Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

تاوێك له‌گه‌ڵ وه‌رزش و هونه‌ردا

Be First!

 

 

 

 

چه‌ند قوتابییه‌ك به‌ جل و به‌رگی وه‌رزشییه‌وه‌ ده‌بینرێن كه‌ چه‌ند تۆپێكی باله‌ و باسكه‌ و پێیان پێ یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك كه‌ل و په‌لی تری وه‌رزشی كه‌ هه‌ندێكیان به‌ تۆپه‌كان یاری ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیشیان یاری تر ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌  سه‌رنجی بینه‌ران ڕابكێشن بۆ لای خۆیان .ئه‌وسا پێكه‌وه‌ ئه‌م سرووده‌ ده‌ڵێن :

قوتابخانه‌كه‌م ئـــــاری یه‌(1)…..جێی خوێندن و جێی یاری یه‌

جێی ڕه‌وشت و زانیــــاری یه‌…..قوتابخانه‌كه‌م ئــــــاری یه‌

 زانا :  ( دێته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ڵێ  ) ئه‌وه‌ چی یه‌ ؟ خۆ دانا و هه‌ردی و هاوڕێكانی تریشم خۆیان گۆڕیوه‌ و جل و به‌رگی وه‌رزشیان له‌به‌ردایه‌ ! ئه‌وه‌ چی یه‌ هاوڕێیان ؟

هیوا  : ئه‌ی نه‌تزانیوه‌ ئه‌مڕۆ وه‌رزشیش و هونه‌ریشمان هه‌یه‌ !

 زانا : كه‌واته‌ ئه‌مڕۆ خۆشترین ڕۆژه‌ .

شه‌م : هه‌موو ڕۆژه‌كان خۆشن له‌م قوتابخانه‌یه‌دا ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زیاتر .

سانا : له‌وه‌ش خۆشتر ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك چالاكی هاوبه‌شی هونه‌ری و وه‌رزشی ئه‌نجام ده‌ده‌ین تا پۆله‌كانی تریش بیبینن .

زانا : باشه‌ من ئێستا چی بكه‌م .

هیوا : بڕۆ خێرا خۆت بگۆڕه‌ و جلی وه‌رزش له‌به‌ر بكه‌ .

زانا : هه‌ر ئێستا به‌سه‌ر چاو . (ده‌ڕوات و پاش ماوه‌یه‌ك دێته‌وه‌ )

شه‌م : ده‌ی تا زانا دێته‌وه‌ با زیاتر خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین .

(ئه‌مان خه‌ریكی  خۆ ئاماده‌كردن ده‌بن له‌و كاته‌دا زاناش دێته‌وه‌ )

زانا : سه‌یری چه‌ند به‌ زوویی خۆم گۆڕی .

سانا : ئێستا هه‌موو ئاماده‌ن تا ده‌ست پێ بكه‌ین .

هیوا : ئێمه‌ ئاماده‌ین ، ئه‌ی نابێ‌ زاناش بزانێ‌ ئێمه‌ چی ده‌كه‌ین تا ئه‌ویش به‌شدار بێ‌ .

شه‌م : راست ئه‌كه‌ی  ده‌ی تۆ هه‌ندێكی بۆ باس بكه‌ له‌لاوه‌ تا ئێمه‌ خۆمان ڕێك ده‌حه‌ین .

( هیوا و زانا له‌ لایه‌كه‌وه‌ سه‌رله‌ یه‌ك  نزیك ئه‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ست و جوڵه‌یان دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ شتی بۆ باس ده‌كات )

هیوا : وا زاناش ئاماده‌یه‌ ، ده‌ست پێ بكه‌ین .

سانا : ئه‌ی چاوه‌ڕوانی مامۆستا محه‌مه‌د و مامۆستا به‌رهه‌م نه‌كه‌ین .

هیوا : ئه‌ی خۆیان پێیان نه‌وتین ئێمه‌ هه‌ر له‌ دووره‌ وه‌ سه‌یر ده‌كه‌ین ، پێویسته‌ خۆتان كاره‌كان ئه‌نجام بده‌ن .

شه‌م : ده‌ی با سه‌ره‌تا سرودی وه‌رزش به‌یه‌كه‌وه‌ بڵێین . یه‌ك ، دوو ، سێ‌ 

وه‌رن با كۆشش   بكـــــــه‌ین…..تاوتاویش وه‌رزش بكه‌ین   

یه‌ك دوو سێ‌

وه‌رزش بۆ له‌ش به‌ سووده‌…..له‌ ژین ده‌بین ئاســــــووده‌       

 یه‌ك دوو سێ‌

هۆی ساغی و ته‌ندروستی…..لابه‌ری خاوی و ســـــستی               یه‌ك دوو سێ‌

خۆشه‌ویستی و هاوكـــاری…..وه‌رزش ده‌یكا به‌ یـــــــاری         یه‌ك دوو سێ‌

بۆ ئێمه‌ی بچكۆله‌ و جوان…..تا دڵخۆش بژین هه‌مووان

یه‌ك دوو سێ

هه‌ردی : وه‌ره‌ وه‌ره‌ سانا تۆ هه‌موو جارێك هۆنراوه‌یه‌كی خۆش و به‌سوود له‌و گۆڤارانه‌ی كه‌ ده‌یانخوێنیته‌وه‌ له‌به‌ر ده‌كه‌یت و ده‌یهێنی بۆ مامۆستا به‌رهه‌م ، ده‌ی با بزانین ئه‌مجاره‌یان چیت هێناوه‌ ؟

سانا : ( كه‌مێك پێده‌كه‌نێت و دێته‌ پێشه‌وه‌ ) هاوڕێیان ئه‌مجاره‌یان ئاوازیشم بۆ داناوه‌ ، جا حه‌ز ئه‌كه‌ن بۆتان بخوێنمه‌وه‌ یان به‌ ئاوازه‌وه‌ بێڵێم ؟

هه‌ردی : جا تو خوا حه‌یف نییه‌ به‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ت گوێمان لێی نه‌بێت 

سانا : به‌سه‌ر چاو ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆنراوه‌كه‌ زۆره‌ و حه‌زیشم كرد هه‌ر خۆم به‌ ته‌نیا نه‌یڵێم سێ‌ هاوڕێی تریشم له‌گه‌ڵ خۆمدا داناوه‌ ، كه‌ دابه‌شمان كردووه‌ هه‌ریه‌كه‌مان به‌شێك ئه‌ڵێین .

شه‌م : ئه‌و هۆنراوه‌ خۆشه‌ی كه‌ ئاماده‌ت كردووه‌ ناوی چی یه‌ داده‌خان ؟

سانا : تۆش هه‌ر له‌ قسه‌ زل و خۆشه‌كانی خۆت ناكه‌وی .  ( پێكه‌نین ) ناوی ( دیاری یه‌ ) و ده‌یكه‌ینه‌ دیاری بۆ هه‌مووتان .

 

سانا:  

وته‌كــانی ئه‌مـــــجــاره‌…..مـایه‌ی ته‌ندروســــتی یه‌

دیاری منه‌ بۆ ئێـــــــوه‌…..گـــرنگــه‌ و پێویســتی یه‌

***

ئه‌بێت هـــــه‌موو پێكــه‌وه‌….وته‌ و كردارمان یه‌كخـه‌ین

بۆ پاراســـتنی ژینگـــــه‌…..هاوكـاری یه‌كتر بكـــه‌ین

***

پیاوانی ژینگــه‌ پـــارێز…..هه‌میشــه‌ ماندووی كـارن

بۆ پاكوخـــاوێنی شــار….چالاك و دڵسـۆز دیــــارن

***

شه‌م :    

خــۆڵ و خاشاك و پیســی…..سه‌رشــه‌قام و ناو كۆڵان

ئه‌وان كـــۆی ده‌كــه‌نه‌وه‌…..تا ژینگه‌ جوان بێت بۆمان

***

با ئێمه‌ش هــاوكـاریان بین…..له‌ ئاستی خـــۆمـانه‌وه‌

بۆ  پاراســـتنی ژینگـــه‌…..له‌ مــاڵ و كــــــۆڵانه‌وه‌

شه‌م : ده‌ستتان خۆش بێت ، به‌ ڕاستی هۆنراوه‌یه‌كی خۆش بوو ، سوود به‌خشیشه‌ بۆ هه‌موومان .

هه‌ردی : منیش ئه‌م گۆرانی یه‌تان بۆ ئه‌ڵێم ، به‌ڵام تو خوا ئه‌گه‌ر ده‌نگیشم ناخۆش بوو پێم مه‌بڕن .

شه‌م : تۆ و گۆرانی ؟! 

هه‌ردی : به‌ڵێ من ، بۆ به‌لاته‌وه‌ سه‌یره‌ ؟

شه‌ن : ئه‌ره‌وه‌ڵڵا ئه‌وه‌نده‌م به‌لاوه‌ سه‌یره‌ نه‌بێته‌وه‌ .

هه‌ردی : ده‌ی مادام وای لێهات نایڵێم .

سانا : قه‌یناكه‌ بیڵێ ئه‌گه‌ر ناخۆش بوو په‌نجه‌مان ئه‌خه‌ینه‌ گوێمانه‌وه‌ .

هه‌ردی : من وام ئه‌زانی جه‌نابت پشتگیری له‌ من ده‌كه‌ی ئه‌فه‌ندی ، كه‌چی لایه‌نی شه‌م ئه‌گری .

سانا : تۆ بیڵێ دوایی شتێك ئه‌ڵێم .

هه‌ردی : گۆرانییه‌كه‌ ده‌ڵێت .

منی جوان و جگه‌ر گـۆشه‌…..ئێستا دڵم گه‌ش و خــۆشه‌

هه‌تا بڵێی بــه‌خـته‌وه‌رم…..منداڵێكی بـه‌هره‌وه‌رم

چونكه‌ ده‌ژیم سه‌ربه‌ست و شاد…..له‌ كوردسـتان ئازا و ئازاد

ئــــه‌وه‌تانێ‌ منی منداڵ…..به‌ خامه‌ی ده‌ست و بیری كاڵ

تابلۆی جوان جوان ده‌نه‌خشێنم…..هــه‌ستی ئێوه‌ ده‌بزوێنم

به‌و وێنانــه‌ ده‌تان دوێنم…..بوونی خۆیشم ده‌ســـه‌لمێنم

***

سانا : به‌ ڕاستی  گۆرانییه‌كی خۆش ، به‌سوود ، جوان ، گونجاو بۆ ئه‌م بۆنه‌یه‌ بوو .

هه‌ردی : سوپاست ئه‌كه‌م 

شه‌م : هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووم تۆ شتی وابزانیت .

هه‌ردی : سوپاسیش بۆ تۆ .به‌ڵام پێم ناڵێی بۆ ؟

شه‌م : من هه‌میشه‌ تۆ ده‌بینم یان له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ ڕاده‌كه‌ی به‌ دوای بڕوا و سامانه‌وه‌ ، له‌ كۆڵانیش هه‌ر خه‌ریكی تۆپتۆپێنی .

هه‌ردی : ئه‌زانی كچی باش به‌هه‌ڵه‌ له‌ من گه‌یشتووی . من كاتی دیاری كراوم بۆ كۆششكردن داناوه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ، یاریكردنیش مافی خۆمانه‌ .

شه‌م : كه‌واته‌ من داوای لێبوردن ده‌كه‌م .

هه‌ردی : بوراوین .

هه‌موو پێكه‌وه‌ :

  دروشــــمی قوتابخانه‌…..بریتین له‌م كـــــارانه‌

قوتابی زیره‌ك و ژیــــر…..هه‌مـــــوویانی وا له‌ بیر

هه‌وڵ ئه‌دات بێ‌ وه‌ستان….. بۆ جێبه‌جێ‌ كـــــردنیان

كاتێ‌ ئه‌دوێ‌ ڕاستگـــۆیه‌…..ده‌ستپاك و له‌سه‌رخــۆیه‌

ڕێزی خـــــه‌ڵكی له‌ لایه‌…..كه‌سێكی به‌ وه‌فـــــــایه‌

خاوێنی پیشـــــه‌ی ئه‌وه‌…..بۆ كاری باش پێشـــڕه‌وه‌

هێمن و لێبورده‌یـــــــه‌…..ناخی پڕ له‌ خۆزگــــه‌یه‌

خۆشــــه‌ویستی ئه‌نوێنێ‌…..بۆ هــه‌ركه‌سێك بیدوێن

@@@

تێبینی:له‌ سه‌ره‌وه‌ نووسراوه‌ (قوتابخانه‌كه‌م (ئاری یه‌)..ده‌توانرێت به‌پێی قوتابخانه‌یه‌كی تر ده‌ستكاری ئه‌و دێڕه‌ بكرێت بۆ گونجاندن.

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply