Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بیابان

بیابان

Closed
by April 12, 2008 ئەدەب

پێشکه‌شه‌ به‌ نه‌وه‌ی دوای ئه‌نفال

ن: ناسر حەقپەرەست…….

لە درزى نێوان پەردە و لێوارى دیوارى پەنجەرەکەوە، تیشکێکى زەرد خەتى خستبووە سپیایى میچى ژورەکەى.
  ئەو کە چاوى بە رووناکى زۆر وەڕەز بوو دواى ماوەیەک جوڵەجوڵ وەخەبەر هات، دواى باوێشکدان و خۆکێشانەوە لە تەختەکەى هاتە خوارێ. ویستى پەردەکە بکێشى. خۆرێکى زەبەلاح و کەم ڕەنگى لە ئاسۆوە بەرچاو کەوت. لە حاڵەتى ئاسایى خۆى زۆر گەورەتر بوو…
  ئەوەیکە بەلایەوە گرنگ بوو، دەسپێکردنى ڕۆژێکى تازە بوو بۆ دووپات بوونەوەى ڕۆژان، مانگ و ساڵەکانى ڕابردووى.ش
  تەنیا شتێک کە لەو کاتەدا دەیتوانى بیرى لێ بکاتەوە گۆڕینى ئەو ژیانە بێ فەلسەفە و بەرهەمە بوو.
  زۆر بە بێزارى و بە توندى پەردەى ژوورەکەى کێشا، موبەریدەکەى خامۆش کرد، بەپەلە خۆى پێچاوە و ماڵەوەى جێ هێشت، لە کۆڵانەکەیان ڕەد بوو، بە کۆتایى شەقام گەیشت و لە شار هاتە دەر…
  یەکسەر، بیابان، گردى لمى، دڕک، تۆز و گەرمایەکى داهێزێنەر. خۆرێکى زەبەلاح و کەم نوور لە پشت سەرى و سێبەرێکى درێژ و ڕاست لە بەردەمى… زۆرى ڕێ کرد و تا دەهات سێبەرەکەى کورت تر دەبۆوە.
  لە ناکاو هاتەوە یادى کە لە کاتى منداڵى دا تەماشاى فیلمێکى کرد بووکە تێیدا تەیارەیەک بە چەند سەر نشینەوە، لە یەکێک لە بیابانەکانى ئەفریقا کەوتە خوارێ و لە گڵ چەقى. بۆ ئەوەى ڕێ دەرکەن و دەورى بیابان لێ نەدەنەوە، چەپەوانەیەکیان خستەبەر

خۆیانەوە و بە شوێنى دا ڕۆیشتن. چونکە ڕاستەکان پاى چەپیان کورتترە و ئەگەر لە بیابان دا زۆر ڕێ بکەن، ڕەنگە بتوانن بازنەیەکى گەورە دروستکەن و هیچى تر…
  لە دوورەوە گردە چکۆلانەکانى دەکردە نیشانە بۆ ئەوەى ڕاست بڕوا. تا ئێوارە کە خۆرە زەبەلاحەکە سور داگیرسا و لەو سەرى بیابان لە لمەکان رۆچوو، هەر ڕێى کرد.
  تەواو ماندوو ببوو تۆز و ئاڕەق بە روخساریەوە وشک ببۆوە نەیدەزانى چەند جار، بەڵام زیاتر لە 4 جار ئاویلکەى دیبوو، تروسکەى دەراوى کانییەک لە دوورەوە، دارێکى سەوز لە کەنارى…
  دواى ڕاکردن و هەناسە بڕکێیەکى زۆریش کە سەرى هەڵدەبڕى، تەنیا بیابان، لم و تەنیایى لە زەینى دا شکڵى دەگرت و دەهاتە بەر چاوى.
  هەروا کە دەڕۆیشت گەیشتە چەند کۆگا گڵێکى دەسکرد کە بە سەریانەوە چەند کوتە پەڕۆى کاڵەوە بوو و شیتاڵ شیتاڵ، بە دەم باوە دەشەکایەوە.
  ڕوى کردە کۆگا گڵەکان و لێیان نزیک بۆوە، سوچى چەند دانەیەکیانى کێشا لە پاش کەمێک دەرکێشان دەپچڕان. وەک ئەوەى لە ژێر گڵەکەشەوە دەستێک بیانکێشێت. هەروا کە بە ناو ئەو گردە چکۆلانە دا تێدەپەڕى چاوى بە ئێسقانى چەند پەنجە دەستێک کەوت کە تا مەچەک بە دەرەوە بوون. ئەنگوستیلەى جوان و شلەوە بووى نێوان قامکەکان سەرنجى راکێشاو بەرەو لایان چوو…
  زۆر بە ئارامى دەچووە پێشآ و ئاڵقەکانى دەردێنا، وەک ئەوەى، نەبا وەخەبەر بێن و مستیان بقوچێنن. زیاتر لە 7 ئەڵقەى کۆ کردبۆوە. یەکێک لەو ئەڵقانە تا رادەیەک سەرنجى راکێشا، بآ ئەوەى بیهەوێ ئەوانەى ترى لە دەست داکەوتن و تا توانى ئەو ئەڵقەیەى لە چاوى نزیک کردەوە.
  هەر ئەوەندە ئاشنا بوو کە باوەڕى نەدەکرد. لە دڵى خۆی دا دەیگوت: بڵێى ئەو کەسەى ژێر خۆڵەکەش هەر ئەو ڕەسمە بآ کە دایکم چەند جارێک بە دزى زڕباوکمەوە نیشانى داوم…
  رووناکى ئاسمان وردە وردە بەرەو لێڵى و تاریکى دەچوو. قەت ئەوەندە هەستى بە غەریبى و بآ دەسەڵاتى نەکردبوو. ئەسڵەن پێى وانەبوو دونیایەکى غەریبتر و نامۆتر لەو دونیایە هەیە کە لێى ڕای کردبوو…
  ئەڵقەکەى نایە گیرفانى، بە ئارامى ئاوڕێکى لە گۆڕەکان دایەوە و رۆیشت. لە درەنگانى ئێوارە دا زۆر بە زەحمەت توانى خۆى لە ناو یەکێک لەو گردە لمیانە دەرکێشێتەوە کە تازە با دروستى کردبوو. ئەوەندەى تریش هیلاک بوو…
  ئێستا لە دوورەوە شتێکى کەمێک بۆرتر لە خۆڵەکە دەجوڵاوە… بۆنى بە بن پنجە دڕکەکانەوە دەکرد و جارجارێکیش قەڵەمبازێکى کۆمێدى دەدا. بۆى ببوو بە فریشتەى نەجات. نەکا ونی بکات چاوى نەدەتروکاند.هەرواکە لێى نزیک بۆوە بۆى دەرکەوت کە رێوییە.
 – دەى حەتمەن ئەو فێڵبازە شوێنێک بۆ نان و ئاوى خۆى هەر شک دەبا…
  رێوییەکە کە دیتى هێندێکى قووتە قوت کرد و بە ئاستەم سڵى لێ برد، سەرى داخست و درێژەى بە مڵومۆکەى خۆى دا…وا دیار بوو لە بێدەسەڵاتى ئەو غەریبەیە تێگەیشتبوو.
  بە دڵخۆشیەکى زۆرەوە بە شوێن رێوییەکەدا کەوتە رآ، لە بەیانیەوە هێندە بە سەر ئەو گردە لمیانە دا سەرکەوتبوو و هاتبووە خوارێ ئەژنۆى ژانى دەکرد.
 لە تەواوى ماوەى رێکردنەکەى دا، هەمیشە پێى وابوو کەمتر لەو رێیەى پشت سەرى ماوە لە بەر دەمێتى. هەرگیز بیرى لە گەڕانەوە نەکرد بۆوە، بەڵام لە هەر هەنگاوێکى دا زیاتر گومانى لە بەردەم خۆى دەکرد…
  دوور و نزیک بە شوێن رێوییەکە دا رێى دەکرد، ببوو بە شەو تا دەهات مانگ پڕ رەنگتر دەبوو، سیماى بیابان لە ژێر شۆقى مانگ دا   تەواو گۆرا بوو، جار نا جارێکیش شنە بایەکى فێنک خۆى لە روخسارى دەسوو.
  خۆڵى ناو پێڵاوەکانى لە گەڵ ئارەقەى لاقى دا تەواو ببووە قور، قەیتانەکانى کردەوە و پێڵاوەکانى جێ هێشت. دواى ماوەیەک پانتاییەکى پڕ لە دڕکى زەردى لە بەر دەم خۆى دا دیت، بیرى لێرە نەکرد بۆوە. رێوییەکە هەروا بە قەڵەمباز بە ناو دڕکەکاندا گوزەرى دەکرد. بێ ئەوەیکە بتوانێ، وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە بدۆزێتەوە: ئەو رێوییە بۆ کوێ دەچێ؟ ناچار بە شوێنى دا ملى رێی گرت. تا رێیان دەکرد، پتر لە ناو دڕک و گژ و گیادا  ون دەبوون… لە دورەوە قیرەى بۆق دەهات. وەک ئەوەى دەورى ئەستێرێکیان دابێ.
  مانگە شەو لە سەر سەرى بوو، چەند سەعاتێک لە شەو تێپەر ببوو. قیرەى بۆقەکان تەواو ئارامى پێ بەخشیبوو.
  موبایلەکەى دەرهێنا.، زیاتر لە 10 sms ى بۆ هاتبوو و چەند جار زەنگیان بۆ لێدا بوو… لە بێ شەبەکەیى موبایلەکەى تەنیا دەورى سەعاتى دەبینى: یەک و 15 خولەک.
  لە نێو گژ و گیا بەرزەکاندا  رێوییەکەى لێ ونبوو. ئەمجارەیان کەوتە شوێن دەنگى بۆقەکان، تا نزیک تر دەبۆوە هەستى بە فێنکاییەکى زیاتر دەکرد.
  دەورانى منداڵى خۆى هاتبۆوە یاد، پەتێکى دەکردە ملى بۆقێکەوە یان مارمێلکەیەکى بە شوێن خۆى دا کێش دەکرد. لە بەر خۆیەوە پێکەنینى بەو دونیا پێچەوانەیەى ئێستا دەهات.
  دواى ماوەیەک بە قامیشەڵانێکى تەنک و بەرز گەیشت. دەنگى بۆقەکان لە ناو قامیشەکانەوە دەهات، قامیشەکانى لادەداو خۆى لە بۆقەکان نزیکتر دەکردەوە.
  لە زۆر شوێن پێى وابوو جێ پێکانى خاوە یا تەڕە، بەڵام هێشتاش هیچ دیار نەبوو. قامیشەڵانەکە چڕتر دەبۆوە. ئیتر دەنگى بۆقەکان ئەوەندە زۆر و بڵاو بوو نەیدەزانى شوێن کامیان بکەوێ.
  هەنگاو بە هەنگاو پێیەکانى پتر قوڕاوى دەبوون، خۆى لەوە خۆش کردبوو هەر ئێستا بگاتە رۆخى روبارەکە.
  ئەوەندە لە ناکاو هەر دوو پێیەکانى تا ئەژنۆ رۆ چوونە ناو لیتەوە، خۆشى باوەرى نەدەکرد. سەر تا پێى وا بوو دەبێ لێى رەد بێ، بەڵام تا هەنگاوى دەنا زیاتر تێ دەچەقى. ئەوە یەکەم جار بوو کە دەیویست بگەڕێتەوە… ئیتر درەنگ ببوو.
  کاتێک زانى کەوتۆتە باتڵاقەوە، بۆ ماوەیەکى کورت بێ ئەوەى بتوانێ بیر لە رزگار بوون بکاتەوە چاوى بڕیبووە مانگ کە گەیشتبووە ئەو سەرى ئاسمان. 
  تا ناو قەدى لە قوڕ چەقیبوو. نەیدەزانى چۆن خۆى بۆ مەرگ ئامادە بکا. لە دڵى خۆى دا دەیگوت: بەشکم ئەمەشیان هەر خەو بآ… تەواوى ژیانى وەک فیلمێکى سەریع بە بەر چاوى دا دەهات و دەچوو:
  سەردەمى منداڵى لە ئاواییەکەى ماڵى خاڵى، پۆلى قوتابخانە و ڕٍقى لە ناوى سیانى خۆى، چەند جارێک کە دایکى بە دزێوە ئەڵقەیەک و رەسمى باوکى نیشان دا، ئاخرین دیدارى خۆشەویستەکەى لە نەخۆشخانە ئەویش بە سوتاوى و نیوە گیانى…
  ئێستا تا ژێر چەنەى لە باتڵاقەکە چەقیبوو. پێى خۆش بوو بزانێ سەعات چەندە، کاتێک وەبیرى هاتەوە موبایلەکەى لە گیرفانى شەڵوارەکەى دایە، پەشیمان بۆوە. نەیدەویست دەستەکانى زوتر لەوەى کە دەبآ،  قوڕاوى بآ.
  بە ئارامى گوێى بۆ دەنگى سیسرکێک شل کردبوو، تەنیا شتێک کە دەیتوانى بیڵآ:( خۆزگەم بە خۆت) بوو.
  تا کات تێدەپەڕى زیاتر خۆى بۆ مەرگ ئامادە دەکرد. بۆ جارێکى تریش چاوى لە مانگ کردوو بە دەستەکانى توند چاوەکانى خۆى گرت.
  رەنگە دەیویست لەم جیهانە پان و بەرینە بیرەوەرییەکى جوانیش لەگەڵ خۆی دا بەرێتە تاریکستانى ئەو زەلکاوەوە.خەریک بوو دوایین هەناسەکانى هەڵدەکێشا، کەمێک قوڕٍ چووبووە ناو دەمیەوە نەیدەزانى چۆنى بکاتە دەرەوە… هەستى بە ئازارێکى زۆر و نامۆ دەکرد، ئیتر گەورەترین ئارەزوى ببووە زووتر مردن.
  لە ناکاو کە خەبەرى بۆوە، هەستى بە قورساییەکى زۆر دەکرد. لە بەر بێ کارەبایى موبریدەکە کارى نەدەکرد و جلەکانى لە ناو ئارەق دا خوسا بوون.  دەستى چەپى ئەوەندە لە ژێرخۆى دا نوشتابۆوە، سڕ ببوو. لە تەختەکەى هاتە خوارێ و یەکسەر ڕووى کردە پەنجەرەکە و پەردەى لادا. مانگ بە سەر شارەوە لەنگەرى گرتبوو، شەقامێکى چۆڵ و روناک، نیوە شەوێکى بێ دەنگ و ئارام بوو.
  زۆرى پێ خۆش بوو لە ماڵەوە دەرکەوێ و بە پیاسەوە تا بەرامبەر پەنجەرەى ئەو ژورەى کەوا خۆشەویستەکەى تێیدا بەستەرییە، بچێ. بەڵام هەرچییەکى دەکرد لەبەر وەخەبەر هاتنى زڕ باوکى بە جیڕەى دەرگاکان نەیدەوێرا ژورەکەى خۆى جێ بهێڵێً. نەشیدەوێرا بخەوێتەوە، نەوەک دیسانەوەش خەونێکى تر بەرۆکى پێ بگرێ یا ئەو خەونەى بە کۆتایی خۆى بگات.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.