Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ….به‌ندی عه‌لی

Be First!
by March 15, 2008 ئەدەب

له‌پێده‌شتی شاره‌زوورا
باخێک هه‌بوو،وێنه‌ی به‌هه‌شت
چريكه‌ی پاساريه‌كانی
ئه‌گه‌یشته‌ گوێی بنارو ده‌شت
 
گوڵه‌كانی له‌پرچی خۆر
يه‌كی ڕه‌نگێكيان گرتبوو
گوڵاوی شيرينی عه‌شقيان
ئه‌ڕشته‌ سه‌ر لێوی هه‌موو
 
به‌هار له‌وێ کاتێ ئه‌هات
ژيان ئه‌بوو به‌ڤيستيڤاڵَ
په‌پووله‌ سه‌رچۆپی ئه‌گرت
به‌نه‌شئه‌ی شمشاڵی شه‌ماڵ
 
له‌نێو بێشكه‌ی گژو گيادا
له‌گه‌ڵَ چرپه‌ی نه‌رمی كانی
سروشت كۆرپه‌ی دڵی ئه‌نواند
شه‌وانی پڕ سيحرو جوانی
 
ئه‌و ڕۆژانه‌ عه‌بابه‌يلێ
ميحرابی نوێژی دونيا بوو
له‌ده‌روازه‌ی عه‌رشی خوايا
كانی عاشقان پرسگا بوو
 
ئه‌و ڕۆژانه‌ سه‌رگوزشته‌ی
خه‌وێکی ئه‌رخه‌وانی بوون
له‌گه‌ڵَ بۆنی سێوی غه‌درا
كاتێ ئه‌و هات ئه‌مانيش چوون
 
شانزه‌ وه‌رزی نه‌وبه‌هاره‌
ژه‌هری مه‌رگه‌ساتێكی تاڵ
له‌لێوی ووشكه‌ڵاتوومان
نابێته‌وه‌ ساڵ به‌دوی ساڵ
 
بۆته‌ ئايين له‌لای ئێمه‌
پێش هه‌موو نه‌ورۆزێكی نوێ
چرۆی فرمێسك له‌چاومانا
ئه‌بێ ديسان بپشكوێ
 
له‌هه‌ر چاوێ چه‌پکێ له‌گوڵ
ئه‌هۆنمه‌وه‌ وه‌ك تاجی سه‌ر
بۆ هه‌لَه‌بجه‌ی باخی عیشق و
بۆ كۆرپه‌که‌ی كۆشی خاوه‌ر
 

ئه‌و برينه‌ ته‌ڕه‌ی مێژوو
له‌دڵمانا ووشك نابێ
‌گه‌ر ئاگری کووره‌ی سه‌قه‌ر
له‌گشت لاوه‌ ده‌وری دابێ
 
له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌موو ساڵێ
به‌هار به‌ئاخ ده‌ست پێ ئه‌كه‌ين
له‌و ڕۆژه‌وه‌ چاوی دنیاش
ئه‌مانبينێ كه‌ئێمه‌ هه‌ين


Previous
Next

Leave a Reply