Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

بۆ عه‌لی سیرینی، له‌هه‌رکوێ که‌ هه‌ی… ئامانج شاکه‌لی

Comment
by January 25, 2008 گشتی

رۆژی 18/1/2008 سایتی عاره‌بی "ئیلاف" بابه‌تێکی  به‌ ناونیشانی "ألموضوعية في صدام حسين دون مولاة أو معاداة" له‌ نووسینی عه‌لی سیرینی بڵاوکردبۆوه‌. بابه‌ته‌که‌ کتومت له‌ نووسینی کابرایه‌کی عاره‌بی شوڤێنی دژه‌ کورد ده‌چێت، نه‌ک هی کوردێک. چونکه‌ سه‌رله‌به‌ری نووسینه‌که‌، ڕاسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ، ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت که‌ سه‌دام له‌ سه‌ره‌تاوه‌ مرۆڤێکی ساده‌ و باش بووه‌ و که‌سانی ده‌ورو به‌ر و هه‌لومه‌رجی رۆژگار، کردیان به‌و دیوزمه‌ خوێنمژو خوێنڕێژه‌!
سیرینی ده‌نووسێت ' له‌ ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشوودا سه‌دامم له‌ ته‌له‌فزیۆندا بینی ڕه‌حمه‌تی بۆ دوژمنه‌ گه‌وره‌که‌ی، خوالێخۆشبوو بارزانيی ده‌نارد…بۆیه‌ هیوادارم ئه‌وانه‌ی باسی سه‌دام ده‌که‌ن، له‌ سه‌دام بیئه‌ده‌بتر نه‌بن"
سیرینی پێی وایه‌ سه‌دام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤێکی ڕیزدار و به‌ ئه‌ده‌ب بووه‌ بۆیه‌ ڕه‌حمه‌تی بۆ بارزانی ناردووه‌! بۆیه‌کا ده‌بێ ئیمه‌ مانانیش له‌مه‌به‌دوا، به‌ده‌م ناردنی ره‌حمه‌ت و خوێندنی فاتیحاوه‌ باسی سه‌دام بکه‌ین!
ئاخر سه‌دام بۆ مه‌رامێکی سیاسی ئه‌و ره‌حمه‌تی بۆ بارزانی نارد، نه‌ک له‌به‌ر رێز و خۆشه‌ویستی بۆی. ئه‌گه‌رنا بۆچی هه‌ر ئه‌و سه‌دامه‌ به‌ڕه‌حمه‌‌، هه‌شت هه‌زار که‌سی له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بێسه‌روشوین کرد؟
سیرینی بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌که‌ی خۆی، قسه‌یه‌کی ڕیزدار مه‌سعوود بارزانی به‌به‌ڵگه‌ ده‌‌هێنێته‌وه‌  که‌ ده‌ڵێت 'واته‌ مه‌سعوود بارزانی' " سه‌دام حوسه‌ین له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پیاوێکی ساده‌ بوو و  ڕۆڵی سه‌ره‌کی له‌ ڕێکه‌وتن نامه‌ی 11 ئازاری 1970 دا هه‌بوو".
ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێک ئاگه‌ی له‌ میژووی ژیانی سه‌دام بێت یان به‌شێکی که‌می له‌و نووسراو و دۆکۆمێنتانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ سه‌دام نووسراون و چێکراون چاو لێکربێ و خوێندبێته‌وه‌، ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانێت که‌ سه‌دام هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ که‌سێکی شه‌ڕه‌نگێزی، چه‌قاوه سووی، به‌دفه‌ڕ بووه‌  و هه‌میشه‌ش به‌ ده‌ردی گرێی خۆبه‌که‌مزانین ده‌یناڵاند.  نازانم که‌سێک له‌ ته‌مه‌نی ده‌  دوانزه‌ ساڵاندا پیاوی کوشتبێ و به‌ خۆی کوته‌کێکی ئاسنینه‌وه‌ گوندێکی زل و زه‌لامی هێنابێته‌ زه‌لزه‌له‌، له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تی و ساده‌یی دا کوجا مه‌رحه‌با؟!
سیرینی ده‌نووسێت " نابێ مه‌سه‌له‌ی به‌کار‌هێنانی چه‌کی کیمایی و مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال، له‌ کيشه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و هاوکاری حزبه‌ کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێراندا، جیا بکرێته‌وه‌"
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ قسه‌ی‌ نووسه‌رێکی عاره‌به‌وه‌ بووایه‌،  ئه‌و ده‌م ئیدی من قسه‌یه‌که‌م نه‌ده‌بوو؛ به‌ڵام کاک عه‌لی کورده‌ و پێده‌چێ پریشکی به‌دفه‌ڕی و شه‌ڕانگێزیی  ڕژیمی سه‌دام، ئه‌ميشی گرتبێته‌وه‌. ئیدی تێناگه‌م بۆ ده‌بێ ئاوا که‌سێک  ببێت به بڵندگۆی هزر و بۆچوونی عاره‌بی ره‌گه‌زپه‌رست؟ ئه‌دی هه‌ر ئه‌و عاره‌بانه‌ن که‌ پێیان وایه‌ هه‌ربه‌ڵایه‌ک به‌سه‌ر کورددا هاتووه‌ و دێت، خه‌تای کورده‌که‌ خۆیه‌تی و  سه‌دام و به‌عس مافی خۆیانه‌ ژن و منداڵ و پیرو په‌ککه‌وته‌ی کورد به‌و په‌ڕی بێئه‌خلاقی و دڕنده‌ ئاسا، ئه‌نفال بکه‌ن! به‌و پێودانگه‌،  له‌مه‌به‌دوا ئه‌گه‌ر که‌سێک کارێکی ناله‌باری کرد، ئه‌وا ده‌بێ سه‌رجه‌می که‌سوکاره‌که‌ی به‌ توندترین شێوه‌ سزا بدرێن. پێشنیار ده‌که‌م کاک سیرینی ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆی ڕه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بکات، به‌شکه‌م وه‌کو مادده‌یه‌کی نوێی جاڕی مافی مرۆڤ بسه‌لمێنرێت!
سیرینی له‌سه‌ری ده‌ڕوات و ده‌نووسیت " پاش سه‌دام عێراق بووه‌ به‌ دۆزه‌خێکی ته‌واو" ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌کرێت وه‌کو نوکته‌ی سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌م له‌قه‌ڵه‌م بدرێت! کاکه‌ سیرینی! من باسی 'عێراق' ناکه‌م، باسی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان ده‌که‌م که‌ به‌ زۆری زۆرداره‌کی عێراقێنراوه‌. جا تکایه‌ ڕێم بده‌ پێت بڵێم که‌ دۆزه‌خی ڕاسته‌قینه‌ کاره‌ساتی ئه‌نفال بوو. کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه و باليسان و قه‌ره‌داخ و گه‌رمیان بوو. ئه‌تککردنی کچ و ژنانی کورد بوو. زینده‌ به‌چاڵکردنی هه‌زاران ساوای په‌پووله‌ ئاسای کورد بوو. سووتاندنی خاکێک و له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو. ژێر زه‌مینه‌ ترسناکه‌کانی زیندانه‌کانی ئه‌منه‌سووره‌که‌ و هه‌یئه‌ی خاسسه‌و موسڵ و کوێ کوێ بوو. ته‌عریب کردنی کوردستان بوو. جا ده‌کرێ جه‌نابت بفه‌رمووی ئه‌و ده‌م ئه‌و عاره‌به‌ دڵسۆزانه‌ی که‌تۆ ئاوا خڕه‌ فرمێسک بۆ سه‌دامه‌که‌یان هه‌ڵده‌ڕێژیت له‌ کوێ بوون؟ بۆ که‌سێک نه‌بوو به‌و سه‌دامه‌ ساده‌ و دڵپاک و به‌ئه‌ده‌ب و به‌ ڕه‌حمه‌ بڵێت " ئیدی خوێنڕشتن به‌سه‌؟!"
سیرینی  هه‌ر به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێت به‌رگری له‌ سه‌دام و تاوانه‌کانی بکات، به‌ڵکو، ڕێک وه‌کو زۆربه‌ی مێدیای عاره‌بی ده‌ڵێت " موحاکه‌مه‌ کردنی سه‌دام، موحاکه‌مه‌یه‌کی نا عادیلانه‌ بوو!" به‌ڕاستی ئه‌مه‌یه‌ که‌ پێی ده‌ڵێن حسابی که‌شک به‌ مه‌شک. سه‌دام له‌ زینداندا ژووری گه‌وره‌و ڕووناک و به‌ "کۆندێشن" ی هه‌بوو، کتێب و خواردن وخواردنه‌وه‌ی باشی هه‌بوو. له‌ ته‌واوی ماوه‌ی زیندانییه‌که‌یدا له‌ گوڵ کاڵتری پێنه‌وترا. له‌ دادگاشدا له‌شکرێک پارێزه‌ری هه‌بوو. ڕێوڕه‌سمی دادگاکه‌ به‌ ڕاسته‌و خۆ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ په‌خش ده‌کرا. سه‌دام به‌که‌یفی خۆی قسه‌ی ده‌کرد و له‌ جوێندان و قسه‌ی ناشرین کردن به‌ سه‌رۆکی دادگاکه‌ش نه‌ده‌پرینگایه‌وه و سه‌لماندی که‌ به‌ڕاستی که‌سێکی به‌ ئه‌ده‌ب و ده‌مپاک و دڵپاکه‌! ئیتر نازانم دادگا له‌و عادیلانه‌تر چۆن ده‌بێت؟
سه‌دام له‌ سه‌رده‌می حوکمی ڕه‌شی خۆیدا، ده‌یان هه‌زار که‌سی ئیعدام کرد. گیراوه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس و سه‌دام ، به‌ ترسناک ترین شێوه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌دران و ئیعترافیان پێ وه‌رده‌گیردرا. دادگای ناوزڕاوی ئه‌لسه‌وه‌ره‌، به‌ گۆتره‌ حوکمی ئیعدامی ده‌رده‌چواند و تاکه‌ یه‌کێک له‌و گیراوانه‌ مافی قسه‌کردنیشی نه‌بوو چ جای مافی به‌رگری له‌خۆ کردن. وه‌ی له‌به‌ر ئه‌و مافه‌ خوراوه‌ت مرم سه‌دام حوسه‌ین!
جێی خۆیه‌تی بڵیم موحاکه‌مه‌ کردنی دیکتاتۆری ڕۆمانیا، چاوشیسکۆ ته‌نها 5 ده‌قیقه‌ی خایاند و که‌سیش نه‌یگوت موحاکه‌مه‌یه‌کی ناعادیلانه‌یه‌!
کاک سیرینی؛ من وه‌کو کوردێک، که‌ هه‌رگیز بڕوام به‌برایه‌تی کورد و عاره‌ب نه‌بووه‌ و ناشبێت. تا سه‌ر ئێسک کوردێکی ناسیونالیستم. تاکه‌ خشتێکی کوڵبه‌یه‌کی ماڵه‌ گه‌رمیانییه‌ک به‌ هه‌موو خاکی من ألموحيت ئیلالخه‌ليج ناگۆڕمه‌وه‌ و  مایه‌ی شانازیشمه‌ ساڵانێکی دوورو درێژ، له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌ره‌ نه‌به‌زه‌کانمدا، ڕۆژی ڕووناکمان له‌ سوپای عاره‌بی داگیرکه‌ری کوردستان کردبووه‌ شه‌وه‌زه‌نگ و به‌ چاوی خۆم تاوانه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌کانی به‌عسم دیوه‌،  ئه‌و هه‌قه‌م نه‌داوه‌ که‌ له‌ عاره‌بی شوڤێنی خراپتر، شینی سه‌دام بگێڕیت!  ئه‌و نووسه‌ره‌ عاره‌به‌ دژ به‌کوردانه‌ که‌م نیین که‌ ڕۆژانه‌ له‌ سایت و رۆژنامه‌ عاره‌بییه‌کانه‌وه‌ ژاری ڕه‌گه‌زپه‌رستییان به‌سه‌رماندا هه‌ڵده‌ڕێژن، تاکو جه‌نابیشتیان بێته‌ سه‌ر!
تکایه‌ ته‌نها چاوێک به‌و کۆمێنتانه‌ی له‌سه‌و وتاره‌که‌ت نووسراون، بخشێنه‌وه‌ و تێبگه‌ و بزانه‌ ئاستی هزریی  ئه‌و برا عاره‌بانه‌ گه‌یشتۆته‌ کوێ و ئه‌و ده‌م له‌ به‌رامبه‌ر تارمایی شه‌هیدانی ئه‌نفالدا شه‌رم بتگرێ!

بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ی عه‌لی سیرینی بڕوانه‌ ئه‌م ناونیشانه‌
http://www.elaph.com/ElaphWeb/AsdaElaph/2008/1/297021.htm

 

Previous
Next

Leave a Reply