Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بۆ یەکەمجار تەواوی بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز، بڵاودەکرێنەوە!

بۆ یەکەمجار تەواوی بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز، بڵاودەکرێنەوە!

Closed
by September 19, 2012 گشتی

 

 

لە١٠ ی ئەیلوولی ٢٠١٢، بی بی سی، لەڕێگەی تۆری ئەلەکترۆنی تایبەت بەدامەزراوەکەیەوە بڵاوی کردەوە کەبەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز بۆ یەکەمین جار بڵاودەکرێنەوە، ئەم کاره‌ش به‌دوای دەیان ساڵ له‌حوکمڕانی بەناو سۆسیالیستی سۆڤیەت وئەوروپای ڕۆژهەلات وپاش زیاتر لەسەد ساڵ لەمەرگی ئەو دوو گەورە فەیلەسوف وئابووری ناس وسیاسەت ناسە، دێت. 

یەکەمین رستەی کتێبی (مانیفێستی کۆمۆنیست) بریتی بوو لەمە: “تارماییەک ئەوروپای داگرتووە، تارمایی کۆمۆنیزم” ئەم کتێبە نووسراوی کارڵ مارکس وفردریک ئەنگلزە کەلە مانگی شوباتی ١٨٤٨ دا لە لەندەن بڵاوبوەوە و وەرگێڕدراوەته‌ سه‌ر زۆربەی زمانەکانی جیهان. جێگەی سەرسوڕمانە کەتائێستا تەواوی بەرهەم ونووسینەکانی ئەم دوو کەڵە بیرمەندە کە ڕووخساری دونیایان گۆڕی بڵاونەکراونەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجیشە نزیکەی سەد وسی ساڵ بەسەر مەرگی مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) و ١١٧ساڵیش بەسەرمەرگی ئەنگلز(١٨٢٠-١٨٩٥) دا تێدەپەڕێ. 

لەسەرەتای سەدەی بیستدا هەندێک هەوڵدرا بۆ بلاوکردنەوەی بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز، بەم شێوەیەش دەستکرا بە بڵاوکردنەوەی ٤٢ بەرگی بەرهەمەکانیان لەمۆسکۆ، لەلایەن دامەزراوەی مارکس-ئەنگلزەوە و١٤ بەرگیان لێ بڵاوکرایەوە. بەڵام ئەم پڕۆژەیە لەساڵی ١٩٣٥دا ڕاگیرا بەفەرمانی ستالین وبەرێوبەری بەرپرسی ئەم کارە ئیعدام کرا و هاوکارەکانیشی نێردران بۆ ئۆردوگای کاری ئیجباری و بێ سەروشوێن کران. لەساڵی ١٩٥٣دا دوو دامەزراوەی حزبی بەناوی “دامەزراوەی مارکسیزم-لینینیزم” لەبەرلینی ڕۆژهەلات ومۆسکۆ دامەزرا ودەستیان کردەوە بەبڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز. بەلام لەبەرئەوەی حزبی شیوعی سۆڤێتی ئارەزووی بەبڵاوکردنەوەی نووسراوی مێژوویی و ڕەخنەگرانەی نەدەکرد ئەم پڕۆژەیە بەردەوام نەبوو. لەساڵی ١٩٦٤دا خرۆشۆف ڕێگەیدا بەبڵاوکردنەوەی کۆمەڵە بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز ویەکەمین بەرگی بەشێوەیەکی تاقیکاری لەساڵی١٩٧٢ لێ بڵاوکرایەوە. وە تاساڵی ١٩٩٠، ساڵی یەکگرتنەوەی هەردوو پارچەکەی ئەڵمانیا، کۆی ٣٦ بەرگی لێ بڵاوکرایەوە.ئەگەرچی بڕیار وابوو کەبەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز بەتەواوی بڵاوبکرێتەوە بەبێ سانسۆر، لەگەڵ ڕوونکردنەوەو کۆمێنتی پێویستدا، بەلام پێشووتاری ئەم بەرگانە لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژی حزبی شیوعی سۆڤێتیدا بوون و تێکستەکانیش تەواو نەبوون. پاش ڕووخانی دیواری بەرلین وا پێدەچوو کە چارەنووسی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز بەکۆتایی گەیشتبێت بەڵام لەساڵی١٩٩٠ وبەدەست پێشخەری”ئینستیتووی نێودەوڵەتی مێژووی کۆمەلایەتی” لەئەمستردام مارکس شناسە ئەوروپایی وئەمریکایی و یابانیەکان دامەزراوەیەکیان پێکهێنا بەناوی”دامەزراوەی نێودەولەتی مارکس- ئەنگلز” تابۆ یەکەمین جار ئەرکی بڵاوکردنەوەی تەواوی بەرهەم وکارەکانی مارکس وئەنگلز بەبێ کەم وکووڕی بگرێتە ئەستۆ. کاری ئەم دامەزراوەیە بریتی بوولە: 

1/ وەفاداری تەواوی بەتێکستە ئەسلیەکان.

2/ بڵاوکردنەوەی تەواوی هەموو ڤێرژنەکانی هەر بەرهەمێک.

3/ بڵاوکردنەوەی هەر تێکستێکت بەزمانی ئەسڵی. واتە ئەو زمانەی کەپێ ی نووسراوە.

4/ ڕوونکردنەوەو کۆمێنتی دوورودرێژ بۆ هەر بەرهەمێک بەدامەزراندنی(مێگا)کە یەکێک لەگەورەترین پڕۆژەکانی لێکۆلینەوەو بڵاوکردنەوەیه‌، لەتەواوی دونیادا. مێگا تەنها کاری دووبارە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز نەبوو، بەڵکو کاری بڵاوکردنەوەی کارو بەرهەمی بڵاونەکراوەی تر وچاک کردنەوەی هەڵەی بەرهەمی تریش بوو.(مێگا) بەچوار بەش دابەش بووە:

1/ بەرهەمەکان، ووتارەکان، پێش نووسەکان.

2/ سەرمایە و پێشەکیەکانی.

3/ نامەکان.

4/ یاداشت و تێ بینیەکان، دەست نووسەکان، پەراوێزنووسیەکان. 

سەرەتا بڕیار وابوو کەبەرهەمەکان لە ١٦٤ دەورەی دوو بەرگیدا بڵاوبکرێنەوە کەکەم کرایەوەو کرا بە١١٤ دەورە وە تا ئێستا ٥٩ دەورەیان لێبڵاوکراوه‌تەوە. هەردەورەیەک ٧٠٠ تا ١٦٠٠ لاپەڕەیە ولە دوو کتێب پێک هاتووە. بەشی یەکەمی ئەم کتێبە بڵاوکراوانە، بریتی بوون لەتەواوی بەرهەمە فەلسەفی، ئابووری وسیاسی و ووتارە تەواوکراو و تەواونەکراوەکان. هەروەها ووتارەکانی مارکس وئەنگلز لەدووتوێی ئەم بڵاوکراوانەدا بوون کەبە فەوتاو لەقەڵەم دەدران کەلە مێژ بوو پەیوەست بوونیان بەمارکس و ئەنگلزەوە جێگەی باس ولێکۆلینەوە بوون. بەشی دووەمی ئەم کتێبانە “سەرمایە” ی لە خۆگرتبوو لەگەڵ دەستنووس وخەتی خودی مارکس لەگەڵ تەواوی نوسخە جیاجیا چاپکراوەکاندا. لەم بەشە تائێستا ١٥ دەورەی لێ بڵاوکراوەتەوە. بەشی سێهەمی کتێبەکان پێکهاتووە لەنامەکانی خودی مارکس وئەنگلز بۆ کەسانی تریان نووسیوە یا کەسانی تر بۆ ئەو دووەیان نووسیوە، لە٣٥ دەورەی ئەم کۆمەڵە بەرهەمە١٢ بەرگ بەچاپ گەیەنراوە. لە بەشێ چوارەمدا دەفتەری یادداشتەکانی کۆکراوەتەوە کەزۆربەیان بۆیەکەمین جارە بڵاودەکرێنەوە. بەڕێوەبەرانی میگا پێشبینی دەکەن کەکارەکانیان٣٠ تا٣٥ساڵ درێژە بکێشێ گەرچی بودجەکەی تاساڵی٢٠١٥ پەسەندکراوە. ڕوونکردنەوەکان وکۆمێنتەکان دەردەکەون لەم بەشەی مێژووی کاروبەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز لەشکڵ وشێوەگرتنی فیکر وئەندێشەیان تا پێگەیشتنی وبەچاپ گەیاندنی تێکستەکان. ئەمەش شێوە کاری مارکس وئەنگلز پیشان دەدات وتێکستەکان لەسەر بنەمای مێژوویی –سیاسی دەخاتەڕوو. ئەم نموونەیەی خوارەوە گرنگی ئەو ڕوونکردنەوەو کۆمێنتانەدەردەخات: 

مارکس لەدەورانێکیدا خەریکی خوێندنەوەیەکی زۆر وبەرینی تازەترین داهێنانەکانی زانستی زەوی ناسی، کیمیا، ماتماتیک وزیندەوەرزانی بووە. ڕوونکردنەوەو کۆمێنتەکانی مارکس تەنها سەبارەت بەزەوی ناسی دەگاتە ١٠٠٠ لاپەڕە. ئەو تەنها بۆ نووسینی٥٠ لاپەڕە لەزنجیرە ووتارێکدا سەبارەت بە “ئیسپانیای شۆڕشگێر”پەڕتووکی٣٦نووسەری بەپێنج زمان خوێندۆتەوە و٧٥ لاپەڕەی لەتێبینیەکانی نووسیوەتەوە. مارکس تەنها بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دەرامەتێکی جێگیری هەبوو. درێژترین ماوەیەک کەدەرامەتێکی جێگیری هەبووە، کاتێک بووە کەبۆ ماوەی چوار ساڵ کاری کردووە لەنیویورک تریبوندا، کەگەورەترین ڕۆژنامەی ڕۆژگاری خۆی بوو. 

مارکس قەیرانی ئابووری ساڵی١٨٥٧ بەیەکەمین قەیرانی ئابووری سەراسەری وهەمەلایەنە لەقەڵەم دەدات و بەدەورانێکی زۆر سەختی ناوزەد کردووه‌. پاش بڵاوبوونەوەی بەرگی یەکەمی’سەرمایە’ لەساڵی١٨٦٧دا، مارکس خەریکی نووسینی تێبینیەکانی دەبێت کەتایبەت دەبن بەبەرگی دووەم وسێیەمی’سەرمایە’. وە لەهەمانکاتدا دەکەوێتە بیری چاوخشاندنەوەیەکی تەواو بەبەرگی یەکەمیدا. ئەنگلز پاش مەرگی مارکس دەستنووسەکانی ئەو کۆدەکاتەوە ولە بەرگی دووەم وسێیەمی’ سەرمایە’دا بڵاوی دەکاتەوە، بەلام(مێگا) بەبڵاوکردنەوەی دەورەی ١٥ بەرگی ‘سەرمایە’ پیشانی دەدات کەئەم بەرهەمە سێ بەرگ نەبووە وئەوەی لەوەو پێش بڵاوکراوەتەوە کۆمەڵێکی زۆر لەدەستخەت ودەستنووسە تێکەڵەکانی مارکسە کەبەرهەمی٢٠ ساڵ کارکردن بووە. هەروەها ڕوونکردنەوەو کۆمێنتەکانی(مێگا) دەربارەی ‘سەرمایە’ ڕوونی دەکاتەوە کەئەنگلز تەنیا لەبەرگی دووەمی’سەرمایە’دا ٥٠٠٠جار دەستی وەرداوەتە تێکستەکەوە. مارکس وئەنگلز لەماوەی ٦٠ ساڵدا لەگەڵ ٢٠٠٠ کەسدا نامە نووسینیان بووە کەبە گشتی ئەوکەسانە کەسانی پەنابەربوون یاخەڵکی ووڵاتی جیاجیای دونیا بوون، وە لەکۆدا ٤٠٠٠ نامەیان نووسیوە ودە هەزار نامەیان بۆ نووسراوە.نامەکانیان کەم و زۆر بەتەواوی بڵاوکراونەتەوە ئەوانەی کەناردوویانن بۆ خەڵک، لەحاڵێکدا زۆربەی زۆری ئەونامانەی کەبۆ ئەوان نووسراوە لە مۆسکۆیە وهێشتا بڵاونەکراونەتەوە. نزیکه‌ی دوو لەسەر سێی باقی بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز لەئەمستردامه‌ ویەک لەسەر سێی تری لەمۆسکۆ هەڵگیراوە. 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.