Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

بەەرەو کۆنگرەی حزبی شوعی … بەشی پێنجەم و کۆتایی

Be First!
by June 25, 2012 گشتی

 

 

مێژووی ستالینیستی ئەم حزبە خۆی و کۆیلە بوونی چەندین ساڵەی بە سۆڤیەت وەک تەواوی زۆرێک لەو حزبە شوعیانەی هەبوون و نەمان و ناڕۆشنی ئایدۆلۆژی و نەبوونی توانستی خوێندنەوە بۆ خودی مارکس لە دەرەوەی چوارچێوەکەی ستالین و سۆڤیەت،  وایکرد  هەرگیز حزب ئەکتیڤ و سەربەخۆ بڕیاری سیاسی خۆی نەداو ، ئەمە ئاشکرایە و وەستاندنی شٶڕشی ١٩٥٨   و هاشێوەکانی گەواهی ئەوە دەدەن.ئەم کەلتوورە ستالینییە کە ئەحزابی ڕاستی کوردی درێژکەرین حزب ئێستاشی لەگەڵدا بێت قوربانییەتی.  بەتایبەتی لەدوای ڕووخانی سۆڤەیت ،  پێم وایە بەهۆی سەرلێشێواوی حزبی شوعی خۆیەوەیە بووە کە  دوای نەمانی سۆڤیەتی ستالینیستی، ئاوا هەتیو کەوت، وای لێهات بەرە بەرە خۆی بخزێنێتە ناو گەمەی باڵی ڕاستی  ئەو بزووتنەوە سیاسیانەی کە ئیمپریالیزم و داگیرکەران هەمیشە بەکاریان هێناون و درووستیان کردون لە کوردستان و ناوچەکە و ئەمڕٶش تێکەڵەیەکن لە فیودالیزم و ماکیاڤلیەت و ستالینیزم و نوێ لیبڕاڵیزم. ئینجا،  ئەمە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە حزب بڕیاریدا بچێتە ناو ئەو بە ناو ” بەرەی نێشتمانیەوە”  لەگەڵیاندا لەسەرتای نەوەدەکاندا ، ئەمە لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە کاتی ڕاپەڕیندا  یەک دوو ساڵ بەر لەو بەرەیە شورایان درووستکرد  بوو لە سلێمانی و لە هەولێر ، بەڵام دیارە حزب خوێندنەوەیەکی  مارکسیانەی نەبووە و  بە ڕاهاتنیشی بە ئامۆژگاریەکانی سۆڤیەت، کە ئەوکاتە ئیدی بەرەو نەمان دەچوو، شۆک بوو و ئەو بڕیارەیاندا  لەگەڵ ئەو لایەنە کۆنەپەرستە کوردیانە بن، ئەگینا دەبوو حزب وەک حزبێکی مارکسیستی و حزبی بەشخوراوان و هەژارانی ئەم میللەتە ئەو بەرەیەی ڕانەدەگەیاندایە لەو کاتەدا کە هەرچەندە ئێستا و حاڵی حازر پێویستە و نییە لە سەر ئاساتی پان کوردستانیزم. 

وەک مێژو دەخوینینەوە گەواهی دەدات، ئەو کاتانە،   تەنها ئامانجی ئەو بەناو “بەرەیە” لە باشووری وڵاتمان ئاودیوکردنی موڵکو ماڵی خەڵک و سامانی خەڵکی کوردستان بوو، ئەمە خاڵی سەرەتای  ئەو خۆتواندنەوەیە بوو لەناو ئەو ئەحزابانەی پێنەسەمان کردن،  دواجار،  ئەمەش وای کرد حزب نەک لە مارکسیزمی ستالینیزم دوورنەکەوێتەوە، بەڵکو زیاتر پێداگری لەو سیستەمی ڕێکخراو بوون و پەرەپێدانە بکاتەوە  بەوەی خۆی کردەوە بەشێک لە کەلتووری سیاسی ئەو حزبە باڵادەستانەی باسمان کردن و ئەمڕۆ لە حکومەتی هەرێمدا باڵا دەستن، ئەم حزبانەش بیرمان نەچێت، تێکڕا لە ڕووی ڕیکخراوەی سیاسیانەوە ستالینیستی ڕووتن و بیرۆکراسی مەرکەزی بەڕیوە دەبەن، ئیسلامییەکانیشی لەگەڵدا بێت.،کەواتە هەڵەکە لەوێدایە، حزب لە دوای رووخانی سۆڤیەتی ستالینیستی، لەبری بەخۆدا چوونەوە تەنانەت وەک ئەوەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات کردیان، بۆ نموونە کەوتنە بانگکردنی ترۆتسکیستەکان و ناسراوە مارکسیستە ڕادیکاڵ و بیرمەند و شۆرشگێڕ و ئەکادیمییەکان، لە بری بەخۆدا چونەوەیەکی جدی حزب هات درێژەیدا بەم ستالینیستییە لەتەک ئەحزابی کوردی فییودالیدا، ئێستا کە هاوکێشە سیاسییەکان گۆراون و لە ڕووی جیهانیەوە شتێک لە خەباتی تیۆر و بۆچونەکانمان خەریکە پێگەی زۆر باشی بێپێشینە دەگرن، کاتیەتی کاتێک کە بەرەی سۆسیالیستی جیهانی هەرچەندە پارچە پارجەیە بەڵام  لە هەموو ڕۆژانی ڕابردوومان هۆشیارترە، بەرهەمە جیهانییە مارکسیەکان ئەمڕٶ لە گەشە سەندن و فروانیدان، ڕۆژنامە نییە لە دنیادا باسی مارکس نەکات،  و خوێندەوار و قوتابیان و لاوان و مامۆستایان و کرێکاران و فەرمانبەران و هەندێک لە سەرۆکەکانی جیهان و زۆرێکیش لە ڕووناکبیرە ڕۆشنفیکرە ناودارەکانی دنیا  بەرەو مارکس دەڕۆن و ئارگومێنەتەکانی زیندوو دەکەنەوە و ئەڵتەرناتیڤە سۆسیالیستیە جیهانییەکەی بۆ گڵٶبەڵایزەیشنی کامپیتاڵیزم بۆ خەڵكی دنیا ڕوون دەکەنەوە،  کەئەمە پێگەیەکە پیشتر چەپ نەیبووە،   کاتیەتی ئەم حزبەش بۆ خودی مارکس  و ستراتیژە فەلسەفی و سیاسییەکانی بگەڕێینەوە، دەست بکەین بە خوێندنەوەی خۆمان و دنیا جارێکی دیکە و بە ڕوئیایەکی سۆسیالیستانەتر لە دەرەوەی چاورچیوە ستالینیستیەکەی بگەڕێتەوە و  بێتەوەمەیدان.  ئێمە دایالیکتیانە دەڕوانین، بۆیە بەردەوام دەبێت بەرەو پێشەوە بچین، ئەگینا وەک سەدان هەزار ئەحزابی تر، سبینێ تۆزیشیان نامێنێت، بۆیە پێویستە بۆ پێناسەکانی سپۆسیالیزم بەگەڕێینەوە و بیانخەینە پراکتیکەوە پێکەوە دیموکراتیکانە لێیان تێبگەین و بزانین کامیان لەویدی باشترە وکامیان  بەکەڵکی بزووتنەوەکەمان دێت  و لەسەر ئاستی نیشتمانی و لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیش چی هەیە و چی زۆرینە دەنگی پیدەدات هەرچەندە لەگەڵیدا نەبین لەڕووی فکریەوە لە عەمەلدا بێ دودڵی ئەنجامیان بدەین بە دیموکراسی سێنتڕاڵی نەک بیرۆکراسی مەرکەزی، بیرمان نەچیت، ئێمە بەشیکین لە ملیۆنها مرۆڤی ئەم دنیا و بزووتنەوەکەشمان وایە، ساڵی ٢٠١١ نیشانیدا چۆن ئەو مۆرڤانە  هەموو سەرمایەداری مەحکوم دەکەن،  خۆ دەربازکردن لە ستالینیزم و ئەو کەلتوورەی هەتادێت گچکەمان دەکاتەوە و دەمارگیرمان دەکاتەوە کاتیەتی وەلای نێین، هەروەها لینین گوتەنی ” بەبێ بەرنامەیەکی شۆڕشگێرانە، حزب ناتوانێت شۆڕشگیر بێت”.

پێویستە پرەنسیب و مەبدەئمان بخوێنینەوە بەردەوام، لێیان تێبگەین و ئینجا دەکرێت، گەر بۆمان بکرێت بەقەد سەرە دەرزییەک لە ڕستییەوە زنیک بینەوە یان “شٶڕشگێر” بین. گەر تێڕوانینمان شۆڕشگێرانە نەبێت و شٶرشگێرانە دنیا نەبینین و شۆڕشگێرانە هەڵسوکەوت نەکەین و لەگەڵ کۆمەڵگە هاوڕێیانە و کۆمۆنیستانە ڕەفتار و گفتارمان نەبێت، بەرنامەیەکی تۆکمەی شۆڕشگێرانەمان نەبێت، دەی چۆن دەکرێت حزبێکی سیاسی شۆرشی سیاسی بکات؟ یان ببێتە بەشیک لێی ؟  ڕووکردن لە  ئەنتەرناسیۆنالیزم ئەرکی دەستبەجێیە، ڕووکردنە بزووتنەوە سکولار و چەپ و ئەنتەرناسیۆنالیست و مافخواز و ئازادیخواز و سەندیکا کرێکارییەکانی ئەوروپا بەتایبەتی و جیهان بە گشتی تەنانەت یەکێک لە ئەنتەرناسیۆنالیستەکانیش بێت پێویستیەکەی دەستبەجێیە ئەمڕپ، چونکە بە بە سادەیی یەکگرتنمان هێزە، گەر ئەمڕٶ شوعییەک لە کوردستاندا سوکایەتی سیاسی پێبکرێت یان بگیرێت لەسەر چالاکیە ڕادیکاڵەکانی ئەو مافپەروەرە سۆسیالیستییە جیهانیانە چەپانە دێنە جواب لەسەریان، لەڕێگای میدیاکانیانەوە ئەوەی ئەو سوکایەتیە دەکات وا شەرمەزاری دەکەن، هەرگیز پێیان نەکرا بێت، نموونەی ئەم کەیسانە زۆرن، دواتر بەشدار بوون لەناو سەندیکا کرێکاریەکانی ئەوروپا بەتایبەتی زۆر گرنگە، ئەو سەندیکایانە هێزی بیرو بازومانن و ئێوەش بە گۆڕینەوەی خەبات و تێکپۆشانتان لەگەڵیان هەم لێیان فێر دەبن و هەم لێتان فێر دەبن،  بە کوردی و کورتی لەم دنیا گڵۆباڵیەی کە مارکس پیشبینی کرد ، کە سەرمایەداری بە جیهانی کراوە، خەبات دژی سەرمایەداری لە ئاستی لۆکاڵیدا مانایەکی نییە گەر پەیوەست نەبێت بە جیهانەوە، پاشان بیرمان نەچیت، ئەو لینکانە هەم پاڵپشتی  مەعنەوەی، یاسایی هەم  گۆڕینەوەی زانیاری و ئایدیاو دنیابینی فەلسەفە جیاواز و ڕیرەوە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆذانمان دەبێت، کە بێ دوودڵی ئەمەیە چاومان دەکاتەوە و پراکتیکانە دەمانکاتە “کۆمۆنیست” بە تەواوی پیناسە و ستراتیژە جیاوازەکاناەوە، بەوەی ئەندامان و کادیران و لایەنگران و خێزانەکانی ئەم حیزبە ئیدی ڕۆتینیانە فێر دەبن ئەنتەرناسیۆنالیست بن و بگەڕێنەوە بۆ ئەو سروشتە سەرەتاییە مرۆڤانەیەیان “کۆمۆنیزمی سەرەتایی”، ئەمە سەرباری ئەو گەشت و بینین و زمانە جیاواز و زانیاریە جیاواز و چاوکرانەوە ئایدۆلۆژی و فەلسەفی و ڕیکخراوەییە کە کادیرانیش دەکرێت لە چالاکوان و شۆرشگێرە پیشکەوتوخواز و نوێخوازەکانی ئەوروپا و جیهانەوە پییان ئاشنا بن ، وە ئەوانێش لە کێشە سیاسیەکان کوردستان بە ڕاسگۆیانە ئاگادار بکرێنەوە لە زمانی تێکۆشەرانی ئەم حزبەوە، تا ئەوەش ڕوو نەدات هیچ ناکرێت، ئەوەتا لە دەرەوە کە ئەمڕٶ هەندێک چەپ دژی رووخانی ئەسەدن و نازان بۆ و هەندێکی دیکەش دوای هێڵی حزبی شوعی سووری  کەوتوون نایانەوێت بڕۆخێت، کە ئەمرۆ حزبێکە حزی شوعی سووری نەک هەر شوعییە نییە، بەڵکو بەعسیزمی لێ دەچۆرێ. 

دە با ئیتر  ئەو کۆت و بەندانەی ستالینیزم بشکێنین، تەکانێک بە خۆمان و ئایدیاکانمان بەین لەو ناوچەیە، چونکە پیشکەوتنی گەل بە کەلوپەل و کاڵاکانی بازاڕ نییە کە ناتوانن بیکڕن و لێیەوە زەقەی چاویان یەت و بەرەو نامۆبوون و قەیرانی کەلتووری بردوین لە کوردستان، کۆمەڵگە پیویستی بە خۆ فێرکردن و خۆ خوێندنەوە و هەنگاونانی شٶڕشگێرانە هەیە، ئەمەش ئاشكرایە کە لە ئەستۆی بزووتنەوەکەی ئێمەدایە هاوڕێیان، بۆیە دوورکەوتنەوە لە ستالینیزم بە پراکتیک لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دوورکەوتنەوە لە تەجرەبەیەک کە شکست و پاشەکشە و شێواندنی مارکسیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی لێکەوتەوە ئەرکە دەسبەجێ تیۆری و پراکتیکیەکانمانە، خوێندنەوەی مێژووی بزووتنەوەکەمان جارێکی تر ئەرکی ڕٶژانەمانە، خستنە گەڕی هۆشیارکردنەوەی ئەندامان و لایەنگرانمان لە هەڵەکانی ڕابردوومان ئەرکمانە وەک مارکسیست بە ڕاستگۆیانە، لێدان لە پیرۆزییە میتافیزیکی و کەلتووری و حزبییەکان و سەرکردیەتی خۆسەپێن و بە ڕواڵەت کاریزمی ئەرکمانە، ئەم هەنگاوانەش ئاسانتر دەنرێن گەر لە گەڵ هەر بەرەیەکی ئەنتەرناسیۆنالیستیدا بن کە نا ستالینیست نین و  بروایان بە ئازادی گەلانە، ئەمە زێدە پێویستە بۆ ڕاتەکاندنی ئەم حزبەو ئەو بزووتنەوەیەی کە خوازیارە سبەینێ سەرکردایەتی بکات، بە پێچەوانەشەوە، ڕێکردن لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ  هەیە و برەودان بەو سیاسەتە چەوتانەی لەبەرچاون، وەک ئەوەی هەیەو لە مەدلیا بەخشینەوە و شوێنکەوتنی سیاسەتی ناڕۆشنی حزبەکانی باسمان کردن خۆی مانیفێست دەکات، گچکە بوونەوە تا ڕادەی بێهێزی و بەرکارهێنان و  نەمانی تەواوەتی دواجار  ئەنجامەکەیەتی، وەک مێژووی ئەم بزووتنەو ە جیهانیەش  گەواهی دەدات و ئەمڕۆش لە لاوازی و بێهێزی خودی حزی شوعیدا دەیبینین. 

رۆز ئحمەد

Previous
Next

Leave a Reply