Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بۆ ئەوەی دەوڵەتی یاسا بە لۆژیکی شەیتان کار نەکات

بۆ ئەوەی دەوڵەتی یاسا بە لۆژیکی شەیتان کار نەکات

Closed
by October 5, 2012 ژنان

 

 

 

لە ڕیپۆرتاژێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتی-دا ئەو ڕۆژنامەیە ئەوە دەگوازێتەوە کە کەسوکاری مامۆستا ساکاری غەدرلێکراو داوا دەکەن دامودەزگاکانی دەوڵەت و دادگاکان و ڕێکخراوەکان و هەموو خەڵکی عەدالەتخوازی کوردستان واز لە مولاحەقەی یاسایی و خواستی سزادانی تۆمەتبار بهێنن و ئیتر خوێنڕشتنی ئینسانێک ئەوەندە بە گرنگ نەزانن. ئەم داواکارییە بەو ئارگیومێنتەوە دەخەنە بەرچاو کە گوایە «شەیتان وازی لە مامۆستا ساکار هێناوە» و بیری چۆتەوە و، بۆیە دەبێت ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگای ئێمەش قبوڵی بکەن کە ئاوا هاوڵاتییان لەناو خەودا خەڵتانی خوێن بکرێن و بکوژەکانیش بەبێ حوکم و سزا بێنەوە ناومان.

ئێمە لە (دەستەی دادپەروەریی بۆ مامۆستا ساکار) کە لەپێناو پێداگریی لەسەر بەنرخیی مرۆڤ و گرنگیی هەبوونی دەزگایەکی دادوەریی ئینساندۆست و زیندوو لە هەرێمی کوردستاندا خۆمان ساز داوە، لێرەدا ئەم چەند خاڵەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:

١. دەوڵەتی یاسا نابێت بە لۆژیکی شەیتان کار بکات. ئەگەر کەسوکاری مامۆستا ساکار دەیانەوێت بۆ پێداگریی لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت لەسەر بنەمای لۆژیکی شەیتان باکی بەوە نەبێت کە هاوڵاتییان بکەونە گیانی یەک و یەکتر بکوژن، خۆپیشاندان دەکەن و داوا لەسەر ڕێکخراوەکان قەید دەکەن و گوشار بۆ دەسەڵاتی حکومیی و دادگاکان دەهێنن، گرنگە دەسەڵات نەکەوێتە ژێر کارکردی گوشارەوە و شکاتی لەو جۆرە و گوشار و خۆپیشاندانی لەو جۆرە بە جیددی وەرنەگرێت و داوای وا شەیتانیی دژ بە دەوڵەتی یاسا و ڕۆحی دادپەروەریی پشتگوێ بخات. هەر کاتێکیش خۆپیشاندانەکان و گوشارەکان دەگەنە ئەوەی کە جادە دابخەن و لە سنووری ئازادیی دەربڕینەوە دەپەڕنەوە بۆ بەری فەوزادروستکردن و ڤاندالیزم، ئەوا گرنگە دەسەڵاتداران سنووریان بۆ دابنێن و نەهێڵن خێڵ و خانەوادە بە کەڵەگایی داوا بکەن کوشتنی ئینسان بە هەند وەرنەگرین.

٢. دەسەڵاتداران دەبێت هەڕەشەکان دژ بە چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان بەجیددی بگرن و مولاحەقەی یاسایی بۆ هەڕەشەکەران بکەن. گرنگە ئیتر کۆمەڵگای ئێمەش لەڕێگای سزادانی هەڕەشەکەرانەوە ئەوە پیشان بدات کە ئیتر لە کوردستانیش قبوڵ ناکرێت هەڕەشەکردن و چاوترساندن وەسیلەیەکی ناو فەزای گشتیی و دێباتی ناو کۆمەڵگا بێت و ئیتر هەڕەشەش وەک دەستوەشاندن سزای هەبێت.

٣. داواکردنی ئەوەی کە دەوڵەتی یاسا پشتگوێ بخەین و لۆژیکی شەیتان بکەینە مەحەک، داوایەکی ئەوەندە ئینسانیی نییە کە ڕۆژنامەیەک بۆ کەسێکی بکاتە هەواڵ و بیکاتە تایتڵی ڕیپۆرتاژێک. پێداگریی چالاکوانانی مافەکانی ژنان لەسەر زەرورەتی سزادانی تاوانبار لەوێوە نییە کە ئاگادار نەبن کە مامۆستا ساکار مافی ژیانی لێسەندراوەتەوە و تەسلیم بە عەدەم کراوە، تا ڕۆژنامەیەک کۆمێنتارێکی وا پووچ بۆ برایەکی مامۆستا ساکار بکاتە سەردێڕ و هەواڵ. پێداگریی ئێمە لەسەر سزادانی تاوانبار پێداگرییە لەسەر ئەو بەهادارییەی ژیانی مرۆڤ کە دەوڵەتی یاسای لەسەر دامەزراوە. ئەگەر خانەوادەی تۆمەتبار ئارگیومێتێکیان هەیە لەسەر ئەوەی کە بۆچی دەبێت ڕۆحی ئینسانێکمان پێ گرنگ نەبێت و بۆچی دەبێت دەوڵەتی یاسا شمولی بکوژی مامۆستا ساکار نەکات، ئەوا ڕۆژنامەکان مافی خۆیانە بۆیان بڵاو بکەنەوە. بەڵام ئەوەی ڕۆژنامەیەک ڕێگە بدات باشیی و خراپیی کاری ئێمەی چالاکوانان بە لۆژیکی شەیتان پێوانە بکرێت، کارێکی وا ڕۆژنامەگەرییەکی وا ناجیدییانەیە کە کاری تابلۆیدیی لە ڕۆحی هاوڵاتییان پێ گرنگترە.

٤. بڵاوکردنەوەی هەڕەشە لە ڕۆژنامەیەکدا بەبێ دیارییکردنی سەرچاوەی دیارییکراو و بەبێ سەلماندنی هەواڵەکە بە دۆکۆمێنت، بەشدارییە لە زەمینەسازیی بۆ هەڕەشە و دەبێت سزای هەبێت. ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوی دەکاتەوە کە کەسوکاری تۆمەتبار هەڕەشە لە چالاکوانانی مافەکانی ژنان دەکەن، ئەمە بەبێئەوەی بڵێت کێ هەڕەشەکەی کرد و ڕۆژنامەکە چۆن دەتوانێت بیسەلمێنێت کە ئەو کەسە ئەو هەڕەشەیەی کردووە. ئەم جۆرە هەواڵە خزمەتێکی گەورەیە بە کەسی هەڕەشەکەر چونکە هەم هەڕەشەکەی بۆ دەگەیەنێت و هەمیش ئەو خزمەتەی پێدەکات کە ناوی بەنهێنیی بۆ ڕادەگرێت و لە مولاحەقەی یاسایی دەیپارێزێت. ئەم جۆرە ڕۆژنامەگەرییە لە وڵاتانی تر سزای هەیە چونکە یارمەتییدانی هەڕەشەکەر بەوەی ناوی بە نهێنیی بۆ بهێڵیتەوە، گەیاندنی هەواڵ نییە بەڵکو گەیاندنی هەڕەشەیە. ئەم جۆرە ڕۆژنامەگەرییە هەم خەتەری سەر ژیانی چالاکوانان زیاد دەکات و هەمیش کارێک دەکات بۆ چاوترساندن و کۆڵپێدانیان لە چالاکیی. بۆیە ئێمە ڕەخنەی توندمان لەم جۆرە ڕۆژنامەگەرییە هەیە و هیوادارین بۆ ڕێگرتن لەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە هەر درێژە بەوە بدات کە لە مەسەلەی کوشتنی ژناندا بە لۆژیکی شەیتان کار بکات نەک دەوڵەتی یاسا، ڕۆژنامەکان ئیتر بە ڕۆحی بەرپرسیارییەتێکی زۆرترەوە کار بکەن.

 

 

دەستەی دادپەروەریی بۆ مامۆستا ساکار

٤/١٠/٢٠١٢

desteydadperwerii@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.