Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

بە نهینی ئەگری پیاو ….ئارام ئەحمەد علی

Be First!
by August 19, 2011 ئەدەب

گوناحە ئەقڵ ،
وەک بارانێکی ترساو بە ئەسپایی ڕێئەکا،
بە دیار مۆمێکی کوژاوەوە
بۆ ئەبەد گریاو،
ئەو وەک من نەوەی برین و تۆیش
دایکی گریان
                                  پەریا.

بە هاژە ولەنجە،
بای سەرپەڕی گەڵای ڕێحانە
ئاوس بە بۆن و بە تۆیش ئاوس،
توخوا لەبەر ئەو سێبەرەدا مەگری،
لەبەر کات تۆ،بەرد ئەگەر.

لا ناکەمەوە،ئەوە منم ئەڕۆم نەک تەمەن
ساڵەکان هەر وەی و گەڵاکان وەریو
واش ئەزانن زۆر لوتکەن هەورەکان،
ئەوەتا ملوانکەی فرمێسکن ساتەکان
لەو ڕۆژەوە تارای سێبەر بەسەرتا کشا
وا ئەزانی کەس نەبو بمرێ مەگەر
                                   پەریا؟ 

زۆر سەیرە!
دڵم لە دڵی تۆ ئەچی و ڕەنگیشم،
ماڵمان لە ماڵتان ئەچێ و چاویشم،
دایکت لای لایە بکات،ئەبم بە تۆ،
باوکم لێم بدا،ئەبی بە من،
وەی بۆ ئەو هەمو ماچە هەڵوەری و گۆرانیە گریاوە،
باڵندە بە کوژراوی ئێسکم لەت ئەکات،
من لەسەر داو بۆ گرتنی تۆو تۆیش
لەو پەڕی دنیا بۆ پێکەنین بە من
                                 پەریا.

ئەبێ بە نهێنی بگری،دور لە چاوی مار،پیاو
بە ئاشکرا سەما بکا ژن،
ئاو چۆن ئەڕوا،بڕژێ بڕوا ئاوا،
ئەوکاتە لەسوچێكی لا چەپەکدا،
لە بن سێبەری گەڕەکی کۆچدا،
یەکتر ئەبینینەوە،
تۆ بە من ئەڵیی لە باوکم ئەچی،
منیش ئەڵێم لە دایکم،
تۆ بۆ بناری دورەدەسترین گۆرانی و
منیش لاچەپەکترین گریان،
بەڵام بیرت نەچێ ،بە نهێنی ئەگری پیاو،
ئاشکرا سەما ئەکا ژن.

دایکم ئەیوت،”بەو قورعانە وا لە سنگی پێغەمبەرا”
دایکت ئەیوت”مانگ لە تاقی ئاسمانایە”
منیش ئەموت”لە سنگی تۆدایە من”
تۆیش ئەتوت” هەمیشە فڕین”
هەمومان ڕاستمان ئەکرد،وانەبو مەگەر؟”
دایکم بە ماچەوە قورعان و
دایکت بە نزاوە مانگ و
منیش وام ئەزانی و تۆیش هەر فڕین،
دەی! لە کوێی ئەی خوداوەندی من تا بدۆزمەوە؟
لە کوێی تا دەستم لێدەی،
تا وەک ماچ بدخەمە دەممەوە،
تا وەک سێبەر رادموسم.

سەراپام مەیخانەیەو دڵی تۆ مەی،
بەهەردوکمان پەنجەرەکانی بەهەشت ئەشکێنین،
ئەوپەنجەرانەی سۆفیەکان،لێیه‌وه‌
زکرت بۆ ئەکەن و
ئەڕواننە بەینی مەمکی تۆ
                             پەریا.

بە پاڵکەوتنەوە!
“من لە ژن تێئەگەم” ئەڵێ پیاو،
خوشکە عەجولەکەم ئەڵێ،
“لە من تێئەگا هەر کاتێ منداڵی بوو پیاو”
                                           پەریا.

ئارام ئەحمەد علی

Previous
Next

Leave a Reply