Skip to Content

Sunday, November 1st, 2020

بەرائەتێكی لەدایك نەبوو … صەڵاح قابیل

Be First!
by June 2, 2012 هۆنراوە

 

لەمەملەكەتی ئاوا بوونا
لەبەرائەتێك ئەگەڕام و
هەر چەندم كرد نەمتوانی
كۆرپەیەكیانم بۆ ڕانەكێشرا
ڕەگی ناحەقی پێوە نەبێت
كۆڵێكی پڕ سەفەر بەپشتمەوەیە
لەهەموو (دەی)یەكی ترا
وێنەی كونە پەپوو
سەر سووڕ ئەدەم و ئەگەڕێم
بەڵكوو (ڕێگرێك) دەركەوێ و
ئەم كاروانەم تاڵان كا
نانگیرانە بەدووی سەرابێكەوەم
نایخۆمەوە .
بیستومە دەڵێن كەمشتێكی
سەر تاسەری هاتووم ئەشواتەوە
جێمام و ئەزانم
لە دوا ڕەشی فنجانەكەی
(حەلیم)ئەچم و
هیچ فاڵچییەك نامخوێنێتەوە
حەز ئەكەم .
بەڵێ حەز ئەكەم ئەم ڕوحە
لێرەدا بنێژم
تاوەك جوانترین و
كورتترین تەمەنی هەبێت
تەمەنی گڵۆپەیەك
كە لە یەكەم ڕێبواری لافاوا
بەجێ دەمێنێ
حەز ئەكەم هەر لێرەدا
سوكترین (پەڵاش)بم
شەماڵی شاڵاوێك باڵم پێ بگرێ و
خواوەند بەدەستی خۆی
ئارامم كاتەوە
یا باری پەڕەسێلكەیەك بم
بمگوێزێتەوە و ئەم شارو
ئەو شارم پێ بكا
كێ ئەزانێ .
ڕەنگە لەگەڵ جوانترین
بچووی قەتیەكانا گەورە بم
ڕەنگە هەر خۆم
موسافرێكی بێ كۆڵ بم و
باڵم بۆ بڕەخسێ
ئەمە دڵدانەوەیە یاخوود
هێشتان لە سوباتێكی ناو جەنگام
سەربازێك تووشی بوبێ
یان لەخەوێكی یەكجار درێژام
دەورو بەر بڵێ
لەئەسحابولكەهف ئەچێ.
مەڕۆن مەڕۆن
گەر دۆستیش نەبم
خۆ بۆنێكی كوردم لێوە دێ
لە بەجێماوی كەشتییەكەی نووح ئەچم
هاودەمێكم بۆ نەبێ
هەر بۆیە نەوەیەكم بەرچاو ناكەوێ
نامەكەی دوێنێمی خستبێتە
ژێر سەرینەكەی خۆیەوە .
دەزانم ..
كە ڕزێكی ڕیشۆڵە بەسەرما دەڕۆن
بۆ ئاوڕێكم لێ نادەنەوە
هیندە پڕ كین و بەتاڵم لەبەرائەت
كەلەچاوی منا ئەوان
جوانترین خەڵقەكانی خواوەندن .
دەنگی دەفێ بەگوێم نایا
تۆ بڵێی ئەمە شیعر نەبێ
دروێشانە زیكرم پێ ئەكا .
كێ باوەڕ ئەكا بڵێم من
فرمێسكی ئەم شیعرەم
بەدیوانەكەی (غەمبار )سڕیوەتەوە
بڵێم حەزەكانم لەبچوكترین
كێڵگەی(حەموڕابی)تێر كردووە
كوا لەكوێن .دەوەرن
دەوەرن ئاواتەكانی منیش
لەگۆڕێكی بەكۆمەڵا بنێژن
خۆ ئێوە چەندین حەزی زیندووتان
زیندەچاڵ كرد.
بمبەن سەرم نوقمی چاڵێك كەن
بۆنی ئێستای لێ نەیەت
ڕەوانەم كەن بۆ دەمێك
پاسەوانی بەرائەتێك كەمدێ

18/4/2012

 

Previous
Next

Leave a Reply