Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

تارمایى ژنێكى سپى…. ناڵە حەسەن شەوەكان ڕەت دەبن

Comment
by February 20, 2008 ئەدەب

 منیش / لە كەژاوەى مردن
 دوور دەكەومەوە .
 ڕۆژەكان ڕەت دەبن
 تارمایى ژنێكى سپى
 لەباخچەكانى تەنیاییم نزیك دەبێتەوە
 سەدەكان ڕەت دەبن
 شەقامەكان پڕدەبن لە گومان
 وەرزەكانى
 نێوان من وخەونەكانى
 نێو تارمایى ژنێكى سپى
 پڕدەبن لە ترس
 دووریەكانى
 نێوان من و
 دەریاكانى نێو تارمایى ژنێكى سپى
 پڕ دەبن  لە عەشق
 
 هۆ ژنە گیاییەكەى
 نێو تارماییە سپیەكانى بەفر و
 نێو خەیاڵە گەرمەكانى
 شەوە شیرینیەكانى  شیعر
 منیش لە چاوەڕوانى تۆدا
 لە نیو یادگاریەكانى درەخت و
 گریانەكانى بەرد و
 شەوە مۆماویەكانى مانگ دا
 بەدیار
 چەند وینەیەكى پڕاوپڕ لە ڕوانینى پەپوولەیى
 بە ڕێنوسە نارنجیەكانى خەفەت
 رۆمانەكانى عەشق دەنوسمەوە
 منیش /
 لە چاوەڕوانى تۆدا
 لە نێوشەوە مانگەشەویەكانى
 نێو چاوەكانى ماسى و
 لە نێو خەونە پاییزییەكانى كات و
 لە نێو بالكۆنە فێنكەكانى خۆرەتاودا
 بە دیار چەند كتێبێكى پڕاوپڕ
 لە بازنە نەغماویەكانى غوربەت
 حەسرەتە نارنجیەكانم دەنوسمەوە
 
 شەوەكانم ڕەت دەبن
 تارمایى ژنێكى سپى
 لە سەرسینگى مۆنالیزاى تەمەنى من
 دەردەكەوىَ و
 وێنەى كۆدەكانى عەشق و
 زەردەخەنەیەكى پڕ لە سیحرم بۆ دەكێشىَ
 رۆژەكان و وەرزەكان و سەدەكانم
 رەت دەبن
 تارمایى ژنێكى سپى
 لە مردنە ڕۆمانسیەكانم         
 نزیك دەبێتەوە
 نزیك  نزیك  نزیك
 چاوەكانى لەسەریەك دادەنێ و
 لە نێو بازنەكانى بێ دەنگیدا
 دەگریىَ و  دەگرێ و  دەگریێ
 منیش لە چاوەڕوانى
 شەوێكى شیرینى نێوباوەشى ئەو ژنەدا
 ئێوارە ئەسمەرییەكان و
 وەرزە وەنەوشەییەكان و
 مانگە مۆماویەكانم…….دادەگیرسێنم
 منیش لە چاوەڕوانى
 مژینى لێوە ناسكەكانى ئەو ژنەدا
 لە سەر سینگى مۆنالیزاى خەونەكانم
 وێنەى  ژوورێك و سیسەمێك و مۆمێك
 لە سەرئاوێنەى ڕِوون ڕوونەكانى خەیاڵیشم
 وێنەى سێوێكى سوور سوور دەكێشم
 
 
 ڕۆژەكانم ڕەت دەبن
 لە نێو ڕووخسارە  نارنجیەكەى  یادەكانم
 سەبەتەیەك پڕ لە مێوەو
 دەلاقەیەك پڕ لە كتێب و
 گوڵدانێك پڕ لە گوڵ
 سەمام بۆ دەكەن و لەئامێزم دەگرن
 وێنەى شەوێكى شیرینى پر لە شیعرم
 بۆ دەكێشن
 شەوێكى پڕ لە باران و
 پڕ لە هاوار و پڕ لە شەپۆڵ و پڕ لە فرین
 
 ڕۆژەكان و شەوەكان و سەدەكانم
 ڕەت دەبن
 تارمایى ژنێكى سپى
 لە سەر سینگى مۆنالیزاى هەناسەى من
 دەردەكەوىَ و
 دێتە نێو كێڵگە سپیەكانى ڕۆحم
 بە نێو كۆڵانە كچێنیەكانى
 دەمارەكانى عاتیفەم پیاسە دەكات و
 بەسەر پەیژەكانى خۆشەویستیم / هەڵدەگەرىَ
 لە نێو كازێوەى گلێنەى چاوەكانم
 رادەكشىَ
 بۆ هەتا هەتایە /
 لەوێدا دەمێنێتەوە
 وەرزەكانى من ڕەت دەبن
 منیش لە چاوەروانى
 شەوێكى شیرینى نێو باوەشى ئەو ژنەدا
 لە سەر سینگى مۆنالیزاى برینەكانم
 بە " كۆدەكانى داڤنشى "
 وێنەى چەمانەوەى خۆم دەكێشم
 بۆ هەتا هەتایە
 لە نێو فڕینەكانى عەشقێكى ئەبەدى
 لە نێو /
 خەیاڵە بەفرینییە كریستالییەكانى تەنیایی دا
 دەمێنمەوە
 كتێبێك پر لە شیعرى عاشقانە
 بە ڕێنووسە نارنجیەكانى غوربەت
 بۆ نیگار و
 بۆ ڕووخسارە ئاوێنەییەكەى
 ئەو ژنە سپیە لێو بەبارە / دەنووسمەوە .
 
         سیبتەمبەرى 2006
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply