Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بە  (شار)  بڵێن…. مەدیحە سۆفی

بە (شار) بڵێن…. مەدیحە سۆفی

Closed
by February 2, 2013 ئەدەب

 

 

 

 بە شار بڵێن…گەر ئەم جارە بە پلیکانەی عیشقا سەرکەوتم

گەر ویستم وەکو جاران بە چیمەنی چاو بدوێم….            

دەبێ فێرم بکات…                                                 

چۆن ناسنامەکەم ڕەنگی سەفەری ئارامی دەگرێ

ئاخر من نازانم چۆن قەڵەمی ڕوح بێ دەنگ دەبێ

بە شار بڵێن….

دەمێکە بە قەسیدەیەکی نیوەچڵەوە…

بەرامبەر داستانەکانی مێژوو وەستاوم

دەمێکە چراکانی ڕوحم لەگەڵ پایزی ئیشتیاقا تەباو

دەمێکە مەلی ئاسمانی  ژوان باڵکراون….

بە شار بڵێن…..

گەر ئەمجارە ڕێم بکەوێتە سەر ڕوباری خەیاڵی وئازاد بم

کام ژەمی ڕوح…….. کام ساتی پڕ لە تاسەیە

کام یادی وەك دەنکە مروارییە…

بە هەودای ڕازەکان بۆ بهۆنمەوە…

ئەوسا…ئیتر ئێواران ژیان ناوەرێ 

گەر ئەم جارە ڕێم بکەوێتە سەر دورگەی قەدەرت

کە گەڕامەوە.. 

بە زەنگیانەی نزاکان و 

بە دێڕە نەنووسراوەکان و

دیسانەوە بە  نیشتمان و

بە لیستی ئەگەرەکان

سوێندی ماڵئاوایی دەخۆم…

گەر ئەم جارە ڕێـم بکەوێتەوە ئەم شارە

لە جیاتی…… چەپکێ نیگای شڵەژاو

با ئاوێنەیەك لە سنوری نوێ خەرمانی خەڵاتم بێ

بە شار بڵێن…

هەر ئەوەندەی هەناسەی باران لە خاك و

ئەوەندەی پۆشاکی ئاسۆ لە تاڵی خۆرو

ئەوەندەی لەرەی گەڵای هیوا لە سروەی خەونەوە دوورە

بە شار بڵێن…

ئەو دەمێکە میوانێکە دەگاو ناگات

منیش دەمێکە پەڵە هەورێکی نائارامم و

پەی بەو نیوە قەسیدەیە و بە ئەدرێسی وێڵبوونما نابەم…

بە شار بڵێن تەنها ئەوەندەم بەسە 

من و ئەو ئێستاش هەرلە مێژووی خۆمان دەچین

 

2

بە شار بڵێن ….

هێشتا ڕوحم بەیارە

پێدەشتی چۆڵی زۆری تیایە

بە عیشقی تۆ و سەبری ئازادی بیچێنم و

بە بارانی خوا و بە هەناسەی خۆڵ و

 بە چرای شەقامەکانی مناڵیم پەرژینی کەم

ناخم پڕە لە هاوکێشەی ناهاوسەنگ

لەم فەلەکە هاوسەنگەدا غەریبە

ناخم پڕە لە هاواری  بێ دەنگ

دەڵێن لەم مەحشەرە مرۆڤخۆرە دوور بە

دەڵێم: ئەم شارە زڕێپۆشی مەرگی ونبونە

ئەم شارە منی لە ڕەشەبادا چاند و لە خۆردا تواندەوە

منی لە بەرەبەیان هەڵكێشا و لە ئەبەدیدا بردەوە

منی لە پەراوێزی مناڵیمدا مۆمیا کرد و

مێژووی دونیایەکی بێ قافیەی کردە کتێب و

 لە نێو کەشتی چاوەڕوانییا بێ سەوڵ و بێ ئاراستە

تەنها بە نیگایەكی پڕ چەك لە بڕوا بەجێهێشت….

ئەم شارە لەم فیردەوسی سەر دونیا ساردە 

تەنها خاڵی پڕ لە شۆڕشی موحیببەتە…پڕ لە دیاری عیشقێکی سادە

سادەتر لە پیاسەی سەر کۆڕنیشێکی شڵەژاوی بێ ویستگە…

گەر ئەم جارە ڕێم کەوتە قەراغ شوراکانت

بە ئەلف و بێی ڕوحم

بە زمانی فریشتە ماڵییەکانت

بە حیکایەتی دەمەوبەیانی نیو ژوورەکانی حەسرەت

لە ژیر چەترێکی بێ وەرز و بەدەم گەڕانەوەی کاروانی شۆڕشا

پێت دەڵێم کام تیغی سەبر…. دارۆی کام دێوەرە؟

لە من میوانی دوا هیوای خۆزگەو دوا ئەگەری ئاسۆیەکی لەناکاوە

پێت دەڵێم چەندە دەرگام لە ڕەشەبا داخستووەو

لە هەگبەی موسافیرە وێڵەکانا چەند لە خۆم ڕاماوم

لە نێو گالیسکەی شایەکان و

 لەسەر مینبەری هەڵبژاردنەکانا

چەند بۆ پەیڕوەی دەستوری سنورت گەڕاوم

چەندە توولەڕێکانم بە گوڵاوی سەبر ئاوپرژێن کردووەو

چەندە بە دیارتیشکی مۆمێکەوە کۆبوونەتەوە ووشەکانم

چەندە لە بورکانی بێ دەنگ پەڕیومەتەوەو چەند جار لافاو بووە میوانم

مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.