Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

بەشى چوارەم: لە چەند هەناسەیەكى ئاشقانە… هۆشەنگ شێخ محەمەد

Comment
by February 8, 2008 ئەدەب

 لەبارەى فانتازیاوە
 
  عەشق رەنگە موعجیزە خەلق بكات، بەڵام خۆى هەرگیز موعجیزە نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە شەڕى گەورە بە مرۆڤ بكات، بەڵام خۆى جەنگ نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە سەفەرى زۆر درێژ بە مرۆڤ بكات، بەڵام خۆى سەفەر نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە رەنگاورەنگینترین خەونت پىَ ببینێت، بەڵام خۆى خەون نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە قوڵترین گەڕانت پىَ بكات، بەڵام خۆى گەڕان نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە خوێناویترین چارەنووست بداتىَ، بەڵام خۆى چارەنووس نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە هەموو قەدەرەكانت بێنێتە رىَ، بەڵام خۆى قەدەر نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە گەورەترین درۆت پێبكات، بەڵام خۆى درۆ نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە بتكاتە پاڵەوان، بەڵام خۆى پاڵەوانییەتى نیە.
 * * * * * * *
 عەشق رەنگە هەموو شتێكت لىَ بستێنىَ، بەڵام خۆى كارەسات نیە.
 * * * * * * *
 عەشقە رەنگە بشتكوژىَ، بەڵام خۆى چەك نیە.
 * * * * * * *
  عەشق رەنگە هەموو شتێكت بداتىَ، بەڵام خۆى بەخشین نیە.
 * * * * * * *
 عەشق فانتازیایە، بۆیە نابێتە واقع، ئەكرێت واقعى خۆت تێكەڵى فانتازیا بكەیت، لىَ ناكرێت فانتازیا تێكەڵى واقع بكەیت، عاشقبوون، گەیشتنە بە فانتازیا، نەك بە واقع.
 * * * * * * *
 عەشقت تێكەڵى واقع مەكە، خۆت فڕێدە ناو فانتازیا.
 * * * * * * *
 بڕوامەكە عەشق سەختتر بێت لە خەیاڵ و لە جەنگ.
 * * * * * * *
 بڕوا مەكە عەشق ریسوا، یا نابووتت بكات.
 * * * * * * *
 عەشق جنایەت و قەتل و دڵ كون كردن و جەرگ سووتان نیە.
 * * * * * * *
 عەشق نە ئاگرە بتسووتێنىَ و نە ئاوە بتخنكێنىَ.
 * * * * * * *
 گریان و ئێش ، لە فەرهەنگى عەشقدا وشە نین، بەڵكو ئاماژەن.
 * * * * * * *
 لە عەشقدا رەخنە لە ژیان ناگیرێت، بەڵكو رەخنەگرانە ژیان ئەكرێت.
 * * * * * * *
 لە عەشقدا شەڕ  لەگەڵ دنیا هەڵناگیرسێت، بەڵكو جەنگاوەرانە دەستوورێكى نوىَ بە دنیا ئەبەخشرێت.
 * * * * * * *
 لە عەشقدا ململانىَ لەگەڵ گەردوون ناكرێت، بەڵكو شەڕكەرانە ئەخلاقێكى نوىَ بە ماهییەت ئەبەخشى.
 * * * * * * *
 لە عەشقدا مرۆڤ لە هەڵوێست ناگەڕێت لەبەرامبەر دنیادا، بەڵكو عاشقانە لە دنیادا هەڵبژاردن ئەكات.
 * * * * * * *
 ژیان تەنیا هەڵوێست نیە، ئەگەر نا عاشقەكانیش پەشیمانبوونەوەیان ئەناسى!
 * * * * * * *
 دنیا تەنیا جەبر نیە، ئەگەر نا عاشقەكانیش بڕوایان بە مێژوو ئەبوو!
 * * * * * * *
 دنیا تەنیا ئەخلاق نیە، ئەگەر نا عاشقەكانیش بڕوایان بە دین ئەبوو!
 * * * * * * *
 ژیان تەنیا عەشقیش نیە، ئەگەر نا عاشقەكانیش بڕوایان بە هەقیقەت ئەبوو!
 * * * * * * *
 ژیان تەنیا جوانى نیە، ئەگەر نا عاشقەكانیش بڕوایان بە راستى ئەبوو!
 * * * * * * *
 دنیا تەنیا خوا نیە، ئەگەر نا عاشقەكانیش بڕوایان بە یەقین ئەبوو!
 * * * * * * *
 ژیان تەنیا راستى نیە، ئەگەر نا عاشقەكان نەیانئەتوانى درۆ بكەن!
 * * * * * * *
 ژیان تەنیا درۆش نیە، ئەگەر نا عاشقەكان نەیانئەتوانى بڕوا بە فانتازیا نەكەن!
 * * * * * * *
 ژیان تەنیا شعریش نیە، ئەگەر نا عاشقەكان نەیانئەتوانى بڕوا بە تراژیدیا نەكەن!
 * * * * * * *
 ژیان تەنیا تراژیدیاش نیە، ئەگەر عاشقەكان بڕوایان بە شعرییەتى عەشق و دنیا نەبا.
 * * * * * * *
 عاشقبوون لە رەهەندێكییەوە، شعرە. شعریش لە رەهەندێكیەوەتراژیدیایە بۆ خوا و دنیا و ژیان. ژیان خوا و شعر و عەشق و دین و شتەكانى دیكە لە خۆى ئەگرێت، ئەو شتانەش لە ناو خۆیاندا بەشێكى ژیان پێكئەهێنن، جیاوازى عەشق لە بابەتەكانى دیكەدا ئەوەیە، ئەكرێت ژیان بكاتە شعر ، بكاتە تراژیدیا، بكاتە فانتازیا.
 دیتنى عاشقانە، بینینێكە ژیانەوەریانە، تراژیدییانە، شعرییانە، كە بە شێوەیەك، ژیان لە عەشقدا ئەبێتە ئاماژە، نەوەك مانا و جوانى.عەشق نابێتە دنیا.بەڵكو تەنیا ئاماژەیە. هەروەك شعر. عاشق شعرە، نەوەك شاعر، عەشقیش شاعرە نەوەك شعر.
 بەكورتى عاشق بوونەوەرێكى فانتازیە لە ژیاندا. بۆیە ناكرێت نە عاشقێك بگریت و نە ناسنامەكەى ببینیت!
 * * * * * * *
 تۆ جەنگ و جەنگاوەرت هەیە، ئەوەى بەها بە جەنگ و جەنگاوەر ئەبەخشێت خوێنڕشتن و كوشتنە. بىَ خوێن و كوشتن، جەنگاوەر و جەنگ بىَ بەهان.ئەوە بەهاى مێژووە.
 تۆ شعر و شاعیرت هەیە، زمان بەها بە شعر و شاعیر ئەبەخشێت، بىَ زمان شعر و شاعیر نین، ئەوە بەهاى ئەدەبە.
 تۆ عەشق و عاشقت هەیە، بىَ جەستە و ئەقڵ و سۆز و روح و فانتازیا، عەشق و عاشق نین، ئەوە بەهاى عاشقانەیە.
 بەڵام رەنگە تۆ لە جەنگدا بىَ كوشتن و خوێنڕشتنیش ببیتە جەنگاوەر، بىَ زمانیش ببیتە شاعر، لىَ بىَ جەستە و ئەقڵ و سۆز و روح و فانتازیا،زەحمەتە بگەیتە عاشقبوون.
 ئاسانە، تۆ بىَ جەنگیش لە ناو مێژوویت، بىَ نووسینیش لە ناو ئەدەبیت، لىَ بىَ فانتازیا لەناو عەشق نابیت.
 * * * * * * *
 ئەكرێت بە ئاسانى جەنگێك بۆ مێژوو بەرپاكەیت، بە شعرێك شۆڕشێك لە ئەدەبدا بەرپاكەیت، لىَ بىَ فانتازیا سەختە عەشق بەرپاكەیت.
 عەشق بەرپاكردن نیە لە شێوەى دنیا، بەڵكو بە فانتازیاكردنى مێژوو و ئەدەب و دنیایە.
 * * * * * * *
 عاشقبوون بەرپاكردنى خۆتە، لەناو فانتازیادا.
 * * * * * * *
 

Previous
Next

Leave a Reply