Skip to Content

Friday, October 30th, 2020

بەیانی كۆتایی سێهەمین كۆنفرانسی ناوەندی چاك .

Be First!
by November 29, 2012 جینۆساید

ناوەندی هەڵەبجە

دژبەئەنفالكردن‌و جینۆسایدی گەلی كورد – چاك

Chak.kurdistan@yahoo.com   —   www.chak.info/ku/

 

 

بەیانی كۆتایی 

سێهەمین كۆنفرانسی ناوەندی چاك . 

راسپارەدەو پێشنیارەكان

 

بە دروشمی ( بەرەو بیست‌وپێنجەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال) ناوەندی هەڵەبجە دژ بە ئەنفال كردن‌وجینۆساید كردنی گەلی كورد (ناوەندی چاك) بە ئامادە بوونی نوێنەرانی ناوەندەكە لە ئەمریكا‌و ئەوروپا. لە شاری سلێمانی، كاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی رۆژی (24\11\2012) لە ڕێستۆرانتی بلور سێیەمین كۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا. 

لەیەكەمین رۆژی كۆنفرانسەكەدا وەزیری كاروباری شەهیدان‌و ئەنفال كراوان‌و نوێنەری بەرێوەبەرێتی گشتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و نوێنەری زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە پرسی ئەنفال‌و جینۆسایدو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانەوە كەس‌و كاری قوربانیانی  ئەنفال‌وكيميايي باران و ژمارەیەك لە دەربازبووانی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بەشداربوون.

لە دوای بەخێرهاتن، وتاری لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانس بەهەردوو زمانی (كوردی-عەرەبی) لەلایەن جیهاد محمد كەریم‌و د.سەڵاح گەرمیانی خوێندرانەوە. دواتر وەزیری شەهیدان‌و كاروباری ئەنفالكراوان وتارێكی پێشكەش كرد. 

لە درێژەی بەرنامەكانی كۆنفرانس..ناوەندی چاك نمایشی كار‌وچالاكیەكانی خۆی كرد كە لە ساڵی (2010-2012) ئەنجامیان دا . 

كۆنفرانس پێنج  تویژینەوەی لە خۆگرتبوو بەم ناونیشانانە :

باسی یەكەم:-  ( پقافە الاعتزار وواجب الدولە العراقیە تجاه جرائم الاباده الجماعیە) بە زمانی عەرەبی لەلایەن د. سەڵاح گەرمیانی پێشكەشكرا. 

باسى دووەهەم :- پارێزەر (بژار تەها خەلیل) ئەندامی ناوەندی چاك بەناونیشانی ( نەبوونی كلتووری داوای لێبوردن لە لایەن دەوڵەتی عێراق‌و ئاكامە یاساییەكان ) باسێكی پێشكەش كرد. 

باسی سێهەم: عومەر محمەد ئەندامی ناوەندی چاك بەناویشانی (دیدێكی نوێ‌ بۆ یادكردنەوە، پەیڕەوێكی نوێ‌ بۆ بنیات نانەوە) باسێكی پێشكەش كرد .

باسی چوارەم:  د.هەژار مەعروف بەناونیشانی (قوربانیانی توند‌وتیژی) باسێكی دەرونی پێشكەش كرد. 

 باسی پێنجەم : رێكار مزوری بەناونیشانی (ڕەنگدانەوەی ئەنفال لە سەرچاوە  عەرەبی‌و كوردیەكاندا ) باسێكی پێشكەش كرد. جێگەی ئاماژە بۆ كردنە هەر لەسەرەتای كۆنفرانسەكەوە ( مزوری ) پێشانگایەكی كتێبی كردبووەوە كە هەموو كتێبەكان تایبەت بوون بە دۆسێی  جینۆساید . 

دواتردەرگای گفتوگۆ بۆ میوانەكان واڵاكرا بۆ ئەوەی لەسەر باسەكانی نێوكۆنفرانسەكەو بەتایبەتیش داواكاری‌و پێشنیارەكان كەس‌وكاری قوربانیانی جينوسايد وئەوگرفتەی لە ژیانی ئەواندا وەك قوربانی تێیدا دەژین‌و بەدەستیەوەدەناڵێنن . لەماوەی كاتژمێرێكدا كۆی میوانەكان بەشدارییان كردو سەرەنج‌و پێشنیارو رەخنەكانیان یاداشتكران .

جێگەی ئاماژە پێكردنە كە خەرجی كۆی كۆنفرانسەكە لەلایەن ئەندامەكانی ناوەندەوە دابینكرابوو. 

دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆكردن‌و بیرورا گۆرینەوە، بەدەركردنی هەندێ بڕیار و  راسپاردە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەكانی ،رۆژی 25-11 كۆتایی بەو كۆنفرانسە هات:-

بڕیارەكان:- 

1- پەسەند  كردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەوەی دەستەی بەرێوەبەردن كە بریتی بوون لە بەرێزان ( تانیا كورد محمد، دڵپاك رووف، ئەرسەلان عابد، عومەرمحمەد، سمكۆ سابیر هیمن عەبدوڵا، محمد عەلی ) ئەو دەستەیەش لەكۆبوونەوەی تایبەتی خۆیدا كاروبارە ئیداری و یاسایی و هونەریەكانی ناوەند لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا دیاری دەكات بە پێی پەیرەوی ناوخۆ كارو ئەركەكان دابەش بكرین بەپێی تواناو پسپۆرایەتیان  . 

2- ئەو پەیوەندیانە رێكبخەنەوەو بەدوایاندا بچن كە دۆستان لە كۆنفرانس پێشنیاریان كردو بەرژەوەندی گشتیان تێدایە بەتایبەتی ئەو پەیوەندیانەی بەرێز رەمەزان كەریم لەمیانەی ووتەیەكی كورتدا خستنیە بەدەم ئەندامانی ناوەندی چاك.

3- كردنەوەی حسابیكی بانكی بۆ ناوەندی چاك بەمەرجێك دانان‌و خەرج كردنی پارە بە واژۆی سكرتێر یان بەرپرسی یەكەم‌و ژمیریار بێت 

4- ماوەی كاركردنی ئەم دەستە هەلبژێردراوە یەك سال دەبێت لەباری ئاسایدا . لەدووهەم رۆژی بەستنی كۆنفرانسەوە . واتا رۆژی 25/11/2013 كۆتایی بەئەركەكانیان دێت . 

5- هاوكاری كردنی كۆمیتەی ئەلمانیا‌و پێشوازی لەو شاندەی لە ئەلمانیاوە لەگەل كۆمیتەی ئەلمانیاوە دێنەوە بۆسەرخستن‌و جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەی بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە بەرنامەیاندایە . 

6- پەسەندكردنی ئەو رەخنەیەی لەناو كۆنفرانسدا لەناوەندی چاك گیرا بەوەی لە تایتلی كۆنفرانسەكەدا ناوی كیمیاباران نەهاتبوو .

7- چاودێری كردنی پرۆژەی دەربازبوانی گۆری بەكۆمەڵ لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان.

شایانی باسە سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی زۆر بەرپرسی حكومی بانگهێشت كرابوون وژمارەیەكی كەمیان بە سوپاسەوە ئامادەبوون  بۆ رۆژی یەكەمی كۆنفراس بەڵام تەنها وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان تا كۆتایی كارەكانی رۆژی یەكەم مایەوە  

راسپاردەكان :-

ئەم راسپاردانەی لێرە بوونە جێگەی سەرنج‌و بوونە دەرئەنجام لەخۆڕاوە نەهاتوون، بەڵكو بەرئەنجامی چەندین ساڵ كاركردنی بەردەوامە لەناو خانەوادەی قوربانیانی ئەنفال‌و كیمیاباران. بە ئێشوئازارو ئارەزووەكانیان ئاشناین، ئەوە واقعێكی تالە كە هەندێك لە خانەوادەكان تەنها بە گوللەوەچنی ناو پەریزەكان ژیانیان بەسەربردوو تائەو كاتەی حكومەتی هەرێم موچەیەكی بۆ بریبوونەوە بە خراپترین ژەمەخواردن ژیانیان بەریوەچوو هەندێك لەو ژنانەی بەتەنها مابوونەوە بەو ئاستە لەژیان‌و گوزەرانی خراپ توانیان نەوەكانیان پێبگەیەنن‌و مندالەكانیان گەورەبكەن‌و هەندێكیان خویندن بە پلەیەكی بەرز تەواو بكەن، زۆرن ئەو منداڵانەی لە دوبز لەبرسامردن، ئەو پیروبەسالاچوانەی لە نوگرەسەلمان بەرگەی برسێتیان نەگرتوو تەرمەكانیان لە بیابان بەجێما .. بەهیواین ئەم راسپاردانەی كۆنفرانس ببنە كارنامەیەكیش بۆ یادكردنەوەی تاوانی جینۆساید .. تا كۆمەلگەی كوردیش ببێتە خاوەنی پەیامێكی بەرزی كۆمەلایەتی‌و بتوانێ‌ سەرنجی جیهان بۆلای خۆی رابكێشێ‌ . 

1- یادەكانی ( جینۆساید) لە رۆتینەوە ببنە یادەوەری راستەقینەو لەمەرامی تەسكی حزبایەتی دوربرێنەوە، بەجۆرێك بەرێوە بچن لەگەڵ زۆرترین خواست‌و داواكانی قوربانیانی جینۆساید بێتەوە  .

2- ناوەندی چاك لە ئێستاوە تا سەروەختی یادەوەریەكان كاری جدی بكات، بۆ وەرچەرخانی شیوازی یادكان‌و خستنەروی نەخشە ریگای رون، بەشێوەیەك كە خەڵكی كوردستان بە ئاسانی لە مەبەست‌و ئامانجەكەی تێبگەن .

3- كاری جدی بكرێت لەسەرئەوەی دەوڵەتی عێراق بخرێتە ژێر فشارەوە بۆئەوەی بەفەرمی داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكات لەبەرامبەر تاوانی جینۆساید.

4- كاركردن بۆ كاراكردن‌و كارپێكردنی پرۆژەی قەرەبووی زیان لێكەوتوانی جینۆساید ( مادی‌و معنەوی) . 

5- لە ماوەیەكی كورتدا نەخشە ریگای پەسەندكراوبخرێتە بەردەستی خەڵكی كوردستان‌و وەكو پرۆژەش بدرێتە وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌وپارێزگاری شارەكان‌و رێكخراوەكانی تایبەت بە ئەنفال‌و جینۆساید .

6- پێشنیاردەكەین رۆژانی یادەوەری هەڵەبجەوئەنفال لەبری پشووی فەرمی گەرم‌وگورتر كاربكەین‌و بەلای كەمەوە لە1%ی داهاتی ئەو رۆژەی هەر هاوڵاتیەك ببەخشرێتە صندوقێكی تایبەت بۆ بنیاتنانەوە، بەتایبەتی چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیاوی، پێكهێنانی پرۆژەی رۆشنبیری‌و فریا گوزاری‌و تەندروستی بۆ ئەو ناوچانەی بوونە ئامانجی وێرانكاری یان زۆرترین قوربانی تێدابووە، بۆئەوەی هەموو هاووڵاتیەك پشكی راستەوخۆی لەو پرۆژانەدا هەبێ‌‌و شانازی بەو بەشداریەی خۆیەوە بكات.

7- هانی دەسەڵات بدرێت بەمەبەستی ریكخستنی گەشتی قوتابیان وخوێندكاران كارمەندانی فەرمانگە و كۆمپانیاكان بۆ سەردانی مەزارو مۆنۆمینتەكانی جینۆساید بە مەبەستی لە یاد نەكردن و زیند و راگرتنی گیانی قوربانیان .

8- بەمەبەستی هۆشیاری خەلك ولەیادنەكردنی تاوانەكان هانی دانیشتوانی سەرجەم شارەكانی كوردستان بدرێت لەماڵ‌و دوكان‌و شوێنی كاریاندا بەمەبەستی هەڵكردنی ئاڵای رەش لە یادی بۆنەكانی جینۆسا.

9- لەبەرئەوەی كەس‌وكاری قوربانیان دابەشبوونە سەر بیرورای جیاوازو لەچین‌و توێژی جیاوازن ، بۆیە پێویستە خەیاڵ‌و تێروانینمان فراوانتربێیت لەوەی ئێستا هەمانە‌و هەوڵبدەین پێشبینی داهاتوو بكەین، ئەوەی شەڕی نێوان حزبەكان جیای كردووەتەوە ئەم یادەوەریانە ببنە هەوێنی ئاشتەوایی و برایەتی و گەردن ئازادیرێزگرتنی راستەقینە لە قوربانیانی ( جینۆساید) دەشێت بكەینە كارتی بەهێز‌و فشار لەسەر لەلایەنە سیاسیە ناكۆكەكانی گۆرەپانی كوردستان، بۆ ئەوەی نیازە شەرانگێزیەكان لە گۆڕبنرێن‌وئیتر ملاملانێی مەدەنی‌و كێبەركێی سیاسی جێگەیان بگرنەوەو بەخزمەت گوزاری كێبەركێی بكەن نەك بە رشتنی خوێنی ئەندامانی یەكتری واتە ( شەڕی ناوخۆ، كوشتنی بەئەنقەست، خوێنرشتن بەهەر پاساوێَك لەو یادانەدا)  بەفەرمی بخرێتە چوارچێوەی سوكایەتی كردن بە قوربانیانی جینۆساید. 

10- دەرئەنجامی پرۆسەكانی جینۆساید كەلە كوردستان رویاتدا تەنها مرۆڤ لە بەین نەچوو بەلكو هەموو زیندەوەرێك ( ئاژەل‌و پەلەوەری مالی و كیوی روەك‌و دارودرەختیش لەبەین چوون ) .  بۆ رێزگرتن  لەو زیندەوەرانەش وبیرهینانەوەی خەلكی كوردستان، لەو رۆژەدا هیچ كەس لەهیچ شوێنیك و بەهیچ بیانوویەك دەستدرێژیان نەكاتە سەر بۆئەوەی سەروەری و رێزی هەموو زیندەوەرێك پارێزراوبێت و سەرپێچیكردنیان قبوڵ نەكرێ‌. بۆیە پێشنیار دەكەین لەو رۆژانەدا هەموو زیندەوەرێك ژیان‌و سەلامەتی پارێزراوبێت  وەكو پەرچەكردار بۆ خوێن رشتن‌و كۆمەڵكوژی، لە رۆژانی 16/3 و ( 14/4) یادی تاوانی هەلەبجەو ئەنفالدا سەر برینی پەلەوەرو ئاژەڵان و دار برِين، تەنانەت گۆشت خواردن لەچێشتخانەو ماڵەكانماندا لەو رۆژەدا قەدەغە بكرێ‌، وەك داب‌و نەریتێكی كۆمەڵایەتی سەربرین‌و گۆشتخواردن لەو رۆژەدا بێتە شەرمێكی گەورە بۆ چەسپاندنی لە یادەوەری نەوەی نوێ‌‌و كورد و بیانیەكاندا. بەپێچەوانەی ئەوتیروانینانەی داوادەكەن 14/4 یان 16/3 بكرێنە پشووی فەرمی ئەو رۆژانە بكرێنە رۆژی بنیاتنانەوەو گەرم‌و گورتر كار بكەین، لانی كەم لە1%ی داهاتی ئەو رۆژەی فەرمانبەران‌وكاسبكارانی كوردستان ببەخشرێتە بنیاتنانەوە، یاخود پێكهێنانی پرۆژەی رۆشنبیری‌و فریاگوزاری‌و تەندروستی بۆئەوناوچانەی كۆمەڵكوژی زیاتریان تێداكراوە، ئەمەش بو ئەوەی هەموو هاووڵاتیەك پشكی راستەوخۆی لەو پرۆژانەدا هەبێ‌‌و وەكوشەرەفێك شانازی پێوە بكات.

 

11- وەك پەیوەستبونێكی مۆڕاڵی پێویستە كۆمەڵگای كوردی لەو یادانەدا گەشت و سەیران و ئاهەنگ نەكەن باشتروایە لەبری بە هەدەردانی سامانی گشتی و تایبەت لۆژیكی پێچەوانە بێینینە پێشەوە بۆ ئەوەی یادەوەریەكان ببنە رۆژی ئینتیما و بنیاتنانەوەو كەمكردنەوەی خەرجی‌و پرۆژەی كاریگەر بۆ كۆی وڵات‌و بەتایبەتیش ناوچە وێرانكراوەكان .

12- رێزگرتن لە قوربانیانی ئەنفال بگاتە رادەی فشار لەسەر لەلایەنە سیاسیە ناكۆكەكان، بۆ ئەوەی نیازە شەرانگێزیەكان وەلابنرێن‌و  ململانێی مەدەنی، كێبەركێی خزمەت گوزاری جێگەیان بگرنەوەو شەڕی ناوخۆ (خوێن رشتن ) بەفەرمی بخرێتە چوارچێوەی سوكایەتی كردن بە قوربانیانی جینۆساید.

13- كوشتنی بەئەنقسەت لەم یادانەدا سەرباری سزا یاساییەكەی، سزای رێزنەگرتن لە یادەوەری‌ولە قوربانیانی جینۆسایدیشی وەك مافی گشتی (حق العام) بخرێتە سەرو ئەمەش بەیاسا رێكبخرێت.

14- یادەوەری هی نەتەوەیە نەك دەستەبژێر..! بۆیە باشتروایە كارتی بانگهێشت بۆهیچ كەس‌ولایەنێك نەچێت، یادەوەریەكان نەتەوەین چۆن هەموومان مافمان پێوەی هەیە ئاواش ئەركمان لەسەرسەرشانە، بەپێچەوانەوە بانگهێشتكردن بەلای كەمەوە دڵی خەڵكانێكی تێدا دەشكی‌و خەڵكانێكی گومان لێكراویش دێن‌و لەریزی پێشەوە لەسەر ((قەنەفە))ی شەرەف دادەنیشن‌و كەسوكاری قوربانیانیش لەدوایانەوەن.

15- رێزگرتن لەماف‌و كەرامەتی مرۆڤ ببێتە پەیامی سەرەكی یادەوەریەكان ‌و خەیاڵ‌و تێروانینمان فراوان بێیت، یەكتری قبوڵكردن‌و جیاوازی بیرورا، جیاوازی حزبایەتی، ئاین‌و ئایدۆلۆژیا  نابێت ببنەكۆسپ بەڵكو دەبێت ببنە هەوێنی ئاشتبوونەوەی گشتی وەكو چۆن خەلكانی دڵشكاو لەجەژندا ئاشت دەبنەوەو گەردن ئازایی لەیەك دەكەن لەیادەكانی جینۆسایدا ئەمە ببێتە نەریت. 

16- كەسانێك كە تۆمەتبارن یان گومان لێكراون بەدزی سامانی گشتی‌و دزی لە جینۆسایدكراوان و پێشێلكاری مافی مرۆڤ ، یان توندرەفتاروستەمكارن رێگە نەدرێن لەو یادانەدا قسە بكەن‌و ووتاربخوێننەوە.

17- هەركەس و لایەنێك یان رێكخراوگروپێك گومانی بازرگانی كردن‌وخراپ بەكارهێنانی ئەو دۆسێیەی لێكرا بۆ بەرژەوەندی خۆی بایكۆت بكرێت‌و رێگەی پێنەدرێت كە بەناوی هەڵەبجەو ئەنفالەوە درێژە بەكارەكانی بدات بە پێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت.

18- پیشاندانی وینەی تەرم‌و ئیسكە پەیكەری ترسناكی قوربانیانی جینۆساید لە كەناڵەكانی راگەیاندن بەتایبەتی ( تیڤی ) كە بوەتە نەریتی ساڵانە یاساغ بكریت، لەبەرامبەردا پیشاندانی كەسانی بەرچاو لەقوربانیان كە خاوەنی چیرۆكی تایبەتن لەو یادانەدا بهێنرێنە پێشەوەو رێزی تایبەتیان لێبگیریت وەكو( ”تاقانەكان“ ئەوانەی لەخانەوادەكەیان تەنها یەك كەسیان ماوە، دەربازبوانی گۆڕی بەكۆمەڵ،  ئەو منداڵانەی لە زیندان لە دایكبوون یان ئەوانەی لە تۆپزاواو نوگرەسەلمان و كەمپی سەلامێ‌‌و قەلای نزاركێ‌ و شوێنانی تر دەربازبوون  یان ئەوانەی لە باشوری عێڕاق و ووڵاتانی دراوسێ و ئەروپاوە سۆڕاغ دەكرێن و دێنەوە. 

19- یادكردنەوە ببێتە باوەڕی تاك و كۆمەڵگەی كوردی نەك ببێتە چالاكی .

 

ئەوەش جێگەی ئاماژە پێدانە كە لە ناوهۆڵی كۆنفرانسەوە چەندین پەیام‌و پیرۆزبایی‌و دەستخۆشی ئاراستەی ناوەندی چاككران كەبریتی بوون : 

1. دەزگای مۆنۆمینتی هەڵەبجە. 

2. چاودێری كوردۆساید . 

3. كونكرەی نەتەوەیی كوردستان . 

4. ریكخراوی گەشەبیدانی بەهرەی زنان .

5. ریكخراوی ئایندەی مامۆستایانی كوردستان. 

6. دەزگای روشنبیری كەوانە. 

7. هونەرمەند دیاری قەرەداغی . 

8. پەرلەمانی رۆشنبیری عیراقی لەهۆلندا. 

9. هیئە الدراسات ولابحاث الكوردیە في هولندا . 

10. جامعە ابن روشد في هولندا .

11. دەربازبوانی كۆمەڵكوژی ئەنفال حاجی فەرەجی تۆپخانەلە ئەمریكاو صدقی خەلیل لە سویدەوە بەتەلەفۆن پیرۆزباییان ناردووە .

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply