Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

بۆ ئەوەى هێرۆ نەمرىَ

Be First!
by August 11, 2008 ئەدەب

 بۆ ئەوەى هێرۆ نەمرىَ
هەردى شەفیق

 (بەهێرۆ مەولودى )پێشكەشە

  
 ئەگەر عیشق هەرەسمان پێدێنىَ بابیهێنىَ
 ئەگەر موحیبەت دەمان كوژىَ بابمان كوژىَ
 ئەگر پاكى لەتمان دەكات بۆنەیكات ؟
 
 ئەو ڕۆژەى ئەو لێرە نیە
 دڵم دەیەوێت وەكو مەسیح بمدات لە خاچ
 ئاخر ئەو دەستە كانى پڕن لە نوقڵى شیعر
 دەنگى ڕەنگى پڕن لەبۆن ونەغمەى شیعر
 هەناسەشى بۆنى شیعرێكى غەریبانەى لێدىَ
 ئەوڕۆژەى كەئەو لێرەنیە
 چراى عومر خامۆشى دایئەگرىَ و
 دوعا ئەكەم خودایە هێرۆ نەمرىَ
 سەیرى ئاسمان دەكەم ودەمەوێت وەك *فڕوغ بە قوڵى ڕابمێنم
 كەچى دەبینم مانگ كەوتوەتە شەوى مانگ گیرانەوە
 ڕۆژ كەوتوەتە ڕۆژى ڕۆژ گیرانەوە
 
 ئەو كچى ئینجانەیەكە تەنیا شیعر دەگرىَ و
 كەس وەكومن یاقوتى ڕۆحى نابینىَ
 لەفریشتەیەك ئەچێت نوقڵ ئەدات بەمناڵە بێنەوا كانى شار
 بزێویەكەشى لەشیعرێكى یاخى* فروغ ئەچىَ
 هەموو ئێوارەیەك گوڵەكان دێن وسواڵى جوانى لێدەكەن
 پەپولەكان دێن و سواڵى موحیبەتى لێئەكەن 
 ئەومیان دەڵىَ كراسەكەتم بەرىَ  لەشایى براكەما لەبەرى ئەكەم و
 ئەویان دەڵىَ ئەو چاوانەى ڕۆحتم بەرىَ بۆسەیرى گوڵەكان ئەچم
 ئەو لەڕۆحێكى فریودەر ئەچێت داگیرت ئەكات
 لەتەبیبێكى میهرەبان ئەچێت تیمارت ئەكات
 لەفریشتەیەكى میهرەبان ئەچێت بە بۆنى گوڵ ئەتكوژىَ!
 
 لەگریانێكى شیرین ئەچێت ئازارى هەزار ساڵە ئەبات
 لەپێكەنینى گوڵێك ئەچێت لە كاتى وەسیەت كردنا
 لەپێكێك بادەى خەیاڵى ئەچێت بەسەیركردن نەشئەت دەكات
 بۆنى یەكەم گوڵى بەهارى لێدێت دواى زستانێكى سەخت
 تامى شەرابێكى كۆنە ئەدات لەهى* خەییام ئەچێت
 بۆنى یەكەم بارانى پایز ،دواى هەورێكى ڕەشى لێدێت هێرۆ
 هێرۆ لەعیشقى داستانێكى كۆن ئەچێت
 لەحوزنى شیعرێكى وەفایی ئەچێت
 لەناڵەى شیعرێكى مەحوى ئەچێت
 بۆنى عەترێكى خودایی لێدێت هێرۆ
 
 برینداریكەیت وەك ئەوە وایە بەچەقۆ لەسەرباڵى پەپولەیەك
 وێنەى گۆڕێك دروست بكەیت
 لەسەر پەڕەى گوڵێك كڵێشەى مەعبەدێك خاپور بكەیت
 لەسەر دڵى كەناریەك عیبادەت گایەك وێران  بكەیت 
 لەگریانى كوكوختیەكا فرمێسك لەخاچ بدەیت
 ژیان بىَ ڕەنگى ئەو گوڵێكە لەنایلۆن ئەچێت
 لەبارانى میهرەبانى وشكە ساڵى ئەچێت
 مناڵێكە لەڕۆحى منا دوعائەكەم گەورەبێ وبەد نەبێت
 شوشە عەترێكە لەدڵى منا دوعا ئەكەم بمێنىَ و لەت نەبێت
 
 ئەو دەمباتە ماڵى ئەو كەناریانەى
 گۆرانیەكانیان لاى ڕۆحم جێدێڵن
 لەسەماى سێوێكى سور ئەچێت بەدەم باى نسیمەوە
 ئەو بەلەمبێكى خەیاڵیەو لە دورگەى ڕۆحێكى سەوزا ئەوەستىَ
 لە سڵاوەكانیا هەزارەها گوڵى خەیاڵى و
 لەماڵئاواییا هەزارەها پەپولەى دڵتەنگ جێدێڵىَ
  من دەمەوىَشتێك بڵێم بەقەد باڵاى ئەو بێ ولەدەست كورتێك ئەچم
 شیعرێك بۆ ڕۆحى ئەو بنوسم و لەسواڵكەرێك ئەچم
 من دەمەوێت بڵێم لەشیعرێكى دڵتەنگ ئەچیت لەنێو دڵى منا
 ئەو دەڵى كەسىَ لەماڵى دڵى تۆبێت كوانىَ دڵى تەنگە؟
 من دەمەوێت بڵێم لە شیعرێكى غەریب ئەچیت لەسەر ڕۆحى من
 ئەو دەڵى كەسىَ لەماڵى ڕۆحى تۆبێت كوا غەریبە ؟
 
 18/7/2008
 ریگاى سلیمانى عەربەت
 
 

Previous
Next

Leave a Reply