Skip to Content

Wednesday, May 19th, 2021

تاوان … کەژال عەلی

Be First!
by March 9, 2013 هۆنراوە

 

 

زیوریخ ، سویسرا

ئەوەی بە گولی جەستەمەوە

لق و پۆی کردووە ،

تەتووی جەسارەتە

نەک شریخەی قامچی . 

ئەوەش

بە چلی ئولفەتمەوە رادەژێ 

سروودی نەمری یە

نەک سەرکەوتنی تۆ .. 

بەر لەوەی نووکی نامووس

لە گەردنی گول گیر کەی

ئەو چاوی تۆی پر کرد

لە درکە زی رەفز .

پێیەکانت بە تەلدرووی

راوەدوونان هەلا هەلا ..

بەر لەوەی داوای پەنابەری

لە ئەستێرە بکەی

ئەو دەیان پوولی نا

بە کێسە هەبەستراوەکانی

دوورووییت . 

سنوورداشی مەرزەکانی

بێ ئومێدی کردیتەوە . 

شێری شکۆت

بۆ بێشەی بەدفەری و

پلینگی پیاوەتیت

بۆ کونجی

بەرتەسکی سادیەت.. 

تەماشا

جوامێریت 

دە پەنجەی لەرزۆکە

پشتێنی پیاوەتیت

لە مومورەسەی وەحشیەت

ناکاتەوە . 

هەرەشەت

دوو ناو لەپی زبرە ،

میلی لووسی

کلاشینکۆفێکیان

بۆ ناچێتە بەر

کەلکەلەێ شەهێد بوون .. 

خێرا بە هانای شپرزەییت وەرە

با سێرەت

لە ئاوێنەی خیانەتدا

نەبێ بە هەلم .. 

جەنگەکانت کلۆم دە

دارشەقەکان لەبەر لەحزە

کەمئەندامەکان دەبرێن .

تیکەکانی بەزەیی

لەبەر کەلاوە هەتیوەکان . 

تۆۆۆۆۆۆش

لەبەر خۆۆۆۆت .. 

سەیر کە

هەترەشت 

بە لێواری بێ ئۆقرەیی یەوە

رەنگی لەبەر نەما . 

ئیدی ئابرووت

وەک بەختم رەش . 

خوێنم لە جاوتا

سوور سوور .. 

نەبەردیت هەلپەسێرە

هەلۆکان

بە هانای خەسارەتی

غیرەتت ناکەون . 

زمانی سەروەریت

لەبەر دانی شکست

خەریکە دەقرتێ .. 

تاو دە نابووتیت

عەرشی دەسەلاتت

هەتا بێ دەلەرزێ ..

نەعرەتەت

لە کەلللللەی سەرمدا

زڕڕررەی دێ .. ..

تەواو

Previous
Next

Leave a Reply