Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

بەختیار عەلى پیاوى خوێنەرە جیاوازەكان

Comments
by July 12, 2008 گشتی

 بابەتێكى بەڕێز توانا ئەمین-ى رۆژنامەنووس لە( دەنگەكان)دا بڵاوكرایەوە و پاش خوێندنەوەى بابەتەكەى، ئەوەى واى لێكردم ئەم بابەتەى لەسەر بنووسم، چۆنیەتى هێنان و بردن و مراوەغەكردن و بەكارهێنانى تەكتیكە رۆژنامەنووسیەكانێتى كەلەڕێى كاركردنى لەرۆژنامەكاندا ناوبراو فێرى بووە بۆ خۆبردنە پێش، ئەگینا بابەتەكەى تابڵێى بابەتێكى سەتحییە و دوور و نزیك بەلاى دنیاى نوسەرێكى بەتواناى وەك ( بەختیار عەلى) دا نەچووە، لەهەمووشى سەیرتر هەرچەندە ئەو بەڕێزە باس لەوانە دەكات كەنوسینەكانى بەختیار عەلى-یان بۆقووت ناچێت و هەرچییەك بنووسێت، تۆمەتى دزینى بابەتەكانى ئێستا و داهاتووى دەخەنە پاڵ، بەڵام لەهەمان كاتیشدا خودى( توانا ئەمین) یەكێكە لەوانەى كەدەقی جیددى و جوانى هیچ نووسەرێكى بۆ قووت ناچێت و لێرەو لەوآ كارى ئەو بەڕێزە ئاماژەدانە بەدزینى ئەم بابەت و ئەو بابەتى نوسەرانى بەتوانا و جیددى، بەنوسینەكانى( بەختیار عەلى) یشەوە، رەنگە هەبێت بەخوێندنەوەى ئەو بابەتەى ( توانا ئەمین) عاجبایەتى بێت و بڵێت مەسەلە چییە؟ وا كەسێك كە نوسینەكانى ( بەختیار عەلى) و نوسەرانى ترى كوردى پآ هەزم ناكرێت و كار و كردەوەى لێدانى ئەم و ئەوەو لەكاتێكدا ئەو زاتە جگە لەئەزمونێكى رۆژنامەنوسى كەمخایەن خاوەنى هیچ تێفكرین و تەنزیر و هیچ مەودایەكى ترى نوسین نییە و رەنگە باشترین بابەتیشى ئەوە بێت كەلە(ئەدەب و هونەر)ى (كوردستانى نوآ)دا بڵاویكردبێتەوە كەباس لەكرێچێتیى و بێپارەیى و بارو دۆخى خراپى خۆى دەكات و جۆرێك لەپاڕانەوەو لاڵانەوەو دادا بێداد لەخۆ دەگرێت تا نوسەرانێكى دوورە وڵات پیتاكى بۆ كۆبكەنەوە، لێرەدا هیچ مەبەستێكمان لەلێدانى كەسایەتى ئەو بەڕێزە نییە، بەڵام ئەمە بابەتێكە كەبەبآ ئەوەى بچێتە هیچ خانەیەكى ئەدەبى و فیكرییەوە، لە ئەدەب و هونەر-ى كوردستانى نوآ-دا بڵاویكردۆتەوە، شایەنى باسە بابەتێكى لەو  چەشنە ئەكرێت وەك سكاڵایەك بۆ كار بەدەستان بەرز بكرێتەوە نەك لەئەدەب و هونەرى كوردستانى نوآ-دا بڵاوبكرێتەوەو مەبەست راكێشانى هەست و سۆزى نووسەران بێت. بەهەرحالأ مەبەستى ئێمە لەوەدایە ئەو بەڕێزە بەپێى وتەیەكى عەرەبى كار دەكات و كارى بەوە مەیسەر دەبێت( كلمە حق یراد بە الباتل ).. توانا-ى رۆژنامەنوس لەباتەكەیدا باس لەوە ئەكات كەیەكێك لەو چەمكانەى دونیاى گفتوگۆ و نوسین (جیاوازى)یە، بەڵام بەڕاى بەڕێزى ئەم جیاوازییە خودى جیاوازى خۆى نییە، واتە وەك ئەڵآ ئەمە جیاوازى لۆژیكى نییە لەسەر ئاست و پلەبەندییەكى دروست… كاڵفامى و سەتحییەت لەم بۆچوونەدا هەیە، نازانین لاى ئەو جیاوازى لۆژیكى و دروست چییە، واتە لۆژیك لاى ئەو پێودانگە و شتێكى رەهایە، كەوابێتیش نازانین چۆن ماف بەخۆى ئەدات وەك كەسێكى جیاواز خۆى بخاتە روو، چونكە تەنها ئەو تێڕوانینە بەسە بۆئەوەى لەوە حاڵى ببین كە توانا هەمان بیركردنەوەى نوسەر تەقلیدییەكانى شەست و حەفتاكانى هەیە و تازە باسى جیاوازى و لۆژیك-یمان بۆ ئەكات و دەرسى ئەخلاقیمان دائەدات كەگوایە چۆن ئەبێت بەختیار بخوێنینەوە یان نەیخوێنینەوە. لەكاتێكدا ئەو بەڕێزە لەنوسینێكیدا شار بەسۆزانى وەسف دەكات، ئەگەر واز لەتێڕوانینى بۆ شار بهێنین و بچینە سەر وشەى سۆزانى كەدیارە سەربارى تەقلیدى بوونى، وشەیەكى نغرۆیە لەتێڕوانینێكى سەلەفیانە و نێر سالاریانە ئەگینا، ئەو مێینانەى ئەو بەناونانیان بەسۆزانى قێزەوەنییان دەردەخات و دەرسێكى ئەخلاقیمان دائەدات، لەراستیدا هەموو ئەو مێینانە تەنها لەشیان شك ئەبەن تا بیفرۆشن و بەسووك سەیركردنیان پەیوەستە بەئەقڵیەتییەكى دواكەوتووانەى كۆنەخوازەوە. 
 توانا-ى رۆژنامەنوس ئەڵآ( پرسیارى زیندوو ئەوەیە ئەوان چییان وت؟ چییان خستە سەر دونیابینى و ئەبیستمى بەختیار و خوێنەرەكانى؟).. هەر كەسێك ئەمە بخوێنێتەوە لەبەد حاڵى بوونى ئەو بەڕێزە حاڵى ئەبآ سەبارەت بەخوێندەوەو خوێنەران، لەدنیادا هیچ نوسەرێكى جیددى چاوى لەوە نییە راو بۆچوونى خوێنەران و تەنانەتیش رەخنەگرانیش كار بكەنە سەر ئەوەى كەدەینوسن، چ جاى خستنەسەر بۆ دونیابینى و شتى لەو بابەتە، نوسەرێكى وەك بەختیار عەلى كەئەنوسێت، چ كارى بەوەیە ئەم و ئەو خوێنەر چۆنى تێئەڕوانن، ئەوە نوسەرانى سەتحییى نوسن كەلەسەر قسەو بۆچوونى ئەم و ئەو درێژە بەكردەى نوسین ئەدەن. هەر بۆنمونە نوسەرێكى سەتحى نوسى وەك ( ماكسیم گۆركى) كاتێك رۆمانى (دایك) ئەنوسێت، پیشانى (لەنین)ى ئەدات و پاش ئەوەى (لەنین) سآ جار پێى باش نابێت، دواجار (ماكسیم) ئەوە ئەنوسێت كە( لەنین) مەبەستیەتى، بەو پێیەش لەجێى ئەوەى دەقێكى زیندوو بنوسێت دەقێك ئەنوسێت پاش بەسەرچونى سەردەمەكەى ناخوێنرێتەوە. بەختیار و نوسەر جددییەكانى ترى كورد لەو چەشنەنین بۆ ئێستا و قایل كردنى ئەم خوێنەر و ئەو خوێنەر بنوسن.
 توانا ئەڵێ( لەراستیدا دەمێكە من لەبیرى ئەوەدام وتارێك لەمەڕ ئەم بابەتە بنوسم، لەسەر تێگەیشتنوباسكردنى بەختیار عەلى وەك خۆیو بەختیار عەلى وەك ئەوەى كەهەیە).. ئەمە ئەو پەڕى چەواشەكاریى و گەمەكردنە بەوشە بۆ شێواندنى بەختیار عەلى، ئەگینا چ مانایەكى هەیە تۆ بێیت و بڵێى بەختیار عەلى وەك خۆى و وەك ئەوەى كەهەیە..ئەمە جیاكردنەوە شیزۆفرینانە بۆ كەسایەتیەكى وەك بەختیار، هەوڵدانێكە بۆ لێدانێكى شاراوەى ئەو نوسەرە، وەك لەسەرەتادا ئاماژەمان پێدا( كلمە حق یراد بە الباتل)، تەوەرەى سەرەكى كاكردنى توانایە، نەك هەر لەم نوسینەیدا بەڵكو لەسەرجەم نوسینە سەتحییەكانى تریشیدا، دیارە كارى رۆژنامەگەرى زۆر كارى كردۆتە سەر قووڵ رۆچوونى ئەم عەزیزە بۆ ناو قوڵایى و حاڵى بوون لەوەى كەهەیە، كاتێك كەئەڵێت (دەمێكە من لەبیرى ئەوەدام وتارێك لەمەڕ ئەم بابەتە بنوسم).. یەكێكى بێئاگا لەمەرامى توانا رەنگە پێى وابێت، بەڕاستى ماوەیەكى زۆر خەریكى خوێندنەوەو راڤەكردنى دەقەكانى بەختیار بووبێت و پاش فامكردنێكى قووڵ و بونى راستەقینانەى دونیایەك پشێوى و راى جیاواز سەبارەت بەختیار واى كردبێت ئەم بێت و بۆ راستكردنەوەى ئەوەى هەیە بەئیقاعى ستوونە وتارێكى سەرزارەكى راستى بكاتەوە، لەكاتێكدا ئەو بەڕێزە جگە لەسەراسیمەبوونى بەناوى بەختیار و هەوڵدانى بۆ خێراترین رێگەى خۆ ناساندنى بەنێوەندى ئەدەبى هیچى ترى نەكردووە، زیرەكانە باشترین رێگەى خۆهێنانەپێشى هەڵبژاردووە، لەكاتێكدا هیچى پآ نییە بیڵێت و پارێزكارانەو تەوفیقییانە لەكۆتایدا ئەڵێت( بەو هیوایەى لەجێگایەكى تردا بتوانین قسەیان لەبارەوە بكەین و ئەم ستونەش ئێمە نەخاتە هیچ بەرەیەك نەلەدۆستە مەزاجیو نە لەدوژمنە سەرپێیەكانى بەختیار عەلى-ییەوە).. هەر خوێنەرێكى وریا سەرجەم ستونەكەو بەتایبەتیش ئەم كۆتاییە ببینێت لەوە تێئەگات، كە توانا چ نایەوێت هیچ بەرەیەك كەبەخەیاڵى خۆى هەن و پۆلێنى كردوون لێى بڕەنجێن و چ مەبەستیەتى بڵێت من زۆر جیاوازم و بەدەر لەوەى كەهەیە لێى تێگەیشتووم.
 ئەگەر بێینە سەر ئەوەى خوێنەران پۆلێن ئەكرێن یان نا، تائێستا لەئەدەبیاتى جیهانیدا كارێكى لەو چەشنە نەكراوە بۆ خوێنەرانى ( دۆستۆڤسكى و كامۆ و سارتەر و ماركیز و بۆرخیس) و ئەوانى تر، ئەوان نوسەرانێكى جدى-ین و هەموو خوێنەران ئازادن لەوەى دەیانخوێننەوە یان نایانخوێننەوە، هیچ عەیبێك لەوەدا نییە هەبن شەیداى دونیاى ئەو نوسەرانە بن، یان هەبن ئەدەبیاتى ئەوانیان پآ قبوڵنەكردێت، یان هەبن دژایەتیان بكەن و بەخراپ لەسەریان بنوسن و هتد..
 ئەمانە هەموى ئاساییە بەڵام ئاسایى نییە تۆ بۆ مەبەستێك بێیت و خوێنەرانى بەختیار پۆلێن بكەیت و لەنێو هەموو ئەوانەى كەدەیخوێننەوە گوایە تەنها كەسانێكى وەك خۆتان دەكارێت لێى تێگەیشتبێتن و پەنجەى تاوانباركردن بۆ ئەوانەى تر رابكێشیت. ئەوەشمان لەیاد نەچێت خوێنەر توێژێكى دیاریكراو نییەو نێوەندى خوێندنەوە شتێك نییە قۆرخ بكرێت، ئەوەى كەنوسەرە باشەكانى كورد دەخوێنێـتەوە بەختیار-یش دەخوێنێتەوەو پێچەوانەى ئەمەش راستە، من وەك خۆم چێژ لەشیعرەكانى(  شێركۆ بێكەس) و ( بەختیار عەلى)یش دەبینم سەربارى جیاوازى دونیاى ئەو دوانە، هەر وەك چۆن چێژ لەرۆمانەكانى بەختیار ئەبینم ئاواش چێژ لەخوێندنەوەى چیرۆك و رۆمانەكانى نوسەرانى جددى تر ئەبینم بەتایبەتى ئەو نەوەیەى لەپاش راپەڕینەوە بابەتى نوسراویان بڵاوبۆتەوە.
 ئەو سەرنج و بۆچوونانەى كەلێرەدا دەرحەق بەنوسینەكەى توانا خستمانە روو، بەناچارى لەئاست سەتحییەتى بابەتەكەى ئەودا هێشتمانەوەو هیوادارین ئەو بەڕێزە لەجێى خۆدانى لەو بابەتانەى كەدەرەقەتى نایەت و لەجێى پڕوپاگەندەى خراپ بۆئەم نوسەر و ئەو نوسەرى بەتواناى كورد خۆى سەرقاڵى خوێندنەوەو نوسین بكات تا ئەو شوێنەى تواناى هەیەو ئەگینا خۆ كردنە ناو، بێجگە لەبەدەستهێنانى بژێوى و خۆ تەعین كردن لەم كەنالأ و ئەو رۆژنامە هیچ سودێكى نییە، خۆ ناساندن لەسەر شانى نوسەرانى ماندوو، نوسەرى بێتوانا ناگەیەنێتە هیچ شوێنێك و تەنها ماوەیەك ئەتوانآ خوێنەران لەخۆى كۆبكاتەوەو پاش كەشف بوونى گەمەكانى خوێنەرى جدى لێى ئەتەرێتەوەو ئەو دەم هەرچییەك بڵآ و بنوسێت بێسودە.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply