Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

تا پێی بڵێن تیرۆر، ناتوانن چاره‌سه‌ری بێنن

Be First!
by June 17, 2009 گشتی

وەرگێڕانی لەتوركیەوە: هوشیار حوسێن برایم و سالح سینۆ
نووسینی: ئەحمەد ئالتان. لەرۆژنامەی تەرەف

تا پێی بڵێن تیرۆر، ناتوانن چاره‌سه‌ری بێنن

نازانم چۆن جه‌نه‌ڕاله‌کانمان ئه‌وه‌نده‌ به‌خۆیان باوه‌ڕن، که‌ ته‌نیا ئه‌وان راستن. له‌وانه‌یه‌ له‌ ئه‌کادیمیا سه‌ربازیه‌کان به‌و شێوه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ کرابن. ده‌رباره‌ی هه‌ر بابه‌تێک بۆچوونیان هه‌یه‌و ده‌یانه‌وێت هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌شیان بسەپێنن.
 
بۆ نموونه‌ ئه‌و کاته‌ی که‌ گووتیان: ”یه‌کێک که‌ خێزانه‌که‌ی سه‌رپۆش ببه‌ستێ، ناتوانێ ببێ به‌سه‌رۆک کۆمارو له‌کۆشکی چانقایا دابنیشێت”. بۆئه‌وه‌ش چاویان سوور ده‌کرده‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌نووسی. کاتێک خه‌ڵکیش به‌ده‌نگی هه‌ڵبژاردن گووتیان: (ده‌توانێ له‌کۆشکی چانقایا دانیشێت)، ئةو  جه‌نه‌ڕالانة سه‌ریان سووڕما و شۆك بوون.
 
زۆر شت هه‌یه‌ ده‌توانرێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت، وه‌ک هه‌مان مه‌سه‌له‌ی سه‌رپۆش.
سه‌رفه‌رمانداری سوپا کاتێک باسی مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌کات، راسته‌وخۆ ده‌ڵێت: ” لێدان له‌رێکخستنی تیرۆر”.
باشه‌ چاره‌سه‌ری ئاوایه‌؟
سوپا ماوه‌ی 25 ساڵه‌ شه‌ڕی په‌که‌که‌ ده‌کات.
ئه‌نجام چییه‌؟
به‌هه‌زاران کوژراو و خه‌رج کردنی به‌ملیاران دۆلار بوو. به‌هیچ شێوه‌یه‌ک مه‌سه‌له‌ی کوردیش چاره‌سه‌ر نه‌بوو، له‌وه‌ش زیاتر روبه‌ڕووی کۆمه‌ڵگا بوونه‌ته‌وه‌. په‌که‌که‌ش هێشتا وه‌ک خۆی له‌چیاکاندا بوونیان هه‌یه‌.
پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ ئه‌وه‌ تێبگه‌ن که‌ په‌که‌که‌ چییه‌، دواتر بڕیار بده‌ین.

ئایا په‌که‌که‌ رێکخراوێکی تیرۆریستییه‌؟
ئه‌و رێکخراوه‌ی که‌ پێی ده‌ڵێن تیرۆر، 10 ئه‌ندام یان 50 ئه‌ندام ئه‌گه‌ر زیاتریش بن، تا 100 ئه‌ندامیان هه‌یه‌.
PKK‌ به‌هه‌زاران ئه‌ندامی خۆی هه‌یه‌و 25 ساڵه‌ له‌به‌رامبه‌ر سوپا شه‌ڕ ده‌کات و سه‌نتڕاڵی کاره‌با دروست ده‌کات و به‌نداو بینا ده‌کات و له‌هه‌موو جیهانیش بڵاوبۆته‌وه‌، خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی داهاتی زۆره‌و له‌هه‌مووشی گرینگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ پشتگیری لێده‌کرێت.
بۆیه‌ ناتوانرێت به‌ په‌که‌که‌ بگوترێت رێکخستنێکی تیرۆر.

هه‌موو رێگاکانی حقوق و سیاسی بۆ په‌که‌که‌ کراوه‌یه‌، که‌چی په‌که‌که‌ تێکۆشینی چه‌کداری به‌ڕێوه‌ ده‌بات، له‌شاره‌کاندا ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مه‌ش له‌ئاستی حقوقی نێوده‌وڵه‌تی به‌تیرۆر ده‌ناسرێت.
ئه‌و کارانه‌ په‌که‌که‌ ناکات به‌ رێکخراوێکی تیرۆریستی، به‌ڵکو رێکخراوێکه‌ تیرۆر به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بیر بکه‌ینه‌وه‌، له‌ باشوری رۆژهه‌ڵاتی تورکیا ”مه‌به‌ستی باکوری کوردستانه‌ – وه‌رگێڕ” نزیکه‌ی 17 هه‌زار کورد به‌ده‌ستی بکه‌ری نادیار کوژران. کاتێک ئه‌وه‌ ده‌بینین، ده‌توانین باشتر له‌مه‌سه‌له‌که‌ تێبگه‌ین.

ئه‌و تاوانانه‌ له‌ڕێگای ده‌زگای JITEM که‌ سه‌ر به‌سوپای تورکیایه‌ ئه‌نجام دراوه‌و، ئه‌وا هێدی هێدی ئاشکرا ده‌بێت.
ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ دانیان ناوه‌ هه‌موو شتێک ئاشکرا ده‌که‌ن، شا‌‌هێده‌ شاردراوه‌کانیش شوێنی ته‌رمی کوژراوه‌کانی ژێر زه‌وی ئاشکرا ده‌که‌ن و قسه‌کانیشیان راست ده‌رده‌چن.

كوشتنی 17 هه‌زار كورد له‌کۆڵان و شه‌قامه‌کاندا، رۆحی تیرۆر بۆخۆیه‌تی.
ئایا ئه‌و پراکتیکه‌ سوپا ده‌خاته‌ رێزی تیرۆریستان؟
نه‌خێر.
به‌ڵکو ئه‌و ده‌زگایه‌ ”واته‌ سوپا – وه‌رگێڕ” کاری تیرۆری به‌ڕێوه‌ بردووه‌.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ته‌واوی له‌ په‌که‌که‌ نه‌گه‌ین، نه‌زانین هۆکاره‌کانی هه‌بوونی شه‌ڕی 25 ساڵه‌ چین‌، که‌ به‌هه‌زاران که‌س له‌ په‌که‌که‌ کوژراون و ئه‌گه‌ر نه‌زانین تا ئێستا چۆن له‌سه‌ر پێ ماوه‌، هه‌رگیز ناتوانین له‌ په‌که‌که‌ بگه‌ین.

په‌که‌که‌ رێکخراوێکه‌ ریشه‌ی له‌ناو خه‌ڵکدایه‌.

بۆچوونی تورکان و بۆچوونی کوردان ده‌رباره‌ی په‌که‌که‌، زۆر جیاوازه‌.
په‌که‌که‌ بۆ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری کوردان رێکخراوێکی پیرۆزه‌.
له‌ناو کورداندا ئه‌وانه‌ی له‌دژی په‌که‌که‌شن هه‌ن، ره‌خنه‌ش ده‌که‌ن، به‌ڵام رای گشتی کوردان ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌که‌که مه‌سه‌له‌ی کوردی هێنایه‌ گۆڕه‌پان و کردی به‌ رۆژه‌ڤی تورکیا.

 ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و راستیانه‌ تێ نه‌گه‌یت و له‌ولاشه‌وه‌ ستراتیژی شه‌ڕ و ئاشتی دیاری بکه‌یت، ئه‌وکاته‌ ناتوانیت ئه‌نجام و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنیت.
له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا بینینی راستییه‌کان و هێنانه‌ سه‌ر زمانی راستییه‌کان زۆر که‌س نیگه‌ران و توڕه‌ ده‌کات، به‌ڵام گه‌ر راستییه‌کانیش نه‌بینین، هه‌رگیز ناتوانین چاره‌سه‌ریشی بۆ دابنێین.

ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت له‌ناوبردنی په‌که‌که‌ بکاته‌ ئامانج، ئه‌وا ئامانجێکی زۆر هه‌ڵه‌یه‌.
یه‌که‌م؛ تۆ مومکین نییه‌ بتوانیت به‌چه‌ك په‌که‌که‌ له‌ناو به‌ریت
دووه‌م؛ ئه‌گه‌ر هاتوو تۆ توانیت په‌که‌که‌ش له‌ناو به‌ریت، به‌ڵام ناتوانین کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، ته‌نانه‌ت شوێنی په‌که‌که‌ رێکخراوێکی دیکه‌ داده‌مه‌زرێت، کێشه‌که‌ لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ مافی 15 ملیۆن مرۆڤ زه‌وت کراوه‌،
تا هێزی ”دانی مافه‌کانی کورد” له‌ده‌ست تورکان دابێت، ئه‌و کێشه‌یه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌کات.
ناچارین ده‌وڵه‌تێک دابمه‌زرێنن که‌ گه‌ره‌نتی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ که‌سه‌کان دابین بکات و له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا مافی ” دانی ماف” ی که‌سێک به‌سه‌ر که‌سێکی دیکه‌وه‌ نه‌بێت.

سه‌رفه‌رمانداری سوپا ده‌ڵێت، ده‌توانرێت مافی کولتوری بدرێت، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و مافه‌ له‌چوارچێوه‌ی تاکه‌کان بێت” ” لێره‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ماف به‌ ناوی گه‌ل نه‌بێت – وه‌رگێڕ”
پێویسته‌ مافی سیاسی بۆ کوردان نه‌بێت.

ناکرێت وا بگوترێت.
گه‌ر له‌وڵاتێکی ئاساییدا جه‌نه‌راڵێک وا بڵێت، چی پێ ده‌گوترێت، ئه‌و گوتانه‌ ئه‌رکی سیاسییه‌ مه‌ده‌نیه‌کانه‌ بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.
بۆ دانی مافه‌ سیاسییه‌کان، مافە که‌لتورییه‌کان کێ له‌گه‌ڵ کێ قسه‌ بکات، کاری سوپا نییه‌، به‌ڵکو کاری سیاسییه‌کانه‌.
ئه‌گه‌ر سه‌ربازه‌کان سیاسه‌ت بکه‌ن، ئه‌وکاته‌ کێ ببێت به‌ سه‌رباز؟

”لێره‌دا ئه‌حمه‌د ئاڵتان ئه‌و گوته‌ی تورکانی بیرچۆته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن؛ هه‌ر تورکێک به‌سه‌ربازی له‌دایک ده‌بێت – وه‌رگێڕ”.

پێویسته‌ سه‌رباز له‌سیاسه‌ت دوور که‌وێته‌وه‌.
پاشان ده‌بێ دانیشن له‌سه‌ر راستییه‌کان ره‌وشه‌که‌ بنرخێنن.
تۆ به‌کێشه‌ی کورد و په‌که‌که‌ بڵێیت تیرۆریست، مه‌سه‌له‌کان هه‌واڵه‌ی سوپا ده‌که‌یت، به‌و شێوه‌یه‌ش کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر نابێت.
 
”کێ مافی کێ بدات
ده‌بێ کورد و تورک دابنیشن و گفتوگۆ بکه‌ن.
ده‌بێ دابنیشن و له‌و رێگایه‌ بگه‌ڕێن که‌ هه‌موو که‌س له‌م وڵاته‌دا هاوڵاتی یه‌کسانه‌و ئاسایش و ئاسوده‌یی گه‌ره‌نتی بێت.

له‌ڕاستیدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ هه‌ردوولا هه‌ڵبژاردن نییه‌، به‌ڵکو ناچارییه‌.

چونكه‌ ترس لەهێزی ژیان وا فه‌رمان ده‌دات.

لینكی بابەتەكە:

http://www.gazeteoku.com/popup.php?id=301&url=http://www.taraf.com.tr/yazar.asp?id=6

 

Previous
Next

Leave a Reply