Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

تاڵه‌بانی، تاڵه‌بانییه‌که‌ی جاران نییه‌

Be First!
by July 23, 2009 گشتی 2

که‌مال چۆمانی

chomani_85@yahoo.co

تاڵه‌بانی، مێژوویه‌کی دورودرێژیی پڕ له‌ ململانێ و ناکۆکی و سه‌رکه‌وتن و ژێرکه‌وتن له‌ مێژوی رزگاریخوازیی کورد تۆمارکردووه‌. سه‌ختترین ململانێی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی بووه‌. ئێستا هه‌مو ململانێکانی وه‌لاناون. ئه‌گه‌ر تا دوێنێ ململانێکانی بۆ ده‌سته‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌ بوبن، ئه‌وا ئه‌مڕۆش که‌ ململانێ ناکات، هه‌ر بۆ سامان و ده‌سته‌ڵاته‌.
ئه‌و؛ واتا تاڵه‌بانی، تا ئێستا له‌گه‌ڵ بارزانیی چه‌ندان که‌سیان له‌ شه‌ڕه‌کان به‌رامبه‌ر یه‌کتر به‌ کوشت داوه‌. مێژوویه‌کی پڕ خوێنیان به‌ڕێکردووه‌. ئێمه‌ گله‌یی له‌ دۆستایه‌تیی ئه‌وان ناکه‌ین، به‌ڵکو زۆریش دڵمان پێیخۆشه‌. به‌ڵام گله‌یی له‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ ئه‌و دۆستایه‌تییه‌، له‌مڕۆدا، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لدا نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گرێبه‌سته‌ بازرگانییه‌کان و کۆنتڕۆڵی بازاڕ و مۆنۆپۆڵی ته‌واوی ده‌سته‌ڵاته‌کان دایه‌ بۆ خۆیان. چونکه‌ پێموایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو هێزه‌ ململانێیه‌کی ته‌ندروستیان بکردبووایه‌ و ده‌ستاوده‌ستی ده‌سته‌ڵاتیان بکردبووایه‌، بنه‌ماکانی دیموکراسیی زوو جێگیر ده‌بوون.
یه‌کێتی و پارتی دوو هێزن ته‌نها له‌ هه‌بوونی خه‌ته‌رێک له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی و هه‌یمه‌نه‌ی ئابوریی خۆیان دۆستن، نه‌ک له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کان. له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێکدا دۆستایه‌تیی ئه‌و دوو هێزه‌ پێویست بووبێت، ئه‌وان دژایه‌تییان هه‌ڵبژاردووه‌. له‌ هه‌ر رۆژێکیشدا، جیاوازی پێویست بووبێت، ئه‌وان دۆستی گیانی به‌ گیانی بوونه‌.
کوشتنی چه‌مکی ململانێ له‌لایه‌ن ئه‌و دوو هێزه‌وه‌، له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌ که‌ ئه‌وان بۆ پاساوی رێککه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌که‌یان ده‌یهێننه‌وه‌، به‌ڵکو هێشتاش ئه‌وان عه‌قڵیه‌تی شاخیان تێنه‌په‌ڕاندووه‌. هیچ کام له‌م دوو هێزه‌، ململانێیه‌کی ته‌ندروست که‌ له‌ هه‌ر وڵاتێکی دیموکراسییدا به‌دیده‌کرێت، پێیان ئیداره‌ نادرێت. ئه‌وان فێرن به‌وه‌ی هه‌موو ململانێیه‌ک به‌ چه‌ک و کوشتن کۆتایی پێبێنن، نه‌ک به‌ دیبه‌یتی فیکریی و سندوقه‌کانی هه‌ڵبژاردن.
تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1966، له‌ مه‌لا مسته‌فای باوکی مه‌سعود بارزانیی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و لێیدورده‌که‌وێته‌وه‌. له‌و کاته‌وه‌ تا کۆتاییه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی رابردوو، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تاڵه‌بانیی پشکێکی گه‌وره‌ بوو که‌ وایکرد مێژووی کورد به‌ ئاقارێکی تردا بڕوات.
به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌کان، مه‌لا مسته‌فای بارزانی، له‌ مه‌سعود بارزانی کوڕی، به‌ناووبانگ و خاوه‌ن پێگه‌ی جه‌ماوریتر بووه‌. به‌ڕێز تاڵه‌بانی ئه‌گه‌ر ئه‌وکات، به‌ به‌شێكی زۆر که‌متر له‌وه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ بارزانی باوک رێککه‌وتبووا، ئێستا کورد له‌ قۆناغێکی زۆر پێشکه‌وتوو تر ده‌بوو.
تاڵه‌بانی، خۆی بووه‌ هۆکارێكی کاریگه‌ر بۆ لێدانی شۆڕش له‌وکاتدا. ئه‌و ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌وه‌نده‌ پارتیی و بارزانیی لا پیرۆزه‌، بۆ ساڵی 66 ئه‌و رووداوه‌ شه‌رمهێنانه‌ی به‌سه‌ر خۆیدا هێنا؟
سه‌رکرده‌یه‌کی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، له‌ چاوپێکه‌وتنێکی رادیۆییدا له‌ دوای رووداوه‌کانی 31ی ئاب، راسته‌وخۆ به‌شدارده‌بێت. لایه‌نگرێکی یه‌کێتیی باسی رووداوه‌کانی رۆژانی 31ی ئابی له‌گه‌ڵ ده‌کات. به‌رپرسه‌ باڵاکه‌ ده‌ڵێت "مام جه‌لال عاده‌تی خۆی بووه‌، هه‌ر له‌ پارتیی دوورکه‌وتۆته‌وه‌ و دواجاریش هاتۆته‌وه‌ باوه‌شی." ئایا ئه‌مجاره‌ تاڵه‌بانی به‌یه‌کجاری ده‌چێته‌وه‌ باوه‌شی پارتیی؟
تاڵه‌بانی، ده‌ڵێت هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌مان له‌سه‌ره‌، ئه‌ی چۆنه‌ به‌غدای جێهێشتووه‌ و وه‌ک دکتۆر که‌مال گوتی، "بۆته‌ به‌رپرسی کاره‌کانی بارزانیی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن؟" ئه‌و به‌دڵنیایی جارێکی تریش بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار خۆی هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌. هه‌روه‌ک زوو بینیمان دوای چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ پرێس تیڤیی ئێرانی، په‌شیمانبوویه‌وه‌. ئایا به‌ چ حه‌قێک ئه‌وکات، پشتیوان و ئه‌ندامانی ده‌ره‌وه‌ی لیسته‌که‌ی یه‌کێتیی و پارتیی ده‌نگ بده‌ن به‌ تاڵه‌بانیی؟
ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی یه‌کێتیی و پارتیی له‌و کاتانه‌ پێویستبوو وه‌ک په‌شێو گوتی که‌ له‌سه‌ر ته‌پکی حه‌مه‌د ئاغا زینایان له‌گه‌ڵ خاکدا ده‌کرد. ئه‌و چرکه‌ساتانه‌ پێویستبوو که‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ شاخدا ئێسکی یه‌کتریان هه‌پڕون به‌ هه‌پڕون ده‌کرد. ئه‌مڕۆ ئه‌و دوو هێزه‌ زۆر له‌ دیموکراسیی ده‌ترسن، ئه‌گه‌ر نه‌ترسابووان ده‌بووا هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی دوای راپه‌ڕین، ده‌ره‌نجامه‌کانیان قبوڵبکردبووا و ئێستا دۆخی ئێمه‌ هه‌زاران هه‌نگاو له‌پێشتر ده‌بوو.
تاڵه‌بانی چیتر ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ نییه‌ که‌ پێیدا هه‌ڵده‌گوترا‌. ئه‌و له‌مه‌ودوا، سه‌رکرده‌یه‌کی به‌شێك له‌و هێزه‌یه‌ که‌ پێده‌گوترێت یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان. تاڵه‌بانی، تاڵه‌بانییه‌که‌ی جاران نییه‌ که‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی به‌ هه‌ڵکه‌وته‌ی دونیایان دانابوو چیتریش ئه‌و سیاسییه‌ حه‌کیمه‌ نییه‌ که‌ بتووانێت ئیداره‌ی جیاوازییه‌کان بدات.

Previous
Next

Leave a Reply