Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

بەهاری ڕۆژهەڵات، شوێن و زەمەن، وێنە و پفکە ..

Be First!
by July 4, 2012 گشتی

 

 

 

 

چیرۆکی بەهاری عەرەبی، تەنها چیرۆکی ڕووخانی دەسەڵاتێکی سیاسی  نییە، بەڵکو چوونە ناوەوەی قۆناغێکی نوێیە کەمیللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەچرکە ساتێکدا بەسەریدا کەوتن، ئەو چرکە ساتەیە فەیلەسوفێکی وەک ژیژاک بە(چاوەڕوان نەکراو) وەسفیدەکات. چرکە ساتێکە دەروازەیەکی نوێیە بۆ هۆشمەندیەکی کۆلێکتیڤی نوێ، بۆ هۆشمەندیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ. قسەکردنە لەسەر پرۆسەیەک بەشۆڕش و هەڵگەڕانەوە و پرۆتێست دەسپێدەکات و بەپرسەی سیاسی و هەڵبژاردن و ململانێی گروپە کۆمەڵایەتی و ئایینەکان کەناڵیزەدەبێت. لەدواجاردا ئەم پڕۆسەیە لەدەستپێکردنیەوە پابەندە بە(ئازارێکی گەورە) کە کۆمەڵگە لەژێریدا ناڵاندویەوتی، لێرەوە (ئازار) فاکتەری خەڵقکردنی  فیگوری پاڵەوانە لەم چیرۆکەدا، لەمرۆڤی سادەی نابەشدار و ئاپەتیەوە  بۆ کەسی ئەکتیڤ و چالاک و بەشدار، لەکەسی شکستە خواردووە وە بۆ ئەکتەرێک کەدەیەوێت دنیا بگۆڕێت، لەئازار چەشتنەوە بۆ بوون بە پاڵەوانی کایەی تایبەت بەخۆی …بەدیوێکی دیکەدا من پێموایە بەهاری عەرەبی گۆڕانی فۆرمێکی نوێی دەسەڵاتە کەلەزەمەنی عوسمانلیەوە تا ئەم چرکە ساتە میللەتانی ناوچەکە بەخۆیانەوە نەبینیووە، بەمانای  لەزەمەنی حوکمی عوسمانیەکانەوە تاوەکو سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لەتونس، کۆمەڵگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی لەژێر یەک فۆرمی یەک دەسەڵاتی دیسپۆتدا ژیانی بەسەر بردووە، ئەویش لەحوکمی والی و خەلیفەکانەوە درێژبۆتەوە تاگەیشتۆتە حوکمی عەسکەر و سەرکردە ئەبەدییەکان. ئەوەی ئەم قۆناغە جیادەکاتەوە لەساتەکانی دوای بەهاری عەرەبی، ئەوەیە کە حوکمی (یەک کەس ) دەگۆڕێتەوە بۆ حوکمی (کۆ) بەهەموو ناکۆکیی و ململانیەکانیەوە. بەڵام لەدوای بەهاری عەرەبیەوە ئەم مۆدێلە ماڵئاوایی دەکات و فەزای سیاسی و ئاینی نوێ نوێ دێتە سەر شانۆی ڕووداوەکان. مێینەو مافە تایبەتیەکان و کێشە چەپیندراوە ئیتنیەکان أوری دیکە دەدەۆزنەوە بۆ گەمەی خۆیان.  ئیدی  کایە تایبەتیەکان وەک کۆمەڵێکبڵقی هەوایی سابون (پفکە) وەهان بەئاسماندا لەفۆرمی بازنەیی و شێوە بازنەیدا گەمەی خۆیان دەکەن، هەر ساتەی  یەکێکیان دەتەقێتەوە بە ڕووداوەکاندا، هەر ساتەی یەکێکیان تیشکی دەسەڵاتیک لەخۆیدا دەشکێنێتەوە. لەم فۆرمەوە قسەبکەین دەتوانین بڵێین، بۆ یەکمجارە تاکەکەس وەک حاکمی موتڵەق و لەژێر هەرناوێکدا بێت توانای مانەوەی نەبێت لەدەسەڵاتدا و نەتوانێت درێژە بەگەمەکانی خۆی بدات، ئەوەی ماوە بڵقەکانن، پفکەکانن کەلەفەزای کۆمەڵگەدا سەما دەکەن. 

خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئەم ڕووداوە بۆ یەکمجارە میللەتانی ناوچەکەدا ڕووبەڕووی تواناکانی خۆیان بکاتەوە، ئاسان نییە سوڕانەوە لەفەزای ئازادیدا، لەکۆمەڵگەیەکدا کەلەچەندەها سەدەی لەژێر چەپاندندا بەسەر بردبێت. ئیدی قۆناغی دوای ئەم بەهارە،  ئاوێنەیەکەیە ئەم کۆمەڵگەیانە ڕووی ڕاستەقینەی خۆیانی تێدا دەبینن، بەئەزمونێکدا تێدەپەڕن کەتاوەکو ئێستا بەهۆی چەوساندنەوە و سەرکوتکردنیان نەیانتوانیوە مومارەسەی بکەن، لێرەوە جیاوازیەکان زەقدەبنەوە، شوناسە ئایینی کۆمەڵایەتەکان، ژێندەریەکان، کلتوریەکان، خۆیان نمایشدەکەن و دەکەونە ململانێیەوە بۆ دروستکردنی سوستمێکی سیاسی و کۆمەلایەتی،  کەهەموو ئەم جیاوازییە لەدەستور و فۆرمی دیموکراسیدا کەناڵیزە بکات. بەڵام کامە دەستور و لەسەر کامە پڕنسیبی ئاینی و کۆمەڵایەتی و نۆرم دامەزرابێت؟!، کامە دیموکراسی کەهێزی ئاینی تێدا باڵادەست بێت؟!، کامە ئازادی کەئاینە جیاواز و گروپە کۆمەڵایەتیەکان مومارەسەی ئازادی ئەویتر بەمەترسی تێبگەن لەسەر خۆیان و هەروەها هێزە سێکۆلار و فیمینست و ئەکتیڤیستەکانیش ئەوان  بەمەترسی ڕاستەقینە تێبگەن لەسەر دیموکراسی…لێرەوە بەهاری عەرەبی نەک ڕووداویکی سیاسی نییە بەڵکو ئیشکالیەتێکی فیکری قوڵە کەململانێیە خەفەبووەکانی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە سەر ئاستی دەرکەوتن و تەقینەوە. ئەم ململانێیانە بەهۆی بوونی حوکمی تاکە کەسی و دیسپۆتەوە توانای ئەوە نەبووە هەناسە بدات، لەبەر خۆردا قەبارەی خۆی بۆ ئاشکرابێت، لەهەمانکاتیشدا شوناسی خۆی (لەخودی خۆیدا)  بۆ ئاشکرا نەبووە، لەپڕێکدا ئەم کۆمەڵگە چەپێندراوانە بەرامبەر ئاوێنەی خۆیان دەبنەوە، بەمانای چرکە ساتی ئەو ڕووداوە وەک ئەو قۆناغی ئاوێنەیە وەهایە کە شیکاری دەروونی (جاک لاکان ) باسی لێوەدەکات، بۆ یەکمجارە (خود) بەرامبەر (جەستەی تەواوی )  خۆی دەبێتەوە..بۆ ناسینی ئەم جەستە تەواوە هەڵدەدەم ڕوانینی خۆم لەم جەستە گەورەیە کەناوی بەهاری عەرەبیە لەچەند وێستگەیەکی بچوکدا کۆبکەمەوە، کەوێستگەی ئێلمێنت وتوخمە پیکهینەرە بچوکەکانی ئەم ڕووداوەن، خاڵە ئیستاتیکیەکانی ئەم ڕووداوەن کەئیمەی سەرسام کردووە. فینومێنێکە لەم هەوڵدانەمدا بەپشت بەستن بەچەند تێزێکی سڵۆتێردایک، هەوڵی خۆ ڕاڵکردنی خۆم دەدەم بەسەر کایە جیاوازە ووردەکانیدا ..

دەسەڵاتی  وێنە لەنێوان سەرسامبوون و دژە سەرسامبوون

ئەم چەرخە، چەرخی وێنەی بینراوە، لەڕیکلامی سەرجادکانەوە بیگرە تادەگاتە وێنەی سەر ماڵپەڕەکان و نێو مۆبایلەکانمان. شوێنێک نەماوە لەم جیهانەدا خۆمان لەوێنەکان بشارینەوە. جێگەیەک نییە دوور لەوەی بکرێت بەوێنەیەک و نمایش بکرێت، یاخود لەلیستی ڕێبواریکدا بێت بۆئەوەی بکرێت بەوێنەیەکی جوڵاو یان فۆتۆیەک لەمۆبایلێکدا، یان لەسەر فەیسبووک و ماڵپەڕەکان دەربکەوێت. وێنەکان بوون بەدەسەڵاتێک کەناتوانین خۆمانی لێیان قوتاربکەین، دیوی دەسەڵاتخوازی وێنەکان لەوەدایە کەپێش وەختە بەشێکمان لەچێژ لێدەستنێت، بەوەی هەمووان دەڵێین: من ئەمەم بینینوە!… پێشوەختە لەدەریاکاندا ماسی جۆراو جۆرمان بینیوە لەبەرئەوە (سەرسامبوون Verwunderung) لەبەردەم هێرشی وێنەکاندا لاواز دەوستێتەوە. ئێمە پڕبووین لەوێنە، لەبەرئەوە  ئەوەندە بەدنیا سەرسام نابین، مادامەکی بەشێکی زۆرمان لەوێنەکاندا بینیووە، لەسەر ڕوونمای تەلفیزۆن و لاپتۆپ و مۆبایلەکانمان، هەموو شتە سەیرەکانی ئەم دنیایەمان پێگەیشتووە. ئەمە بەشێکە لەو جەنگەی وێنەکان لەدژی بیرکردنەوە، لەدژی هاروژاندنی ڕۆحی، و بیرکردنەوەی ئیندڤیدوالی بەرپای کردووە. بەدیویکی دیکەدا وێنەکان دنیایەک لەکاردانەوەی دەستەجەمعی دەخوڵقینن، بیرکردنەوەی کۆلێکتیڤی سەرتاپای ئەم کڵێشەی کاردانەوەیە داگیردەکات. لێرەوە ئیمە چیدی سەرسام نابین بەدنیا، مادامەکی دنیای ڤیرتوالی جیگەی دنیای ڕیاڵی گرتۆتەوە، دنیای بینراو لەجیاتی دنیای لەنێو ژیاودا گەمەی خۆی دەکات، نمایشکردن و دەرکەوتن لەجیاتی ڕاستەقینەیی شتەکان، خۆیان وەها نیشاندەدەن کەئەوان جیهانی ڕاستەقینەن، ئیدی وینە دەبیتە هەقیقەتێک لەزۆر کاتدا نمایشی هەقیقەتی یەکەم دەکات. وێنە بەرهەمی تەکنەلۆژیایە ، بەدیویکی دیکەدا بەرهەمی ئەقڵانیەتی ماتماتیکیە کەلەزانستدا خۆی دەبینێتەوە، لەپشت ئەمەوە ئەقڵانیەتی ئامڕازگەری کۆی ئەو فەزا گەورەیەیە ، پشتگیری لەوێنە دەکات وەک لەهەقیقەت خۆی،بەهەمان شیوەش لەدژی سەرسامبوون کاری خۆی دەکات. گومانی تێدا نییە وەک وەک (سڵۆتێرادایک ) ئاماژەی پێدەکات، کەئەقڵانیەت لەسەدەی حەڤدەهەمەوە دژەی سەرسامبوون  Verwunderung بەدنیا کاری کردووە،  لەزەمەنی فەیلەسوفێکی وەک (دیکارت) وە ئەم (دژە سەرسامبوونە) کاری خۆی دەکات، ئیدی سەرسامبوون بەڕای دیکارت هیچ نییە جگە لەوەی حەزێکی نێگەتیڤانەیە negative Affektion بۆ حەوانەوە و هێوری، ناتەواوییەکە لەهاروژاندنی هەست و سۆزەکان کەدەکرێت  لەڕێگەی مەشقێکی بێوچانی ڕۆحیەوە پیویستە بەسەریدا زاڵ بیت .

. بڕوانە بەئەڵمانی  سڵۆتێرادیک  (1. فشار و ئازادی ل8). 

Peter Sloterdijk, Stress und Freiheit, Suhrkamp 2011, s8

دەتوانین لێرەوە باس لەمرۆڤی مۆدێرن بکەین کەلەپڕێکدا خەیاڵی لێزەوتدەکرێت و وێنەکانی خۆی ئاڕاستەکراو بۆ جیهانی دەرەوەی خۆی، لەگەڵ وێنەکانی دەرەوەدا، لێ تێکەڵ دەبێت، لەم دژە سەرسامبوونەوە مرۆڤی نوێ پڕە لەهەموو وێنەیەک تەنها وێنەکانی خۆی نەبێت. من پێموایە (دژە سەرسامبوون)  تەنها لەڕاتسیۆنالیزەکردنی دنیا (بەئەقڵانیکردنی دنیا)  سەرچاوەی هەڵنەگرتووە. بەڵکو دیوێکی دیکەی ئەم چەرخی کۆمنیکاسیۆنە لەوەدایە کەوێنەکان لەهەموو شوێنێکدا پەلاماری فانتازیای ئێمەیان داوە، فلیمەکان هێرشدەکەنە سەر خوێندنەوەی ڕۆمان و فلیمەدۆکۆمینتاریەکان لەجیاتی خوێندەوەی ئینسیکلۆپیدیەکان قسەدەکەن، کورتکردنەوەی زانیاری وکلیکلی سەر ماڵپەڕەکان ئەو زانیاریە کورت و چڕانەت دەداتێ کەوەهمی ئەوەت لەلا دەخوڵقێنێت کەچیتر ئێمە بێئاگا نین لەتێۆرە گەورەکانی نەشونما و زانستەکان، بەمشێوەیە لەڕێگەی وێنە و دۆکۆمێنتاریەوە پێناسە و ململانێیەکان کورتدەبنەوە بۆ سەر چەند زانیاریەکی خێرا. ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکداین لەم چەرخەدا کە وەک (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ) لەڕۆمانەکەیدا (ناوی گوڵ) بەقەشەیەکی هاوڕێی دەڵێت: ئەو پیاو بەهەموو زمانەکانی دنیا قسەدەکات و بەهیچیشیان قسەناکات..مرۆڤی تازە هەموو شتێک دەزانیت و هیچیش نازانێت.

ئەم هاوکێشە نادیارەی نێوان (وێنە و سەرسامبوون)، وێنە و دژە سەرسامبوون، پابەندە بەو فشارە گەورەیەی مرۆڤ لەکۆمەڵگەکاندا بەرەو ڕووی دەبێتەوە. بێگومان گەر سیاسەت خۆی لەخۆیدا بەرهەمێنەری فشاری گەورە بێت و هەوڵبدات فشار سەرلەنوێ ئۆرگانیزەبکاتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن بەئاسوودەیی لەژێر فشاری نوێی برسیتی جەستەیی و ڕۆحی و چەوساندنەوە و مردن و چارەنوسەکاندا بژین، ئەوا میدیا لەهەمان کاتدا ڕۆڵی ئەودەبینێت ئەو فشارە جارێکی دیکە نمایشبکاتەوە بەشێویکی دیکە و لەسەر نەزمێکی دیکە فشار لەسیناریۆیەکی نوێدا پێشکەش بکات. میدیا لەدنیای تازەدا لەڕیگەی وێنەکانیەوە  باس لەو فشارە گەورەیە دەکات کەمرۆڤ لەژێریدا دەناڵێنێت، هەر لەفشاری سیاسیەوە بیگرە تاوەکو ئەو ئەنفلۆزای باڵندەیەی کەلەئاسماندا بەرەو ئێمە لەشەقەی باڵیدەدا و هەڕەشەی مردنی لێ دەکردین، ئەمە وەهامان لێدەکات چیتر سەرسام نەبین بەکۆچی باڵندەکان، بەقەد هێندەی کۆچی نەخۆشی ببینینین لەکیشوەرێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە… میدیا فشار دەخاتە سەر  جەستەمان و  پێمان دەڵێت کەتۆ دەبێت (سوپەر ستار، سوپەر نێر و سوپەر مێینە) بیت. لەپاڵ ئەم دووجەستە گەورەیەدا  (فشار و میدیا)  دووجەستەی دیکە کۆمەڵگەی مۆدێرن بەڕێوە دەبەن، ئەویش دەزگاکانی قەرز و بانقەکانە کەبەکلیکێک لەسەر ماڵپەڕێک کارگەیەک لەوسەری دنیا دەکڕدرێت، بەکلیکێک لەسەر مشکی ئەلکترۆنی هەزارەها مرۆڤ بێکار دەبن. لەتەنیشت ئەمانەدا جۆرێک لەچینی بۆرژوازی پەیدابووە کەوەک (دارن دۆرف) لەکتێبەکەیدا (قەیرانەکانی دیموکراسی) بە (چینێکی  ئونیڤێرسال ) ناویدەبات، بۆرژوازیەکە کەلەلەڕێگەی کلیکیکەوە بازاڕێک و سوستمێی سیاسی کۆمەلگەیەک دەخاتە بەردەم قەیرانەوە.. بێگومان ئەم چینە لەگەڵ جەستەیەکی دیکەدا هاوتان و کارلەسەر یەکتری دەکەن کەئەویش کۆمەلگەی نێتۆرک و تۆڕی ئەلکترۆنیە. لەتەنیشت هەموویانەوە دەزگاکانی ئۆرگانیزەکردن و ڕێکخستن و ئیدارە دەچنە تەنیشت  ئەم پێنج جەستەیە(فشار و قەرز و میدیا و ئۆرگانیزەکردن و تۆڕی نێتۆرک).  لەم پێنج جەستەیەوە مرۆڤ هەموو سەرسامبوون و ئیرادەکانی، لەنادیارەوە کراوە بەدیار. لەپاسپۆرتەوە بیگرە تاوەکو سیفاتی دەم و چاوی و نەخۆشیەکانی و لەسەر فەیسبووکیش بیۆگرافیای کەسی نمایشکراوە، ئیدی مرۆڤ لەژێر ئەم فشارانەدا بۆتە ئۆبێکتێکی کار لەسەر کراو لەلایەن  سوستیمی پۆست کاپیتالیزمەوە، بۆتە خودیک هەمیسە نمایشی خۆی دەکات..

گەر ئاوڕیک بدەینەوە بۆ ڕووداوەکانی پێش بەهاری عەرەبی، ئیسلامی سیاسی دەبینین، لەپێش هەموو هێزە سیاسیەکانی دیکەوە، هەستی بەو دەسەڵاتە پەنهانیەی وێنە کردووە لەژیانی مۆدێرندا ، بەبێئەوەی خۆی بەهیچ تێورەیەکەوە دەربارەی وێنە خەریک بکات. لەغەریزەی خۆیەوە هەستیکردووە کەنمایشکردن دەتوانێت بەشێک بێت لەو جەنگە توندەی بەرامبەر دنیای پۆست مۆدێرن بەرپای کردووە، کەخۆشی بێگومان پرۆدۆکت و بەرهەمی جیهانی پۆست مۆدێرنە بەهەموو دژبەیەکەکانیەوە. لەپێش فەیسبوکەوە توندڕەوی ئیسلامی ماڵپەڕەکان و تۆڕی نێتۆرکیان کرد بەشانۆیەک بۆ بڵاوەکردنی شانەجیهادییەکانیان، لەپڕێکدا ئێمە لەبەردەم ئینتەرنێتداین وەک ئامڕازیکی ترسناک کەلەسەر تۆڕەکانی شانە جیهادییەکان بڵاودەبنەوە، ئەوەی لەسەر پەڕگەکان گەمەدەکات، لەسەر دنیای ڕیاڵیشدا هەمان گەمەیە. وێنەکان نەک هەر ڕۆڵی پڕوپاگەندە دەبینین، بەڵکو خۆیان دەبنە مامۆستا و ڕاهێنەر بۆ کاری جیهادی. داعیە ئیسلامیەکان لەیۆتۆبدا دەشیڕێنن، خوتبەی مزگەوتەکان بۆتەکفیرکردنی هونەرمەندێک و نوسەرێک، لەفەتوای نوێژی هەینیدا لەڕێگەی یۆتۆب و سایتەکانەوە پەخش دەبێت، زۆر نابات لەسەر مۆبایلەکان بڵابۆتەوە، بەبلوتوس نێردراوە.. ئیدی ئەوەی تەکفیر کراوە دەبێت خۆی لەدیارەوە بەرەو نادیار هەڵبژێرێت. بەمشێوەیە (جەبری وێنە /ئیمپریتیڤی وێنە) لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ یەکمجار لەلایەن گروپە جیهادیەکانی دوای یازدەی سێپتمبەرەوە کۆدەکانی دەکرێنەوە. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کەتێزیکی باو هەیە دەڵێت، ماوەی نێوان پێکدادانی فڕۆکەی یەکەم  لەگەڵ دووهەمدا بەباڵاخانەی ۆڵ ستریت سێنتەر زیاتر لەبیست خولەک بووە، بۆئەوە بووە کەتیمی کامێرای کەناڵی هەواڵەکانی دنیا فریای ئەوە بکەون کامێرەکانیان جێگربکەن بەرامبەر ڕووداوەکە،  لەپڕێکدا هەموو دنیا بەزیندوویی  فڕۆکەی دووهەم دەبینێت بەدەستی ئەنقەست خۆی دەکێشێت بەبینای دووهەمدا، بەمەش هیچ بوارێک نامێنێتەوە بۆ ئەو گریمانەی کەئەم ڕووداوە تیرۆر نەبووە و ڕووداویکی لەپڕ بووە..ئیسلامیەکان لەپێش هەمووانەوە لەم دنیایەدا  کۆدی ترسناکی و شەڕانیەتی  (جەبریەتی وێنە)یان دۆزیەوە. 

لەچیرۆکی وێنەوە دەست پێبکەین کەلەیازدەی سێپتمبەرەوە لەوڵاتانی ئیسلامیدا بوو بەهۆکارێک، بوو بەئامڕازیکی بەهێزی جەنگ و ململانێیەکان،  من پێموایە، چرکە ساتی بەهاری عەرەبی هیچیتر نییە جگە لەچرکەساتی سەرسامبوون نەبێت  بەوێنە لەبەرامبەر فشاری گەوەرەی دەسەڵاتە دیسپۆتەکانی ناوچەکە بۆ سەر هاوڵاتیانی خۆیان. لەم خاڵەوە دەمەوێت باس لە وێنە بکەم لەبەهاری عەرەبیدا، بەوەی وێنەیەک ئەویتر و ئەویش یەکێکی دیکەی بەرهەمهێناوە، ئیمە لەبەردەم بەرهەمینانی وێنەکانداین.  وێنەکان دوو جۆرن، یەکێکیان ناودەنێم (وێنەی دیار) و ئەویتریش نادیار و  (وێنەی سایکۆلۆژی).. وەک ئاماژەم پێدا وێنەکان دنیایەک لەکاردانەوەی کۆلێکتیڤی دەخوڵقینن، وێنەی یەکەم لەبەهاری عەرەبیدا وێنەی ئەو گەنجەیە کەخۆی دەسوتێنێت لەتونس، وێنەی گەنجێک کەدەرچووی زانکۆیە (محمد بوعزیزی ) ئەو گەنجەی حەوت ساڵ بەعەرەبانەیەکی دەستیەوە لەجیاتی کارکردن بەبڕوانامەکەی، سەوزە دەفرۆشیت، لەم خاڵەدا عەرەبانەکەی بوعزیزی وێنەیەکە بۆ ئەو بیکارییە سەختەی کەیەخەی بەچینی ئەکادیمی ڕۆژهەلاتی گرتووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو بۆ ماوەی ئەو حەوت ساڵە، شارەوانی شاری (سیدی بوزید) بەسەرپەرشتی پۆلیسێکی ئافرەت بەناوی (فادیە حمدی) لەگەڵ فەرمانبەرێکدا بەناوی (سابیر)، هەفتەی دووجار سەوزەکانی لێ زەوتدەکەن، ئەمە چیرۆکی هەفتانەی ئەو گەنجە خاوەن بڕوانامەیە لەبەرانبەر پۆلیسێکی نیمچە خوێندەوار وفەرمانبەریکی مێینەی شارەوانیەکی دڵڕەقدا، وێنەی سایکۆلۆژی مێینە لەم چیرۆکەدا، وێنەیەکی تەواو پێچەوانەی وێنەی مێینەیە لەکۆمەڵگەی ئیسلامیدا وەک فیگوریکی چەوساوە بەدەست کۆمەڵگەی پیاوسالاریەوە، ئەمجارەیان مێینەیەک پیاوێک دەباتە سەر سنوورەکانی خۆ سووتاندن، بەمەرجێک وێنەی باو لەکۆمەڵگەیە ئیسلامیەکاندا ئەوەیە کەپیاوە دڵرەقەکان ژنەکان دەبەنە نێو ئاگری خۆسووتاندنەوە، ئەم جێگۆڕکیەی نێوان وێنەی دیار و نادیار ، وێنەی سایکۆلۆژی و وینەی ڕووداوەکە توخمە سەرەکیەکانی سەرەتای بەهاری عەرەبین… لەرۆژی خۆسووتاندنی موعەمەد بوعزیزدا،  (فادیە حەمدی) ژنە فەرمانبەری شارەوانی زللەیەک لە بوعزیزی دەدات، لەم گێڕانەوەیشدا ووینەکان پێچەوانە دەبنەوە، بەوەی پیاوەکان لەڕۆژهەڵاتدا زللە لە ژنەکان دەدەن، ئەمجارەیان ئەوە دەسەڵاتی دیسپۆتە لەڕیگەی مێینەوە زلە لەپیاو دەدات، ئەو رۆژە    سابیری پۆلیس  شەقێک لە بوعزیزی دەدات، کەئەم گەنجەش بۆ شکاتی دەردی خۆی دەچێتەبۆ لای سەرۆکی شارەوانی دەریدەکەن و سوکایەتی پێدەکەن. هەموو خەڵک (محمد بوعزیزی ) دەبینین چۆن هاوار دەکات و نەوتدەکات بەخۆیدا، چۆن دەسوتێت و لەنێو گڕی خۆیدا سەمادەکات… تراژیدیا لەوەدایە پاسەوانی شارەوانی بەبرژاندنی جەستەی موحەمەد بو عزیزی لەسەر شەقامە گشتیەکە  پێدەکەنێت، کەس هەوڵنادات بیکوژێنێتەوە، دڵڕەقی دنیای عەرەبی و ڕۆژهەڵات لەم چیرۆکەدا ویژدانی هەزارەها بریندار دەکات. 

ئەم چیرۆکە لەسەر ماڵپەڕەکان و کەناڵەکانی هەواڵ بڵاودەبێتەوە، دەبێتە هۆی تەقینەوەی هەموو ئەو ئازارەی کەتونسیەکان ساڵەهایە بەرگەیان گرتووە..ئیدی من پێموایە کەوێنەی سووتانی گەنجێک لەسەر شەقامێکی گشتی، ئەو وێنەیە دەهاروژینیت کەتاوەکو ئەو کاتە بەنوستوویی لەنێو نەستی کۆمەکیدا بوونی هەبووە، وێنەی خود، وێنەی کایەی تایبەتمان، وێنەی خۆمان بەگشتی، کەلەژێر چەتری ستەمی سیاسی و ناعەدالەتی لەسەر شەقامەگشتیەکان بەزیندوویی گڕی تێبەردەبێت و کەسیش بەهانایەوە نایەت.  ئەم وێنەیە چیرۆکی ئەو فشارەیە کەچیتر مامەڵەی نەرم لەخۆناگرێت، ئەوەش سەرەتای دروستبوونی ئەو وێنەیە لەنادیارەوە بۆ دیار، لەدیارێکەوە کەڕووداوەکەیە بۆ نێو هاروژاندنی ئەو هەموو ئازارە نادیارەی  فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر نەستی کۆمەکیەوە وێنەی دیکەی سایکۆلۆژی بەرهەمهێناوە. بەمانای ئازاری ئەویتر کەدەسوتێت، وێنەی ئەو مرۆڤە سووتاوە لەنێو منی تاکەکەسدا دەهاروژێنێت، کەوێنەی چارەنوسی خۆمە گەر ئەم فشارە کۆمەڵایەتی و سیاسیە بەردەوامی هەبێت. 

وێنەی (محمد بوعزیزی )دەبێتە  وێنەی یەکەم و جومگەییە، کەهەموو وێنە نادیارەکانی ڕۆحی کۆمەڵگەی تونسی و عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی  دەهێنیتە سەر شانۆی هۆشمەندی، ئیدی (فشار Stress)  ئەو ئازارەگەورەیە، ئەو دڵە خورپە گەورەیە وەئاگا دێنیت کەساڵەهایە خودی ئێمە لێی رادەکات. لەچرکە ساتی بینینی وێنەی (موحەمەد بوعزیز) وێنەی خۆمان دەبینین بەسوتاوی، بەهاوارێکی پڕ لەئازارەوە بەوەی ژیان لەژێر ئەم فشارەدا چیدی بەردەوامبونی مەحاڵە.. لەم چیرۆکەدا ئێمە سەرسامین بەوێنەی ئازارەکانمان کەفشاری کۆمەڵایەتی بەرهەمی هێناوە. ئەم سەرسامیە بەوێنە، سەرسامیە بەخۆمان لەچرکەساتیکدا بەڕوی دیسپۆتدا دەتەقینەوە، لێرەوە وێنەکان هێرش دەبەنە سەر وێنەکانی سەرۆکی تونس (زەین ئەلعابدین )، وێنەی ئەو کەزیاتر لەچارەکە سەدەیەک ڕووبەری میدیا و پلاکێتی سەرجادەکان داگیر کردبوو، لەپڕێکدا، لەبەردەم وێنەی سایکۆلۆژی و نەبینراوی  ئەو گەنجە تونسیەدا پاشکشەدەکات، وینە بینراوەکانی سەرۆک دەدڕێت و لەیادەورویدا بۆ ئەبەد دەسڕێتەوە.

بەمشێوەیە جادووی وێنەی یەکەم لەبەهاری عەرەبیدا ، وەک پزیسک  وەها بوو لەنێو پووش و پەشەڵای وشکدا، ئەم پشکۆیە وێنەیەکی نەبینراو بوو، نەک بینراو. بەمانای ئێمە وێنەی شوێنای سووتانی گەنجەکەمان بینی، وێنەی گەنجەکەمان بینی بەبزەیەکەوە لەکامێرای دەڕوانی، کەوێنەیەکی کۆنینەیەتی. بەڵام وێنەی ئەو بەسوتاوی بوونی نییە،  ئیدی خەیاڵ خۆی ئامادە دەکات بۆ بەرهەمهینانی (خەیاڵ ـ بۆکراو) ، جیهانی ئێمەش خوینەری ئازیزم  هیچیتر نییە جگە لە(خەیاڵ ـ بۆکراو) نەبێت، خەیاڵبۆکراو بۆ سوڕانەوەی ئەتۆمەکان، خەیاڵبۆکراو بۆ سیفەتی جیناتەکان، خەیاڵبۆکراو بۆ هاوکێشە کیمیاویەکان، بۆ داتاکان، بۆ دابەشکردنی ئەتۆم و بەرهەمێنانی وزە.. خۆ نەتەوە هیچ نییە جگە لەخەیاڵیک نەبێت بۆ نەتەوەیەکی نمونەیی ئازادکراو، کەخەیاڵبۆکراوە، هەموو ئەو وێنانەی ئێمە لەیۆتۆبیایەک، لەڕوانینێکی تایبەتدا بەرهەمیدەهێنن بۆ یەکەمجار لەخەیاڵەوەیە بۆ  خەیاڵبۆکراو، ئیدی ئەمە سروشتی مرۆڤە کەخەیاڵەکانی ناو سەری بکات بەوێنەی ڕیالستی. لە بەهاری عەرەبیدا  وێنەی گەنجێکی بەبزەوە دەبینین، پاشان وینەیەکی دیکە دیت بەدوویدا  پاشماوەکانی کارەساتەکی سووتانەکەی دیارە،  کەعەرەبانەی سەوزەکەیەتی  و پەڵەی ڕەشی سووتانێتی لەسەر شەقامە گشتیەکە، خەیاڵی ئێمە بۆ چارەنوسمان لەژێر چەوساندنەوەدا بۆ وێنەکێشدەکات. ئیدی خود ناتوانێت لەبەرامبەر جەبریەتی ڕیاڵدا ڕابکات.   لێرەوە وێنەی دووهەم بەرهەمدێت وەک پرۆدێکتی وێنەی یەکەمە، ئەویش خەیاڵی خۆمانە بۆڕووداوەکە، وێنەی ئێمەیە بۆ ئەو گەنجە کەلەهەمانکاتیشدا بەشێکی زۆری لەئازاری خۆمانی تێدا بەدیدەکەین. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن تیرۆری قاعیدەی لەڕیگەی کەناڵەکانی تەلفیزۆنەوە لەیازدەی سیپتمبەردا بینی، ئاوەها ناوچەکە بەگشتی گرتەیەک دەبنێت کەئەمجارە لەسەر شاشەی تەلفیزۆن نییە، بەڵکو لەنێو خەیاڵماندایە. بەمانای گەر تیرۆری قاعیدە وێنەیەکی ڕوون و دیاریکراو بێت، وێنەیەکی ڕیالستی بێت، ئەوا  وێنەی بەهاری عەرەبی وێنەیەکی زیهنیە،  وێنەیەکی ئاوەزییە، وینەیەکی سایکۆلۆژیە…بەمانای وێنەیەکە پابەندە بەجەوهەری (ئازار) خۆیەوە، بەپرسی ژیان و بەردەوامبوون لەنێو فشاردا. 

وێنەیەک لەبەشێکی دیارەوە، لەبەشێکی ڕیاڵەوە جارێکی دیکە دەچێتە نێو کایەیەکی تر،دەچێتە نێو (کایەی تایبەتی) ئێمە، وێنەی نادیار وەئاگا دێنێتەوە کەچارەنوسی گڕتێبەربوونە لەبەردەم دیکتاتۆریەت وگەندەڵیدا، لەناوچوونی خۆشمانە کاتێک لەگەڵ فشاری گەورەدا بژین. ئەو چارەنوسەی بەحونجەتی (ئۆبیکتیڤبوون) و ڕیالیستیەوە هەموو ڕۆژیک خود لەژێر دیسپۆتدا لێی ڕادەکات. وێنەیەک نامانەوێت بیبینین، لەپڕێکدا کەگەنجێک خۆی دەسوتێنێت ئەو مەرگە گریمانە بۆکراوە، ئەو مەرگە خەیاڵ ـ بۆکراوەی خۆمان بەدەست دیکتاتۆرەوە جارێکیتر وەئاگادەبێتەوە. ئیدی وێنەی یەکەم، نادیاری نێو نەستمان دەکات بەدیار، نەستی کۆمەکی کۆمەڵگەی  تونسی لەبەردەم شۆکی وێنەی خۆیدا بڕیاردەدا بەرەنگاری ئەو وێنەیە بێتەوە کەبۆتە چارەنوسی، لێرەوە  خۆپیشاندان بۆ لەناوبردنی وێنەی دیسپۆت و باوکی ئەبەدی ستەم دەستپێدەکات. هەمووان لەبیرمانە  کەڕژیمی بەعس هەرەسی هێنا، هیچ وێنەیەک بەقەد ئەو گرتەیە کاریگەر نەبوو کەپیاوێکی ڕیش سپی وێنەی سەدام حوسینی بەدەستەوە گرتبوو بە نەعلەکانی لەوێنەکەی دەداو دەگریا ..ئەم وێنەیە بۆ ئەبەد هەموو وینەکانی دیکتاتۆری لەنێو ڕۆحماندا تێکشاند،  بێگومان لەگەڵ تێکشکاندنی وێنەی دیکتاتۆرەکان وێنە ترسناکەکانی نێو خۆمانیش تێکدەشکینین، بەمشێوەیە لەفشاری گەورە قوتارمان دەبێت، بەڵام وینەی دیکە و فشاری دیکەی نوی جێگەیان دەگرێتەوە..

 

فۆتۆ: وێنەی عەرەبانەی سەوزەکەی (موحەمەد بوعزیزی)..هەردوای خۆسووتاندنی لەهەموو ماڵپەڕو میدیاکاندا بڵاوکرایەوە سەرچاوە: کەناڵی جەزیزە 

شوێن و کایەی تایبەت و زەمەن

شوێن و کایەی تایبەت ، دووچەمکن کەدەتوانین لەڕووی ئەبستراکتەوە قسەی زۆری لەسەر بکەین، بەڵام دەبێت لەم وێستگەیەدا ئەو بەشەگرنگەی باسبکەین کەمن خۆم پێی سەرسامم، ئەویش (شوێنە وەک زەمەنێکی تایبەت)… دیارە  کەباس لەزەمەن یان کات دەکەم، هەوڵدەدەم لەدیدی خۆمەوە باس  لەفۆرمێکی زەمەن بکەم کەزیاتر سایکۆلۆژیە، هاوتەریب لەگەڵ وێنەی سایکۆلۆژی ڕێدەکات کەلەبەشی یەکەمی ئەم نوسینەدا قسەم لەسەر کرد، زەمەنی سایکۆلۆژی  درێژبوونەوەیەکی خودە لەنێو جەبریەتی شتەکانی دەرەوەدا، وەک (میشیل فۆکۆ و ژاک دێریدا) باس لەدنیای ناوەوەی خود دەکەن وەک (پێچێک لەدەرەووردا)،  ئیدی زەمەن  بەو مانا ناوەکیە بەشێکی لەگەڵ دەرەوەدا دەکەوێتە پەیوەندیەوە. لێرەوە شوێن و زەمەن وەک کایەکی سایکۆلۆژی، خود لەگەڵ کۆی پێکهاتەی ڕووداو و چرکەساتە گرنگەکاندا کاریگەر دەبێت. لەم خاڵەوە من  شوێن پابەند دەکەم بەجیهانەوە، بەوەی من لەوبڕوایەدام کەتەنها ئێمە لەشوێندا، لەنێو شوێندا، وەک هایدگەر دەڵێت: تەنها لەنێو جیهاندا نین (in die Welt sein)  ، بەڵکو وەک سڵۆتێردایک دەڵێت خود لەنێو کایەی تایبەتدایە، ئیمە لەنێو کایەی تایبەتی خۆمانداین …

بڕوانە بەئەڵمانی (هانز یورگن هاینریخ وسلۆتێردایک، خۆر ومردن ..ل136-158  ).

Hans-Jürgen Heinrichs und Peter Sloterdijk, Die Sonne und der Tod, dialogische Untersuchungen, Suhrkamp 2009, S 136-158  

 ئەوەی من لەپێناسەی شوێندا پێی سەرسامم، پەیوەندی  مرۆڤەوە بەشوێنەوە، بەڵام  لەنێو کایەکەی تایبەتدا..بۆئەوەی زیاتر ئەم چەمکە باس بکەم دەبێت باس لەزەمەن  بکەم، دیارە  لەزمانی ئەڵمانیدا، زەمەن (بەزمانی نوسراوی هایدگەر))   دی تسایت (Zeit die)، من ئەم چەمکە گرنگە لەبەر ڕەهەندە سایکۆلۆژیەکەی  بەزەمەن وەردەگێڕم، هاوڕێم (بەکر عەلی) بە(کات) وەریگێڕاوە، وەک  پابەندێک بەشوێن و فیزیکەوە، لەهەردوو وەرگێڕانەکەدا وشەی  (دی تسایت) وشەیەکە بۆ کاتە، بەڵام بەڵام من پێموایە بۆ وەرگێڕانی فەلسەفی باشتر وایە بەزەمەن وەریگێڕین. بێگومان لەکاتی باسکردنی دووریە  فیزیکیەکەی بە(کات) وەربگێڕین، بەڵام بۆ چوارچیوە قوڵەکانی سایکۆلۆژیا و ڕەهەندە فەلسەفیەکان بە (زەمەن) پێناسەی بکەین. لێرەوە نابێت ئەوە لەبیربکەین کە شاکاری گەورەی هایدگەر  لەسەر چەمکی زەمەن  پابەندە،  کتێبە بەناوبانگەکەیەتی (بوون و زەمەن Sein und Zeit)، ئەم کتێبە دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لەچەمکی بوون و پابەندی بەزەمەنەوە، چەمکی بوون و لێرەبوون   کەمن هەبم و لێرەبم و بوونی خۆم بسەلمێنم بۆئەوەی هەبم لەجیهاندا، ئەم چەمکە من (بەلێرەبوون / دازاین / Dasein) وەردەگێرم.. 

ئەم پەیوەندیە ئاڵۆزەی بوون بەنەبوونەوە، بەعەدەمەوە، بەمردنەوە، پەیوەندیە بەخودی زەمەنەوە خۆی، کە کاتمان تەواو دەبێت، ئیدی مردن دێت. چیدی ئێمە نامێنین، ئیدی ئێمە لەنێو خۆماندا و لەدەرەوەی خۆماندا لەگەڵ کاتدا، لەگەڵ زەمەندا لەململانێداین. بەمجۆرە  مرۆڤ لەبوونیدا، لەگەڕانیدا بۆ لێرەبوونی خۆی لەجیهاندا، لەگەڵ زەمەندا دەکەویتە ململانێەوە..بەگشتی ئەم ئیشکالیەتە وەک باسمکرد، ئیشکالیەتی مرۆڤە لەدەرەوەی ماتڕیاڵ، دەچێتە نێو کایە ڕۆحیەکانیەوە، هایدگەر ئەم کێشەبەندیە بەگرفتی (میتافیزیک)  وەسفدەکات..هایدگەر لەمبارەیەوە دەڵێت (لەنەریتی فەلسەفیەوە ئەوەتێدەگەین کەپرسیاری بوونگەرایی(بوون/ Sein) وەک بوونێک کەبوونی هەبێت (Seienden als Seiend ) ،پرسیاریکی میتافیزیکیە. وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە جۆریکە لەتەفسیرکردنی  (بوون) کەهەمیشە لەخولگەی  ناپرسیاردا دەمێنێتەوە، ئەمەش زەمینیەکی باش بۆ میتافیزیک ئامادە دەکات…)..  بڕوانە هایدگەر (دەربارەی پرسیاری بوون..ل5 )

Martin Heidegger, zur Seinsfrage,Vittro Verlag,1997, S 5.

لەم ڕوانگەیەوە دەڕوانینە خۆمان وەک بوونیک لەشوێن و کاتدا، کەواتە شوێن لەنێو خودی خۆیدا پابەندە بەبوونی خۆمانەوە، بەخودی خۆمان و زەمەنی ناوەکی خۆمان.  هایدگەر شوێن و شتەکان، ئەو شتانەی ڕەقن بە

Seiendes Nichtdaseinmäßiges 

وەسفدەکات بەمانای  (نالێرەبوونی بوونێک)، بەمانایەکی دیکە، بوونێک کەگرفتی خۆسەلماندنی نییە وەک بوون، وەک لێرەبوون و دازاین، شتەکان لەخودی خۆیاندا هەن و ئیشکالیەتی لێرەبوونیان نییە. گەر من خۆم، وەک مرۆڤ، وەک خود،  وەک بوونێک هەبم، ئەوا من لەتێزی هایدگەرەوە(بوونێکم  لەنێو لێرەبووندا)، بەمانایەکی دیکە بوونێکم  لەنێو دازایندا.. ئەوا هایدگەر خۆمان، وەک مرۆڤ لەگەڵ کێشەی لێرەبوونمان و سەلماندنی بوونی خۆمان بەبوونیک وەسف دەکات کەلەنێو لێرەبوندایە، ئەم ڕستەیە بەکار دینێت (لێرەبوونێکی بوونێک) 

Seiendes   daseinsmäßiges

 شتەکانی دەووروبەرمان، شتەڕەقەکان، شتە ئەبستراکتەکان شتێکن کەبوونیان هەیە، بەڵام بەبێ ئیشکالیەتی لێرەبوون. ئەوەندەی من دەمەوێت لەم تێگەیشتنەم بۆ کێشەبەندی لێرەبوونی خۆم لەنێو دنیادا پێیبگەم، لەنێو شوێندا ئەوەیە، کەبوونی من وابەستە بەو سەلماندنی بوونەم لەکایەی تایبەتدا، شوێن ئەو ڕووبەرەیە کەبوونی ئێمە گەمەی لێرەبوونی خۆی لەسەر نمایشدەکات. کەواتە دۆزینەوەی شوێن بەشێوەک لەشێوەکان دۆزینەوەی خودە لەنێو دنیای ڕیاڵدا، بەمەش دیسانەوە ئیشکالیەتە ئەنتۆلۆژیەکی خود و جیهان خۆی بڵاودەکاتەوە لەسەر ڕووبەڕێک کەشوێنە. لێرەوە من دەمەوێت بگەمە ئەو تێزەی، کە(لێرەبوونی شوێن)  لەنێو خودی خۆیدا  بوونی نییە، بەڵام بەدیوێکی دیکەدا پێموایە، لێرەبوونی شوێن تایبەتە بەو لێرەبوونەی کەئێمە پێیدەبەخشین، بەو بەها ڕەمزی و سۆزداریەی کەبەشوێنەوە پابەندمان دەکات. لێرەوە من وای دەبینم کەشوێن زەمەنیک بۆ خۆی دروست دەکات کەپابەندە بە بەها ڕەمزیەکانی لێرەبوونی خود بۆ دەوەرەی خۆی، بەوەی لەکایەی تایبەتی خودەوە شوێن، دەبێت بەپێچێکی ناوەوە بۆ دەرەوەی خۆی، بەپێچەوانەشەوە شوێن پێچەکانی خۆی فڕێدەداتە نێو ئێمەوە، شوێن لەکایەی تایبەتی ئێمەدا دەسوڕێتەوە..  

وابزانم تائێستا بەزنجیرەیەک بیرکردنەوە هاتینە خوارەوە بەوەی ئێمە لەگەڵ شوێندا دوو کێشەی وجودیمان هەیە، یەکەم ئەوەیە شوێن تایبەتە بەزەمەنێکی دیاریکراوە و دووهەم شوێن ڕووبەرو شانۆی گەمەکردنی سەلماندی بوونی خۆماندا لەڕۆژانە ژیانمدا. لەم کاتیگۆریەوە، بەزمانی هایدگەر قسەبکەین، لەجیهاندا بوون  مانای ئەوەیە دەبێت بوعدی سێهەمی لەم خوێندنەوەیەدا بۆ پێکبهینرێت، ئەویش شوێنە، ئەویش (لەشوێندا بوون) نەک تەنها وە نالێرەبوونێکی بوون، بەڵکو وەک لێرەبوونیکی سومبولی لەنێو زەمەنێکی تایبەتدا..

لەم تێزەوە دەتوانین ڕوانینیکی دیکە لەسەر شوێن بینابکەین، بەوەی ڕەهەندە ڕەمزیەکانی شوێن، لەدوورییە فیزیکەیەوە بازهەڵدەداتە دوورییە سایکۆلۆژییەکەی ، لەم خاڵەوە شتەڕەقەکان، تەنها نوێنەری نالێرەبون ناکەن وەک هایدگەر دەڵێت، بەڵکو من پێموایە هەڵگری شوناسێکی تایبەتن بەخۆیان کەبازهەڵدانیکی زەمەنیە، مێژوویەکیان لەگەڵ کاتدا  تۆمارکردووە*.

گەر ئەم تێزەم ڕوونبکەمەوە دەتوانم باس لەو کایەی تایبەت بکەم کەپیتەر سڵۆتێردایک لەسێ کتێبی گەوەرەدا لەژێر ناونیشانی(کایەکان Spähern I. II.III) کاری لەسەر کردووە، سێ کتێب لەنێوان ڕوانینی ئیستیکای و فیزیکی سایکۆلۆژیدا هەوڵیداوە لەو کایە و بازنە سەیرانە تێبگات کەبەنەبینراوی لەژیانی مرۆڤ و گەردووندا دەسوڕێنەوە، هەرسێ کتێبەکە قسە لەسەر سێ فینۆمین دەکات بەناوی(پفکە/ گڵۆبۆس یان خڕۆک/ کەفەکان). کایەکان  لەم تەوەرانەدا دووریەکی فیزیکالی و سومبولی و سایکۆلۆژین. بەمانای  میکرۆکایەی تایبەتن لەکتێبی پفکەکان ، پلوراڵ کایەن لەگڵۆبۆس و میکرۆ خڕۆکن و لەکتێبی سێهەمدا کەفاوی کۆمەڵگەن لەنێو کایەکانی کۆمەڵگەدا…سڵۆتێردایک پێیوایە لەنێوان کایە و جیهاندا مرۆڤ کایە هەڵدەبژێرێت، بەمەش زانستێک لەسڵۆتێردایکەوە دادەمەزرێت کە بە کایەناسی (کایەلۆژی Sphärologie  ( پێناسەی دەکات. لەشوێندا کایەی تایبەتی ئێمە خۆی لەگەڵ کایەکانی دیکەدا یەکدەگرێتەوە، گەر ئەمە ونبونی خۆمان بێت لەنێو مێگەلی کۆمەڵایەتی، ئەوا بەدیوێکی دیکەدا دۆزینەوەی سەرەتای زەمەنێکی دیکە لەنێو پاشەڕۆژدا، ڕوونتر قسەبکەم ئیشکالیەتی هایدگەرە لەنێو خۆماندا وەک گرفتی زەمەن (ڕابووردو، ئێستا ، دواڕۆژ) لێرەوە زەمەن و شوێن پێکەوە گرێدەدەم .

لەبەهاری ڕۆژهەڵاتیدا ،لەبەهاری عەرەبیدا، بەپێچەوانەی هەموو ڕاپەڕینەکانی دیکە کەلەشوێنی جیاواز و گۆڕەپانی جیاوازەوە کۆدیتا و ڕاپەڕینەکان دەستپێدکردووە، لەکۆمەڵێک شوێنی جیاوازەو  لەگەڵ دیسپۆتدا گەمە لەگەڵ هێزدا دەکرێت، بریندار دەکرێت و لێیدەدرێت، لەشوێنە جیاوازەکاندا گردبوونەوە و خۆپیشاندان و ڕاپەڕین بڵێسەی دەسەنێت ، ئیدی بەجیاوازی هەموو دەرئەنجامەکان ، شوێنەکان گرنگیان ئەوەندە نەبوو ،بەقەد هێندەی  ڕاپەڕینی  جەماوەرە لەبەرامبەر حوکمە سیاسیەکان. بەپێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەوە، لەبەهاری عەرەبیدا لەیەک شوێندا لەشارێکدا، نەک لەهەموو شوێنەکاندا، شوێنێکی جێگیرمان هەیە. شوێنیکی دیاریکراو لەهەر وڵاتێکدا دەبێتە شانۆی نمایشکردنی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگی ئازاد. دەسەڵاتی دیسپۆت بۆ یەکمجارێتی لە(جادووی شوێن) قوتاری نابێت، گۆڕەپانی (تەحریر) لەقاهیرە باشترین نمونەیە، کاتیک (بەرادعی) دادەبەزێت، کاتێک دەواری لێی هەڵدەبەسترێت، کاتێک گۆرانی لەسەر شانۆ بەپەلە دروستکراوەکەی دەگوترێت، گۆرانی بۆ ئازادی، بۆ یەکسانی ، بۆ دادپەروەری  کۆمەڵایەتی..گۆڕەپانەکان لەشارەکاندا، لەلیبیا لەمیسراتە، لەسوریادا  لەشاری دەرعا. لەوڵاتی یەمەن  گۆڕەپانی ئازادی لەشاری تەعز، لەسەنعا گۆڕەپانی گۆڕان، لەلیبیادا گۆڕەپانی ئازادی لەبنغازی .. بەمشێوەیە لەبەهاری عەرەبی یان ڕۆژهەڵاتدا گۆڕەپانەکان چیدی شوێنیک نامێنێنەوە کەوەک خۆیان بن، تەنها شوێنیک نین لەشویندا و لەنێو بوونی خۆیاندا، بەڵکو شوێنن و دەبن بەفەزا   (Raum/ Space) شوێن دەبنە فەزایەکی تایبەت کەخود تێدا نمایشی خۆی دەکات ، بەمشێوەیە بۆ یەکمجارە شوێن قورسایی خۆی بخاتە بەردەم چەمکەکانی وەک ئازادی و دادپەروەری و ئەنتی فاشیەت و ئەنتی دیسپۆتی ڕۆژهەڵاتی، شوێن هەموو مانا ڕەمزیەکانی خۆی فڕیبداتە نێو دەرەوەی خۆی.  

لەسلێمانی مەیدانی ئازادی، یان (بەردەرکی سەرا)ی جاران  بووە ئەو شوێنەی جێگیر و دیاریکراوەی، لەپاڵ زنجیرە گۆڕەپانەکان لەدژی دیسپۆت و چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی داواکاری گۆڕانکاری لەسەر نمایشدەکرا. ئیدی شوێن وەک ئەکتەرێکی نەبینراو لەنادیارەوە بازی هەڵدایە نێو دیار، وەک بوونیک کەنمایشی لێرەبوونی لەسەر دەکرێت. لەم خاڵەوە من پێموایە لەگۆڕەپانی ئازادیەوە، نمایشی زەمەنێکی نوێ دەکرێت، بەوەی زەمەن بەمانا هایدگەرییەکەی هەڵگری ئەو ململانێیەی بوونە لەنێوان (ڕابوردوو و ئێستا و دواڕۆژ). بەدیویکی تردا  لەشوێنێکی تایبەتەوە، کایەی تایبەتی خود نمایشی بەشی ناوەوەی خۆی دەکات بەرەو دەرەوە. ئەم نمایشە بەڕای من ئەوەندە خودیی و کایەی تایبەتی کەسەکان ڕۆڵی خۆی تێدا دەبینێت، ئەوەندە ئایدۆلۆژیا یان خەتی سیاسی ڕۆڵی پاڵنەری نەبوو!. لەپڕێکدا لەهەموو نەتەوە و ئاین و بیروڕاکانەوە لەشوێندا، لەگۆڕەپانەکاندا گردبوونەوە، هەموویان مەزندەکردنیکیان هەبوو بۆ دواڕۆژ، خەیاڵیان هەبوو بۆ چارەنوسیان،  هەموویان هەریەکەو دواڕۆژیکی لەجیهانبینی خۆیەوە وێنەکێش کردبوو، بەمەش وێنای ئازادی لەکایە تایبەتەکانی خودەوە تەعبیری لەخۆی دەکرد، نەک لەیەک خیتابی سیاسی و جییهانبینیەوە. ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی بەهاری عەرەبیە لەڕاپەڕینەکانی پێش خۆی ، بێگومان لەدوای  پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لەتونس و میسر و تەنانەت لە لیبیاش ئەو جیهانبینیانە تائێستا لە ململانیی سیاسیدان. 

لێرەوە دەمەوێت هەڵوێستیەک بکەم دەربارەی ئەو ڕستەیەی بە(نمایشکردنی کایە تایبەتەکان) ناوم هێنا، بۆچی کایەی تایبەت،  بەمەرجێک ئەم کایەی تایبەتە لەنێو مێگەلی جەماوەریدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو کەواتە تایبەت لەکوێدایە کەهەمووان لەیەک شوێندا هاوار بکەین بۆ یەک مەبەست، بۆچی کایەی تایبەت دەبەستینەوە بەدوو کاتیگۆریەوە، یەکێکیان تایبەت و ئەویتر لەنێو کۆی گشتیدا. مرۆڤ لەکوێدایە؟،بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارێکی جومگەیی بیری سڵۆتێردایک لەمەڕ کایەی تایبەت. ئەو پێیوایە مرۆڤ لەکایەی تایبەتی خۆیدایەتی، بەمەش (لەنێو جیهاندا بوون) مانای بوونە لەنێو کایەی تایبەتدا. بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە بکەین  بۆچی کایەی تایبەت!. لەوانەیە لەم پرسیارە مەنهەجیەوە دەستپێبکات، کەپرسیاری سایکۆلۆژیا ئەوەیە تاک کێیە و  چۆنە تاک؟، بەڵام پرسیاری کایەناسی یان (کایەلۆژی)  ئەوەیە  تاک یان ئیندیڤیدیوم لەکوێیدایە!. ئەم پرسیارە دەربارەی ئەوەی تاک لەکوێیە، سڵۆتێردایک وەڵامیدەداتەوە  بەوەی ( تاک  لەنێو کایەدایە، لەنێو تەونێکی ئاڵۆزکاوی سایکۆلۆژی کێڵگەیەکی تایبەت یان ڕووبەرێکی تایبەتدایە، وەک جەمسەرێک لەجەمسەرەکان!، وەک جەمسەرێک لەژێر جەمسەرەکان … )         

  بڕوانە: سڵۆتێردایک: خۆر و مردن، ل١٤٥ 

Hans-Jürgen Heinrichs und Peter Sloterdijk, Die Sonne und der Tod, dialogische Untersuchungen, Suhrkamp, S 145

 

لەم گۆشەنیگایەوە تاک  لەنێو جەمسەردا وەک جەمسەرێک لەنێو جەمسەرەکاندا هەیە، بەڵام جەمسەر چییە، شێوەی چۆنە و لەچ فۆرمێکدایە، بێگومان لەفۆرمی (خڕۆکەیی / Kugel) شێوەیەکی خڕی هەڵماتی هەیە، سڵۆتێرادیک دەڵێت: (وشەی  (کایە  Sphira  ) لەگریکدا مانای شێوەی خڕی  هەیە، دەتوانین ئاوەها وەریبگێڕین. لێرەوە دەتوانین ئەو دەرئەنجامە وەربگرین کەمرۆڤەکان بەشێکن، یان جەمسەرێکن لەکایەک ….مرۆڤەکان بونەوەرێکن کە لەتۆپێکی نیمچەخڕ دەچن…)  سڵۆتێردایک. هەمان.س.پ. ل١٤٥ 

Hans-Jürgen Heinrichs und Peter Sloterdijk, Die Sonne und der Tod, dialogische Untersuchungen, Suhrkamp, S 145

 

لێرەوە من پێموایە زەمەنی نوێی ئیندیڤیدوم لەو چرکە ساتەوە دەستپێدەکات، کە نیمچە بازنەیی خۆمان، یان وەک لەسەدەی ناوەڕاستدا هاتووە، ڕۆحی بازنەیی و خڕۆکی خۆمان دەدەۆزینەوە، ئەوسا  ئێمە لەنێو کایەی تایبەتی خۆمانداین، لەنێو بازنەی خۆمانداین، جەمسەرێکین، لەنێو جەمسەرەکان. پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کەسڵۆتێردایک لەم تێزەیدا دەربارەی مرۆڤ وەک جەمسەرێک لەجەمسەرەکان و لەنێو کایەی تایبەتی خۆیدا پێناسەدەکات، ئەوەی وەهام لێدەکات من پڕکێشی ئەوە بکەم کەمرۆڤەکان  لەشوێنەکاندا وەک کایەی تایبەت زەمەنی تایبەتی خۆیان دەدۆزنەوە، ئەوەیە کە جەمسەر بەشێوەیەک لەشێوەکان، چیرۆکی تاکە، چیرۆکی خودە لەنێو هەوادا وەک (پفکەیەک / بڵقی سابوون / فقاعة/ Blase) دەسوڕێتەوە، گەمەی خۆی دەکات لەنێو مێژوودا، ئیدی ئەو مێژووە گەمەی خۆی دەکات لەنێو پرسیاری شوێن و کاتدا، لەنێو شوێن و زەمەنی تایبەت بەخۆی، وەک ئەو پفکەیە وەهان کەلەنێو هەوادا، بەسەربەستی بەدەم هەواوە دێت و دەچێت، هەوا دەیهێنێت و دەیبات، لەبەردەم خۆردا ڕەنگەکانی خۆی نمایشدەکات. لەوانەیە من زیاتر لەو دیمەنە نێزیک ببمەوە کەسڵۆتێردایک لە کتێبی یەکەمی (کایەکان ١/ پفکەکان)  دەستپێدەکات، بەوەسفی  تابلۆیەک کەلەسەدەی     نۆزدەدا نیگار کێش کراوە لەلایەن نیگارکێش   G.H. Every لە1887 لەژێر تایتڵی (پفکە کەکان)، منداڵێکە قاپێک کەفاوی لەدەستدایە و فوویکردووە بەسەبیلێکدا و بڵقی پێ دروستدەکات. سەرنجی پفەکەیەک دەدات چۆن لەنێو هەوادا گەمەی خۆی دەکات. جیهان هیچ نییە جگە لەهەڵاوێکی نێو سیەکانی خۆی نەبێت لەنێو پفکەیەکدا گیری خواردووە و لەنێو فۆرمێکی بازنەیدایە، لەنێو کەفێکی هەوایدا لەنێو بۆشاییدا پێمەلەیەتی..سڵۆتێردایک پرسیار دەکات: ڕۆح لەسەر شێوازی خۆی شوێنە،  ئایا ئەوەی ناوی ڕۆحی لێدەنێن  هیچ نییە  جگە  لەشوێنێکی  گشتی باڵدار لەهەوادا ! 

  بڕوانە بەئەڵمانی: سلۆتێردایک : کایەکان ١ / پفکەکان. چاپخانەی سورکامپ ، ل ١٩

Peter Sloterdijk: Sphären I – Blasen. Suhrkamp, 1998,S19. 

 

تابلۆی ( پفکەکان لەڕیگەی مییلیاس) 1887.H. Every

 

لێرەوە پێموایە کەشوێن و کایەی تایبەت، لەفۆرمێکی ئیندیڤیدوالیدا یەکدەگرنەوە. بەجۆریکی دیکە بدوێم، دەتوانم بڵێم زەمەنی تایبەتی ئێمە لەنێو شوێندا، بەرهەمهێنی شوێنێکی دیکەی ڕۆحیە کەفۆرمێکی تایبەت لەخۆی ناگرێت، لێرەوە هەموو ئەو شوێنانەی سوبێکت گەمەی کایەی تایبەتی خۆی لەسەر نمایشدەکات، دەبێتە  ئەو پفکە نەبینراوەی لێرە و لەوێ هەناسە و هەڵاوی هەناسەی تایبەتی خود فووی پێدا کردووە. ئەو هەڵاوی هەناسەیە لەنێو پفکەدا، ئەو بەریەکەوتنە بوونگەراییە لەگەڵ ڕووداو و چرکە ساتە مێژووییەکان، کەلەسەر شوێنایەکی تایبەتدا ڕوودەدەن، مادامەکی وەک جیهان هیچ نییە جگە لەهەڵاوێک وەک شۆبنهاوەر دەڵێت: هەڵاوی  بوونێکی نەکوژاوە… ئیدی ئیرادە بۆ ژیان لەگۆڕەپانەکاندا دەبن بەو پفکانەی لەنێو یەکدا و بۆ یەکتری تێکەڵی یەکتر دەبن، لەهەموو شارەکانی سوریا ئەو ئیرادەیەمان بینی  کەڕۆژ بەڕۆژ بەرامبەر کوشتن وەک ئەو پفکانە وەهان کەدەتەقین، بەڵام هەڵاویان  پفکەی دیکە دروستدەکەنەوە، ئازادی لە گۆڕەپانە گشتیەکانی دەرعا و حومس و بابەعەمر  دەبنە ئەو پفکە زۆرانەی کە دیسپۆتی حکومەتی سوریا، ئامێری کوشتنەکەی بەتەقاندنەوەی خەریکە. دیارە بەجیاواز لەچەمکی ڕاپەڕین، لەبەهاری ڕۆژهەڵاتیدا پفکەکان لێرەو لەوێ لەسەر جوگرافیای ڕۆژهەڵات،  بەنێو هەوادا گەمەی خۆیان دەکەن، هەر ڕۆژەو خەونێک و ململانێیەک، ئیدیایەک، قسەکردنیک لەسەر تابۆ و تەوتەمێکی ئاینی و سیاسی وەک پفکە دێنە نێو فەزاکانی ئیدارەو سیاسەت و پێکهاتەی حکومەتە نوێی و پەڕلەمانە لەدایکبووەکانی دوای دیسپۆتەوە.. ئیدی ئێمەش وەک ئەو منداڵانە وەهاین سەیریان دەکەین و سەرسامین پێیان..لەم خاڵەوە دەمەوێت دیسانەوە هەڵوێستەیەک بکەمەوە لەسەر چەمکی (شوێن و زەمەن وەک کایەیەکی تایبەت) دەتوانم بڵێم: کە (پفکە) ئەو شوێنەیە کە(لێرەبوون) گەمەی خۆی تێدا دەکات،  پفکە شوێنە بۆ کایەی تایبەت، شوێنە بۆ ڕاڕەوەکانی خود لەنێو کایەی تایبەتدا… 

پرسیاری ئێمە دەربارەی بوونمان لەجیهاندا، وەک هایدگەر لە(زەمەن و بوون) دا گفتوگۆی کراوەی لەسەر بینادەکات، پرسیارێکە تایبەتە بەوەی شوێنی ئێمە لەکوێیە، کاتێک ئێمە بەرامبەر عەدەم (Nichts) دەبینەوە؟، ئایا بەهۆی کارەسات و جەنگەکانەوە بێت، یاخود لەڕێگەی نەخۆشیەوە بێت، پرسیاری شوێن جارێکیتر خۆی ئامادە دەکاتەوە، بەوەی لەگەڵ مردندا شوێنای ئێمە دەگوڕێت، ئێمە لەبونەوەرێکی ناوەکیەوە دەبینە بونەوەرێکی دەرەکی لەشوێنێکی دیکەدا. شوێن دەگۆڕیت لەکاتێدا نەخۆشی ئیمە دەخاتە سەر چەرپاکانی خەستەخانەکان، کەدەچینە خانەی پیرانەوە ئیدی دەزانین کەئێمە لەم شوێنەدا نەفیکراوین، لەبەرئەوەی شوێنی یەکەم گۆڕانی بەسەردا هات  بۆ شوێنێک کەچاوەڕوانی عەدەمی لێدەکەین، بەڵام سەیر لەوەدایە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەمیشە وەک مرۆڤ سەرقاڵین بەشوێنای خۆمان کەلەنێو  ئەم شوێنە دەمباتەوە بۆ ئەو پرسیارەی ئێمە لەکوێداین، مرۆڤ لەکوێدایە!. لەهەموو کاتەکاندا مرۆڤ لەشوێندا نییە، چونکە بوون لەشوێندا بەڕای من دەبێت بوون بێت لەزەمەنێکی تایبەتدا، بوونە لەکێڵگەیەکدا کەخود دەتوانێت خۆی تیدا پەرشبکاتەوە، بوون لەنێو شوێندا لەم بیرکردنەوەمدا بوونە لەنێو زەمەنێکی سایکۆلۆژی کەبوونی من بەجیهانەوە دەبەستێتەوە، شوێن گەرەنتیەکی شەرمنانەی بوونی منە لەنێو کایەیەکی تایبەتدا… 

گەر لەم چرکە ساتەدا بیر لە(سیگمۆند فرۆید) بکەینەوە لەشیکاری دەروونیدا شوێنای خود دەبێتە سێ کێڵگەی جیاواز (ئەو و من و منی باڵا / Es, Ich, Über-Ich  )، لەم سێ کێڵگەیەدا مرۆڤ وەک خودێک دەسوڕێتەوە لەنێوان غەریزەکانی کەلەکێڵگەی (ئەو /Es) دا دەخولێنەوە، لەنێوان (من /Ich) کەدەیەوێت لەگەڵ دنیای دەرەوەدا خۆی بگونجێنێت و لەگەڵ (منی باڵا / über- ich ) کەئیدیالە باڵاکانی هەڵگرتووە، مرۆڤ لەنێو خودی خۆیدا لەنێوان ئەم سێ شوێنە سایکۆلۆژیەدا  دێت و دەچێت، لەم هاتوچۆیەدا نەخۆشیە دەروونیەکان، عوساب، ناتەبابوون و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی و داهێنان لەفەزایەکی نەبینرادا دەسوڕێنەوە. لەهەر کێڵگەیەکدا خود بەرامبەر بەشێکی نادیار و چێژیکی تایبەت دەبێتەوە، کەواتە ئێمە شوێنی خۆمان لەگەڵ خۆماندا هەڵگرتووە، بەوەی شوێن لەنێو زەمەنیکی سایکۆلۆژی تایبەتدا، لەنێو کایەی تایبەتدا مرۆڤ بەرجەستە دەکات. 

لەم بیرکردنەوەیەوە لەگەڵ چەمکی (پفکە/ Blase )  یەکدەگرینەوە بەوەی شوێنایەکە بۆ خود، شوێنایەکە بۆ کایەی تایبەت کەخۆی تێدا پەرشدەکاتەوە، لەمبارەیەوە (سڵۆتێردایک ) دەڵێت: لێرەوە من هەوڵدەدەم کەوێنەی پفکە وەک شوێنێک  وەسف بکەم ، کە مرۆڤی تێدا ئامادەیەو بەهەقەت لەوێدان، دیارە ئێمە هەروەها بەبێ هۆ (لەجیهاندا) بوونمان نییە، بێگومان گەر لەگۆشەنیگای ڕەشبینی  (زەمەن و بوون) وە قسە بکەین. ئێمە لەنێو شوێنێکی ڕەنگدار، لەنێو پفکە دا بوونمان هەیە، لەوشوێنەدا کەخاوەنی کایەی تایبەتی خۆمانین، تێدا کایەی تایبەتمان خۆی ڕادەکێشێت و خۆی پەرشدەکاتەوە …

بڕوانە: سڵۆتێردایک، خۆر و مردن، ل١٤٢ ، ١٤٣ ..

   لەتێوەرەی (پفکەدا) شوێن هەڵاوی خودی هەڵگرتووە، لێرەوە من داوا لەخوێنەری ئازیزم دەکەم، چەند ساتێک لەگەڵ پفکەدا بەسەر بەرێت، جامێک کەفاو بێنێت، تەلێکی شێوەبازنەیی بکاتە نێو کەفاوەکەو وهەوڵبدات پفکەیەک دروستبکات، چەند ساتێک  لەگەڵ سەمای پفکەکان وشکانەوەی تیشک و ڕەنگەکانیان بەسەر بەرێت، مومارەسەی ئەو ساتە لەبیرکردنەی دنیای دەرەوەی خۆتان بدەن و بیر لەوەبکەنەوە کەشوێنای ئێوە، کەکایەی تایبەتی ئێوە لەنێو پفکەکاندا گەمەی خۆی دەکات، بەمشێوەیە دەتوانین پێکەوە لەو زنجیرە بیرکردنەوەیەی (سڵۆتێردایک) تێبگەین دەربارەی پفکە وەک کایەی تایبەت، وەک (ڕێسایەک بۆ نیشتەجێبوونماندا لەنێو ژووریکی دابەشکراو، ڕێسایەک کەلە پڕنسیبی کایەی تایبەتەوە سەرچاوەی هەڵگرتووە، پڕنسیبی کایەکەی تایبەت کەتەنها خۆمان چنیومانە..هـ.س.پ). 

لەم تێزەوە پفکە بەشێکە لەو شوێنەی لەگەڵ خۆماندا هەڵیدەگرین و لەگەڵ زەمەنی شوێنەکاندا یەکدەگرێتەوە و زۆرجار نامۆ دەبێت بەشوێن، بەڵام هەمیشە پفکە ئەو شوێنەیە کەئێمە خۆمانی تێدا پەرشدەکەینەوە، لەوانەیە لەپفکەدا (لێرەبوون) شوێنای خۆی بدۆزێتەوە، من پێموایە ئەوانەی ناتوانن ببن بەخاوەنی شوێنای خۆیان، نەتوانن شوێنێکی ئەبستراک و نەبینراو  بۆ ڕۆحی خۆیان دابین بکەن، ناتوانن لەو پفکەیە تێبگەن کەلەچرکەساتێکدا دروستدەبێت، وەک کایەکەی تایبەت  لەبەرامبەر جیهانیکی پڕ ململانێدا.. خوێنەری ئازیزم، ڕۆحمان شوێنی خۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و شوێنەکانیش بەشێکی گەورە لەڕۆحمان دەبات بۆ خۆی، ئەم هاوکێشە نەرمە لەو چرکە ساتە مێژووییەدایە کەخود بەشێک لەخۆی، لەفۆرمێکی بازنەیی تایبەتدا بەهەوادا پەخشدەکاتەوە، وەک پفکەیەک گەمەی خۆی دەکات. 

گەر باس لە چرکە ساتیکی خۆم بکەم، ئەوا (حەڤدەی شوبات) بۆ من ئەو چرکەساتە بوو، ئەو ئەزمونە بوو جیاواز لەهەموو ئەزمونەکانی دیکە، بەجیاواز لەو ئەزمونە دێرینانەی خود  کەزیاتر لەهەستێکی بەرگریکردنەوە هاتبوو، لەهەستێک بە کۆلێکتیڤ بوون لەنێو هەستێکی گشیدا، لەمێگەلبونی سیاسیانەی ناسیونالستی و ئیدۆلۆژی. حەڤدەی شوبات لای من چیرۆکیکی جواداواز بوو، بەوەی بۆ یەکمجارە هەمووان کۆلیکتیڤ نین، بەڵکو ئیندیڤیدوالین لەتەعبیرکردن لەخۆمان، بەتایبەت کاتێک گەنج وەک نەوەیەکی نوێ لەدژی دیسپۆتی نەوەیەکی دیکە، لەدژی تۆرانیەتی شۆرشگێڕە قەدیمەکان و کۆنزەرڤاتیزمی سیاسی هاواردەکەن و دەکوژرێن.. ئیدی لای من ئەم ئەزمونە لەحەڤدەی شوباتدا  وەک پفکەیەک وەهابوو لەهەوادا بەردەوام سەرسام بووم پێی، تائێستاش زەمەنی کوردی لەدوای ڕاپەڕینەوە، چرکەساتی ئاوەهای بەخۆوە نەبینیوە کەنەوەیەکی نەوێ، ئیدی لەکاڵ و کرچی خۆیانەوە بێت، لەپڕکردنیانەوە بێت بۆ ژیان، لەبەر هەر هۆیەک بێت.  لەچرکە ساتێکدا لەدژی مێژوویەکی دررێژبووەی دوای ڕاپەڕین توڕەبن، لەپڕ وەک نەوەیەکی نوێ،  وەک گەنجی تینوو بۆ ئازادی بەرامبەر دیسپۆتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری  دەبنەوە. لەم خاڵەدا من هەڵوێستیەک دەکەم و دەڵێم کەخوێندنەوە بۆ ئەم چرکە ساتە، نابێت تەنها خوێندنەوەیەکی سیاسیانە بێت، دەنا هەموو مانا فیکرییەکانی خۆی لەدەست دەدات،  بەڵکو ڕەهەندێکی گەوەرەی ئەخلاقی و ئیستاتیکی لەخۆگرتووە، ئەم چرکە ساتە  تەنها ئاڕاستەکرا نەبوو بۆ دەسەڵاتێکی سیاسی تایبەت، وەک لەدەرکەوتنیدا دیار بوو، بەڵکو لای من ئاڕاستەکراو بوو بۆ سەرجەم ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتیەی تائێستا  هەمووان تێدا دەسوڕێنەوە. لەدیوی نادیاریدا ئاڕاستەکراو بوو  بۆ هەموو کۆمەڵگەی کۆنی کوردی بەهەموو  دەرکەوتە نەوەیی و کولتوریەکانیەوە، کەکلتوری پیری سیاسیە، کۆنزەرڤاتیزمی سیاسیە  لەفۆرمی میراتگری شۆڕشەوە خۆی قەڵەو کردووە. گەنجەکان لەکایەی تایبەتی خۆیانەوە پەلاماری ڕەمزەکانی کۆمپانیای شۆڕشگێڕی کوردییاندا کەئێستا لەفۆرمی ئیدارەی سیاسیدا خۆی دەوڵەمەند دەکردووە. لەو چرکە ساتەدا ئەو ڕستەیەی سڵۆتێردایکم بیرکەوتەوە کەدەڵێت: (من بۆنی کەلاکی تۆپیوی ئیدۆلۆژی و شۆڕشم کرد، کەدەمێکە لەنێوماندا بۆگەن بووە) 

بڕوانە :  سڵۆتێردایک: خۆ هەوڵدان ..٦٠ 

Peter Sloterdjik,Selbtversuch, ein Gespräch mit Carlos Oliverlia, Hanser Verlag 1996. 

لەچرکە ساتی حەڤدەی شوباتدا بۆنی ئەو کەلاکە تۆپیوەی نێو بزوتنەوەی ناسیونالستی کوردی لەبەر لوتماندا سەمای کرد، لەو چرکە ساتەوە، دەسەڵات و بەتایبەت نوێنەرانی کۆنزەرڤاتیڤی کوردی ئەوە دەزانن کەلەمەیدانی ئازادیەوە نمایشیکی دیکە دەستیپێکردووە کەبەئەوان دەستەمۆ ناکرێت، چونکە ئەم چرکە ساتە تاوەکو ئەمڕۆ لەدەرەوەی ئیرادەی ئۆپۆزیسیۆنەکان گەمەی خۆی دەکات، هەرچەندە ئەوان ویستیان ببن بەمیراتگری ئەو ڕووداوە، بەڵام تائێستا ئەو چرکە ساتە لای هەریەکێک لەبەشداربووانی ئەم ڕووداوە لەکایەی تایبەتی خۆیانەوە ماوەتەوە و ڕستەی سیاسی لاوازە لەبەردەم بەکۆلێکتیڤکردنی، لەبەمێگەل سیاسیکردنی ئەو ڕووداوە. لەبەرئەوە سەیرنییە کەلەیادی ئەو ڕۆژەدا ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستەیەکی شەرمنانەی هەبوو، لەبەر ئەوەی لەقوڵایی هۆشمەندی گشتیاندا هەستدەکەن کەئەو چرکە ساتە هی ئەوان نەبووە و ناشبێت بەگوتاری ئەوان، بەگشتی نابێت بەگوتاریکی سیاسی دیاریکراو، دەیەوێت وەک پفکە هەرجارەی پرسیارێک بهێنێتە نێو فەزای کۆمەلایەتی و سیاسیەوە، پرسی دادپەروەری ، دادگاکان، گەندەڵی، گەنج، ئازادی رۆژنامەنوسی..هتد  حەڤدەی شوبات لەدەرەوەی گوتاری سیاسی هەبوو خۆی درێژدەکاتەوە، وەک سێبەریک، وەک ڕووداوێک کەخاوەنی کایەکی تایبەتی خۆیەتی. وەک پفکەیەکی نەبینراو بەردەوام بەنێو هەوادا دێت و دەچێت،  ئەو چرکە ساتە توڕەییە، لای من ئەو پفکەیەی دروستکردووە کەهێشتا بەنەبینراوی نوێنەری ئەو ئیرادەیە وەک هەڵاوی نەوەیەک لەنێو فۆرم و بێ فۆرمیدا خۆی قەتیس کردووە. لەگۆڕەپانی ئازادیدا ئەو پفکەیە بەنادیاری لەنێو سەرسامیدا دەهاتوو دەچوو، لەو شوێنەدا کایەی تایبەت، وەک زەمەنێکی تایبەت، وەک جەمسەرێک لەنێو جەمسەرەکان  بەو چرکەساتە سەرسامبوون. بەڵام لەدوایدا ئۆپۆزیسیۆنەکان هەوڵیاندا جادووی ئەو پفکە نەبینراوە، بەرەو گەمەیەکی دیکە بەرن، بەتایبەت ئیسلامیەکان هەوڵیاندا جادووی ئەو چرکەساتە بکەن بەچرکەساتێکی ئاینی. ئیسلامی سیاسی زۆر جوانتر لەئۆپۆزیسێۆنی پۆپۆلیستی (گۆڕان)* هەستیان بەگرنگی شوێن کرد، هەر بۆیە لەیەکەم ڕۆژدا هەوڵیاندا لەو شوێنەدا، لەبەردەرکی سەرا  نوێژ بکەن، لەبۆنەیەکدا  کەکۆمەنیستەکان ئەو ڕۆژە بەڕێوەیان دەبرد. پارادۆکسی ئیسلامەویەتی کوردی لەوەدایە  کەدەیویست لەیەکەم لەچرکە ساتەوە پەلاماری شوێن بدات، دیارە لەم هەوڵەشدا سەرکەوتوو بوو، ئیدی نوێژی هەینی ڕەهەندە ڕۆحانیەکەی لێزەوتکراو و بوو بەئامڕازیک بۆ دەسەڵاتێکی ئیسلامەوی، بۆ هیچ نا تەنها بۆئەوەی شوێن داگیر بکەن، باش لەوەتێگەیشتبوون کەئەم شوێنە  هەڵگری ئاماژەگەری نوێیە. جوانی ئەم دیمەنە لەوەدابوو کەئیسلامی سیاسی، سەڕەڕای هاوئاهەنگی کاڵ و کرچی هەندێک ڕۆشنبیری سێکۆلار، نەیانتوانی ئەم فەزایە بۆ خۆیان ببنەوە. زۆری نەبرد لەدوای بەکارهێنانی هێز لەبڵاوە پیکردنیان، ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان  هەوڵیان نەدا ئەو گۆڕەپانە داگیر بکەنەوە، ئەکسیۆنی دیکەیان ئەنجام نەدا، وەک ئەزمونەکانی گەلانی دیکەی بەهاری عەرەبی هەوڵیان نەدا گۆڕەپانەکان داگیربکەنەوە. لەڕوانگەی پەیوەندی نێوان  دەسەڵاتی سیاسی و گوتاری سیاسی و ڕووداوی مێژووییەوە لێی بڕوانین، لایان ئاشکرا بوو  ئەو پفکەیە بەهەوای گوتاری سیاسی دیاریکراو  سەما ناکات و تەنها دەیەوێت وەک چەند وێنەیەکی نەبینراو بمێنێتەوە  لەنێو فەزای شوێندا، لەنێو هەڵاوی شوێندا بمێنێتەوە، ئەو شوێنەی نمایشی چرکە ساتیکی ئازادی بوو…

چرکە ساتی حەڤدەی شوبات تێکەڵبونی جەمسەرەکان بوو، پفکەیەک بوو ئێمە بەسەرسامیەوە هەڵاوی خۆمان پێبەخشی، بەجیاوازی بیروڕاو ئاینمانەوە، هەریەکەی تاکڕەوانە بەشداری کرد و نەیتوانی ببێت بەکۆ، ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی ئەزمونی کوردییە لەبەهاری عەرەبی، بەوەی کەوەک پفکەیەکی نەبینراو ماوەتەوە و سەرسامی خۆی، گەمەی خۆی پەخشدەکات و هەر ساتەی یەکێک ئەم پفکەیە دەهێنێتەوە سەر ئاستی دیار، هەر ساتەی قەیرانیک حەڤدەی شوبات وەک پفکەیەک بەهەڵاوی خۆی دەهێنێتە نێو فەزای گشتی..

پفکە وەک شوێنێک بۆ کایەت تایبەتی خۆم بەرزدەبێتەوە و دیسانەوە لەنێو هەوایەکی تردا بەنەبینراوی من و چەندەهای وەک من سەرسامدەکات، جوانی پفکە لەوەدایە، کەگوتارەکانی دەسەڵاتە ئاینی ئەخلاقی و سیاسیەکان ناتوانن  ئەو جادووە کەمبکەنەوە کەلەخۆیدا هەڵیگرتووە، ئەو ڕەهەندە فەلسەفی و ئیستاتیکیە قوڵەی لەدەستبدات، من هێشتا سەرسامم بەپفکە  کاتێک لەنێو فەزایەکی نوێدا  خۆی نمایشدەکات .

 

جەمسەرەکان و کایەی تایبەت  وەک جەمسەر..

چۆن دەتوانین لەکایەی تایبەتدا بین و لەهەمان کاتیشدا، باس لەکردەیەکی دەستەجەمعی وەک بەهاری عەرەبی بکەین، ئەی خود لەکوێی ئەم چیرۆکەدایە، بۆچی لەم دێڕانەی سەرەوەمدا، باس لەئیندڤیدوم دەکەم بەپەیوەندی بەشوێنەوە و پاشان بەپاندبوونی بەکردەیەکی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەپفکەیەکی تایبەت دەشوبهێنم کەخود کایەی تایبەتی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە! …ئەم زنجیرە بیرکردنەوەیە خۆی لەخۆیدا گەڕانێکە بەدووی توخمە ووردەکانی هەر کردەیەکی کۆمەڵایەتی، کەچرکە ساتێکی گرنگ لەکۆمەڵگەدا دەخوڵقێنێت، هەر یەکەی بەئەزمونی خۆی لەو کردەیە دەدوێت. ئەمەش جادووی ڕووداوە گرنگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەسی ئێمەن، بەوەی وەک ئەزمونێکی تایبەت  دەمێننەوە لەژیانی ئێمەدا. بەڵام بۆچی ئەزمونێکی گشتی دەبێت بەئەزمونێکی تایبەت، بۆچی لەنێو کۆدا، ژمارە یەک خۆی دەدۆزێتەوە، لێرەشەوە  بەشداربوونێک دەبێت لەفەزایەکی گشتیدا کەخۆمان لەنێوان خۆماندا بەشمانکردووە؟!. گەر جارێکیتر بێینەوە سەر ئەو تێڕوانینەمان لەسەر  کایەی تایبەت، ئەوادەگەینە ئەو تێزەی کە کایەی  تایبەت  بەشێکە لەجەمسەرێک، دابەشکردنە لەنێوان جووت و زیاتردا. بەمەش تێگەیشتنی سڵۆتێردایک بۆ کایەی تایبەت خۆی لەئیندڤیدوالیەتی ڕەهادا نادۆزێتەوە، بەڵکو بەشێکە لەجووت..(پرسیاری  ئەوەی ئیندیڤیدیوم لەکوێدایە؟ کایەلۆژی وەڵامی دەداتەوە بەوەی بەشێکە لەجووتێک …جووت فۆرمیکی باڵای کایەیە، کەدەبێت ڕەچاوبگیرێت..)  سڵۆتێرادیک: خۆر و مردن ل ١٤٦     

کەواتە خودی ئێمە لەکایەی تایبەتدا لەپەیوەندیدا لەگەڵ ئەویتردا کایەی تایبەتی خۆی فۆرم دەکات، ئەم ڕستەیە وەرگێڕینە سەر زمانی کۆمەڵایەتی دەتوانین بڵین کەمن کاتێک هەست بەکایەی خۆم دەکەم کەلەپەیوەندیدام لەگەڵ یەکێکیتر ، لەگەڵ ئیدیایەکی دیکە، لەگەڵ جیهاندا. پەیوەندیکاری، پابەندبوون،  ئێمە دەخاتە بەردەم ئەو پرسیارەی ئێمە لەکوێداین، لەکویدا خاڵێکی نەبینراوی خۆمان دەبینین لەنێو فەزادا گەمەی خۆی دەکات، بێگومان کاتێک ئێمە دابەش دەبین. لەم خاڵەوە سڵۆتێردایک گرنگی دەدات بەدابەشکردن، بەوەی خود دابەش دەبێت بەسەر جەمسەرەکاندا، نەک تەنها خودیکی ئیگۆئیست و خۆپەرستێکی ناشرین بێت، وەک ئەوە ئیگۆسینتریزمەی لەدنیای پۆست مۆدێرنەدا هەموو ڕۆحێکی بەشداربوون لەڕووداوە گەورەکان، لەچرکەساتە گرنگەکان، لەکێشەکانی کۆمەڵگە ، لەدروستکردنی بیروڕا..ڕووتدەکاتەوە لەمانای جەوهەری خۆی ..ئیمە لەبەردەم ئیندڤیدوالیەتیکیان کە تیۆدۆر ئادۆڕنۆ لە کتێبی (مینیما مۆڕاڵیا) ئاماژەی پێداوە( ئەو ئیندیڤیدوالیەتەی هەموو شتێک بۆگەن دەکات کەناوی ئیندڤوالیستیە) ئەم جۆرە ئیندڤیدوالیستە میتافیزیکیە، جۆریکە لەڕەهایەتی کەسی یەکەمی تاک لەنێو خۆیدا و بۆ خودی خۆی، گرفتی سەرەکی مرۆڤی هاوچەرخە بەرامبەر دنیای دەرەوە.  بەشێکی گەورەی ماشێنی پۆست کاپیتالیزم کار بۆ دروستکردنی ئەو ڕۆحە خۆپەرستە دەکات بەناوی ئیندڤیدوالیەتەوە، تەنانەت بەناوی کایەی تایبەتی کەسەکان. لێرەوە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی لەژێر چەتری ئەم خودپەرستیەی خۆیدا، ئەو مرۆڤەی خوڵقاندوە کەجیهانی بەلاوە گرنگ نییە و لەبازنەیەکی بچوکی کارو ماڵ و غەریزەو شمەکخۆریدا دەسوڕێتەوە.. جیهان لەدەرەوەی ئەم ئیندڤیدوالیەتە گەمەی خۆی دەکات، چیتر مرۆڤی ئەم سەردەمە جیهانی بەلاوە گرنگ نییە، بەقەد هێندەی بچوکراوەتەوە بۆ خودێکی ڤیرتوالی سەر ڕوونمای کۆمپیوتەر و چات و مۆبایلەکان. ئەم ئیندیڤیدوالیەتە هەڵگری نێرۆتیکایەکەیە، هەڵگری عوسابە، کەتەریکبوونەوەیە لەنێو خودا بەناوی کایەی تایبەتەوە، بەبێ بوونی کایەی تایبەت بەخۆی. سڵۆتێردایک لەکتێبی (ڕەخنەگرتن لەئەقڵی گاڵتەجاڕیدا)  ئەم هۆشمەندیە ئیندڤیدوالیە پۆست مۆدێرنە بە(هۆشمەندیەکی ساختە) یان بە(هۆشمەندیەکی ڕۆشنگەری  ساختە ) وەسف دەکات… بڕوانە: ڕەخنەگرتن لەئەقڵی گاڵتەجاڕانیە ..ل ٣٧

بڕوانە: پیتەر سڵۆتێردایک: ڕەخنەگرتن لەئەقڵی گاڵتەجاڕی، سورکامپی ئەڵمانی 

Peter Sloterdijk, Kritik der zynischen Vernunft, Suhrkamp 1983, S37

 

 لێرەوە دەتوانین باشتر لەتێورەی (پفکە) تێبگەین کەخۆی لەخۆیدا کایەی تایبەتە دابەشبووە لەنێوان من و جیهاندا. بەمەش تێگەیشتنی تەقلیدی دەربارەی تاکڕەوێتی دەگۆڕێت. لەتاکڕەوی وجودیانەی سارتەری کەئەویتر بەبەردێک تێدەگات بوونی خۆی لەسەر  دەشکێت،(ئەویتر جەهەنەمە) ئەمە ڕستە بەناوبانگەکەی ژان پۆل سارتەرە..بەپێچەوانەی ئیندڤیدوالیەتی بوونگەرایی سارتەری، مۆدێلی سڵۆتێردایک، مۆدێلی بوونی خودە وەک جەمسەرێک کەلەیەکێک زیاترە، وەک جەمسەرێک لەنێو جەمسەرەکاندا.  بێگومان بەپێچەوانەی ئیندڤیدوالیستی پۆست کاپتیالزم، مۆدێلی سڵۆتێردایک بۆ گەڕانەوەی خودی مرۆڤە لەنێو کایەی تایبەتەوە بۆ پەیوەندیەکانی بەئەوانیترەوە، ئیدی تاکڕەوێتی نابێت بەجەهەنەمێک خود لەژێریدا تووشی خەمۆکی قورس بێت، تاک دەبێت بەدوو و سیحری خۆی لەنێو جەمسەربوونی خۆیدا دەدۆزێتەوە..

  ئەوەی فێری دەبین لەپۆست کاپیتالیزم ئەوەیە، کە ئەمە موڵکی منە، ئەوەش هی تۆیەو من سەربەستم و تۆش سەربەستی و من نایەمە سنووری تۆوە و تۆش مەیە سنووری منەوە، ئیدی لەم هاوکێشەیەدا مرۆڤەکان بەندن لەنێو تاکڕەوی خۆیاندا، خەمۆکن لەنێو خۆیاندا لەنێو وەهمی ئازادی کایەی تایبەت، بەمانای  لەژێر ناوی کایەی تایبەت ، جۆریک لەنابەشداری، لەئاپاتی بۆتە کاراکتەری مرۆڤی ئەم چەرخە. جۆرێک لەئیندڤیدوالیستێک دروست بووە کە مەکینەی حکومەت و دەوڵەتی یاسا دەیجوڵێنێت، نەک سۆڵیدارێتی تاکەکان لەخودی خۆیانەوە. ئەوەی ئەم تاکڕەویە لەڕۆژئاوادا بەبزماریکی گەورە بەخۆیەوە دەبەستێتەوە یاسایە و دەستوری دەوڵەتیە، کەزۆر زوو بۆ تاکبوونەوە و تەریکبوونەت دەکەونە کار.  ئەم جۆرە ئیندڤیدوالیستە ڕەهایە وەهای کردووە کەئەفسانەی بازاڕەکان بڕوخێت، بەوەی بێبەزەییانە دەوڵەتەکان لەبەردەم بۆرسەکاندا مایەپووچی خۆیان ڕادەگەیەنن، دەوڵەتێکی کۆنی وەک یۆنان دەکەوێتە بەردەم کەڵبەی بازاڕی ئەوروپایی و ئەمریکاییەوە کەلەپشتیەوە کۆمەڵێک ئەکتەری پۆست مۆدێرن وەستاون، بەبێئەوەی ڕەچاوی هیچ مۆڕاڵێک بکەن، کۆی ئە کۆمەڵگەیە دەخەنە ژێر بەزەیی قەرزارییەوە.. مادامەکی بەکلیکێکی ماوس دەتوانین هەموو پشکەکانی کۆمپانیایەک بکڕین لەبنی دونیا، بەبێ ڕەچاوکردنی باری کۆمەڵایەتی و کولتوری و تێکچوونی هاوسەنگی مرۆڤەکان لەو شوێنەی دونیادا، تاکە دروشم ئەوەیە کەتۆ ئازدی و منیش ئازادم… ئەوە تاکڕەوی ڕەهایە، ئەم ئیندڤیدوالیستی ڕەهایە بڕوای بەژمارە یەک هەیە، بەڵام لەتێزی کایەکانی سڵۆتێردایکدا سیحری  ژمارە یەک، لەژمارە دوودا  وندەبێت، یەک دابەش دەبێت بەسەر دوودا ، دەبێت بەجەمسەرێک لەجەمسەرەکان..( مرۆڤەکان وەک بەشیکن  لەپەیوەندیەکی پڕ نهینی تیژ، لەبەر ئەوە دەڵیم ئیندیڤدوین (تاکڕەوی )بوونی نییە بەڵکو دڤیدوین (دابەشبوون ) / مرۆڤ وەک بەشیک ، وەک جەمسەرێک لەکایەکان بوونی هەیە … ل١٤٤ .خۆر و مردن..

بەهاری عەرەبی، یان بەهاری ڕۆژهەڵات، جوڵانەوەیەک بوو نەک تەنها لەدژی دیسپۆت و دیکتاتۆریەت، بەڵکو لەدیوی نادیاری بڕوانین، دەتوانین بڵێین جوڵەیەکی گرنگە بوو  لەدژی نموزەجی ئیندڤیدوالی پۆست مۆدێرن  کەفیگوری مرۆڤی پۆست مۆدێرنە لەژێر ناوی ئیندڤیدوالیست و کایەی کەسێتی  تایبەت گەمەی خۆی دەکات..پفکەیەکی نەبینراوە هەمیشە وێنەی خۆی لەخەیاڵماندا دەنەخشێنێت. دیارە لەبەرامبەر ونبوونی فیگوری شۆڕشگێڕ و خەباتکاری جیهانی کەلە ڕۆشنبیری مارکسی لینیەتەوە خۆی خوڵقاندبوو، فیگوری مرۆڤی خۆپەرست و شمەکخۆر و نابەشدار لەجیهاندا، کەدەیەوێت لەهەموو شتێکدا یەکەم بێت بەسەر  ئەوانیتردا، دەیەوێت ، سوپەر ستار بێت، سوپەر جوان بێت ، سوپەر براوەی یاری کێ دەبێت بەملیۆنەر و سوپەر ژن و جوانی هەموو کۆمەڵگە بێت..لەپشت ئەم کەسە خۆپەرستە کەچاوەکانی ئەویتر نابینێت تەنها سەرکەوتنەکانی خۆی نەبێت. لەپشت قەیرانی لیبرالیەت و نیو کۆنزەڤاتیزمەوە، کێشەی خۆپەرستی و نابەشداربوون لەجیهانی ئێمەدا تراژیدیای گەورەی دروستکردووە، هەمیشە لەپشتیەوە  پۆست کاپیتالزم هەوڵی زەقکردنەوە و خۆشەویستکردنی ئەم نموزەجە هەڵە و ساختەیەی تاکڕووی و ئیندیڤیدومی  داوە، لەپاڵ ئەوەی کەبەناو ڕێز لەتاکڕەوی مرۆڤ دەگیرێت، کایەی تایبەت دەبێتە سەرنجی هەموو یاساکانی دەوڵەتی مۆدێرن، ئەوا ئەو تاکڕەویە لەژێر باری سوستێمی کارو میدیای و تەلفیزۆنەکان و پێشبڕێکێ لەبنەهاتوەکانیان، ئەم مرۆڤە نابەشدار کردووە لەخەونەکانی ئازادی ، بەوەی ئازادی من پابەندە بەئازادبوونی ئەوانیترەوە، بەبەشداربوونەوە ، بەخەمخۆریم بۆ ئەوانیتر، بەسۆڵیداریتێتی لەگەڵ ئەویتردا.  سڵۆتێردایک بۆ ڕزگارکردنی ئەم کێشەبەندیە فەلسەفیە کایەی تایبەت لەچوارچێوە ئیگۆسێنتریزمەکەی دەردەهێنێت و دەیباتەوە بەردەم  تێورەی دابەشبوون و کایەی تایبەتی من بەئەویترەوە، بەجووت وزیاترەوە پابەند دەکات، لێرەوە کایەی تایبەتی من دابەشبووە بەسەر جەمسەرەکاندا ، مادامەکی من خۆم جەمسەرێکم دابەشدەبم بەنێو ئەوانیتردا.

 

جەمسەر وێنەی نەبینراوی پفکە

تێوەرەی ئەوەی مرۆڤ لەکوێدایە و لەنێو کایەی تایبەتی خۆیدایە و کایەی تایبەت لەخودی خۆیدا   جەمسەرێکە لەجەمسەرەکان و دابەشبوون فۆرمی ئەو دەنەخشێنێت، بیرۆکەی جومگەیی سڵۆتێردایکە لەمەڕ پفکە، وەک تەنێکی تەنک و خاوەن فۆرمیکی پڕ جوڵە، وەک میزەڵدانێک لەکەفی سابوون کەبەهەڵاوی سیەکانمان پڕبووە و لەنێو بۆشایدا پێمەلەیەتی.. ئەم گەمەیە بەپفکە، ئەم سەرسامبوونە بەپفکەیەکی نەبینراو ئەو وێنە نادیارەی ڕۆحمان بەرجەستە دەکات لەساتێکدا کەخۆمان لەنێو چرکەساتیکی مێژوویدا دەبینیەوە، خۆمان لەنێو ڕووداودا دەدۆزینەوە کەبەشدارین لەو چرکەساتەدا کەجەمسەربوونی ئێمە لەنێو شویندا، لەگۆڕەپانەکاندا، لەیادەوەری شوێنەوە دێنە نێو بیۆگرافیای خۆمانەوە.. لێرەوە سەرسامبوون بەبەهاری ڕۆژهەڵات لەوەدا خۆی دەدۆزێتەوە ، کەبەهاریکە وەک شەپۆلێکە لەوڵاتێکەوە بۆ ئەویتر، لەکۆمەڵگەتەکەوە بۆ ئەویتر دەکشێت و وەک پفکەکان وەهان بەنێو هەوادا بڵاو دەبنەوە و خاوەن فۆرمێکی تایبەتی نین، فۆرمەکانیان بەپێی هەڵاوەکان و هەوا و سریوەی با دەگۆڕن، بەرزدەبنەوە و دەتەقن و تیشکی خۆر لەخۆیاندا دەشکێننەوە.. ئەم پفکە نەبینراوانەی بەهاری عەرەبی کەلەکوردستانیشدا لەسەرای ئازادی جاریکیتر هەڵاوی دیکەی لەخۆگرت، چەندە چرکە ساتیکی دەستەجەمعی بوو ئەوەندەش ئیندڤیدوالیەکی کایەخواز بوو، مرۆڤەکان بەجیاوازیانەوە لەنێو کایەکایەکانی خۆیانەوە (بیروڕا ، ئاین، مەزهەب، نەتەوە،  ژیندەر و سێکسوالی…هتد)، لەبەهاری ڕۆژهەڵاتدا لەسەر شوێن ولەنێو شوێندا گەمەی نێوان ئازادی و دیسپۆت، فەزایەکی نوێی خوڵقاند، زەمەنێکی سایکۆلۆژی، زەمەنێکی نوێی خوڵقاند کەدرێژبوونەوەیەکی سەیری هەیە لەکولتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتدا… وەک هەموو پفکەیەک بەهاری ڕۆژهەڵات بەنێو بۆشایدا گەمەی خۆی دەکات، هەمووان لەنێو دەسەڵات و کۆمەڵگەدا هەوڵدەدەین ئەم نمایشە بۆ خۆمان بەرینەوە، لێرەوە ئیسلامیەکان، سیکۆلارەکان، تەنانەت بزوتنەوە فیمینستیەکان، لەدوای ڕووخانی دیکتاتۆریەت، وەک جەمسەر لەنێو جەمسەرەکاندا گەمەی سیاسی خۆیاندەکەن. وەک پفکەیەک بەهەڵاوی خۆیان فۆرم وەردەگرێت و بەنێو فەزایەکی نەبینراودا دەسوڕێتەوە، لەم وڵات بۆئەویتر، لەم شار بۆ ئەویتر، لەم گۆڕەپان بۆ ئەویتر…لەدواجاردا پفکەی بەهاری ڕۆژهەڵات، لەسەرای ئازادیەوە، ئەو جیهانیە دەرەکیەیە کەناوەوەی ئێمەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە ، زەمەنێکی نوێی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە کەوەهامان لێدەکات بپرسین: گەر کایەمان لەبەردەم دیسپۆتدا بەردەوام لەبەردەم هەڕەشدا بێت، ئەوا  ئێمە لەکوێی ئەم جیهانەداین؟، ئیمە لەکوێی جەمسەرەکانداین؟، بەمجۆرە پفکەکان دێن و دەچن، لەوێنەی نەبیراوە وە دەبنە چرکەساتی مێژوویی و لەشوێنەوە بازهەڵدەدەنەوە نێو جیهانی ناوەوەمان، ئەو جیهانەی ئێمە لەدەرەوەیدا دەژین، کەبێگومان ناوەوەمانی لەخۆدا هەڵگرتووە…

         تەواو 

         ئیسماعیل حەمەئەمین

 

چەند تێبینیەکی پێویست

یەکەم:  ئەم بەشەی هەوڵدانەم ، دەربارەی شوێن و زەمەن ، وەڵامدانەوەیەکی نوسینێکی هاوڕێی نوسەرم (کاروان کاکە سوورە)، کە لەژمارە سێهەمی کۆنسپێتدا لەژێر ناوی: ( هەولێر!!) و (هەولێری!!) لە کۆنکرێتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە..لەوەڵامی گوتاریکی کورتی مندا کەلە ڕۆژنامەی هاوڵاتی لەژێر ناونیسانی(هەولێریەکان و پشێوییەکانی ئازادی ) لەمەڕ ڕوداوەکانی حەڤدەی شوبات بڵاومکردوە. لەو نوسینە درێژەیدا کاروان هەوڵیداوە، بەسوپاسەوە  چەند چەمکێکی هایدگەرمان بۆ ڕوون بکاتەوە. دیارە لەبەر ئەوەی گوتارەکەی من  ڕۆژنامەنوسی بوو، من تەنها ئاماژەیەکی بچوکم بەچەمکی شوێن کردبوو، (گۆڕەپانەکان وەک لەدایکبوونی زەمەنێکی نوێ)، پاشان هاتبوومە سەر باسکردنی فشار وەک فاکتەرێک بۆ جوڵەی جەماوەری لەدژی دەسەڵاتەکان، ئەمانەم بەکورتی باسکردبوو، لەبەرئەوەی ڕیساکانی گوتاری رۆژنامەنوسی وەها پێویست دەکات هەندیک بیرۆکە بەجیبهێڵیت تەنها ئاماژەی پێبدەیت. ئیشکالیەتی کاروان لەوەدایە، لەکۆی نوسینەکەی هەوڵدەدات ئەوە بۆ خوێنەر ڕوونبکاتەوە کەئیشکالیەتی من  لەگەڵ ئەو دەستەواژانەیە  کەلەهایدگەرەوە وەرمگرتووە، گوایە بەکارهێنانێکی سادەگۆیە..بۆنمونە کاروان ئیشکالیەتی لەگەڵ ئەم چەند دێرەی گوتارەکەمدا هەیە، کەدەڵێم : (هایدگەر)  باسی لە(خوڵقاندنی زەمەن) کردووە، ئەم خوڵقاندنە چرکە ساتێکی  بوونگەراییە، تێدا مرۆڤ (خودبوونی) خۆی لەزەمەنیکی نوێدا دەۆزێتەوە، ئەم هێڵکاریەی نێوان بوون و زەمەن، لەڕۆحێکی کۆلکتیڤدا (دەستەجەمعی) وەریبگرین، ئەو هەقیقەتە هەستپێدەکەین کەخۆپیشاندانەکان، خۆی لەخۆیدا خوڵقاندنی زەمەنێکی نوێ بوو، لەم فەزا نوێیەدا لەسەرای ئازادی ئەکتەری نوێی سیاسی وئەکتیڤیستی کۆمەڵایەتی وئاینی نوێمان بینی کەتەعبیریان لەخۆیان کرد.)..خوێنەری ئازیز دەتوانێت لەئەرشیفی ماڵپەڕی دەنگەکان  و چراکان ، ئەم گوتارەم بخوێنێتەوە..هەروەها باس لەپەیوەندی نێوان فشار و ئازادی دەکەم و پەیوەندی بە لۆکالەوە وەک شاریکی هەولێر، دیارە لەبەر کورتی گوتارەکە نەمتوانیوە باس لەپاشخانە تێوریە  بکەم کەلەو گوتارەمدا پشتم پێبەستووە. دیارە کاری نوسین ئەوە نییە ئیدیاکان کۆپی بکات، بەقەد هیندەی تەوزیفیان بکات لەکایەی نوێدا و فەزای تازە بخوڵقینێت بۆ گفتوگۆ، گوتارەکەم لەم ڕووەوە توانی ئەو گفتوگۆیە لەسەر هەولێر وەک لۆکال و نوخبەکەی بهاروژێنێت، کەتارادەیەک بۆتە تابۆ و حەرامێک، بۆئەوەی ئەو نوسەرە بەسلێمانچێتی و لۆکال سێنتریزم و سلیمانی سێنترالیزم  تاوانبار نەکرێت. ئەمڕۆ زۆربەی ڕۆشنبیرانی دنیا خۆیان لەڕەخنەگرنتنی زایۆنزم دەپارێزن ،سەرەڕای تاوانەکانی بەرامبەر بەفەلستینیەکان، نەبادا بە نازیست و ڕاسیست تاوانبار بکرێن، ئەمەش ئیسکالیەتی ئیمە لەبەرامبەر نوخبەی رۆسنبیری هەولێر…من خۆم لەم گوتارەمدا ئیشکالیەتی ئەو شارەم باسکردووە، ئەو پرسیارەی بۆچی لەو شارەدا هیچ ڕووینەدا، پەیوەندی بەشوێن و نوخبەوە کەقسە لەوەزیاتر هەڵدەگرێت.. لەم نوسینەدا باس لەو ڕەهەندە فەلسەفی و ئیستاکیانەی شوێن دەکەم و لۆکالەکان دەبینە هەڵگری نۆرمی تایبەت و خاڵی قورس بەخۆیان، بەپابەند بوون بەکایەی تایبەتەوە، نوخبەش چ وەک ئیندیڤیدوم و تاک ،  وەک دابەشبوون بەسەر ئەواندا بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر بەلۆکال، لێرەوە ڕووی دەمم لەنوخبەی ڕۆشنبیری هەولێر بوو..  لەبەشێکی  ئەم نوسینەدا هەوڵدەدەم ڕوانینی خۆم بەپشت بەستن بە هایدگەر لەمەڕ شوێندا بۆ خوینەران و کاروان ڕوونبکەمەوە، لەنوسیکی دیکەدا، زەمەن یار بێت، باس لەفشار و ئازادی دەکەم..    

 

دووهەم : (پفکە) ئەو بڵقە سابونەیە کەمنداڵان تەلێکی بازنەیی دەخەنە نێو تایتاو و پاسان فووی پێدا دەکەن، لەعەرەبیدا بە(فقاعة) ناسراوە و وەک بڵقی نێو هەوا دەتوانرێت وەربگێڕدرێتە سەر کوردی. برای ئازیزم ، هونەرمەند شانۆکار  (ئەحمەد جەمیل) پێشنیاری (پفکە) ی کرد بۆم، کەپێموایە تەواوی مانا فەلسەفیەکە هەڵدەگرێت وەک بڵقێک کەهەڵاوی کەسیکی تایبەتی تێدا قەتیسە ..

 

سێهەم:  پێویستە لێرەدا هەڵوێستیەک بکەین،  بێگومان دەڵێن بزوتنەوەی گۆڕان  پۆپۆلیستە یان شەعبیە  ئاماژەیەکە بەوەی  گۆڕان تائێستا خاوەنی هێڵێکی دیاریکراو نییە لەمەڕ جیاکردنەوەی ئاین لەدەوڵەت، خاوەنی جیهانبینیەکی ڕوون نییە، ئایا سێکۆلارە یان موحافزکارە یان شتێکی دیکەیە، هێشتا لەخولگەکانی شەعبیەت و پۆپۆلیستیی خۆی ئەزمون دەکات.   

 

سەرچاوەکان

1. بڕوانە بەئەڵمانی  سڵۆتێرادیک: فشار و ئازادی، چاپخانەی سورکامپ ٢٠١١ 

Peter Sloterdijk:  Stress und Freiheit, Suhrkamp 2011

 

2. بڕوانە بەئەڵمانی: هانز یورگن و سڵۆتێردایک: خۆر و مردن، گفتوگۆیەکی شیکاری، چاپخانەی سورکامپ ٢٠٠٩ 

Hans-Jürgen Heinrichs und Peter Sloterdijk:  Die Sonne und der Tod, dialogische 

Untersuchungen, Suhrkamp 2009

 

3. بروانە بەئەڵمانی، مارتین هایدگەر: دەربارەی پرسیاری بوون، چاپخانەی ڤیترۆ ١٩٩٧

Martin Heidegger:  zur Seinsfrage,Vittro Verlag,1997

 

4. بڕوانە بەئەڵمانی: پیتەر سڵۆۆتێردایک : خۆهەوڵداندان، گفتوگۆیەک لەگەڵ کارلۆس ئۆلیڤیرا، چاپخانەی هانزا 1996

Peter Sloterdjik: Selbstversuch, ein Gespräch mit Carlos Oliverlia, Hanser Verlag 1996. 

 

 

5. پیتەر سڵۆتێردایک: ڕەخنەگرتن لەئەقڵی گاڵتەجاڕی، سورکامپی ئەڵمانی 

Peter Sloterdijk:  Kritik der zynischen Vernunft, Suhrkamp 1983, S37

 

 

6.  بڕوانە بەئەڵمانی: سلۆتێردایک : کایەکان ١ / پفکەکان. چاپخانەی سورکامپ 1998،

 Peter Sloterdijk: Sphären I – Blasen. Suhrkamp, 1998. 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply