Skip to Content

Tuesday, September 29th, 2020

بەمناڵیت خۆت داپۆشە… هەردى شەفیق

Comments
by January 8, 2008 ئەدەب

 بەدوعا پێشكەشە ئەوكچەى یەكەمین جار بەردى هێنایە قسە……….
 شەوێك كەماڵەكانى تیا خاڵی دەبێتەوە لە گوڵ
 خەم وخوێن وخەیاڵ ئاسمانەكان داگیرئەكەن
 لەپاڕانەوەى مناڵێكدا ئاسمان ون دەبێت
 مەرگ لەشوێنى گوڵدانەكاندا دائەنیشىَ
 بازاڕى زێڕەنگەرەكان پڕدەبن لەسەوداى كڕیاران
 دوكانى ئاسنگەرەكان پڕدەبن لەچەقۆى كۆنە
 ژنەكان بەدواى بەختیاریا ئەچن و
 ماڵەكانى مەرگ ئەڕازێننەوە
 پیاوەكان بەدواى عیشقدا ئەگەڕێن و
 لەجەهەنەمەوەدێنەوە
 شەوێك كەڕۆحیانەتى باخچەوێرانەكان لەمۆمدانەكاندا ئەسوتێن
 نورانیەكان سەرقاڵى دروستكردنى سیمایەكى ترن
 پیاوەكان ڕۆژگارەكانى گەورەبوونت ئەژمێرن و
 دابەشت ئەكەن بەسەر مەرگ و ژیاندا
 منداڵى جێت دێڵى و پیرى لێت نزیك ئەبێتەوە
 بەدیار مردنى دڵى خۆتەوە دامەنیشە و
                        بەمناڵیت خۆت داپۆشە
 شەوێك كەماتماتیك سەرى لێ ئەشێوێت و
 كۆكردنەوەى یەك ویەك ئەكاتە مەرگ
 گوڵفرۆشەكان لەبرى گوڵ مەرگت بەسەراساغ ئەكەنەوە
 عیشقى ئەو كوڕانەبەرۆكت ئەگرن لەئامێزى مەرگا ئەنون
 لەم دیو سیماى بێئومێدترین پیاوى دونیاوە
 كچێك دەبینى بەنێو جەهەنەمدا ئەچێت بۆ ماڵى عەشق
 لەودیو دڵشكاوترین كچى دونیاوە كوڕێك دەبینى
 خەرەندێكى تر ئەدۆزێتەوە بۆ ژیان
 شەوێك كەدیوارێك لەوەهم وێنەى تۆ ئەكێشىَ و
 تەنهایی تۆش دیوارێك لەوەهم
 باران دەبارىَ و چەترەكان لەشەڕى جوانى هیلاك نابن
 لەگەڵ پیاوانێكدا دەنویت هەمووشتێكیان زۆرە جگەلەدڵیان
 هەمووشتێكیان جوانە جگەلەڕۆحیان
 بەدیار مەملەكەتى ئەم توتیە سەرابیانەوە دامەنیشەو
                                بەمناڵیت خۆت داپۆشە
 شەوێك كەباڵە سپیەكانت بەبىَ ویستى خۆت دەتبەنە وڵاتى مەرگ
 وێنەى پاشایەكى كۆن لەسەر دڵت هەڵدەكۆڵن
 حەوشەى ماڵێكى هەتیو دەكەنە زیندانى باڵندە چكۆلەكان
 لەمەیخانەكاندا هەموو مەینۆشەكان بەبادەى مەرگ مەستن
 شەوێك كەنازانى زەمان بەكوێدا گوزەرئەكاو
 ئەویش زەردەخەنە تاڵ و درۆینەكانت ئەژمێرێت
 پەپولەكان خوێن بۆ بازرگانەكانى جەنگ دەبەن
 باوەش بەباخچەیكدا ئەكەیت تاقە گوڵێكى سورى تیانیە
 لەگوڵدانێك ڕائەمێنىَ هەمووگوڵەكانى ژاكاون
 عیشق بەقاچاخ كەس ناباتە ماڵى بەختیارى
  شەوێك كەئەو عالەمە بیر لەخودایەكى تەنیائەكەنەوە
 تەنیالەڕۆحى تەنیاى ئەواندا ئەژى و
 كەس لەماڵئاوایی گوڵێك ڕانامێنێت
 هەمووعومرى بۆ هەڵوەرین ژیاوە
 ئەو كەناریانە دەكوژن باران و میهرەبانى تەڕى كردون
 بەدیار تاریكى ڕۆحى خۆتەوە دامەنیشەو
                             بەمناڵیت خۆت داپۆشە
 شەوێك كەهێشتا مانیفێستە كان تژى نەبوون لەخیانەت
 مانشێتى ڕۆژنامە كان بۆ بەیانى پڕنەبوون لەدرۆ
 ئەو كەشتیەوانە خەجاڵەت بارانە دەبینى مەرگى خۆیان لەدەریادا ئەبینن
 زەمەن كاتژمێرەكانى چاوەڕوانیت بەدیقكردن ئەژمێرێت
 بەنابەدڵى لەشوێنى دەزگیرانەكەتا قۆڵ ئەكەیت بەقۆڵى مردنا
 میهرەبانەكان لەسەر شەقامى سواڵكەرەكان
 وەك مناڵەكەى ڕۆحیان بچوكن
 گوناهبارەكان دواهەمین تابلۆى ئاڵۆزى ژیان دەكێشن
 دەروێشەكان بەبادەوە حاڵ دەیانگرىَ
 ئیماندارەكان بەخوێنەوە مەست دەبن
 مەینۆشەكان بەمەرگەوە خەیاڵ دەبن
 عابیدەكان لەسەربەرماڵى مردوەكان نوێژ ئەكەن نەك ویژدانیان
 ڕێبوارانێك لەچاوەڕوانى شەمەنەفەرێكدا دەمرن
 فارگۆنەكانى پڕن لەخەڵوز
 شەوێك كە ژورى دیوەخان فەرامۆشى تیا دائەنیشىَ
 پۆلیسەكان شوێن پەنجەى پەپولەكان بەچراكانەوە ئەبینن
 پیلانگێڕەكان سەرى سنەوبەرەكانى شار دەبڕن
 تاقەت پڕوكێنراوترین بوونەوەر عاشقەكانن
 شەوێك لەماڵ و شەقامەكاندا باڵندەیەك نافڕىَ و
 بشفڕىَ هەر دەكوژرىَ
 
 بەدیار تابووتەكەى دڵى خۆتەوە دامەنیشە و
                               بەمناڵیت خۆت داپۆشە
 شەوێك بەرلەوەى ئیزرائیل بێت و تۆ گیانى خۆتت كێشاوە
 پیاوەكان سمێڵیان لەبەرئاوێنەكاندا ڕەش ئەكەنەوە و
 كچۆڵكان قژى سپى دائەهێنن
 شەوێك كەبەیانیەكى بەدواوە نیە
 ێەموون فرۆشێكى تیاببینى و
 بەزمانى حەشیش كێشێكى نائومێد پێت بڵىَ:
 بەنێو ڕۆحى كوژراوى مندا تێپەڕە
 ئەم شەقامانە پڕن لەگەڵاى هەڵوەریو
 قەرجێكى دڵشكاوى تیاببینى و پێت بڵىَ:
 بەنێو ڕۆحى كوژراوى مندا تێپەڕە
 نێو دەستەساردەكانمیان پڕكرد لەمەرگ
 شەوێك ئەو ڕێبوارانە دەبینى بۆكوشتنت هەنگاوئەنێن
 ئەو تولە ڕىَ ئەدۆزنەوە بەخوێنى دڵت دروست بووە
 زۆربێباكانە دەتكوژن ودەڵێن
 خۆى بوو،ماڵى بەدكارەكەبوو
 شەوێك تەنها ئەو قافڵانەى تیائەبینى
  سەرخۆشى خۆیان لەناو گەڵى ئەسپەكاندا ئەبینن
 سەربەرزى خۆیان لەنوكى شمشێرەكاندا ئەبینن
 دڵى ژنە سیپۆشەكان پارەپارەئەكەن و
 كەرامەتى خۆیان بەڕۆحى كوژراوەكان ئەفرۆشن
 شەوێك كەوەسیەت نامەكەت لەسەر ڕِوى بەلەمە كاغەزیەكان ئەنوسیت
 دەرگاى باخچەكان كارەبایان دەخرێتە سەر
 ڕوناكى بیرى ئەچێت  پەنجەرەى ماڵەكان بەسەركاتەوە
 منداڵان تەنها ڕێگاى گۆڕستانەكان ئەزانن
 فەیلەسوفەكان لەتاریكى ئەڕوانن
 شەوێك كەلەدەریاكاندا بەدوى بیاباندا عەوداڵى و
 لەبیابانەكانیشدا بەدواى دەریادا
 بەدیار ئیزرائیلەكانى ڕۆحى خۆتەوە دامەنیشەو
                       بەپاكیزەیت خۆت داپۆشە  
 شەوێك كە گریان لەڕۆحتا گەورەئەبىَ و
 پێكەنینى تیا ئەمرىَ
 سیماى مرۆڤەكان ئاوێنەى هەمووشتێكن جگە لەڕاستگۆیى
 پیاو و ژنەكان هیچیان گۆرانى بۆیەكترى ناڵێن
 عومر بەتاریكى شەو ئەدۆڕێنن
 ئەو شیعرانە ئەخوێننەوە بەهەرزەكارى و بەرلەمەرگ نوسیومانن
 شەوێك كەمانگ لەنێو سەفەرى هەورە ڕەشەكاندا ئەكوژرێت
 كاتژمێرەكانى بێمانایی لەكەشتیە شكاوەكاندا بەڕىَ ئەكەیت
 بوكەڵەى مناڵێك وقامچى جەللادێك ناناسیتەوە
 بەدیارتاریكى شەوەكانو
 ونبونى مانگەوە دامەنیشەو
                         بەمناڵیت خۆت داپۆشە
 شەوێك كە وێرانە تریت لەماڵێك
  لەبرى موحیبەت دوكەڵى لێهەڵ ئەسىَ
 لەڕۆحى هەریەكێكماندا فریشتەیەك ئەمرىَ
 عیشق وەك جەللادێكى میهرەبان ئەمانكوژىَ
 بەبىَ ئەوەى بزانین نەخشەى مردنمان ئەكێشن
 تۆش جەللادەكەى ڕۆحت ناكوژى
 بۆ ئەوەى فریشتەیەكى تیابژى
 سەرماى ئەم شەقامانە ئەتكوژن و
              بەمناڵیت خۆت ناپۆشى
 شەوێك نیهان سیماى مناڵیت بەخوێن ڕەنگ ئەكرىَ
 جوانى تیادا ئاوا ئەبىَ
 بەرد باران ئەو گوڵە ئاو ئەدات خوداش لەبیرى كردوە یەشتا زیندوە
 لەخوێنا شۆردن ئەو كچە پاك ئەكاتەوە خوداش بیرى چووە دڵى لێئەدا
 نورانیەك قیامەت دێنێتە سەرزەوى و
 بیرى چووە قیامەتێكى تر  بۆ گونا ه و سزا هەیە
 بەدیار جەنگەكانى ڕۆحى خۆتەوە دامەنیشە و
                                    بەمناڵیت خۆت داپۆشە
 شەوێك كەبەچرپە بەڕۆحى خۆت ئەڵێیبت
 ئەشێت لەهەموو عەزاب كێشانێكدا جوانیەك و
 لەهەموو ژانگرتنێكدا مناڵ بوونێك بوونى هەبێت
  لەدەروازەى شاردا بەخوێنى ڕۆحى خۆت ئەنوسیت
 دەكرا جۆرێكى تر لەززەتمان لەژیان بكردایە
 بەشێوەیەكى تر لەتاوا ن و سزا تێبگەین
 بەخوێنى دڵى خۆت ئەنوسیت
 دەبوو جەهەنەم لەدڵى ئێمە دا نەبووایە
 جۆرێكى تر لەبەهەشت چێبكەین
 شەوێك كەسواڵكەرەكان تیایدا بێدارن
 مناڵەكان نایانەوێت خەو ببینن
 بىَ ئەوەى بەیانیەكى بەدواوە بێت
 دیوارەكانى شار پڕبن لەوێنەى عیشقى كوژراو
 پیاوێك ببینى لەبرى سیگارەكەى گیانى تۆ بكێشىَ
 پۆلیسەكان بۆن بەدەمى كوڕەلاوەكانەوە بكەن
 تابزانن چەند ئومێد و خەیاڵیان نۆشیوە
 ئەو پیرانە بكوژن یەشتا ڕۆحیان مناڵە
 شەوێك كەدوكەڵى ئاگردانەكان ڕوە ئاویەكەى پەنجەرەكان دەگۆڕن
 ماڵەكان چۆڵن لەفڕینى پەپولەو نورى چرا
 لەپەنجەرەكانەوە تەنیا خۆڵەمێش دەبینى
 لەدەرگاكانەوە مەرگ دێتە ژورىَ
               بەمناڵیت خۆت داپۆشەو
                 دڵنیابە خواش دەتبورىَ
 شەوێك كەئەشێت خەییام یش وەك خۆى لەشەراب و لەخوا تێنەگا
 ماڵەكان پڕن لەوێنەى چەقۆ و تەزبیحە كۆنەكان
 هەمووكچەكانى شار دڵیان بەلێویانەوەیەو
 كوڕەكانى شار ڕۆحیان بەقامچیەكانیانەوە
 شەوێك كەئەو منارانەى تیا دەبینى
 بەخوێن زەغرەفەیان لەسەر كێشراوە
 ئەو خەڵوەتانەى تیائەبینى
 هەموشتێكیان تیایە جگە لەخودا
 ئەو عیبات گایانەى تیادەبینى
  بوونەتە شوێنى هەمووشتێك جگەلەپاك بوونەوە
 ئەو گوڵانەى تیادەبینى لەنێو بوتڵى شەراب و
 قەوانى فیشەكە تەقێنراوەكاندا سەوزبوون
 ئەو كچانەى تیادەبینى یادگاریەكانیان لەسەر مەمكیان ئەنوسن بەوبازاڕانەدا ئەگەڕێیت ویژدان فرۆش و گوڵفرۆشەكانى تیا ئەژین
 نائومێدت نەكەن
 ئەوپاساریە تینوانە ئاوبدە لەبیابانەوە هاتوون و
 هێندەى چرایەكى خامۆش ئومێدیان تیاماوە
 دڵى ئەو قەیرانە بدەرەوە هەموو سپێدەیەك ئەڵێن
 لەعەزابى ژیان تێر بووین
 با ماچێكى لێوى جەهەنەمیش بكەین
 دڵى ئەو نائومێدانەبدەرەوە بەژیان یەشتا عاشقى ئاگرن
 دڵنەوایی ئەو كەناریانە بكە
 ساڵەهاى ساڵ
 جەنگ وەك پشیلەیەكى چەمووش
 هێلكەو زەڕنەقوتەكانى خواردوون
 ئەو مناڵانە بگێڕەوە
 دەوارى ئەو قافڵانە بۆ ئومێد ئەگەڕێن
 بەرەو مەغریب ڕۆشتون
 ئەو كچانە لەعاشقەكانیان مارەبكە هەمووشەوىَ
 لەژێر بەتانیەكاندا لەئامێزى پیاوێك و
 لەخەیاڵیاندا لەئیحساسى پیاوێكى تردا دەنوون
 بەرپىَ ى ئەو جەنگاوەرانە ببینە هێشتا نازانن بۆ دۆزەخ ئەچن
 چراببەخشە ئەو ڕێبوارانەى دواى تاریكى كەوتوون
 بەئاسمانى ڕۆحى خۆتەوە لەو پەپولانە ڕامێنە
 بەبێدەنگى دەتگریەنن
 لەوقافڵانەى بەسەر ئەسپە خۆڵەمێشیەكانەوە بەرەو خۆرئاوا ئەچوون
 لەو كچانەى بەتاراسپیەكانى خۆر هەڵاتەوە بەرەو ڕویان ئەهاتن
 دڵى ئەو كچانە قورمیش بكە بۆ وەستان لێئەدەن
 ئەشێت حەقیقەت بتكاتە دوژمنى هەمووشەقامەكان
 لەگەڵ هەموو قافڵەكان بەشەڕت بدات
 سەرت بتاشن وبەسەر پشتى كەرێكەوە
 شارەو شاربتگێڕن
  بەڵام بیرت نەچێت  كەتۆبراوەیت و
 كەژیان سەفەرێك كورتبێت بەرەو مردن
 ئەشێت زوتر بەعیشق ڕابگەین
 شەوێك كەمەرگ وەك مناڵێكى دارو لاستیك بەدەست
 شوشەى پەى نجەرەى كچە تەنیاكان ى شار ئەشكێنىَ
 بەدیار دەرگاى داخراوى دڵەكانەوە دامەنیشەو
                بەمناڵیت خۆت داپۆشە
 شەوێك تەنها ئەوانەى تێدا حەساوەن خەو بەدێوانە بوونەوە ئەبینن
 هەموو تابلۆكێشەكان وێنەى مناڵى كوژراو ئەكێشن
 مەیمونەكان ناهێڵن كتێبێكى ترى جوانى بخوێنیتەوە
 سیخوڕەكان دەیانەوێت ئەودیوى دڵت بزانن
 شەیتان خانەكانى شار پڕئەبن لەپیلانكار
 كەس بۆنى هەناسەى مردویەك ناكات
 كوژراوەكان تاعون بڵاو ناكەنەوە
 بەكراسەخوێناویەكەى ڕۆحى خۆتەوە مارشى جەنگە كان ئەخوێنى
 ئەى ئەو كچەى دواهەمین تابلۆى مەسیح بەئازارەكانیەوە
 بەخوێنى دڵى خۆت ئەكێشى
 شەوێك كەئەسپى خێڵە یاخیەكان ڕەنەو قى گوڵەكان ئەشێلن
 فانۆزى ماڵەكان خامۆش ئەكرێن
 لەتاقى ماڵەكاندا مەرگ دائەگیرسێنرێ
  سەوزایی پێدەشتەكان دەبن بەسەهۆڵ
 دەریاكان دەبن بەخۆڵەمێش
 شارەكان دەبن بەشەختە
  بەدیار مەرگى ڕۆحى خۆتەوە دامەنیشەو
 شاربەمناڵیت داپۆشە
 

Previous
Next

Leave a Reply