Skip to Content

Friday, January 22nd, 2021

(بە 14 ڕێگادا)کتێبێکی بچکۆلە، ئومێدێکی گەورە بۆ شیعر..

Be First!
by July 16, 2012 ئەدەب

 

 

من وایدەبینم، (ڕێبین ئەحمەد خدر) هەمیشە بە شیعرەکانی دووبارە ئومێد دەبەخشێتەوە بە شیعری کوردی، لەم سەردەمەی کە شیعر ئەوەندە گرنگی پێنادرێت و زۆر کەس وا هەستدەکەن شیعر ئیدی ناتوانێت لەگەل ئەو هەموو گۆرانکارییەی ئێستا بگونجێت و بەرەو پێشەوە بروات، بەلام کتێبی شیعری (به‌ 14 ڕێگادا)ی رێبین ئەحمەد ئەوە رەتدەکاتەوە و دیسان وامان لێدەکات بە حەزێکی زۆرەوە بەرەو ماڵی شیعررێگا بگرینەوە بەر. 

شیعرەکانی رێبین پڕن لە بیرکردنەوەی مۆدێرن و هەستیار کە کۆکن لەگەل سەردەمەکەی خۆمان و هەوڵی بەردەوامی جوانترکردنی ژیان دەدەن و وامان لێدەکەن هەلوێستەیەک بکەین بەرانبەر تەواوی ئەو شتانەی بەبەر چاومانەوە تێدەپەرن. 

لەم کتێبە بچکۆلەیە دا شیعری گەورە دەبینین کە دەلاقەیەکن بۆ روانینی جوان … بۆ بیرکردنەوە لە قولاییەکانی بیری نوێ و شعری نوێ. 

(رێبین ئەحمەد) واقیع لە شیعر بارگاویدەکات بە خەیاڵ و کەمێکیش ئەفسانە و حەکایەتی کۆن کە پڕن لە شیعریەت، بۆیە شیعرەکانی رێبین قوڵن لەروی ناوەرۆک و ئاسان لەروی تەکنیکەوە… 

شیعرەکانی رێبین هێز و توانای سیحرییان هەیە لە پیشاندانی وێنەکان لەکاتی خوێندنەوەیاندا وا دێتە بەر چاو کە بە نێو گەلەرییەکدا تێدەپەریت پڕە لە تابلۆی دانسقە، وێنەکیشێکی بلیمەت بەدیدەکرێت لەنێو شیعرەکاندا، ئەم هەستەشم لەمەوە سەرچاوە دەگرێ، چونکە زۆربەی وێنەکان نوێن یان بەشێوەیەکی نوێ لە نێو شیعرەکاندا شوێنی خۆیان گرتوە.

(( چەند فلچەیەک

نیگارکێشەکە

دەگری

چونکە

ناتوانێ

وێنەی

گریانی

خۆی

بکێشێ! )) 

(( بیست و دوو 

ئەوەندە دەست و پێ سپیم 

دەترسم 

مردن بێ و

نەزانم بمرم.)) 

لەم کتێبە دا عەشقێکی دەگمەن بەدیدەکرێت لە خوێندنەوەی شیعرەکان وا هەستدەکەی ئەوە ئەزموونی خۆتە کەسێک بۆتی دەگێرێتەوە، یان ئەوە خۆتی وەک کاراکتەرێکی سەرەکی نێو شیعرەکان رووبەروی خۆت دەبیتەوە لە کاتێکی عاشقانە. بۆیە ئومێدێکی زۆرم بە شیعرەکانی رێبینە، چونکە عەشقێکی بالایان تێدا دەبینم.

(( هەرچی پێکەنینم هەیە

دەیدەم بە دڵپێک فرمێسک

عاشق ئەو مندالەیە دەزانێت

هەموو ژیرکردنەوەکان ساختەن…)) ل١٩

((بووکە بەبارانە

کاتێ زانیم

تۆ بە باران دڵت تەنگ دەبێ،

لە هەموو ئەو بووکە بەبارانە پەشیمان بوومەوە

کە بە منداڵیی بەشدارییم کردبوون)). ل٢٩

دوونیابینی رێبین ئەوەندە قوڵە درکی بە زۆر شت کردوە، جوان بۆی چووە لە بارەی خەراپی مرۆڤەوە شیعری بێ وێنەی نووسیوە تا سەر ئێسقان لە مرۆڤبوون بە گلەییە، چونکە دەزانێت مرۆڤ بە زۆرەملێ و بە ویستی خۆی خۆی بە پاکترین و جوانترین و چی و چیترین…. بوونەوەر ناوزەدکردووە، بەلام لە راستیدا ئەمانە راستنین، ئەوەندەی مرۆڤ بەرانبەر بە مرۆڤ، ئازەلان و سرووشت درندەیە هیچ بوونەوەرێکی تر وانییە. رێبین وەک وەسیەتێک ‌‌حەزدەکات دوای مردن ببێتەوە بە هەموو شت تەنیا مرۆڤ نا……….. ئەمە بینینی رێبینە بۆ مرۆڤ 

((….من مردووم جادووگەرەکە

بە جادووەکانی خۆت زیندوومکەوە

بەلام تکا دەکەم

تکا دەکەم

گەر زیندووت کردمەوە

بمکە بە هەموو شتێک

تەنها مرۆڤ نەبێ

من مردووم جادووگەرەکە.)) ل٣٩ 

((بەیانییەک 

چ خۆشبوو.. 

بەیانییەک هەلستی.. دوونیا گۆرابێ.. 

کەسێک پێت بڵێ: 

ئاژەلەکانیش بوونەتە 

هاورێی ئێمە لەم بۆشاییە دا 

بەدەم ژیانەوە 

رۆمانی سیسرکەیەک بخوێنیتەوە 

ئەوکات لە درندەیی مرۆڤ تێدەگەی 

لە چاوە خشۆکەکانی..)) ل١٠٢

ئەمە نووسینێکی کورتە لەبارەی کتێبی شیعری(به‌ 14 ڕێگادا)، بە راستی شایانی لێ وردبونەوەی زیاترە. ئەم کتێبە یەکەم بەرهەمی شاعیری لاو (رێبین ئەحمەد خدر)ە،کە ئەزموونەکی کەم وێنەو و جوانە، چەندەها شیعری کۆن و نوێی خۆی تێدا کۆکردۆتەوە و بە چاپی گەیاندون. ئومێدی بەردەوامی بۆ دەخوازم، هەمیشە سەرکەوتووبێت. 

دیار محمد 

 

Previous
Next

Leave a Reply