڤین ) جارێکیتر کۆمه‌ڵگای له‌دژی تیرۆر گه‌رم داهێنایه‌وه‌و ، ده‌سه‌ڵاتدارانیشی به‌ قه‌سابی سه‌ربڕینی هه‌موو ده‌نگێکی ئازادیخوازو ئینسانی ناسانده‌وه‌ ، ئه‌م کاره‌ قیزه‌ونه‌ی ئه‌نجامده‌رانی تیرۆری ( سۆران مامه‌ حه‌مه‌ ) شتێکی تازه‌و دیارده‌یه‌کی نامۆ نییه‌ له‌ قامووس و فه‌رهه‌نگی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌زگا سه‌رکوتگه‌ره‌کانیاندا ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ئه‌گه‌ر به‌شێک له‌کاره‌ تیرۆریستیه‌کانیان به‌نهێنی ئه‌نجامداوه‌ ، ئه‌وا به‌شێکی زۆری ئینسان کوژی و تیرۆرێک که‌کردویانه‌ به‌ڕۆژی ڕووناک و به‌دیار چاوی خه‌ڵکه‌وه‌ ئه‌نجامیان داوه‌ ، بۆیه‌ هیچ پێوویستمان به‌وه‌ نییه‌ یه‌کتر به‌وه‌ قانع بکه‌ین که‌ کێ ئه‌م تیرۆره‌ی ئه‌نجامداوه ‌و  ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی قه‌ومی له‌ کوردوستان چ په‌یوه‌ندیه‌کیان له‌گه‌ڵ تیرۆر هه‌یه‌ ، له‌ڕاستیدا هاتنه‌ ده‌نگی ده‌یان ڕێکخراو ، ناوه‌ند ، گۆڤار ، بڵاوکراوه‌ ، ماڵپه‌ڕ ، حیزب ، سه‌دان نووسه‌ر ، ڕۆژنامه‌نووس ، هونه‌رمه‌ند ، ڕۆشنبیر ، که‌سایه‌تی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌دژی تیرۆر به‌گشتی و تیرۆر کردنی ( سۆران مامه‌ حه‌مه‌ ) به‌تایبه‌تی کارێکی گرنگ و دڵخۆشکه‌ره‌ ، نیشانه‌ی ئاماده‌ی هێزێکه‌ که‌ ده‌یه‌وێت وه‌ک له‌شکرێکی گیان له‌سه‌ر ده‌ست پاسه‌وانی ئازادی بکات و بیپارێزێت ، به‌ڵام من پێموایه‌ ئه‌مڕۆ تیرۆر کردنی ( سۆران مامه‌ حه‌مه‌ ) له‌هه‌موو کات زیاتر ئه‌مانخاته‌ به‌رده‌م کار و هه‌ڵوێستێکی جیدی و مه‌سئولانه‌تر ، هه‌موو ده‌زانین له‌ ( 18 ) ساڵ ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی قه‌ومی له‌ کوردوستان سه‌دان که‌س تیرۆر کراون ، ته‌نانه‌ت له‌نێو ئه‌م که‌سه‌ تیرۆرکراوانه‌دا ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی خودی ئه‌م حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ هه‌یه‌‌ ، که‌سێک ئه‌توانێت بڵێت کوا مه‌له‌فی ئه‌م کاره‌ تیرۆریستیانه‌ ، که‌سێک ئه‌توانێت بڵێت کوا مه‌له‌فی تیرۆرکردنی ( محێدین ڕه‌حیم ) دیار نه‌بوونی ئه‌م مه‌له‌فانه‌و ، دیار نه‌بوونی تاوانباران و ، نه‌بوونی یاسایه‌ک ماف و ئاسایش و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردوستان بپارێزێت په‌یوه‌ندی به‌دیار نه‌بوونی چاره‌نووسی سیاسی کوردوستانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر تا دوێنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ به‌ ( فیدراڵیه‌ت ) چاوبه‌ستی خه‌ڵکیان ده‌کرد و گۆرانیان به‌ شان و باڵی هاوپه‌یمانه‌کانیاندا هه‌ڵده‌دا ، ئیتر ئه‌مڕۆ ئه‌م شیعار و قسانه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردوستان هیچ نرخێکی نییه‌ ، ئه‌م واقیعه‌ته‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات که‌ ده‌سه‌ڵاتی میلیشیاو چه‌ک و زه‌برو زه‌نگ درێژه‌ی ده‌بێت تاکو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌رده‌وام بێت ، بۆ ئه‌وی به‌ر به‌ تیرۆر بگرین پێوویستمان به‌ یاسایه‌کی ئینسانی هه‌یه‌ ، پێوویستمان به‌ مافی مه‌ده‌نی و هاوڵاتی بوون هه‌یه‌ ، پێوویستمان به‌ پاراستنی مافه‌ فه‌ردییه‌کانمان هه‌یه‌ ، پێوویستمان به‌ ئازادی هه‌یه‌ ، ئه‌م خواست و داواکاریانه‌ له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی میلیشیای و دواکه‌وتوودا به‌خه‌ویش نابینرێت ، نابێت خه‌ڵکی کوردوستان و به‌تایبه‌ت ڕۆشنبیران و نووسه‌ران و ئازادیخوازان ڕێگه‌بده‌ن چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگا له‌نێوان به‌رداشی ململانێی نێوان ئه‌حزابی قه‌ومی کوردو شیعه‌و سوونه‌ی سیاسی و ده‌سته‌وتاقمی عه‌شایه‌ردا  ووردو خاش بکرێت ، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ ئه‌وی به‌ر به‌تیرۆر و سه‌دان کاره‌ساتیتر بگرین کار له‌سه‌ر چاره‌نووسی سیاسی کوردوستان بکه‌ین و کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست و ئازاد دروست بکه‌ین ، به‌ڕه‌ئی من مسۆگه‌ر کردنی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ له‌ گره‌وی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی غه‌یره‌ قه‌ومی و غه‌یره‌ مه‌زهه‌بیدایه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردوستان ، با وه‌ستانه‌وه‌ له‌دژی ‌تیرۆرکردنی ( سۆران مامه‌ حه‌مه‌ ) بکه‌ینه‌ هه‌نگاو هێزی بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌و جه‌ماوه‌ری بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ، له‌کۆتاییدا پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاڕاسته‌ی ته‌واوی خێزان ، که‌سوکار ، دۆست و هاوڕێیان ، گۆڤاری لڤین ، ڕۆژنامه‌نووسان ، ئازادیخوازان و خه‌ڵکی کوردوستان ئه‌که‌م به‌بۆنه‌ی تیرۆر کردنی ڕۆژنامه‌نووس ( سۆران مامه‌ حه‌مه‌ ) وه‌ .                                                          
 هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی
 24 / 7 / 2008
 
 

Previous
Next

Leave a Reply