تاجی شكۆ بنێنه سه‌ر نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان
هه‌موو ده‌زانین ڕاگه‌یاندنی لیستی ناوه‌كانی سندوقی كۆمه‌كی داهێنان كه وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی بۆ ساڵی 2012 پێی هه‌ستا چی به‌دوای خۆیدا هێنا و لێكه‌وته و كاردانه‌وه‌كانی چۆن بوو سه‌باره‌ت به توێژی ڕۆشنبیران و نووسه‌ران. ئه‌مه‌ش به جۆرێك له جۆره‌كان و به شێوازی هه‌مه‌چه‌شن یان ڕه‌تكرایه‌وه یاخود قبوڵ كرا.
نازناوه‌كه به هه‌ر جۆرێك بێت ڕه‌نگه پێویستی به‌وه بێت مشت‌ومڕ بسازێنێ و بیروڕای ڕووناكبیران له‌باره‌یه‌وه بگۆڕدرێته‌وه و به‌هه‌ند وه‌ربگیردرێت، ئه‌وه‌ی لای من بووه جێی سه‌رنج و ئاوڕدانه‌وه به به‌خششی كه‌لتوره‌كه‌مان، لێكدانه‌وه‌ی چه‌ند ئه‌قڵیه‌تێك بوو كه له‌ڕێی میدیا و ڕاگه‌یاندنی كوردی و هه‌ندێك له ڕۆشنبیرانه‌وه كرا ده‌رهه‌ق به پڕۆژه ساڵانه‌كه و نه‌ك له بایه‌خیان كه‌مكردووه، به‌ڵكو كردیانه كرده‌یه‌كی قێزه‌ون و هه‌ڵوێستی ڕاسته‌وخۆی یه‌كڕهه‌ندیان به‌رامبه‌ر ده‌ربڕی.. سه‌ره‌تا به ( به‌ناو داهێنان و داهێنه‌ران ) ناوزه‌دیان كرد و زۆرینه‌ی لیسته‌كه‌یان به مه‌حسوبیه‌ت و حزبیبوون له‌قه‌ڵه‌م دا، دواتر وه‌ك په‌رۆشییه‌ك بۆ به‌هه‌ده‌رنه‌دانی سامانی گشتی و پاره‌وپول ده‌نگی له‌ڕوودا به‌رزبۆوه، دواجاریش په‌رچه‌كرداری هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانی نێو لیسته‌كه و پاشگه‌زبوونه‌وه و ڕه‌تكردنه‌وه‌یان به‌و پاساوه‌ی نه‌بووه و ناكرێت له هیچ شوێنێكی ئه‌م دونیایه‌دا 690 داهێنه‌ر بوونیان هه‌بێ و… چی و چیتریش تاڕاده‌ی كوژاندنه‌وه‌ی هه‌موو جوانییه‌كانیش.
ده‌شێت هه‌موو ناوه‌كانی ئه‌و لیسته به داهێنه‌ر له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ین و روانین و دیدگامان بۆ چه‌مكی داهێنان هه‌روا سه‌رپێیی نه‌بێت و قووڵتر شرۆڤه‌ی بكه‌ین، به‌ڵام خۆ كاركردن له كایه‌كانی داهێناندا شتێكی مومكینه و له بنه‌ڕه‌تدا كرده و كاركردن له ژانره ئه‌ده‌بیی و هونه‌رییه‌كاندا ئیشكردنه له ستاتیكا و داهێناندا، واته هه‌موو كاركردنه هونه‌ریی و ڕۆشنبیرییه‌كان، به‌ڵكو زانستییه‌كانیش ده‌ڕژێنه‌وه نێو كایه‌ی داهێنان و ئه‌فراندنه‌وه و ئاستی كاركردن و شێوازی كاركردن داهێنان ده‌خه‌مڵێنێ. ئاساییه كاركردن له كایه‌كانی داهێناندا بگاته داهێنان و ئاساییه دوای چل ساڵ خۆماندووكردنیش چ داهێنانێك به‌خۆوه نه‌بینێت. هه‌یه به‌درێژایی ته‌مه‌نی شیعر و ڕۆمان ده‌نووسێ و شانۆكار و شێوه‌كاره و نه‌گه‌یشتۆته دامێنی داهێنان، هه‌یه ده‌شێت گه‌نجێك بێت و به تاقه كارێكی، داهێنان بكات و خاڵی وه‌رچه‌رخان بخاته نێو فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووره‌كه‌مانه‌وه.
ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیران، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی كورد چه‌شتوویه‌تی به‌ده‌ست نه‌هامه‌تییه‌كانی ڕۆژگاری داگیركه‌ران و دوژمانی گه‌لی كورد، شتێكه بیرناچێته‌وه و له‌و ڕووه‌وه چه‌نده‌ها شه‌هیدی قه‌ڵه‌م و ده‌نگ و سه‌دامان هه‌یه، شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵمژینی هه‌وای ئازادی بۆ مرۆڤی ئاسایی چه‌نده پیرۆزه بۆ توێژی ڕۆشنبیران و ڕووناكبیران گه‌لێك پێویسته و به‌ڵكو زه‌مینه‌ی له‌باری ئازادیی به‌خشش و داهێنان به‌به‌رهه‌م دێنێ، ئه‌وه‌ی ساڵانه وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی پێی هه‌ڵده‌ستێ و گه‌رچی زۆر دره‌نگوه‌ختیشه، له‌به‌رامبه‌ر گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕۆشنبیریی شتێكی زۆر كه‌مه و پێویسته هه‌موو ژێرخانی ئابووریی و باشتركردنی بژێوی بۆ ته‌رخان بكرێت و پاره‌وپوول له‌پێناویدا ببنه قوربانی.. له ڕوویه‌كی دیكه‌شه‌وه پێویسته ئه‌و ڕاستییه بزانین كه هیچ رۆشنبیرییه‌ك له‌م دونیایه‌دا هێنده‌ی رۆشنبیریی كوردی مه‌حروم نییه و زه‌بری لێنه‌دراوه، من لای خۆمه‌وه نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی كورد به‌رز ده‌نرخێنم، چونكه به مانای ته‌واوی ژیان نه‌ژیاون و گوزارشت له ژیانیش ده‌كه‌ن! له‌كوێی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا شتی وه‌ها مومكینه؟!
وه‌ك رێزیش له‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌ی وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ( خه‌ڵات )ه‌كه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێ و به دۆخێكی شپرزه دێته به‌رچاو، چونكه گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه پێیان وابێت شه‌رمه‌زارییه ناویان له‌و لیسته‌دا بێت كه زۆرینه‌یان نه‌ناسراون و ناكرێت ئه‌و هه‌نده هه‌موویان داهێنه‌ر بن، ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسه‌ش ده‌بنه‌وه داخۆ ئه‌وان بۆ خۆیان داهێنه‌ری دانسقه‌ن گه‌ر ته‌نها ناوی شه‌ش حه‌وت كه‌سی تێدا هاتبا؟! یان ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران داوایان كرد به‌وه‌ی داهێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی نێو لیسته‌كه ره‌تیبكه‌نه‌وه، ئایا به هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بۆ خۆیان ناكه‌ن كه خودی خۆیان داهێنه‌ر ده‌مێننه‌وه و ئه‌وانی دیكه‌ش به‌پێچه‌وانه‌وه؟!
له‌باره‌ی قوتی گشتی و پاره‌وپول و ئه‌و شتانه‌ی كه وه‌ك خۆڵ وایه و ده‌خرێنه چاوه‌كانه‌وه، من ده‌ڵێم: پێویسته فه‌رشی سوور بۆ هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی كورد ڕابخرێت، تاجی شكۆ بخرێته سه‌ر سه‌ریان و ناویان له مه‌ڕمه‌ڕ بتاشرێت، له‌پێناوی مه‌عریفه و ڕۆشنبیریدا هه‌موو وزه‌كانمان ته‌رخان بكه‌ین چونكه كورد ته‌نها ئه‌و ده‌لاقه‌یه شك ده‌بات كه له‌ناو میلله‌تاندا شانازی پێوه بكات، سه‌باره‌ت به‌و ناوانه‌ی كه لای كه‌س نه‌بیستراون و هێشتاكه كاڵ دێنه پێش چاو، واته ناوی ئه‌و لاوانه‌ی له لیسته‌كه‌دان، من شانازی ده‌كه‌م به‌وه‌ی ناوم له‌پاڵ ناوه‌كانیاندا هه‌بێ، ڕه‌نگه ئه‌وان ببنه داهێنه‌ری ڕاسته‌قینه و هه‌موومان تێپه‌ڕێنن، گه‌ر وا بیرنه‌كه‌ینه‌وه.. باشتر وایه ببینه دیكتاتۆری ڕۆشنبیریی و رێگر و له‌مپه‌ر له‌ڕوویاندا كه ئێستا به‌داخه‌وه زۆرینه‌ی ئه‌قڵیه‌تی ئێمه له‌و هه‌وایه‌دا ده‌سووڕێ و لافی ئه‌وه‌ش لێده‌ده‌ین كه ته‌نها خۆمان داهێنه‌رین و ئه‌قڵی ڕه‌ها له كه‌لله‌سه‌ری خۆماندایه!