تارژه‌نێكی له خوا یاخی
تارژه‌نێكی له خوا یاخی
تۆ كه له ده‌ریادا نامری …
له باخچه‌دا به‌دیار یاسه‌مینه‌كانه‌وه ده‌مری
ئاسۆ جهبارئهوكاتهی حه‌رفه‌كانی یه‌قینم ده‌خوێنده‌وه
گه‌له‌مرۆڤێكی بێ‌شومار كه‌ڵبه‌یان له خوێنی گوڵدا بوو
ئه‌وكاته‌ی به حه‌سره‌ته‌وه لاپه‌ڕه‌كانی زه‌مه‌نم هه‌ڵده‌دایه‌وه
ماوه‌ی نێوان خۆكوشتن و باخچه هه‌نووكه‌یه‌كی خه‌یاڵ بوو
ئه‌وكاته‌ی له ڕیزبه‌ندی دێڕه‌كانی ئه‌و په‌رتوكه پیرۆزانه‌دا
خه‌یاڵ ده‌یبردمه‌وه . . . .
جه‌لادێك ته‌ورێكی له گوڵ بۆ عیشوه دروستكردبوو
ئه‌وكاته‌ی له‌سه‌فه‌ری یه‌كه‌م كتێبدا ده‌ستم له‌یه‌خه‌ی ژیان به‌ردا
مه‌رگ به كۆڵانه ئه‌رخه‌وانییه‌كانی شاردا پیاسه‌ی ده‌كرد
ئه‌وكاته‌ی له سه‌فه‌ری دووه‌م كتێبدا ئایه‌ته‌كانی قوربانیم دڕاند
سه‌رله‌به‌ری نیلۆڤه‌ره‌كانی باخچه‌ی ئاو بوون به قوربانی
ئه‌و شه‌وانه‌ی له‌به‌ر ئاگردانی وشه ڕزیوه‌كاندا ڕووت ده‌بوومه‌وه
ساقییه‌ك له به‌هه‌شته‌كانی مه‌رگا سه‌مای بۆ خوا ده‌كرد
من كه لێوانلێوم له په‌ڕاگه‌نده‌بوونی خۆم
ناگه‌مه سه‌ر زه‌مینه تاراجكراوه‌كانی یه‌قین .
ئه‌وكاته‌ی له‌سه‌ر سفره‌ی عیشوه‌تێكدا ڕۆمانێك خه‌یاڵم ده‌نووسی
شه‌پۆلی باخچه‌كانی رۆحم تاڵان كرا،
سه‌رزه‌مینه‌كانی جه‌سته‌م وشك بوونه‌وه .
ئه‌وكاته‌ی بۆ هه‌نووكه پیاسه‌یه‌كی ئاوابوون ده‌گریام
پیاوێك به‌ده‌م كرماندنی باخچه‌كانی موحیبه‌ته‌وه
چاوی پڕبوو له ئاو
سۆزانییه‌ك به دیار جه‌سته‌ی خامۆشی شه‌وه كوژراوه‌كانی خۆیه‌وه باوێشكی ده‌دا ..
ئه‌وكاته‌ی له‌به‌رده‌رگای ئایه‌تێكدا نوێژم بۆ گوڵاڵه‌سوره‌یه‌ك ده‌كرد
نێرگز به‌ڕۆژو بوو، . .
نیلۆڤه‌ر سۆزانییه‌كی شه‌وانی عیشوه‌تی دووری
ئه‌وكاته‌ی له به‌رده‌رگای قورئاندا
سه‌رمه‌ستی پاڕانه‌وه بووم له سه‌حرا
له ده‌ریایه‌كی پڕ له یاسه‌میندا مردم
مه‌رگی من،
تاقانه‌ترین مردنی نێو فه‌رهه‌نگی باخچه‌و سه‌فه‌ر‌و ئاوابوونه
ئه‌وكاته‌ی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی خه‌ونێكدا
عه‌ترم به‌سه‌ر گه‌ڵا ڕزیوه‌كانی ژێرپێی باراندا ده‌پرژاند
تارژه‌نێكی له خوایاخی له ئایه‌تێكدا په‌روانه‌یه‌كی سه‌ربڕی
من كه له‌ئاوازه دڵفڕێنه‌كانی تۆدا ون ده‌بم و ناگه‌ڕێمه‌وه
ئۆدیسۆس ئاسا سه‌رمه‌ستی ئاوازه ڕووته‌كانی تۆ ده‌بم
تۆ كه شه‌راب پرژێنم ده‌كه‌ی
من ناتوانم ده‌ست له یه‌خه‌ی مانگ به‌رده‌م‌و
بۆ هه‌میشه له خه‌ونه‌كانی تۆدا بژیم
من كه ته‌وره‌كه‌م له گوڵه و شمشێره‌كه‌م له ئاو
ناگه‌مه سه‌رزه‌مینه شه‌رابییه‌كانی ئه‌و عیشوه‌ته ئه‌به‌دییه
له كه‌ناره‌كانی تۆدا ساقییه‌كان شه‌راب تێكه‌ڵی ده‌ریا ده‌كه‌ن
من ئاشنای مه‌رگێكم ڕه‌شتر له ناخی تاریكی
ته‌نهاتر له سه‌رزه‌مینه‌كانی تۆ
من ئاشنای ته‌نیاییه‌كم له ته‌نیاییه‌كانی خودا
(تۆ له‌حیكمه‌تی خواوه‌نده‌كانی ئه‌و سه‌رزه‌مینه پڕ ئاشوبه‌ی من تێناگه‌ی)
ئه‌ی تارژه‌نی باخچه ئه‌رخه‌وانییه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر كه‌نار
ئه‌ی باڵنده له خوایاخییه‌كه‌ی نێو ڕۆحی ئه‌و مه‌خلوقانه
ئه‌و مه‌خلوقانه‌ی ..
تا كۆتایی زه‌مه‌ن، تا لێوانلێوی عیشوه‌ت سه‌مات بۆ ده‌كه‌ن
ئه‌وان ده‌فڕن، مه‌له ده‌كه‌ن، له ژێیه‌كانی ئه‌و مه‌زرایه‌دا
ماڵێكیان هه‌یه ئه‌به‌دی، هه‌میشه شه‌رابی.
ئه‌وكاته‌ی له به‌رده‌م كه‌نارێكدا سوژده‌م بۆ ده‌ریا ده‌برد
تۆ ئاوازت بۆ سه‌حرا داده‌نا، خۆڵت ده‌كرده چاوی ژیانه‌وه،
چاویلكه‌یه‌كی ڕه‌نگاڵه‌ییت هه‌بوو بۆ مه‌رگ
ئه‌وكاته‌ی گه‌روم پڕكردبوو له عه‌تری خودا
پیاسه‌م به به‌هه‌شته‌كانی منداڵی‌دا ده‌كرد
تۆ ژه‌هرت ده‌رخواردی ماسییه‌كان ده‌دا
تۆ له سیحری سه‌فه‌ردا جانتایه‌كت پڕ كردبوو له نیلۆڤه‌ر
ئه‌وكاته‌ی هه‌ناسه‌م پڕ بوو له بۆنی باران و
كۆتره پایزه‌یه‌كم له ماڵه شه‌رابییه‌كه‌ی خه‌یاڵمدا به‌خێو ده‌كرد
تۆ به دیار پیربوونی خۆته‌وه ده‌گریای
به‌دیار سه‌رزه‌مینه سه‌وزاییه‌كانی خۆته‌وه مردبووی
ئه‌وكاته‌ی له چركه تاریكاییه‌كانی ئاوابووندا
شه‌قامه‌كانمان پڕ كردبوو له زه‌رده‌خه‌نه
كۆڵانه‌كان پڕ له سه‌رخۆشی
ماڵه‌كان پڕ له هه‌راسانی
مزگه‌وته‌كان پڕ له شه‌راب
تۆ جه‌لادێكی په‌روانیی بووی …
تۆ سوره‌تی قوربانیت به‌سه‌ر ته‌وره‌كاندا ده‌خوێنده‌وه
تۆ سوره‌تی ده‌ریات به‌سه‌ر ده‌رده‌كانی سیانیدا ده‌خوێنده‌وه
تۆ سوره‌تی هارون‌و قارونت بۆ جه‌لادێك ده‌خوێنده‌وه
تۆ ژه‌هرت به‌سه‌ر په‌روانه‌كاندا دابه‌شده‌كرد
تۆ به درۆوه نوێژت بۆ گوڵ ده‌كرد
ئایه‌تێكت به‌سه‌ر ده‌ریادا ده‌خوێنده‌وه و
كیژه سه‌رمه‌سته‌كانی شارت تێ فڕێئه‌دان
تۆ به درۆوه كڵاو و جامانه‌ی مزگه‌وتێكت كردبووه سه‌رت و
پیاسه‌ت به باخی زه‌یتوونێكدا ده‌كرد
تۆ به درۆوه پێشنوێژیت بۆ باخچه ده‌كرد و
درۆت له‌گه‌ڵ پایزدا ده‌كرد و ده‌تگوت؛ به‌هار زۆری ماوه
به درۆوه سه‌رزه‌مینت له به‌فر كردبووه مه‌نجه‌نیق و
به درۆوه له‌به‌ر ئاته‌شگاكانی رۆحدا خۆت گه‌رمده‌كرده‌وه و
ده‌تگوت: ئای له‌م ئاگره پڕ میهر و فه‌یزه
ئای له‌م گه‌رمایی ڕۆحه‌ی جه‌سته‌ی توڕهه‌ڵداوه
ئای له‌م جه‌سته خامۆشه
ئای له‌م سه‌رزه‌مینه شه‌رابییه.
درۆكانی تۆ جه‌لاده‌كانیشی گومڕا كردبوو
جه‌لادێك به ته‌وری یاسه‌مینه‌وه دوای گوڵفرۆشێ كه‌وتبوو
جه‌لادێك له ته‌رواده‌وه تا ئێستا
به گوڵ ئاگری بۆ مه‌رگ خۆش ده‌كرد
جه‌لادێكی دیكه‌ش كه له‌عیشوه‌تی حۆرییه‌كانی ته‌واو بووبوو
شمشێره‌كه‌ی به پاتۆنیا تیژ ده‌كرده‌وه
درۆكانی تۆ سه‌ربازه‌كانیشی گومڕا كردبوو
سه‌ربازێك باروتی ده‌كرد به ڕۆحی خۆیدا و
مه‌رگی لێ بووبووه عیشوه‌ت
یه‌كێكی دیكه به ده‌م كوشتنی خۆیه‌وه
خه‌ونه‌كانی به‌سه‌ر كه‌ناره‌كانی موحیبه‌تدا دابه‌ش ده‌كرد.
سه‌ربازێكی خۆڵاوی به ده‌م چركه پیاسه‌یه‌كی نیگارییه‌وه
نامه‌ی بۆخوا ده‌نووسی‌و ده‌یوت:
خودایه چه‌ند گوناهه زینده‌گی
مه‌رگ كه بۆنی یاسه‌مینه.
سه‌ربازێكی پاكیزه‌یی به ده‌م گوله‌بارانكردنی ڕۆحی خۆیه‌وه
چه‌كه‌كه‌ی پڕكردبوو له پاتۆنیا
سه‌ربازێكی ده‌ریایی
قه‌یاخه‌كه‌ی له ده‌ریاچه‌یه‌كی پڕ له نیلۆڤه‌ردا ڕاگرتبوو
سه‌ربازێكی باخچه‌یی
له باخچه‌كانی رۆحیدا بووبوو به باخه‌وانێكی گه‌مژه و
له گوڵه‌كان عه‌تری بۆ هاوڕێكانی دروست ده‌كرد‌و
ده‌یانپرژاند به دوژمنه‌كانیاندا‌و ده‌مردن
ئای له گه‌مژه‌یی مه‌رگ.. ئای له حیكمه‌تی جه‌لاده‌كان
سه‌ربازێكی سه‌حرایی دنیای لێ بووبوو به سه‌راب و
حوشته‌ركانی رۆحی ئاو ده‌دا.
سه‌ربازێكی ئاسمانی وه‌ك باڵنده‌یه‌كی نه‌ناس
ده‌نوكی له ئاسمان ده‌دا‌و
وڕێنه‌ی بۆ ڕۆحی ده‌كرد‌و ده‌یوت:
ئای چه‌ند میهره‌بانه ئه‌و مه‌رگه‌ی
له كه‌ناره‌وه دێ…..
له تروسكاییه‌كانی ئه‌وبه‌ر كه‌ناردا
تاریكاییه‌ك به ده‌م شنه‌شنی شه‌پۆله‌كانه‌وه
ده‌گاته چاوی پڕ له ده‌ریای ته‌نیایی .
له كه‌ناره‌وه …
سه‌ده‌فێكی پڕ له تاریكی
ده‌گاته سه‌وزاییه‌كانی دونیا
پاش ئه‌و یه‌قینه
ده‌ریا پڕ ده‌بێت له مرواری
له كه‌ناره‌وه …
گوڵفرۆشێ كه ته‌ور ده‌فرۆشێ
كراسێكی ئاوی له‌به‌ردایه
له كه‌ناره‌وه …
جه‌لادێك كه گوڵ ده‌فرۆشێ
كه‌ناره‌كانی ئه‌و عیشوه‌ته شه‌راب پرژێن ده‌كا..
له كه‌ناره‌وه ..
كه ساقییه‌ك شمشێر ده‌فرۆشێ
ده‌ریای لێبووه به جامێ شه‌راب
له كه‌ناره‌وه …
كه خه‌ڵوه‌تنشینێك له‌هه‌راوزه‌نای په‌رییه‌كاندا
خه‌ون به عیشوه‌ی خۆیه‌وه ده‌بینێ
له كه‌شتییه‌كی ئه‌فسوناویدا ده‌گاته سه‌مه‌رقه‌ند
له كه‌ناره‌وه كه زاهیدێك داره‌كانی جه‌نگه‌ڵ ده‌بڕێته‌وه
به سه‌رخۆشی به‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی شاردا هاواری ده‌كرد و
ده‌یوت: ئای له‌م عیشوه‌ته …
تۆ داره‌كان ده‌بڕیته‌وه كه‌چی خوێن له ده‌ریاوه دێ
تۆ گه‌ڵاكان بریندار ده‌كه‌ی كه‌چی په‌نجه‌ره‌كانی شار هاڕه ده‌كا
تۆ له ڕه‌گه‌وه دره‌خته‌كان ده‌ردێنی كه‌چی وه‌رزه‌كان هه‌ر ماون .
له كه‌ناره‌وه ..
شاعیرێك مه‌نجه‌نیقی بۆ باخچه داگیرساندووه
خۆری بۆ ده‌ریا داگرتووه
به‌فری بۆ سه‌حرا ناردووه
خه‌ونی بۆ مه‌رگ ڕه‌وانه كردووه
جه‌غار، سه‌د جار جه‌غار
كه‌چی پێكێ ئاورینگی بۆ ته‌نیایی داناوه
جامی شه‌رابی له‌علی بۆ زه‌مه‌ن تێكردووه
شه‌راب ده‌كات به‌سه‌ر مه‌مكی گوڵفرۆشه‌كاندا
عاشقێك به لایدا تێده‌په‌ڕی و ده‌ڵێ:
( تۆ كه له ده‌ریادا نامری …
له باخچه‌دا به‌دیار یاسه‌مینه‌كانه‌وه ده‌مری )
له كه‌ناره‌وه …
ئه‌ستێره‌یه‌ك كه له‌ده‌ستی گه‌ردوون ده‌كه‌وێتـه خوارێ
به‌سه‌ر ده‌ریادا ده‌كشێ‌و ده‌كه‌وێته ڕۆخه‌وه و ده‌خنكێ
مانگ قژی له‌به‌ر ئاوێنه‌كانی ده‌ریادا شانه‌ده‌كا و
له ده‌ریادا ته‌ڕ ده‌بێ
خۆر كه تارماییه‌كی دووری ئه‌وبه‌ر كه‌ناره
له سه‌ده‌فێكدا خۆی شاردۆته‌وه
ئه‌وكاته‌ی سه‌رزه‌مینه‌كانی خودام پڕكردبوو له ته‌ڵا
تۆ درۆت بۆ خوا ده‌كرد
ئه‌وكاته‌ی من ده‌موت:
(خودایه ئه‌و هه‌موو میهره‌بانییه چییه
وا له ده‌وری ئه‌و مه‌رگه ئاژه‌ر ئاژه‌ر گه‌وره ده‌بێ..؟)
تۆ گرژ ده‌بوویت و
كه‌ڵبه‌كانت له دامێنی خوا گیر ده‌كرد و
به چرپه پێتده‌وت:
( … ئه‌و هه‌موو عیشقه چییه
خودایه، ئه‌و هه‌موو عیشوه‌ته چییه
له میهر و فه‌یزه‌كانی خۆتدا بمانكوژه ..)
باران كه به‌سه‌ر لاشه‌ی ئه‌ستێراندا ده‌بارێ
به‌سه‌ر ئه‌و زاهیدانه‌شدا ده‌بارێ
كه سه‌رمه‌ستی خه‌ڵوه‌تێكن بۆ ته‌نیایی
كه شه‌یدای حیكایه‌تێكن بۆ مه‌رگ.
پایزی 2003