Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

بێگوناهم ئەی نیشتمان

Be First!
by April 29, 2012 ئەدەب

بێگوناهم لەو ماچانەی
باران رووی خاكی پێڕووشان
زەمەن لەگەڵ شنەی شەماڵی هەنگاوا
پەلكی داری لەتوێی زامی كەرتە شاخا
لەباڵای زەمین دابڕان
من ئەو كاتە ژوانیكم نەبوو
بۆ حاڵی بوون
لەخوێن و باڵای دارستان
زمانێك میوانداری بولبولێك و
لانەیەكی نەدەكردە ئەدرێسی
تەلبەندی سێوێك
لەپاڵ هەر بەردوو خاشاكێك
ناوێك نەبوو
بۆكیژێكی باڵا وەنەوز
بۆجوانی خاكی نیشتمان
بۆیە تاوان لەمن نییە
لەگەڵ ونبوونی هەتاوو
داگیرسانی جەستەی مانگا
دەست بۆ بەرۆكی ئاو بەرم
گوناە نییە لەگەل َ زەردی بەیانیانا
پرچی تاریكی بتاشم
بچمە سەر شانی ئاسمان و
ئەستێرەیەك بكەمە كڵاوی سەرم
كەعومری رەهام دەوەرێ‌
لەكوێ‌ بتوانم خەزان و كەسكی گەڵایەك
لەیەكتری ئاشناكەم
ئەشك و باران
لەسووری خوێن جوێكەمەوە
ماچ و گۆنا لەنێو یەكا بتوێنمەوە
كەدەرفەتێك نەبێت بۆچڵ
خۆی لەئاورنگێ‌ هەڵكێشێ‌
كەی دەتوانم بەنازی دارێك بسرەوم
نیگای گوڵێك بۆسێبەرێ‌ رامبكێشێ‌
لەتوانەوەی دانەی بارانێكا
بەرەو دەروونی ئەم خاكە رۆدەچم
گڵ دەبێتە كفن و بوونم
لەوەتەی سروشت بێزارە لەوەیشوومە
تاوێك لەگەڵ بادا دەمرم
ساتێك دەبمە گەردی ژێر خۆڵ
تاوێر نەما هەڵینەگرم
چیا نەما نەیكەمە كۆڵ
نەكەس لەژانم تێدەگاو
نەدەستێك ماندوێتیم دەردەكا
هەر بەدوای گوناهەكانا دەگەڕێم
خۆم ئەو گوناهەم
لەپەراسووی گوناهەوە لەدایكبووم
من ئەو ژانەم
بەنەمانی دونیاو مرۆ كۆتاییم دێ‌
ئاگرێكم بەئێسك و پروسك داگیرساوم
رۆژیك تەلبەندی زیندانم
تاوێك دەمكەن بەئاگردان
جارێك ناوم دەنێن مێژوو
هەندێ‌ جاریش دەبم بەتابلۆی نیشتمان
بێگوناهم لەوساتانەی پەروانەیەك ماچم دەكا
پەنجەكانی دەستێك
لەگەڵ گڕما دادەگیرسێن
كۆرپەی بایەك لەهەناوما وەنەوز دەدا
بەرامەی گوڵێك دەمدوێنێ‌
لێزمەی بارانێكی شەوان تەڕم دەكات
دەمباتە كەناری مردن
دەبمە هێڵی رەشی پەڕەو
گوڵدانی شیعری نێو كتێب
دەبم بەلانكی گوناە

Previous
Next

Leave a Reply