Skip to Content

Monday, January 25th, 2021

بەرۆکى پاییز … نەوزاد بەندى

Be First!
by October 11, 2012 ئەدەب

 

 

 

 

بە بەرۆکى پاییزەوە ،

نەبووم بە مەدالیا ..

کە ئێوارە .

لەناکاو .. وەکو کزەبایەک ،

هاتیتە ژوور ..

من هێشتا جێگام بۆ شیعر دانەخستبوو ..

من هێشتا ،

بڕوام نەکرد ،

نێوانمان تەنها دوو بست بوو ..

بە بەرۆکى پاییزەوە ،

عەلاگەى ڕەشى دڕاو ..

جنێوى شوفێرە نیوە سەرخۆشەکان ..

لە ناکاو تۆ .. وەکو خاڵخاڵۆکەیەک ..

وەکو خەلیلە پیر ،

کە مژدەى هاتنى ئیزگیلى دەدا بە ئاوایى ..

لە لێوارى کورسیەکدا دانیشتبووى ..

من هێشتا مێزگردم لەگەڵ کەرێتى کۆڵانەکەماندا ،

تەواو نەکردبوو ..

لە ناکاو تۆ ..وەک سیاسیەک ،

ژوورەکەمت پڕ کرد لە حیمایەى جوانى …

من هێشتا دانوستانم تەواو نەکردبوو ،

لەگەڵ مێشەکانى بەرى بەیانى …

نەبووم بە مەدالیا ،

بە بەرۆکى پاییزەوە ..

ئەو لە دەرزى مەدالیا ئەترسا ..

ئەو لە ڕەونەقى مەدالیا ئەترسا ..

ئەو لە ڕەقى مەدالیا ئەترسا ..

ئەو ئەترسا پێى بڵێن پاڵەوان ..

لە ناکاو تۆ ..وەکو بۆنى گۆشتى سووتاو ..

هاتیتە ژوور ..

وەکو تامى بنێشتى دارچینى .. هاتیتە ژوور ..

وەکو ڕەنگى خۆڵاوى خۆڵ .. هاتیتە ژوور ..

من هێشتا بڕیارم نەدابوو ، بەردەوام بم لە ژیان ..

یان وەکو مایکۆفسکى ..لە سەرەڕیگایەک ،

بگەڕێمەوە بۆ عەدەم ..

من هێشتا زەمبیلە نایلۆنەکەم ،

بۆنى کەرەوز و تەرخونى لێئەهات ..

من بە تەما نەبووم بۆ نانى نیوەڕۆ بڕۆمەوە بۆ ماڵ ..

من نیازى ڕێپێوانێکم هەبوو ،

لەگەڵ کەس و کارى ڕیشۆڵە خوراوەکانى

دەشتى هەولێر ..

من هێشتا نەخشەم نەکێشا بوو ، بۆ ئەو چەند سەعاتەى 

کە پێنج بانگ و

سێ ژەم نان و

سێ دەوام و

شەش وەجبە قوتدانى حەبى تیایە :

-تینۆرمین

-پلافیکس

-ئەترۆفاستاتین

-ئەسبرین ..

-لۆسیک

-دۆکسى سایکلین ..

لە ناکاو تۆ .. وەکو لیژنەى داخستنى چێشتخانەکان ..

وەکو کامێراى چاودێرى مرور ..

هاتیتە ژوور ..

من خواردنەکانم هەموو ئیکسپایەر بوون ..

من خێرایی ئوتومبیلەکانم سەد و بیست لاى دابوو ..

من نینۆکەکانم هاتبوون

دەستە سڕم پێنەبوو ..

وەزیفەم نەنوسیبۆوە ..

ئامادە بووم بۆ دار خواردن :

سێ دار دەستى ڕاست و

سێ دار دەستى چەپ ..

ئەبێ سبەینێیش بە بێ باوکم نەیەم بۆ مەکتەب ..

ئاى ! خودایە ..

ئەم پاییزە بۆچى هاتە ژوور ؟

من هێشتا جلەکانم وشک نەبوو بوونەوە ..

من هێشتا وشەى نهێنى کۆمپیوتەرەکەم نەدۆزیبۆوە ..

لە ژێر قەنەفە و

کورسیەکاندا ،

بۆى ئەگەڕام ..

خودایە .. !

 

Previous
Next

Leave a Reply