Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
تاوانێك كە هەموومان تێیدا بەشدارین !!

تاوانێك كە هەموومان تێیدا بەشدارین !!

Closed
by August 6, 2008 ژنان

 تاوانێك كە هەموومان تێیدا بەشدارین !! 
 "لە بەرانبەر هەر تاوانێكدا ئەگەر بیدەنگیت هەڵبژارد، بزانە تۆش بەشدارى ئەو تاوانەیت"
رێبوار رەزا چوچانى….بەشى یەكەم

  سەرنجێك لەسەر مەیلى ژنكوژى لە كۆمەڵگەى كوردیدا.
 ئەم نووسینە راگوزەرێكە بەو هۆكارانەى كە دەبنە فاكتەرى سەرهەڵدانى چەوساندنەوە و توندوتیژى، لە هەمانكاتیشدا گەڕانەوەیە بۆ سەر ئەو پرسەى، كەتا هەنووكە لە تەواوى جیهانیشدا بە چارەسەرییەكى بنبەست نەگەشتووە، پرسى ژن یەكێكە لەو پرسانەى كە رووبەڕووى كۆمەڵى مرۆڤایەتى بۆتەوە، چونكە گرفتى هەر كام لە رەگەزەكانى مرۆڤ، ئەگەر بە چاوێكى هیۆمانستییانەوە لێی نەڕوانین، مەحاڵە بتوانین لە كەنارى چارەسەرییەكانى نزیك بینەوە، من بڕوام وایە ئەو گرفتانەى كە رووبەڕووى مرۆڤ بەگشتى و بە تایبەت ژن دەبنەوە" كە ئێمە ئەم باسەمان بۆ تەرخان كردووە"، هۆكارەكەى بۆ هەردوو رەگەز دەگەڕێتەوە، نەك وەك ئەوەى كە هەندێك لە فێمێنیستە نیمچە حاڵییەكان پێیانوایە، تەنیا رەگەزى نێر دروستكەرى گرفتەكانن، ئەو تاوانانەش كە رووبەڕووى هەر دوو رەگەز دەبنەوە، بە تایبەتى رەگەزى ژن، تاوانێكە و هەموومان بەشدارین تێیدا، كە ئەمەش هۆكارگەلێكى زۆرى هەیە، بە بڕواى من زۆرینەى گرفتەكان، لە ئەنجامى قەبوڵنەكردنى راى جیاوازەوەیە، كاتێكیش راكان قەبوڵنەكران و رەتدانەوەیەكى توند هەبوو لە بەرانبەریاندا، ئەو كات نێوان خاوەن راكان بەرەو ئاقارى توندوتیژى دەچێت، كە ئەمەش یەكێكە لە خەسڵەتە بنەڕەتییەكانى مرۆڤ، بەڵام نابێت ئەوەش لە بیر بكەین، زۆرجار ژن ناچارى قەبوڵكردنى را دەكرێت، وەك چۆن زۆرجاریش ناچارى خۆكوشتن دەكرێت، بە تایبەت لە كۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەكاندا، كە تا هەنوكەش لەم جۆرە كۆمەڵگەیانەدا، عەقڵیەتى پیاو، دەوێت بە سالارى بمێنێتەوە و ژنیش لە پاشكۆى خۆى دابنێت، بێگومان كۆمەڵگەى كوردیش، وەك یەكێك لە كۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەكان، هەمان دۆخ تێیدا باڵا دەستە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت، كە هەموو گرفتەكان پیاو هۆكارى یەكەمە، بەڵكە ئەم دۆخە دەرخەرى واقیعێكە، پێمان دەڵێت ژیان لە ململانێ و یەكتر رەت كردنەوەوە دروست بووە و هەر بەو جۆرەش بەردەوام دەبێت، تا دەگاتە خاڵى كۆتا، كە سروشتى مرۆڤ ئەوە دەخوازێت.

 توندوتیژى و چەوساندنەوە.
 توندوتیژى و چەوساندنەوە لە كۆمەڵگە خۆرهەڵاتیەكاندا مێژوویەكى دورودرێژیان هەیە، ئەم مێژووە ئەوەندەى خۆكردى خودى مرۆڤەكانە، ئەوەندە كاریگەرى فەزا و سروشت و دەوروبەر نیە، ئەگەرچى بەشێوەیەكى رێژەیى هەر یەك لەم لایەنانە كاریگەری خۆیان هەیە، بەڵام هەستە بزوێنەرەكانى خودى مرۆڤ، دەبێتە سەرچاوەى ئەو ئاكارانەى كە پەیڕەوییان لێدەكات، مرۆڤ خۆى بڕیار لەسەر زۆربەى شتەكان دەدات، وەك ئەوەى پێشتر بڕیارى لەسەر درابێت، چونكە مرۆڤ پێكهاتەیەكە لە عەقڵ و سۆز، هەر كاتێك ئەم دوو ئاراستەیە لە مرۆڤدا رووبەڕووى لادان هاتنەوە، ئەو كات دەروازە بەڕوى لادانە ترسناكەكاندا دەكرێتەوە، كەواتە دەشىَ بڵێین مرۆڤ خۆى فاكتەرى سەرەكى دروست بوونى زۆربەى حاڵەتەكانە، كە دەبنە دروستكەرى دۆخە كارەساتئامێزەكان، بۆ ئەو ژینگە و سروشتەى كە تێیدا دەژى، هەروەك پاولۆ كۆیلۆ دەڵێت" ئێمە رۆحى جیهان خۆراك دەدەین، ئەو زەوییەى كە لەسەرى دەژین باشتر یان خراپتر دەبێت، ئەگەر ئێمە باشتر یان خراپتر بین"، پاولۆ كۆیلۆش هاوڕایە لەگەڵ ئەوەى كە مرۆڤ، ئاراستەى ژیان دیارى دەكات و نەهامەتییەكان دروست دەكات، كە لە ناو بیر كردنەوەكانى مرۆڤ خۆیەوە نەخش دەبێت، نەك ژینگە و كاریگەرى دەوروبەر هەوێنى گۆڕانى مرۆڤ بن، كە لایدەن بەرەو ئاراستەى خراپەكارى، دواتر ئەلفرێد ئادلەرى دەرونناسیش لەمبارەیەوە دەڵێت" تەنیا شێوازى ژیان كار ناكاتە سەر تاك، هەروەها ئاراستەكانیش بە تەنیا نیشانەكانى نەخۆشى نین لە لاى ئەو، ئەوەى نوێیە لە تێڕوانینى ئێمە بۆ دەرونزانى تاك و چۆنێتى تێڕوانین لە قوڵایى خودى تاك ئەوەیە، كە هەستەكانى تاكى مرۆڤ، لە دژەیەكى و ململانىَ لەگەڵ ئەو پلانەى كە دایدەنێت بۆ خودى خۆى، لە شێوازى ژیانى كە خۆى لێیڕازییە، هەر كاتێك ئامانج دیارى كرا، ئەوا لە پێناو ژیانێكى باشتر، هەست و سۆزەكان خۆیان دەگونجێنن"، دواتر ئادلەر دەڵێت" بۆ نمونە دڵە راوكێى تاك یان ئازایەتییەكەى یان كڵۆڵییەكەى، لە شێوازى تایبەتى ژیانییەوە سەرچاوەى گرتووە، هەموو ئەو پەسنانە دەگونجێت لە رووى هێز و دەسەڵاتەوە، لەگەڵ ئەوەى كە ئێمە چاوەڕێى دەكەین، میتۆدى ژیانى تاك، دەبێتە بەشێك لەو شێوازەى كە خۆى لێی ڕازییە".
 ئەوەى لە قسەكانى ئادلەردا دەبینرێت، یەكانگیر بوونى هەست و سۆزەكانى مرۆڤە، بۆ ئەوەى هەر خۆشبەختییەك هەیە بۆ خۆى مەیسەرى بكات، كە هیچ كاتێك ئێمە ناتوانین بڵێین زۆرینەى توندوتیژییەكان بۆ خۆشبەختى مرۆڤ نیە، چونكە ئەو مرۆڤانەى كە دەبنە هەڵگیرسێنەرى توندوتیژییەكان، یەك لە ئامانجەكانیان باڵا كردنى خواست و ئارەزوو و خۆشبەختییەكانى خۆیانە بە هەر جۆرێك بێت، كە هیچ كاتێكیش ناتوانین بڵێین ئەمانەش مرۆڤ نین، بەڵام ئەم مرۆڤانە بۆ ئەوەى خۆشبەختى بۆ خۆیان بە دەست بهێنن، هەوڵ دەدەن لەسەر حسابى مرۆڤى تر، ئەم خۆشبەختییە بە دەست بهێنن، كەواتە ئەوە مرۆڤ خۆیەتى پەنا بۆ ئەو شتانە دەبات، كە لە ناخى خۆیدا باوەڕى پێیانە، نەك كاریگەرییە دەرەكییەكان ببنە فاكتەرى سەرەكى بۆ هەڵبژاردنى شێوازى ژیانكردن، بەڵكە شێوەى ژیان و ژینگە و دەوروبەر، پێكەوە دەبنە فاكتەرى دەربڕینى باوەڕەكانى مرۆڤ، بۆ چۆنێتى روانینى بۆ ژیان و ئەو پەیوەندییانەى، كە بە دەوروبەرەكەیەوە دەیبەستێتەوە، بۆیە دەبێت لێرەوە ئەو بڕوایە هەڵبوەشێنینەوە، كە پێیوایە كاریگەرى دەوروبەر دەبێتە فاكتەرێكى سەرەكى دیارى كردنى ئاراستەى ژیان و ئەخلاقیاتەكانى مرۆڤ، چونكە هەموو ئاماژەكان پێمان دەڵێن، مرۆڤ خۆى بڕیار لەسەر چۆنێتى مامەڵە كردن دەدات، لەگەڵ حاڵەتەكاندا، كەواتە توندوتیژیش بەشێكە لە بە ئەنجام گەشتنى بیركردنەوەكانى مرۆڤ، بۆ چارەسەر كردنى گرفتەكانى، دەشێ بڵێین مرۆڤ خۆى توندوتیژى بە كار دەهێنێت، نەك پاڵنەرى دەوروبەر، وەك كەلتورى جیاواز و فەزاى جۆراوجۆرى دەوروبەر.
 توندوتیژى ئەوەندەى پەیوەندى بە بیركردنەوە و ئەخلاقیاتى خودى مرۆڤ خۆیەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندى بە نەوعیەتى دەوروبەر و كاریگەرى ژینگەى دەوروبەرەوە نیە، چونكە خودى مرۆڤ خۆى پەنا بۆ هەڵچوون و بەكارهێنانى توندوتیژى دەبات، نەك ئاراستە كراو بێت بەرەو بەكارهێنانى توندوتیژى، لێرەدا مەبەستم ئەو توندوتیژیانەیە كە تاك بەرانبەر تاك ئەنجامى دەدات، ئەو توندوتیژیانەى كە تاكەكان بەرانبەر بە یەك بەكارى دەهێنن، لە ئەنجامى هەڵچوونە دەرونییەكانى خودى مرۆڤ خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەرچەندە ژینگە و هەر یەك لەو لایەنانەى تر، وەك كەلتور و فەزاى دەوروبەر و …هتد، رۆڵى خۆیان هەیە، بەڵام رۆڵى هەر یەك لەم لایەنانە هێندەى بڕوا بونى خودى مرۆڤ بە توندوتیژى، ناتوانێت مرۆڤ ئاراستە بكات، ئەمە بۆ ئەو توندوتیژیانەى كە تاك بە بەرانبەر تاك بە كارى دەهێنێت شیاو ترە، نەك ئەو توندوتیژیانەى كەلە ئەنجامى جەنگەكانەوە دروست دەبێت، هەرچەندە من بڕوام وایە، ئەو توندوتیژیانەى كە لە ئەنجامى جەنگەكانیشەوە سەرهەڵدەدەن، ئەوەندەى كە دەرخەرى روى توندوتیژى خودى مرۆڤ خۆیەتى، ئەوەندە كاریگەرى جەنگەكان نیە، بەڵام جەنگەكان دەبنە هۆكارێك، بۆ دەركەوتنى رووە قێزەونەكەى مرۆڤ، جەنگەكان دەبنە هۆكارێك بۆ خۆخاڵی كردنەوەى مرۆڤ، لە تەواوى ئەو رق و كینە و بوغزانەى كە مرۆڤ لە هەناوى خۆیدا هەڵیاندەگرێت" ئەمەش بەو مانایە نایەت كە بڵێین كۆى مرۆڤ لە ئەزەلەوە توندوتیژن، هەرچەندە بە شێوەیەكى رێژەیى مەیلى شەڕەنگێزى لە هەموو مرۆڤێكدا هەیە"، بەڵام دواجار ئەو جەنگانەش، كاریگەریان دەبێت بەسەر بونیات و ئەخلاقیاتەكانى مرۆڤەوە.

 جەنگێكى بەردەوام و كارەساتێكى نەبڕاوە.
 پاولۆ كۆیلۆ دەڵێت" هەندێكجار لە كاتێكى كورتدا، كە هێندەى هاوارێكى سادە بێت، هەموو شتێك لە ژیاندا ژوراو ژور دەبێت، بەر لەوەى مرۆڤ بتوانێت خووى پێوە بگرێت"، جەنگەكان شێوەى جیاوازیان هەیە، هەر لە جەنگە گەورەكانەوە كە دەبنە هۆكارى نەهامەتى و تێكشكاندنى كەسێتى مرۆڤ، چ لە روى دەرونى و چ لە روى ژیانكردنەوە، هەتا ئەو جەنگانەى كە لە ماوە و مەودایەكى كورتدا روو دەدەن، دواجار هەموو جەنگ و ناكۆكیەك نەهامەتیان بە دوادا دێت و كاریگەرى سایكۆلۆژى بەجێ دەهێڵن، بەڵام ئەوەى جێگەى هەڵوەستە لەسەر كردنە، ئەو ناكۆكیانەیە كە رۆژانە لە نێو تاك و خێزان و خانەوادەكاندا بەردەوامیان هەیە و توندوتیژییەكى كارەساتئامێز دروست دەكەن، كە ئەو توندوتیژیانەى لە نێو خێزانەكاندا دروست دەبێت، دواجار كاریگەریان دەبێت لەسەر كۆى ئەو پرۆسەیەى كە مرۆڤى توندوتیژ بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ بەرهەمهێنانى كۆمەڵگەیەكى توندوتیژ، جگە لەمانەش هەندێك هۆكارى تر هەیە، كە دەبنە هەوێنى كێشەكان و قوڵتر كردنەوەى ئەو گرفتانەى كە دروست دەبن، لەوانە هەل و مەرجە سیاسیەكان، ئەمانەش بۆ خۆیان دەبنە هۆكارى قوڵتر كردنەوەى گرفتەكانى نێوان تاك، ئێمە بینیمان لە ئەنجامى شەڕى ناوخۆوە چۆن زۆرینەى خێزانەكان لەبەر یەك هەڵوەشانەوە و زۆربەى براكانى بە گژ یەكدا كرد.
 كەواتە هەموو ئەو پاڵنەرانەى باسمان كردن، كاریگەرییان دەبێت لەسەر مانیفێست كردنى توندوتیژى، نەك كاریگەرییان هەبێت لەسەر ئاراستەكردنى مرۆڤ، بۆ جێگە كردنەوەى توندوتیژى لە ناو بیركردنەوەكانیدا، بەڵام توندوتیژى كە بەشێكە لە پێكهاتەى بڕوابونەكانى مرۆڤ، بۆ ئەو حاڵەتانەى كە بە دوا چارەسەرى دەزانێت بۆ گرفتەكانى، دەبێتە خولقێنەرى ژیانێكى ئاڵۆز لە ناو كۆمەڵگەدا.
 خەسڵەتەكانى توندوتیژى دەبێتە هۆكارى دروست كردنى رەوشێكى لێو رێژ لە نائۆقرەیى، بەڵام ئەوەى كە دەمانەوێت باسى بكەین، ئەو بەرئەنجامەیە كە بە هۆى كاریگەرى توندوتیژى خێزانییەوە پێیڕا گەشتوین، ئەم توندوتیژییە خێزانییەى كە دروست بووە و هەزاران كارەساتى جەرگبڕى لێكەوتۆتەوە، تاوانێكە و هەموومان تێیدا بەشدارین، تاوانێكە بە نێو چاوانى هەموو تاكەكانى ئەم كۆمەڵگەوە، كە هەمیشە غەرقى سیاسەت بوونە، بەڵام سیاسەتێكى كۆنخواز و كەمدەست، كە ناتوانێت لەگەڵ گۆڕانە سەردەمییەكاندا یەكانگیر بێت، ناتوانێت بەها و حورمەتە ئینسانیەكان بگێڕێتەوە بۆ مرۆڤ، ئەم سیاسەتە بووە هۆكارى بێ بایەخكردنى مرۆڤ لەم كۆمەڵگە كەلاوە ئاسادا، ئەگەر سیاسەت هونەرى بەڕێوەبردنى مرۆڤەكان بێت، ئەوا لێرە سیاسەت بۆتە هونەرى سەركوتكردنى مرۆڤ و دەمبەستكردنى، بۆ ئەوەى شكۆى حیزب بە سالارى بمێنێتەوە و تاك لە خزمەتى حیزبدا بێت، نەك حیزب لە هەوڵى باشتر كردنى دۆخى ژیاندا بێت بۆ تاك، بە هەرحاڵ ئەو رێژە تاوانكارییەى كە ماوەیەك بەر لە ئێستا ئاژانسى فرانسپرێس بڵاوى كردەوە، لە بارەى كوشتارى ژن لە كوردستان، نیشاندەرى غەفەڵتگیرى تاكەكانى ئەم كۆمەڵگەیە، لە بەرانبەر ئەو مەترسییە گەورانەى كە ژیانى مرۆڤ لەم كۆمەڵگەیەدا روبەڕوى دەبێتەوە، دواجار دەرخەرى ئەو راستییەیە كە لە هەناوى هەر تاكێكدا، خواوەندێكى شەڕ ئامادەیە و هانى دەدات بۆ توندوتیژى، بۆ سەركوتكردن، بۆ كوشتن.
 بەپێى راپۆرتەكەى ئاژانسى فرانسپرێس لە ساڵى 1991 تا 2007 زیاتر لە 12500 ژن بە هۆى پاراستنى شەرەفەوە لە كوردستاندا كوژراون، ئەم رێژەیە دەرخەرەى نیو هێندەى ئەو رێژە كوشتارەیە كە لەم كۆمەڵگە كەلاوە ئاسایەدا ئەنجام دراون، چونكە ئەو رێژەیە دەرخەرى ئەو كوشتارانەن كە تۆمار كراون" دەبوایە ئەو ژن و پیاوانەى كە مەوقیف بە پرسەكانى ژن دەفرۆشنەوە، قسەیان هەبوایە لەسەر ئەم حاڵەتە، كە ماوەیەك بەر لە ئێستا مانشێتى زۆربەى سایتە بیانییەكان و لە رۆژنامە ناوخۆییەكانیشدا، مانشێتى هەفتەنامەى میدیا بوو، بەڵام بە داخەوە وەك پێشبینیم دەكرد، نەمان بینى یەك وشە لەسەر ئەو ئامارە ترسناكە بڵێن"، كەواتە ئەگەر لەم رێژە ترسناكەوە سەیرى رەوشى ژن بكەین، دەشىَ بڵێین ژن لەم وڵاتەدا لە ناو جەنگێكى گەورەى دورمەودادایە، جەنگێك كە بە كوشتارى ژن دەست پێدەكات و لە قڕ كردن و سڕینەوەیاندا كۆتایى دێت، ئەم راستییە دەرخەرى دۆخى ژیانە بۆ ژن، كە چۆن لە ناو دنیایەك بچوككردنەوە و بەرتەسككردنەوەى هەنگاوەكانیان، بۆ بە دەست هێنانى ژیانێكى لێوڕێژ لە ئارامى، تەسلیمى دۆخێك دەبن، كە تا مردنیان لە ناو دنیایەكى غەمگیندا دەگوزەرێنن، دنیایەك كە جوانى و فەنتازیاكان لە دەست دەدەن و بۆ هەتایە ژیانێكى دیلئامێز دەگوزەرێنن.
 ژن لە چاوى ئەم كۆمەڵگەوە وا سەیر دەكرێت، كە هەم پێویستییە و هەم مەترسى، هەم مرۆڤە و هەم كاڵا، هەم هێمایە بۆ هێمنى و جوانى و خۆشەویستی، هەم " بەرمیللە بارووت!!"، كەواتە دروستبوونى ئەم هاوكێشانە بۆ ژن، هێمایە بۆ كوشتنى تەواوى ئاوات و حەز و خەونەكانى، هێمایە بۆ كوشتنى ئومێدەكانى، هەر كاتێكیش ئومێدەكان كوژران و نەمان، ئەو كاتە لە لاى مرۆڤدا عیشقى مەرگدۆستى گەشە دەكات تا دەگاتە ترۆپكى باڵا، هەر باڵابوونى ئومێدەكانە وا دەكات ژیان تەحامول كراو بێت، كاتێكیش ئومێدەكان فەوتان، سەرەتایەك بۆ كۆتایی هاتنى ژیانیش نەخش دەكرێت، كاتێك ئومێدەكان لە ناوچوون، ئەو كاتە مرۆڤ تەسلیمى عیشقى مەرگدۆستى دەبێت، لێرەوە وەك نمونەیەك دەگەڕێینەوە سەر ئەو هەوڵانەى كە ئاین دەیدات، لە پێناو چاندنى عیشقى مەرگدۆستی لە ناو هزر و خەیاڵى مرۆڤدا، چونكە ئاین بەر لە هەموو شتێك، بۆ دەست بەسەرداگرتنى مرۆڤ و كۆت و بەند كردنى، هەوڵى كوشتنى جوانییەكانى ژیان دەدات، تا ئومێدەكان بە ژیان لەلاى مرۆڤ تیا بچێت و مرۆڤ هەوڵى بە دەستهێنانى دنیایەكى تر بدات، كاتێك ئاین باس لە دونیایەكى تر دەكات و ئەم دنیایە بە كاتى دەناسێنێت، ئەوە بۆ خۆى هەوڵى كوشتنى ئومێدەكانى مرۆڤ بە ژیان دەدات، بۆیە زۆرجار دەبین مرۆڤ كاتێك پەیوەست دەبێت بە ئاینەوە، هەوڵى ئەوە دەدات كە هەرچى زووە لە پێناو ئایینەكەیدا خۆى بە كوشت بدات، یان زۆر جار ئەو كۆمەڵگەیانەى كە ئاین بەشێوەیەكى بنەڕەتى خزاوتە ناو هەموو كار و بار و بیركردنەوەى مرۆڤەكانى، جۆرێك لە بێبایەخى بە ژینگە و شار و رازاندنەوە بە گشتى دەبینرێت، كە ئەمەش دەلالەتە بۆ ئەوەى بڵێین ئاین ئومێدەكانى ژیان دەكوژێت، تا مرۆڤ ئومێدێكى ترى بۆ دروست ببێت، كە چاو ببڕێتە دنیایەكى تر، دنیایەك كە نا كۆتایە و تەواوى خۆشبەختى و نەهامەتییە نەبڕاوەكان لەوێدا چاوەڕێى مرۆڤن، ئەمەشمان وەك نمونەیەك هێنایەوە، بۆ ئەو حاڵەتانەى كە مرۆڤ دەستبەردارى ئومێد دەبێت و تەسلیمى مەرگدۆستى دەبێت.
 
 تێبینى:
 ئەم نووسینە لە ژمارە ( 443 )ى رۆژى ( 27/7/2008 )ى رۆژنامەى هاوڵاتیدا بڵاو كراوەتەوە
 
 rohani1983@gmail.com

به‌شی دووه‌م
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.