Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
تاكەی سەربازەكان لەوێ‌ دەبن؟

تاكەی سەربازەكان لەوێ‌ دەبن؟

Closed
by April 20, 2011 گشتی

لەوانەیە ئێستا سەرانی سەربازی یەكێتی لەو غروریەدا بن، كە توانیویانە بەسەر ناوەندی شارەكاندا زاڵ بن‌و مەیدانەكا نی ئازادی بە ژمارەی بێشوماری پێشمەرگە‌و دەزگا ئەمنییەكان كۆنترۆڵ بكەن، لەراستیشدا ئەوان سەركەوتن لەوەی مەیدانێكی وەك مەیدانی ئازادی سلێمانی بگرن‌و خۆیانی تێدا جێگیر بكەن.
بەڵام ئایا ئەوە چی غرورییەكە تێكەڵاوی دەریایەك لەترس‌و تۆقین بووە‌و نزیك لە ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی چەكدار لەناو شار‌و كوچە‌و كۆڵانەكاندا بڵاو بوونەتەوە، لەهەر شوێنێك دوو كەس دەوەستێ‌ زیاتر لە دە چەكدار لێی نزیك دەبنەوە‌و هەموو چاویان لەسەر ئەو خەڵكانەیە بۆ كوێ‌ دەچێ‌‌و چی دەكات. ئەوان لەوەستان دەترسن، لە رۆیشتن دەترسن، لە دەنگ‌و بێ‌ دەنگی دەترسن، لە دەستی بەتاڵی رێبوارەكان رادەمێنن، لەدەستی نوقاوی رێبوارەكان ورد دەبنەوە، هەر شتێك وەستابێت وەك پیلانێك سەیر دەكرێت، هەر شتێك بجوڵی وەك مەترسییەك وەردەگیرێ‌، سەربازەكان هەموو شوێنێكیان تەنیوە، سەر كوچە‌و كۆڵانەكان، شۆستە‌و شەقامەكان، بەخۆیان‌و دارەكانیانەوە، بەخۆیان‌و پەنجەی سەر پەلەپیتكەی تفەنگەكانیان، بەڵام بەم حاڵەیشەوە ئەوان غەرقی ترس بوون‌و سیمای تۆقین لە چاوەكانیاندا دەبریقێتەوە، كۆڵانەكانی پشتیان دەبێتە دەریایەك لەسەرچاوەی ترس، گەنج‌و ئەو لاوانەی بە لایاندا گوزەر دەكەن، هەر یەكەیان ئاماژەیەكە بۆ كارێكی تێكدەرانە، هەموو كاتێك بەردەكان دەتوانن بێن، هاوارەكان دەتوانن بەرز ببنەوە‌و هێمنییە سەپاوەكانی شەقام دەگۆڕێن بۆ هاوار‌و دەنگی بابڕوخێ‌، با بڕوخێ‌ دەبێتە هەرەسێك لەناو بێدەنگیدا.
سەركەوتنی چەكدارەكان، ئاماژەیەك لە دڵنیایی‌و بەردەوامی نادەن بەدەستەوە، دەستكەوتەكان وەك تۆزێكی بەر باڵا چارەنووسیان پەرتبوونە، رەنگە هیچ شتێك نەتوانێت نیشانە بێت بۆ دڵنیایی، دڵنیایی خۆی ئامانجێكە پێی نەگەیشتوون. چنگە پڕ لە بەردەكان، كۆڵانەكانی مەجید بەگ، شەقامەكانی سالم، كوچەكانی ناو پیرمەنسور، سەرشەقام‌و چوار ریانە خێر لەخۆ نەدیوەكەی دەستاڕەكە، گەڕەكەكانی چوار باخ‌و شەقامەكانی ئۆرزدی‌و پیرەمێرد‌و بەردەم دەبۆكە‌و كوچە تەسكەكانی مەزادخانە‌و دارە سوتاوەكە جێگایەكی پڕ بەڵان، كە وەستانی رێكی سەربازەكان تێك دەدەن‌و ترس دەخەنە دڵی كەسانێك لە پشتەوە پاڵیان پێوە دەنێن، تا لەدژی سێبەر‌و دەنگی با‌و نمەی بارانەكانیان میل بێننە‌وەو تەقە بكەن.
ئێستا سلێمانی پارچەیەكە لە ئاگر، پشكۆیەكە بەگژ مەقاشەكاندا چۆتەوە، قوربانی‌و گیانبازی گرەوی لەسەر دەكرێت، رەنگە سەربازەكانتان بتوانن چەند رۆژێكی تر لەوێ‌ بمێننەوە، ناچار ئەوان دەبێت بڕۆن، چونكە میوانێكی بانگ نەكراون‌و مانەوەیان لای خانەخوێ كات‌و ساتی خۆی هەیە.
تاكەی سەربازەكان لەوێ‌ دەبن؟ ئێستا بەقەدەر ژمارەی دارەكان، خۆپیشاندەر لەسەر شۆستەكان چەقیوون، بەقەدەر چاوی زەقی چاودێری، چاوی ئومێد‌و راوەستان كراونەتەوە، ئەمڕۆ یا سبەی ئێوە‌و سەربازەكانتان لەوێ‌ نامێنن‌و ئێمەیش لەسەر شۆستە داگیركراوەكاندا هەل هەلە دەكێشین‌و دەیكەینە چەپڵە رێزان.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.