Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

بۆ بەرژەوەندى گشتى

Comment
by September 24, 2008 گشتی

 بۆ بەرژەوەندى گشتى
 سمكۆ عەبدولكەریم

 هەر لە بەرپرسێكى گەورەوە بگرە تا دەگاتە بەرپرسێكى بچووك ، ئاوڕێك ناداتەوە ئەگەر بەرژەوەندى گشتى تێدا نەبىَ ، نوكى قەڵەمى لێنادات ئەگەر بۆ بەرژەوەندى هەموو لایەك نەبىَ ، هەر داشێك بجولێنىَ  ئەبىَ بۆ بەرژەوەندى گشتى بێت .
 ئەوىَ رۆژىَ برادرێكى دەرچووى ئامادەیى پیشەیى بۆ بەرژەوەندى گشتى بۆ یەكەم جار دامەزێندراو دواتر مۆلەتێكى خوێندنى وەرگرتوو  نێردرایە زانكۆ ، هەركە زانكۆى تەواوكرد یەكسەر بە قودرەتى قادر 20 ساڵ خەباتى پێشمەرگایەتى و 10 ساڵ خەباتى رۆژنامەنووسى هێنایەوە بووە خاوەنى 30 ساڵ خزمەتى بىَ غەل و غەش و بڕوانامەى بەكالۆریوس ،حكومەتی هەرێمیش بۆ بەرژەوەندى گشتى یەكسەرئەو كەسەى لە فەرمانبەرێكى ئاساییەوە كردە (معاون مدیر عام) .
 لەوە گەڕىَ بەشێك لەو  برادەرانەى لە ئەوروپا بە ناوى ئەوەى بۆ بەرژەوەندى گشتى بە یەكجارى دەگەڕێنەوە كوردستان ، كەچى دواتر دەردەكەوێت مەبەست لە گەڕانەوەكەى گەڕانەوەیە بۆسەر وەزیفە كۆنەكەى ئەگەر هەیبوبىَ بۆ ئەوەى خۆى خانەنشین بكات و بگەڕێتەوە ئەوروپا .
 حیكایەتى ئەو بەرژەوەندییە گشتییە زۆر كۆنە خەڵكانێك هەن بۆ ئەوەى چیتر شەرمەزارى دونیا و قیامەت نەبن بڕیاریان دا چیتر باسى ئەو بەرژەوەندی گشتییە نەكەن و نانى خۆیان و ماڵ و منداڵەكانیان نەبڕن ، ئیتر لە پێناو بەرژەوەندى گشتى كار بە چەمكى بەرژەوەندى تایبەتى بكەن .
 جەنابى بە هۆى گەندەلییەوە لەسەر كارەكەى لادراو بۆ بەرژەوەندى گشتى كەسێكیان لە شوێنى دانا ، كەچى هێشتا كفنى مردوەكە زەرد نەبووە بۆ بەرژەوەندى تایبەتى جەنابى لە پۆستێكى باشترو قەلەوترو  فێنكتر داندرا .
 وەك چۆن قسە قسەى رادەكێشىَ ئاواش بەرژەوەندى بەرژەوەندى بەدوادا دێت ، كابرا بەرژەوەندى لەوەدابوو لە یەك كاتدا هەم سەرنووسەرى رۆژنامەیەكى ئەهلى و سەربەخۆ و ئازاد و بێلایەن بىَ هەم ئەندامى سەركردایەتى حزبێكى سیاسى ، هەم سەرۆكى لیژنەى لێپرسینەوە لە ئەندامانى حزبەكەى بێت كە بە هۆى ئازادى بیروڕاوە حزبەكەى سەرقالى لێكۆلینەوە بوو لە گەڵیاندا ، ئێستاش ئەو برادەرە سەرنووسەرى رۆژنامەیەكى ریفۆرمخوازە .
 ئەو بەرژەوەندییە زۆر موهیممە بە تایبەتى ئەگەر بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بێت لە چوارچێوەى بەرژەوەندى گشتیدا ، ئەگەرنا بووە تۆ ماسترت لە هێلكەى مریشك هەبێت و بەڕێوەبەرى رۆشنبیرى بیت ، ئەندازیارى كارەبایى بیت و بەڕیوەبەرى ئاو بیت .
 ئەوە رێك وەك ئەوە وایە كاتى خۆى وەزیرى پەروەردە بۆ بەرژەوەندى گشتى خوێندنى پڕۆگرامى كشتوكالى لە قوتابخانەكان لادا ، دواتر بۆ بەرژەوەندى گشتى جەنابى وەزیرى پەروەردە  گۆڕدرا بۆ وەزیرى كشتوكاڵ
 
 

Previous
Next

Leave a Reply