Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

بێده‌نگى حیزبى شیوعى کوردستانیى!

Comments
by July 30, 2008 گشتی

 بێده‌نگى حیزبى شیوعى کوردستانیى!
 چر‌په‌چرپى دامه‌زراندنه‌وه‌ى (حیزبى شیوعى کوردستانیى)!!

 
 له ‌‌ڕوپه‌ڕى ڕۆژنامه ‌کو‌ردییه‌کان و له‌ ڕێگه‌ى تێلێفۆن و ئیمه‌یڵ ناردنه‌وه‌ بۆ هه‌ندێک له‌و هاوڕێیانه‌ى که‌ وازیان له‌ حیزب هێناوه ‌و ئه‌وانه‌ش که‌ به ‌تاڵه ‌موویه‌ک په‌یوه‌ندییان به‌ حیزبه‌وه‌ ماوه ‌و توڕه ‌و بێزارن له‌ سیاسه‌تى حیزبه‌که‌یان (حیزبی شیوعی کوردستانیی) ، (بانگه‌وازێک له‌ ده‌سته‌ى دامه‌زراندنه‌وه‌ى حیزبى شیوعى کوردستان)ه‌وه‌ بڵاوکراوه‌‌ته‌وه ‌و ڕیکڵامى بۆ ده‌کرێت! بانگه‌وازه‌که‌ باسی هه‌ندێک ناته‌واویى و که‌مترخه‌میى حیزبه‌که‌یان ئه‌کات هه‌روه‌ها لادان له‌ بیروباوه‌ڕی حیزبێکى شیوعیى و له‌ ئه‌رکى چینایه‌تیى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى (ڕێکخراوى هاوڕێ عه‌ره‌به‌کانى که‌رکوک و ڕێکخراوى کلدوئاشورى له‌ ئه‌لقۆش) که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندان و به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک سه‌ربه‌ حیزبى شیوعى کوردستانن و له‌ لایه‌ن حیزبى شیوعى عێراقه‌وه‌ داگیرکراون ، چۆکدادان و خۆپیاداهه‌ڵواسین  به‌ هه‌ر دوو حیزبى حوکمڕانه‌وه‌ و لابردنى وه‌زیره‌ ئێکسپایه‌ره‌که‌یان که‌ له‌ هه‌ر سێ کابینه‌که‌ی کوردستاندا وه‌ک چه‌رخوفه‌له‌ک بۆى تازه‌ئه‌کرێته‌وه‌ و کێشه‌ى بێده‌نگیى له ‌فایڵچیه‌کانى ناو حیزبه‌که‌ و…تد.
 ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌ له‌ بانگه‌وازه‌که‌دا ئه‌ڵێن پرسیارو پێشنیارى خۆتانمان بۆ بنێرن!
 – ئه‌م بانگه‌وازه‌ له‌ دواى کۆنگره‌ى چوار که ‌له ‌20-4-2008 دا به‌سترا و به‌ مێژووى کۆتایى حوزه‌یرانى 2008  بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ ، جێى پرسیاره. له‌پێش کۆنگره‌دا بۆ ڕانه‌گه‌یه‌نرا؟‌  ئه‌ى له‌پێش کۆنگره‌دا "حشک" ئه‌م ناته‌واوییانه‌ى نه‌بووه؟ له ‌کاتێکدا مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى ناته‌واوییه ماڵوێرانکه‌ره‌‌‌کان ئه‌‌‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى ساڵه‌کانى ڕاپه‌ڕین و پێش ڕاپه‌ڕین ، به‌ دانپیادانانى هاوڕێ ئه‌حمه‌د بانیخێڵانیى که‌ ئه‌ڵێت: له‌ پاش ڕاپه‌ڕین ئه‌و جێگایانه‌ى وه‌ک شار و شارۆچکه‌کان ‌و ده‌ستکه‌وته‌کانمان‌ له‌چه‌ک وته‌قه‌مه‌نی و گه‌لێک شتى تر دامانه‌وه‌ به ‌پارتی و یه‌کیه‌تى به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی که‌ %10ى ده‌ستکه‌وتى دارایى کوردستانمان پێبده‌ن! من لێم ‌پرسی: بیرتان له‌ حوکمڕانێتى نه‌کردبووه‌وه‌‌ ، له‌و شوێنانه‌ى‌ هاوڕێیانمان ئازادیان کردبوو وه‌ک حیزبه‌کانى تر؟ له‌ وه‌ڵامدا وتى :نه‌خێر بیرمان لێنه‌کردبووه‌وه! وتم ئه‌ى ساڵه‌هاى ساڵه‌ ئێمه‌ شۆڕش بۆ چ ئامانجێک ئه‌که‌ین؟ بۆ نیشتمانێکى ئازاد و گه‌لێکى به‌ختیار ، یان بۆ دۆلار و قه‌سر و زه‌وى و سه‌یاره‌ى به‌رپرسان! وه‌ڵامى نه‌بوو. لێره‌وه‌ حیزبى شیوعى عێراقى به‌ سه‌رکردایه‌تى هاوڕێ عه‌زیز محه‌مه‌د قوڕى خه‌ستى گرته‌وه‌ بۆ سه‌رى حیزب و گه‌ل و نیشتمان و بیروباوه‌ڕ و به‌رنامه‌ و پڕۆگرامى حیزب. ئه‌مڕۆ ئه‌بینین له‌%سفر که‌متریشیمان له‌ 6 میلیارد دۆلارى ئاشکرا ، بێجگه‌ له ‌بودجه‌ى ژێربه‌ژێرى ناو کوردستان! وه‌ک خێر ‌، پێمانئه‌درێت ، به ‌مه‌رجێک که‌ ‌نابێت حشک ورته‌ى لێوه‌بێت!
 – ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ر ناو و پله‌ى حیزبیى خۆیان ئاشکرا نه‌کردوه! داواش ئه‌که‌ن هاوڕێیانى توڕه‌ له‌حیزب به‌هانایانه‌وه‌ بچن و هاوسه‌نگه‌ریان بن! له‌ کوردستاندا نه‌سیستمى حوکم وه‌ک سه‌رده‌مى به‌عس پۆلیسییانه‌یه‌ و نه‌ حیزبى شیوعى کوردستانیش نهێنییه!‌ ئیتر بۆچى خۆیان کردووه‌ته‌ بیلالى حه‌به‌شیى و بانگ له‌ کوله‌که‌دا ئه‌ده‌ن؟ هۆی چییه؟ گوایه‌ سڵ له‌وه ئه‌که‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئاشکراببن پله‌و پایه‌ى حیزبییان ،‌ یان موچه‌ى مشه ‌و قه‌سر و زه‌ویى و ئه‌وتۆمۆبیل و نه‌سریه ‌وحیمایه ‌و فه‌رمانبه‌رێتى بێ ماندووبوون و بێ ئاره‌قڕشتنیان‌ له‌ناو باره‌گاکاندا له‌ده‌ستئه‌چێت! کورد وته‌نى خواشیان ئه‌وێت و خورماش. باوه‌ڕناکه‌م که‌سانى ئه‌و بانگه‌وازه‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌بن که‌ ساڵه‌هاى ساڵه‌ له‌ سه‌ربیروڕاى جیاوازیان له‌ گه‌ڵ حیزب به‌ربه‌ره‌کانى ئه‌کرێن و نایه‌ڵن به‌شداریى هیچ کۆنگره‌یه‌کى حشک بکه‌ن و ده‌نگ و ڕه‌نگیان هه‌بێت ، ‌یان ئه‌وانه‌بن که‌ به‌ جومله ‌ده‌ریانکردن که‌ ساڵه‌هاى ساڵه‌ به‌ ئه‌وپه‌ڕى له‌خۆبوردن و جورئه‌ته‌وه‌ ڕه‌خنه‌یان گرتووه‌ له‌ سه‌رکرده‌ سه‌پێنراوه‌ بێتواناکانى حشک و داواى به‌خۆداچوونه‌وه‌ى حیزبیان کردوه‌ و به ‌ناوى ئاشکراى خۆیانه‌وه ‌و به‌ نوسین و کتێب و سیمینار و له‌ناو کۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌کانى حیزبدا ڕه‌خنه‌ى خۆیان گرتووه. ئه‌وانه‌ له‌به‌رچاون و ناسراون ، ئه‌وانه‌ ئه‌رکى ماندوویینه‌ناسیى لاوێتیان له‌پێناوى بیناى حیزبه‌که‌یاندا به‌ختکردووه‌ و ئه‌مڕۆ وه‌ک تۆڵه‌لێکردنه‌وه‌ لێیان ، مه‌حرومیان کردوون له‌ هه‌موو مافێکى ماندوویینه‌ناسیى پێشمه‌رگایه‌تییان له‌ زه‌وى و ماڵنشینیى و گه‌لێک مافى تر. بۆیان هه‌یه ‌پرسیاربکه‌ن که‌ بۆچی له‌دواى کۆنگره‌ى چواره‌وه‌ ئه‌م بانگه‌وازه‌ ڕاگه‌یه‌نرا؟ پێویسته‌ به‌ جورئه‌ته‌وه‌ و به‌بێ نازناو خۆیان بناسێنن و وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ تا نه‌بنه‌ جێى گومان! ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیان نه‌بوو ئه‌وه‌ دور نیه‌ به‌ نێگه‌تیڤ بشکێته‌وه‌ به‌سه‌ریاندا ، ‌یان بیانه‌وێت له‌م ڕێگایه‌وه‌ حیزب ئیجبار بکه‌ن به‌رژه‌وه‌نده‌‌ زاتییه‌‌کانیان پێبدرێته‌وه‌! هه‌روه‌ها پێویسته‌ سه‌رکردایه‌تى حیزبیش وه‌ڵامى خۆى هه‌بێت ، ئه‌گه‌ر نه‌یبێت ئه‌وا ئه‌وه ‌ئه‌گه‌یه‌نێت که‌ هاوڕێیانى بانگه‌وازه‌که‌ سه‌نگێکى به‌رچاویان هه‌یه ‌و سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى حیزبى شیوعى کوردستانیی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هێڵى چینایه‌تى خۆیى و خۆى بپارێزێت له‌ خۆپیاداهه‌ڵواسین به‌ پارتی و یه‌کیه‌تى و ڕاگرتنى ده‌ستتێوه‌ردانى حیزبى شیوعى عێراقى که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێک پێى ناوترێت حیزبێکى شیوعى کوردستانى سه‌ربه‌خۆ ‌، به‌ڵکوو زه‌رنه‌قوته‌یه‌کى بێ په‌ڕوباڵى لاوازى ده‌مکرا‌وه‌ى برسیه‌ و  لێدوان له‌و باسه‌ش بڤه‌یه!
 – ئه‌م بانگه‌وازه‌ شێوازێکى نوێیه‌ له ‌مێژووى ئینقلاب و ته‌که‌تولدا ، ته‌نانه‌ت له‌ناو حیزبه‌ بۆرجوا و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشدا له‌و شێوه‌یه‌ ڕووینه‌داوه‌ که‌ که‌سێکى شکاتکه‌ر خۆى بشارێته‌وه‌ له‌حاکم و شاهیده‌کانی!
 – له‌ بانگه‌وازه‌که‌دا ‌دید و بۆچوونێکى فیکریى و چۆنیه‌تى دامه‌زراندنه‌وه‌ى حیزبى شیوعى کوردستانى (نوێ!) دیاریى نه‌کراوه‌! ئایا‌ له‌ ڕێگه‌ى کۆنگره‌یه‌کى فریاگوزارییه‌وه‌ بکرێت یان کۆنفرانسێک یان…تد!
 – حیزبێکى دابڕاو له‌ چینه‌که‌ى و له‌ جه‌ماوه‌ر‌ى زه‌حمه‌تکێشان "هه‌ر وه‌ک له‌بانگه‌وازه‌که‌دا هاتووه‌" ئه‌م هاوڕێیانه‌ش به‌شێکن له‌ ده‌ستڕۆیشتووانى ئه‌و حیزبه‌ و به‌رپرسن له‌و که‌موکوڕییانه‌ و ئه‌یانه‌وێت حیزبێکى شیوعى کوردستانى (من گراز جدید) دابڕێژنه‌وه!‌ به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک لێى نه‌دواون.
 – بانگه‌وازه‌که‌ خۆى نه‌داوه‌ له‌قه‌ره‌ى ئه‌و جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌ی له‌ناو حیزبى شیوعى کوردستاندا دروستبووه‌. باسى ئه‌وه‌ى لێئه‌کرێت میلیۆنێرى ‌دۆلاری تیادا دروست بووبێت. چینێکى خاوه‌ن موچه‌یه‌کى خه‌یاڵیى له‌ میلیۆن به‌ره‌و ژورتر و خاوه‌ن ده‌ستکه‌وتى تاڵانیى کۆن و زه‌ویى و خانووبه‌ره‌ى به‌نرخ و ئه‌وتۆمۆبیلى بریقه‌دارى مۆدێلی نوێ و نه‌سریه‌ى به‌نزین و حیمایه ‌و گه‌لێک ئیمتیازى تر ، له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ پاسه‌وان و شوفێر و حیمایه ‌و کارگێڕانى هه‌ژارى ناو باره‌گاکان. ئه‌م دوو چینه‌ له‌ شانه‌یه‌کى حیزبییدا کۆئه‌بنه‌وه‌!‌ ئاخۆ بیروڕا و بۆچوونیان و موعاناتیان هاوسه‌نگه‌؟  ئه‌ویان گرفتى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ مۆدێلى ئه‌وتۆمۆبیله‌که‌ى بگۆرێت و بلیتى ته‌یاره‌ى سه‌فاومه‌رواى ئه‌وروپا، ئه‌وى تریان له‌ بێئاویى و کاره‌با و گرانیى بازاڕ و دکتۆروده‌رمان و که‌میى موچه‌ى به‌ر سه‌رما و گه‌رما ئه‌دوێت! لێره‌دا پرسیارێک قوتئه‌بێته‌وه‌: حیزب وه‌ک کیانێک نوێنه‌رى ڕاستینه‌ى کامیانه؟ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى بانگه‌وازه‌که‌ له‌ چینه‌که‌ى سه‌ره‌وه‌یان بێت ئه‌وا با نه‌بێته‌ عه‌شه‌ره‌ى موبه‌شه‌ره‌که‌ى کۆنگره‌ى چوارى حیزبى شیوعى عێراقى له10/11/1985 له‌ گوندى مه‌رگه‌وه‌ڕى خوارو گیرا که‌ له‌سه‌ر ‌داواى هاوڕێ عه‌زیز محه‌مه‌د کرا که‌ ئاشکرابوون بووه‌ مایه‌ى شه‌رمه‌زاریى و پێشێلکردنى ڕێبازى دیموکراتیى له‌ناو حیزب و کۆنگره‌دا و ئاشکرابوونى مه‌به‌ستى ئه‌و ده‌ ئه‌ندامه‌ نه‌ناسراوانه‌،که‌ زۆرینه‌یان له‌کۆنگره‌که‌شدا ئاماده‌ نه‌بوون کرانه‌ ئه‌ندامى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیی داتاشراو ، ئه‌م باسه‌ وه‌ک ئه‌زمونێک بۆ ئه‌و بانگه‌وازه‌ لێى دوام ،خۆتان بناسێنن.
 
 قادر ڕه‌شید
 27/7/2008
 

Previous
Next

Leave a Reply