Skip to Content

Sunday, November 28th, 2021

بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م داهاتوی جوانتر بێت…ده‌نگ به‌ ده‌ستورناده‌م

Be First!
by July 1, 2009 گشتی

 بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م داهاتوی جوانتر بێت…
ده‌نگ به‌ ده‌ستورناده‌م

هێمن مه‌حمود_ده‌ربه‌ندیخان
Hemnm1979@yahoo.com

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوساندا له‌چه‌ند رۆژی رابوردودا رایگه‌یاند بۆچی نابێت ئێمه‌ ده‌ستوری خۆمانمان هه‌بێت؟.
له‌راستیدا هه‌ر كه‌سێك كه‌ گوێی له‌ قسه‌یه‌كی وه‌ها ده‌بێت هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ بارزانیدا و دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ش چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی هه‌بێت و هێزه‌ سیاسیه‌كانیش له‌ژێر چه‌تری ده‌ستورێكدا خه‌باتی خۆیان بكه‌ن.
هیچ كه‌سێك كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌بونی ده‌ستوردا نیه‌، ته‌نانه‌ت توندترین نه‌یاری سیاسی ئێستای ئه‌م ده‌ستوره‌ش كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بونی ده‌ستوردایه‌، به‌ڵام كێشه‌ی راسته‌قینه‌ له‌وه‌دایه‌ ئایا چ جۆره‌ ده‌ستورێك هه‌بێت، كام ده‌ستوره‌یه‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادییه‌كانی تاك و گروپه‌كان ده‌پارێزێت.
جارێ سه‌ره‌تا ئه‌م ده‌ستوره‌ی كه‌ بارزانی پێیوایه‌ بونی هه‌بێت باشتره‌ په‌رله‌مانێك بریاری له‌سه‌ر داوه‌ كه‌ ماوه‌كه‌ی به‌سه‌ر چووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی ئه‌وه‌یان نیه‌ ده‌ستورێكی وا چاره‌نوسساز بۆ میلله‌تێك دابنێن كه‌ ره‌نگه‌ زۆرینه‌ی له‌گه‌ڵیدا نه‌بن.
دواتریش تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ده‌ستوره‌ به‌م خێراییه‌ به‌ ئاشكرا مه‌به‌ستێكی سیاسی له‌پشته‌، ئه‌ویش ده‌ستپێشخه‌ریكردنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ هێزه‌ نوێیه‌كانی ناو په‌رله‌مان داهاتوو نه‌توانن ره‌تی بكه‌نه‌وه‌ و دواجاریش په‌رله‌مانێكی بێ ده‌سه‌ڵات و ته‌شریفاتی دروست ببێت.
به‌بڕوای من هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ده‌ستور ئاله‌م كاته‌دا كه‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانه‌  وخه‌ڵكی به‌حه‌ماسه‌وه‌ خۆیان بۆ رودواوێكی مێژووی گرنگی وه‌ها ئاماده‌كردووه‌ زیاتر بۆ خاوكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و له‌بیربردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك گرفتی سه‌ره‌كییه‌ كه‌ حكومه‌تی كوردی له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری بكات.
یه‌كێتی و پارتی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌ستیان به‌بونی ئۆپۆزسیۆنێكی كوردی جیدی نه‌كردووه‌ ئه‌وه‌ی هه‌بوه‌ یا ئیسلامیه‌كان بوه‌ كه‌ له‌به‌ڕه‌كه‌ی خۆیان زیاتر پێیان رانه‌كێشاوه‌ یاخود حزبه‌كانی دیكه‌ بووه‌ كه‌ به‌بودجه‌یه‌كی كه‌م گوێیان راكێشاون.
ئێستا نه‌بێ كه‌ هه‌ستده‌كه‌ن ئۆپۆزسیۆنێكی جیدی و هێزێكی گه‌وره‌ی گۆڕان له‌ناخی خه‌ڵكدایه‌ هه‌ربۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌لایه‌ك ئه‌و هێزه‌ به‌ده‌ستورو كێشه‌ ده‌ستوره‌وه‌ خه‌ریكبكه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌بیر خه‌ڵك ببنه‌وه‌.
هه‌ردوو هێزه‌ سیاسیه‌كه‌ی كورد له‌ به‌غدا له‌به‌رامبه‌ر داواكانی مالیكیدا كه‌ داوای سیسته‌مێكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد بۆ عیراق  زۆر به‌توندی دژی وه‌ستانه‌وه‌ و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دیكتاتۆرییه‌تیان وه‌سفكرد.
كه‌چی ئێستا لێره‌ داوای سیسته‌مێكی سه‌رۆكایه‌تی توند و ده‌سه‌ڵاتدار و پیرۆز ده‌كه‌ن و رونیشی ناكه‌نه‌وه‌ بۆمان ئه‌مه‌یان له‌چی و ئه‌وه‌یان له‌چی.  
ئه‌م ده‌ستوره‌ی ئێستا سه‌ره‌تایه‌كی بچوكه‌ به‌ره‌وحوكمی بنه‌ماڵه‌یی و ده‌سته‌بژێری گروپێكی دیاریكراو، ئه‌م ده‌ستوره‌ی ئێستا هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌ت.
له‌وڵاته‌ پێشه‌كه‌وتوه‌كانی دونیادا ئه‌وه‌ی ته‌نها ته‌شریفاتی بێت سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی وڵات و پادشایه‌تی وڵاته‌، به‌ڵام لێره‌ له‌م هه‌رێمه‌ بچوكه‌دا تازه‌ به‌تازه‌ به‌ده‌ستورێكی كۆن وبیروڕای سیاسی تۆز له‌سه‌رنیشتو خه‌ریكین دیكتاتۆرێك به‌ناوی سه‌رۆكه‌وه‌ دروستده‌كه‌ین.
به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر تا ئێستا بیانویه‌ك هه‌بێت بۆ بێده‌نگیمان نابێت بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ده‌ستوره‌ ئیدی هه‌مان بێت.
ئه‌م ده‌ستوره‌ داهاتووی نه‌وه‌كانمانی پێوه‌ په‌یوه‌سته‌، ئێمه‌ باسی ئێستا ناكه‌ین، باسی داهاتویه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ چاوه‌ڕوانین گه‌شاوه‌ بێت بۆ نه‌وه‌كانمان، نه‌وه‌ی ئێمه‌ مناڵیمان دیكتاتۆرییه‌ت وبه‌عس و جه‌نگ و گه‌نجێتیشمان گرانی و شه‌ڕی ناوخۆو ئێستاشمان ئه‌وه‌تا كه‌ ده‌یبینین تیًَپه‌ڕاندووه‌.
من خه‌می كوڕه‌كه‌مه‌ له‌ وڵاتێكدا گه‌وره‌ بێت سه‌رۆك به‌ پێغمبه‌ر بزانرێت و تا قیامه‌تیش نه‌وه‌ی نه‌وه‌ی سه‌رۆك حوكم بكه‌ن، من ئه‌م ده‌ستوره‌ كۆنه‌ ره‌تده‌كه‌مه‌وه‌ چونكه‌ نامه‌وێت كوڕه‌كه‌م له‌ژێر سایه‌ی دیكتاتۆرییه‌تدا بژی،له‌سایه‌ی بابژی بابژی و بابمرێ بابمرێ دا گه‌وره‌ بێت..
ده‌نگ به‌ ده‌ستورێك ناده‌م به‌ ئاره‌زوی سه‌رۆك جه‌نگ دروستبكرێت و كوڕه‌كه‌می بۆ ره‌وانه‌ بكرێت، به‌حه‌زی سه‌رۆك دوژمن دیاری بكرێت و ئاگری كینه‌ی بۆ خۆشبكرێت.
میلله‌تی ئێمه‌ش ده‌بێت له‌رۆژی ده‌نگداندا ده‌ستورێك ره‌تبكاته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا نه‌یدوه‌، ده‌ستورێك ره‌تبكاته‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانێكی ماوه‌ به‌سه‌رچوو بریاری له‌سه‌رداوه‌، ده‌ستورێك ره‌تبكاته‌وه‌ له‌جیاتی دیموكراسیه‌ت تازه‌ به‌تازه‌ بمانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دیكتاتۆرییه‌ت، ده‌ستورێك ره‌تبكاته‌وه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی به‌هه‌شتمان بۆ دروستبكات، دۆزه‌خمان بۆ گه‌رم ده‌كات.

 

Previous
Next

Leave a Reply