Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
بەرپرس و رۆژنامەنووس

بەرپرس و رۆژنامەنووس

Closed
by June 15, 2009 گشتی

بەرپرس و رۆژنامەنووس
 باوكی نینا

 

 

هەندێك بەرپرس هەن، رۆژنامەنووس بە قەرزاری خۆیان و هاووڵاتی دەزانن، خۆیان كەمكار و كەمتەرخەمن و بەرگەی رەخنەكانی رۆژنامەوانیيش ناگرن، بۆیە زۆر پێویستە بەمجۆرە وەڵامی خۆیان وەربگرنەوە:
تۆ قەرزداری هەموو هاووڵاتییەكی، بە تایبەت قەرزداری ئەو خەڵكەی تووشی مالوێرانی و قوربانیدان و هەزاران مەینەتی بوونەتەوە، ئەو بەساڵاچووانەی كە بە درێژایی تەمەنیان هەوڵیان داوە و هەموو ئاواتەكانیان ئەوە بووە كە كوردستانی رزگاركراو (لە ژێر بندەستی داگیركەر) ببینن، كەچی ئێستا هیچ گەرەنتییەك بۆ دابینكردنی ژیانیان نییە.
تۆ قەرزاری ئەو میللەتە كەمدەرامەتەی كە لە سەر دەنگی ئەوان مووچەیەكی خەیاڵی وەر دەگری. تۆ قەرزاری ئەو هاووڵاتییانەی كە سەردانت دەكەن و ئەمڕۆ و سبەینێیان پێدەكەی.
تۆ قەرزداری ئەو رۆژنامەنووسەی كە زانیاری تەواوی پێنادەی و لێدوانی بۆ نادەیت، تا خەڵكی لێ ئاگادار بكاتەوە.
تۆ قەرزاری ئەو خەڵكەی كە لەسەر حیسابی ئەوان سەفەری دەرەوەی وڵات دەكەی، هەرچی شوێنی دڵڕفێنە دەیبینی، بەڵام سەردانی دایكە شەهید و ئاوارەیەك و گەڕەكێكی هەژار نشین ناكەی.
تۆ قەرزاری ئەو میللەتەكەی كە لەسەر حیسابی ئەوان، خاوەنی چەندین قەسر و ڤیلا و كۆمپانیای بازرگانیت.
لە لایەكی دیكەوە رۆژنامەنووسی وا هەیە، ناڵەی هەژاران و لێقەوماوانی ئەو گەلە ستەمدیدەیەی فەرامۆش كردووە، نازانێت چارەنووسی میللەت گەمەی پێناكرێت و بەختەوەری خەڵك پێویستە قوربانی بۆ بدرێ، خۆی دۆڕاندووە و بۆ وەرگرتنی پارچەیەك زەوی و هەندێك ئیمكاناتی ماددی، پاكی و نەزاهەی پیشەی خۆی بە تاقەوە ناوە، خاوەن رۆژنامەیە و بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بۆ رەوتێكی وەهمی و تازەدەرپەڕیو، كۆڵان بە كۆڵان دەكات!!
 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەبێت بزانین كە بەشداری كردنمان لە هەڵبژاردن، ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانیمانە و دەبێت بەوەش دڵخۆش بین كە هەم لە ناو دەسەڵات و هەم لە ناو رۆژنامەنووسان، كەسانێك هەن كە كاری پێسپیردراویان تێكەڵ بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ناكەن، كەسانێك هەن كە متمانەپێكراوی گەلەكەیان بن و خۆیان شەرمەزاری نەوەكانی دواڕۆژ نەكەن. كەسانێك هەن كە نەهێڵن ئەو دەستكەوتانەی هەرێمی كوردستان ببێتە "كای بەر شەن" و بیكەن بە پووشێك و بە ئاویدا بدەن.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.