Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

ترسى ون بوون، پرسى جوانى لە قەسیدەى عەشقى یاسین عومەردا

Be First!
by September 16, 2008 ئەدەب

          ترسى ون بوون، پرسى جوانى لە قەسیدەى عەشقى یاسین عومەردا
         شاخەوان سدیق
     

   (مرۆڤ بۆیە عاشق ئەبێت، هەتا تەنها نەبێت)  (بەختیار على)

 ( هەمیشە یەكێك لە پێكهاتە سەرەكیەكانى شیعر لەدواى (زمان، مان، خەیاڵ)ەوە (چێژە) ئەگەر بڕواشمان بەوە هەبێت كە كارى سەرەكى ئەدەب بەتایبەت شیعر گەڕانە بەدواى جوانیدا وبۆخۆشى هونەرى شیعر هونەرى دروستكرنى ئیستاتیكایە، ئەوا دەبێت لە نزمو ئیقاعى شیعریەوە چێژ كارى سەرەكى خۆی دەسپێدەكات، بەجۆرێك خوێنەر پەلكێشى ناو دنیاى دەق  بكات تا لەناو تێكستەكاندا دنیا بینیەكانى نوسەر لە پێكهاتەى وێنەكانەوە بگاتە خوێنەر، چونكە پەیامى نوسەر وورد بونەوەیە لە واتاو وێنەكان لە ڕێگاى زمانەوە كە دواجار كارلە گۆڕینى بیركردنەوەو دنیابینى خوێنەر دەكەن تا ئاستێك سەیركردنو وێناكردنەوە بۆ بوونو نەبوون پێناسەیەكى نوىَ لە فۆڕمێكى جیاوازدا وەردەگرێت، هەروەك ڕۆلان بارت ئەڵێت " ئێمە ناتوانین بە شێوەیەكى كە بنوسین ئەگەر بە شێوەیەكى دیكە بیر نەكەینەوە، چونكە نوسین ماناى ڕێكخستنى دنیایە" لە ناو ئەم ڕێخستنەشدا شیعر وەزیفە سەرەكیە كەى خۆى دەست پێدەكات، كە تۆماركردنوخوێنەوەى وێنە جیاوازەكانى دنیایە،هەر وەك ئەدۆنیس دەڵىَ" شیعر كەشف دەكات وێنە ناگرێت " چونكە خوڵقاندنى وێنە لە دەقێكدا وەستاندنى خودى چركەیەك لە بوون یان ژیان نیە، بەڵكو خوێنەوەى دووبارەى وردكراوەكانى ئەو چركە ساتانەی ژیانە، چونكە شیعر هونەرى لاسایكردنەوەى سروشت نیە، بەهێندەى ئەوەى خوڵقێنەرو دۆزەرەوەى چركە ئیستاتیكیەكانى ناو سروشتە، مادام كارى سەرەى شیعر گەڕانو كەشف كردنە كەواتە پێكهاتەى سەرەكى تێما لە تێكستى شیعریدا پرسیارە، بۆیە كەسایەتى شاعیر هەمیشە گوماناویىو ئاڵۆزە، ئەم گومانو ئاڵۆزیانەش هەمیشە سەرچاوەى نیگەرانیەكانى ئەون بەوپێیەى خوڵقاندى دەق دووبارە دروستكردنەوەى جوانیەكى خوازراوە كە لە حەزە تایبەتیەكانى شاعیرەوە سەرچاوە دەگرێت،ئەگەر لێرەوە بەخێراى سەیرێكى قەسیدەى عەشقى( یاسن عومەر) بكەین بەسانایى هەست بە ڕاستێتى تەواوىپێناسەكانى سەرەوەمان ئەكەین كەچۆن شاعیر لە ڕێگاى هەڵژاردنى تێماى عەشقەوە ترسوگومانەكانى خۆى لەمەڕ ونبونو فەوتاندنى جوانى ئەخاتە ڕوو كە ئەمەش لە پێناو گەڕانەوەى بەها مەعریفیەكانە بۆ چەمكێك كە بەدرێژاى مێژووى بوون مرۆڤ ئالودەى بووەوهەر لە پێناو ئەوەشدا چەندین قوربانى داوە شاعیر لەم دەقەىدا دەڵىَ"
 ئەگەر ئەسپى كاروانچەكان عەشق بوایە
 نە ون دەبوون نە سەرگەردان
 گوناهى خۆمانە كە ئاوى حەیات نادۆزینەوە
 چوونكە بە بىَ عەشق دەگەڕێین
 ئەوەى موساى برد بۆ "توور" بۆ بینینى خودا
 عەشق بوو
 ئەو ئەسپەى موحەمەدى برد بۆ ئاسمان بۆ پاڵ عەرش
 "بوراق " نەبوو عەشق بوو
 ئەو دارەى كە عیساى گەیاندە مەلەكوتى باڵا
 خاچ نە بوو عەشق بوو ….عەشق….
 بە پێى ئەو یاسایەى كە پرسیار كەرەستەى یەكەمى شاعیرە لە ڕێگاى گەمەزمانیەكانیەوە تێدەگەین كە لە ناوجەنجاڵیەكاندا ترسو فەوتانى جوانى لە ژیاندا ترسو نەمانى واتا شاراوەنى پرۆسەى دنیا بینیە لاى شاعیر، بۆیە لە زمانى یاسین دا شیعر كەرەستەى گەڕانەوەى بەها لە دەست چوووەكانە بۆ دووبارە گەڕانەوەى پیرۆزیەكان پێى، چونكە ئەوە جوانیە هەمیشە كەرەستەى بەرهەم هێنەرى چێژە وادەكات مرۆڤ بەردەوام بەسەر شكستەكانیدا زاڵبێت، شاعیر لەم دەقەدا پرۆسەى بە پیرۆزكردنى جوانیەكان هاوتەریب دەكاتەوە لەگەڵ تەواوى جوانیەكانى مێژوودا بۆیە لاى ئەو ئەوە حەزكردن لە جوانیە هەموو سنورى تواناكان دەبرێت والە مرۆڤ دەكات هەمیشە قوربانى بۆ بدات بۆیە دووبارە دەڵىَ"
 تۆ ئەى عەشق
 ئەى سەرچاوەى هەموو شكستەكانمان
 ئەى سەرەتاى هەموو ئومێدێكمان بە ژیان
 هەمیشە ستایشت دەكەین هەمیشە زەم
 دەزانین گەرتۆ نەبیت بە تەواوەتى وێڵدەبین
  تۆ ڕێگایتو تۆشیت دەلیل
 هەندێك جار هەر خۆشت كاروانیت
 چونكە هەمیشە بێكەسو
 لە بەرئەوە هەمیشە بە تەنیایت
 لە شیعرى یاسین دا بەردەوام وێنەكان خۆیان نوآ دەكەنەوە بە جۆرێك هەموو ئەو پرسیارانەى كە تێماى كاركردنى ئەون فرە ڕەهەندو فرەواتا خۆیان نمایش دەكەن، بۆیە شاعیر هەمیشە گرنگیەكى زیاد لە پێویست دەدات بە جوڵاندنى عاتیفەى خوێنەرو وادەكات لە گەڵ خوێنەوەى دەقەكانیدا بتكاتە بەشێك لە كارەكتەرى ئەكتیف لە پانتاى دەقەكەیداو ناچارت دەكات ببیتە بە شێك لە كەسى پرسیاركەر لە دنیاى ناو دەقەكەیدا، بۆیە زمان لاى یاسین ئەوەندە ئیش لە سەر خوێنەر دەكات ئەوەندە هەوڵنادات فۆڕمەكان لە قاڵبێكى دیارى كراودا ڕێكبخات هەروەك بەختیار عەلیش دەڵێ" شعر عاتیفەى مرۆڤ نیە كە قسە دەكات،بەڵكو ئەوە عاتیفەیە كە زمانى تێكدەچێتو تەعبیرى بچوك بەشى ناكات و مانا ئامادەكان لە بەردەمیدا تەسكدەبنەوە " بۆیە ئەگەر سەیر بكەین شێوازى گەمەزمانیەكان لاى یاسین هەمیشە لە خزمەت بوونو گەیاندنى پرسیارەكانیایەتى ئەویش بە پشتبەستن بە بوونى باگراوندێكى شیعرىو مێژووى كە لەم دەقەیدا سەفەرێكى خێرایە بۆ گەرانەوە بۆ ڕابردوو لە ڕێگاى فلاشباكەوە ڕاگوزەرێكى تەنهایە بۆ هەموو ئەو هەڵانەى كە مرۆڤ لە مێژووى بونیدا كردونى، كە سەرەنجام بوونەتە هۆى نەمانو فەوتاندنى جوانى، كە ئەمەش لە یادەوەرى شاعیردا ترس و نیگەران بەرهەم هێناوە كە بە بۆچوونى ئەو ئەوە عەشقە كە سەرەنجام دەبێت بێتو ژیان لە هەموو پۆخڵە واتەكانى پاك بكاتەوە هەر عەشقیشە كە مرۆڤ پردەكات لە تواناو ئومێد تا بێ ئومێدىو بێ هیواى نەى كوژێت بۆیە هەر لەم دەقەى دا دەڵێت "
 ئەى عەشق ….
 گەرتۆنەبیت ئێمە چۆن دەتوانین
 ئەم هەموو سەدەیە خوێن تا ئێرە كۆڵ بكەین
 گەر تۆ نەبیت ئێمە چۆن دە توانین
 پاش دروست كردنى ئەم هەموو دۆزەخە
 هێشتا بە شوێن بە هەشتەوەبین
 گەرتۆنەبیت پاش بینینى ئەم هەموو غەزەبە
 چۆن تا ئێستا بە نیازى خوایەكین میهرەبان
 چۆن تا ئێستاش بە نیازى یارێكین نازەنین
 چۆن تا ئێستاش بە نیازى دنیایەكى
 باشترین………..
 Shxi83@yhoo.com             
 
 

Previous
Next

Leave a Reply