Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

تاوانێك كە هەموومان تێیدا بەشدارین !! …به‌شی دووه‌م و کۆتایی

Be First!
by August 9, 2008 ژنان

تاوانێك كە هەموومان تێیدا بەشدارین !! 
 "لە بەرانبەر هەر تاوانێكدا ئەگەر بیدەنگیت هەڵبژارد، بزانە تۆش بەشدارى ئەو تاوانەیت"
 رێبوار رەزا چوچانى ….بەشى دووەم و كۆتایى


 بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە مرۆڤ لە ناو چواچێوەى ئیماندا، ئومێدى بە ژیان نامێنێت، ئیمانیش ئومێدێكى ترى بۆ دروست دەكات، بۆ ئەوەى چاو بڕێتە نیعمەتە خوداییەكان، كە لە ژیانێكى تردا بەدەست دێن" ئەم بابەتە لە كاتى تردا باسى دەكەین"، بەڵام كاتێك مرۆڤ لە نێو چوارچێوەى ژیاندا، عەقڵیەتێكى كۆنپاریز رىَ لە ئارەزووەكانى دەگرێت و ناهێڵێت ئومێدەكانى بە دەست بهێنێت، ناچار پەنا بۆ خۆ كوشتن دەبات، بۆیە دەبینین رۆژانە مرۆڤ بە تایبەتى رەگەزى مىَ، چۆن بێئومێدى لە گۆڕانى شتە چەقبەستووەكانى ژیانیان، ناچارى خۆ كوشتن دێن، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى كە رێژەیەكى زۆریان، لە لایەن كەس و كارییانەوە دەكوژرێن بە بیانووى شەرەف، بەڵام لە راستیدا ئەمە ترسناكترین حاڵەتە دروست دەبێت، كاتێك مرۆڤ بیر لە رێگە چارەى گرفتەكان دەكاتەوە بگاتە ئەو قەناعەتەى، خۆ كوشتن دوا رێگا چارەیە، وەك ئادلەر ئاماژەى پێدەكات، ئەم حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ دروست بوونى هەستى خۆ بە كەم زانین، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەوەش كە پەنا بۆ هەڵچوون و توڕە بون دەبات، بۆ دروستبوونى هەمان هەست دەگەڕێتەوە، چونكە مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو شتانەى كە تواناى ناشكێتەوە بەسەریاندا، هەست بە گرێیەكى دەرونى خۆ بە كەمبینى دەكات، بۆیە دواجار پەنا بۆ هەڵچوون دەبات، هەستى خۆ بە كەمبینى مرۆڤ ناچار دەكات، كە زۆرجار پەنا بۆ هەندێك شتى ناباو ببات، كە خۆیان دەسەپێنن بەسەر بیركردنەوەكانیدا، ترسناكترینشیان خۆ كوشتنە، ئادلەر لەمبارەوە دەڵێت" لەو دۆخەدا خراپترین شت كە مرۆڤ بیرى لێدەكاتەوە لە گەڕان و چارەسەر كردنى كێشەكانى، بیركردنەوەیە لە خۆ كوشتن، خۆ كوشتنیش هەموو كاتێك توندوتیژترین بیركردنەوەیە، لە توانج تێگرتن لە خودى خۆى و تۆڵە كردنەوە"، بەڵام ئادلەر بەرەنجامێكى تریش دەدات بە دەستەوە لەم حاڵەتە و دەڵێت" لە هەر روداوێك لە روداوەكانى خۆ كوشتن، دەتوانین ئەوە ببینین كە هەر كەسێك ئەو كارە دەكات، بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆى كەسانى دیكە، وەك ئەوەى بە كەسانى دى بڵێت( من ناسكترین و بە هەست ترین كەس بووم، بەڵام ئێوە زۆر خراپ هەڵسوكەوتتان لەگەڵ كردم، بەشێوەیەكى دڕندانە)".
 رێگرییەكان و ئەو هەنگاوانەى بۆ چارەسەریان پێویستن.
 چەمكى شەرەف لە روانگە پیاو سالارییەكەیەوە، پەیوەستە بە ژنەوە، كاتێك ژن لە سنورى دەسەڵاتى پیاو دەردەچێت و رێگا بەرەو ئارەزووەكانى خۆى دەگرێتە بەر، ئەو كاتە شەرەف وەك چەكێكى كوشندە لە بەرانبەریدا دەوەستێتەوە، ئەو كات پیاو هەست دەكات سالارییەكەى بەرەو نەمان دەچێت، بۆیە هەرچى زووە هەوڵى پاراستنى سالارى خۆى دەدات، كە رەنگە ئەو هەوڵە دواجار كارەساتى دیكەى لێبكەوێتەوە، سالارى پیاو لەم كۆمەڵگە كەلاوە ئاسایەدا گەشتۆتە ئاستێك، كە رۆژانە چەندین كەس دەكرێتە قوربانى بە خاترى مانەوەى شكۆى ئەو سالارییە، بێئاگا لەوەى كە هەر ئەو كەسانە هەوڵى پاراستنى شكۆى سالارى دەدەن، هیچ لە ماناو دەلالەتى سالارییەكان نەگەشتوون، بەڵام ترس لە نەمانى سالارى، دەبێتە هۆكارى سەرەكى ئەو بارگرانییانەى كە دێنە رێى ژن لەم وڵاتەدا، دەبێت لێرەدا ئەوەش بڵێین كە ئەم ترسە خودى مرۆڤ دروستى دەكات و دواتر دەبێتە بەشێك لە روانینەكانى كۆى كۆمەڵگە، بۆ مانەوەى سالارى پیاو لە نێو دەروبەرەكەیدا، لە هەمانكاتدا ناشىَ ئەوەشمان لە بیر بچێت، كە بیركردنەوەكانى خودى مرۆڤ وا دەكات، كە ئەم جۆرە روانینانە دروست ببێت، چونكە كەم دەستى لە شێوازى دنیابینى مرۆڤ وا دەكات، كە روانینەكانیش بەرتەسك بێتەوە، بۆ پانتاییەكى كەم مەودا، كە تواناى بینینى فراونترى نەبێت، كاتێكیش مرۆڤ دووچارى كەمبینى هات، ئەو كات ناتوانێت پێكهاتە دوورەكانى ئەو دیوو پانتایى بینینەكانى خۆى بدۆزێتەوە، كەم مەودایى دنیابینیەكانى مرۆڤ وا دەكات، هەمیشە دیلى كۆمەڵێك ماناى بچوك بێت، كە لە بەرانبەر چەمگەلێكى جیاواز و فراواندا خۆیان دەنوێنن، گومان لەوەدا نیە، كە مرۆڤە بەدمەستەكانى كۆمەڵگە كەلاوە ئاساكان، هەمیشە خاوەنى دنیابینییەكى بەرفراوان نین، تا بە شێوەیەكى فراوان لە ژیان و وجود بڕوانن و لە ماناكانى وجود و ژیانیش تێبگەن، بۆیە هەمیشە زۆرینەى مرۆڤەكانى ئەو جۆرە كۆمەڵگەیانە، لە ناو غەفڵەتگیرییەكى بێسنوردا، خەریكى كوشتنى ماناكانى ژیانن، شەرەفیش هەمان ماناى بچوكى هەیە لە لایان، كە كورت دەكرێتەوە بۆ هەندێك شتى بچوك، كە ئەم شتە بچوكانە، دواجار دەبنە هۆكارى دروستبونى بارگرانى گەورە و دروستبوونى توندوتیژى و بەرتەسك كردنەوەى ئازادى لە بەردەم ژناناندا.
 بەڵام لێرەدا كەلتور و ئاین، رۆڵى سەرەكى دەبینن لە قوڵكردنەوەى ئەو كێشانەى كە بە هۆى شەرەفەوە دروست دەبن، رۆڵگێڕانى ئاینیش بۆ خودى ئاین ناگەڕێتەوە، بەڵكە تێنەگەشتنە لە ناوەرۆك و پەیامى ئاین، چونكە ئاین كاتێك رێ بە كوشتن دەدات، كۆمەڵێك مەرج دادەنێت كە جێبەجىَ بوونیان مەحاڵە، بەڵام ئەوەش قسەیەكى زۆر هەڵدەگرێت كە بۆچى ئاین و بە تایبەت ئاینى ئیسلام، ئەگەر ئەو مەرجانەش جێبەجىَ بوون، یان ئەگەر ئەو بەڵگانەش كە ئیسلام داواى دەكات خرانە روو، رێگە بە كوشتن دەدات، لە كاتێكدا وەك خودى ئاینەكەش دەڵێت خودا خۆى ئەو هەستانەى بە مرۆڤ بە خشیووە، كە بە دواى چێژەوە بێت و هەموو چێژەكانیش هەر خودا بە مرۆڤى بەخشیووە، بۆیە ئەم لایەنە قسەى زۆر هەڵدەگرێت و وامان لێدەكات، كە ئیستێك لەسەر ئاین بكەین و رووبەڕووى گومانگەلێكمان دەكاتەوە لە بارەى ئاینەوە.
 بەهەرحاڵ ئەو رێگرى و بەر بەستانەی، كە لەسەر رێى ژن دروست دەبن و هەموویان كۆ دەبنەوە لە چەند لایەنێكدا، كە گرنگترینیان كەلتور و ئاین و لە سەرووى هەموشیانەوە، شێوەى بیركردنەوەى مرۆڤ بە تایبەتى رەگەزى نێر، كە هەمیشە هەوڵى مانەوەى شكۆى سالارى خۆی دەدات، ئەمەش پەیوەندى بە بیركردنەوەى خودى مرۆڤ هەیە.
 ژن تاكو هەوڵ نەدات تێگەشتنێكى هەبێت لە بارەى كێشەكانى خۆیەوە، مەحاڵە بتوانێت جەوهەرى گرفتەكانى و پاڵنەرەكانى دەستنیشان بكات، دواتریش مەحاڵە بتوانێت چارەسەكانى بدۆزێتەوە و بە ئارامى بەبىَ گرفت مومارەسەى ژیان بكات، بەڵام ئەوەى كە هەستى پێدەكرێت، نەبونى تواناى تێگەشتنى خودى ژنانە بۆ گرفتەكانیان، ئەوانەش كە لە هەوڵى نەمانى ئەو گرفتانەن بە قەولى خۆیان، هەوڵەكانیان لە كۆمەڵێك كارى سەرەتایى تێپەڕى نەكردووە، كە لە قسە كردن نەچۆتە ناو هەنگاونانێكى كردەییەوە، ئەو كۆمەڵە قسەش نەیانتوانیوە لە دروشم تێپەڕێنن، كە ئەو دروشمانەش دەبنە هۆكارى دروستبوونى بەربەستى زیاتر، لەبەردەم هەنگاوەكانى ژن، بۆ فەراهەم كردنى ئازادییەكانى، من پێموایە هیچ كاتێك ئەو دروشمانە، نەیانتوانیوە خزمەت بە كێشەكانى ژن بكەن، چونكە خودى هەڵگرانى ئەو دروشمانەش، بە پێچەوانەى دروشمەكانیانەوە مامەڵەیان كردووە، هەندێك لەوانەى تا دوێنىَ باسى چەوساندنەوەى ژنیان دەكرد، خۆشیان دەستیاندایە چەوساندنەوەى ژن، ئەوانەى باسى ناعەدالەتى پیاویان دەكرد لە بەرانبەر فرە ژنیدا، خۆیان سەر بە هەوىَ شویان كرد، ئەوانەى باسى بازرگانیان بە ژنەوە دەكرد، خۆشیان ئەو بازرگانییەیان كرد، كەواتە لێرەوە دەگەینە قەناعەتێك، كە خەمساردى خودى ژن بۆ گرفتەكانى، ئەویش دەبێتە یەكێك لە بەربەستەكان، كە ناتوانن تێیپەڕێنن، بەڵام بۆ ئەوەى رێگە چارەیەك بدۆزنەوە، بەر لە هەموو شتێك دەبێت واز لە قسە و دروشم هەڵگرتن بهێنن و هەنگاوى كردەیى بنێن، بۆ چارەسەر كردنى گرفتەكانیان، بەر لە هەموو شتێك دەبێت بە باوەڕێكى هیۆمانستییەوە لە گرفتەكانیان بڕوانن، چونكە هەتا گرفتەكانیان نەكەنە گرفتى كۆى مرۆڤایەتى، مەحاڵە بە دروشمبازى چارەسەریان بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین رۆڵى هەندێك ژن لەبەرچاو نەگرین، كە هەوڵى جددى دەدەن بۆ چارەسەرى گرفتەكانى ژن، كە ئەوانیش بە پەنجەى یەك دەست دەژمێردرێن.
 روانین بۆ گرفتەكانى مرۆڤ، لە كۆمەڵگەى كوردیدا نەیتوانییەوە لە پانتاییەكى كەم مەوداوە تێبەڕێنێت، بۆ ئاستێك كە مەودا فراوان بێت و تێگەشتن هەبێت بۆ تێكڕاى گرفتەكان، چونكە نەبینینى ئەو دیوى كێشەو گرفتەكان، دەبێتـە فاكتەرى قوڵ بوونەوەیان، بەڵام لێرە هەست بەوە دەكرێت، كە مرۆڤ نەك تواناى بنینى ئەو دیوى گرفتەكانى نیە، بەڵكە مرۆڤ لەم كۆمەڵگەیەدا تواناى تێگەشتنى لە گرفتەكانى نیە، بۆیە بە درێژایى چەندین سەدە جەوهەرى كێشەكان وەك خۆیان ماونەتەوە، مانەوەى كێشەكانیش دەمانكاتە شاهێدى بینیى ئەو هەموو تاوانكارییەى، كە رۆژانە بە بیانوى جۆراوجۆرەوە خۆیان مانیفێست دەكەن.
 ژن بۆ ئەوەى بتوانێت خۆى دەرباز بكات لەو هەموو رێگرییانەى كە دێنە رێیان، دەبێت بەر لە هەموو شتێك خۆیان بناسن و بەر لە هەموو شتێك خوێندنەوەیان هەبێت، بۆ واقیعى ژیانى كۆمەڵایەتى و پێگەى مرۆڤ لە كۆمەڵگاكاندا، بەڵام لێرەدا هەست بە حاڵەتێكى كوشندە دەكرێت، لە هەندێك دامەزراوەدا، ئەو حاڵەتەش ئەوەیە كە هەموو شتێك بۆ تۆیە، چونكە تۆ ژنیت، ئەمە نەك ناتوانێت خزمەت بە ژن بكات، بەڵكە دەبێتە ئاوێنەیەك بۆ پەیدابونى هەڵوەستە كردنێك بۆ تواناكانى ژن، چونكە هەموومان دەزانین زۆربەى ئەو ژنانەى كە بەو جۆرە ئیمتیازاتانە رازى دەبن، كەمتوانان و بونەتە هۆكارێكیش كە هەڵوەستە لەسەر خودى ژن و تواناكانى بكرێت.
 كە هیچ كاتێك ئەمانە نەیانتوانییوە جەوهەرى گرفتەكانى ژن دەست نیشان بكەن، بەڵكە ناشتوانن لە ئاست و پێگەى خۆیان بڕوانن و لە ئاست و پێگەى ئەو ژنانەش بڕوانن، كە غەرقى گرفتگەلێك بونەتەوە، كە تواناى بینیى جوانییەكانى ژیانیان نیە، بە جۆرێك ئومێدیان بۆ بگەڕێنێتەوە و جوانییەكانیان پێئاشنا بكەن، كە دەبێت خۆیان بزانن ئەم حاڵەتە خزمەت بە ژن ناكات.
 تێبینى:
 ئەم نووسینە لە ژمارە ( 444 )ى رۆژى ( 30/7/2008 )ى رۆژنامەى هاوڵاتیدا بڵاو كراوەتەوە
 
 
 rohani1983@gmail.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply