Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە لۆژیک یان ….4

ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە لۆژیک یان ….4

Closed
by April 21, 2012 فەلسەفە


ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە لۆژیک یان لە بیرکردنەوەی فەلسەفی شێوە ماتماتیکییانە
بەشی چوارەم
ئازاد حەمە/ پاریس

((بەشی چوارەمی باسی “”گرینگە ڕوناکبیرانی کورد خۆیان لەسەر خوێندنەوەی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ڕابێنن!
– فەلسەفەکردن لەسەر شێوازی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی””))

لەڕێگای ئەم بەشەوە دێینە ناو هەستیارترین کێشەی ڕوناکبیری نوێی کوردیەوە کە گرفتێ زۆری بۆ وتاری ڕوناکبیری هاوچەرخی کوردی و وەکیتریش نووسین و توێژینەوەی تازەی کوردیش دروستکردووە. لێرەوە ڕەخنەی بیرکردنەوەی فەلسەفی ڕوناکبیرانی کورد، ئەڵبەتە لەژێرناوی “”ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە لۆژیک”” ، یان ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە بیرکردنەوەی ماتماتیکی (1)، وەکیتر ترسی ڕوناکبیرانی کورد لە بیرکردنەوەی فەلسەفی شێوە ماتماتیکییانە، دەکەین. ئامانجی بنەڕەتیشمان لەم بەشە بەدەستەوەدانی ڕاڤەکردنێکە تیایا ئەو لایەنانە بەرچاودەخەین پێوەندییان بە گلانی وتاری ڕوناکبیری کوردی بەجۆرە بیرێ شیعرگەرای مەترسیدار و سۆفیگەرا (عیرفانی) و لەهەمووشی ترسناکتر سەفستەگەراوە هەیە. ترسی ئێمە لێرە لە شیعر نییە و ئامانجیشمان دوورخستنەوەی بواری وێژەی و شیعری نییە لە فەلسەفە و یان کاری هزری بەڵکو ترسی ئێمە لەلاێ لە بە سەفسەتەگەراکردنی شیعر و وێژەیە و لەلاێتریش لە دوورکەوتنەوەی فەلسەفەیە لە ماتماتیک و بیری لۆژیکی.
هێندەی ئاگامانیشلێبێت لەنێو ڕوناکبیرانی کورد پتر نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێنتال (واتە کیشوەری کە دەکات بوونخوازی ، دیاردەخوازی ،مارکسیزم،  هیچگەرایی، هێرمینۆتیک، پۆستمۆدێرنە، بەشێک لە ئاڕاستەکانی فێمینیم، و…) باوە تا نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی. یان ئەوی لە ماڵی فەلسەفی کوردی دا خاوەنماڵە فەلسەفەی کۆنتنێنتالی فرانکۆ-گێرمانیە ، ئەڵبەتە خودی ئەو فەلسەفە کۆنتنێنتالە فرانکۆ-گێرمانیەش وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە و لە نێوەندە ڕوناکبیری و ئەکادیمیەکانی ئەم ڕۆژئاوایەدا سەروەرە لەناو ماڵی ڕوناکبیرانی کورد دا وەک خۆی نیە و ، بەڵکو ئەوی لەناو ماڵی فەلسەفی ،یان ڕوناکبیری ، کوردی زاڵ و باوە چەند نووسین و وەرگێڕان و بۆچوونێ پەرت و ناسێستەماتیکی ئەو فەلسەفە کۆنتنێنتالەیە کە ئەوەش خۆی لە خوێندنەوە و یان شیکردنەوەی پەرت پەرتی هیگڵ، نیچە، هایدیگەر و تادەگاتە هەندێ لە بیرمەندەکانی بنەماخوازی و پاش بنەماخوازی و پۆست مۆدێرنەکانا دەبینێتەوە(2). 
ئەوەی هەر لەسەرەتاشەوە لەڕێگای ئەم نووسینەوە خواستوومانە سەرنجیبخەینەسەر ئەوەبووە کە بێئەندازە گرینگە ڕوناکبیرانی کورد خۆیان لەسەر خوێندنەوەی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ڕابێنن ، بەواتاێ تر، تێکەڵبوونی ڕوناکبیرانی کورد لەڕێگای تێزە فەلسەفیەکانی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان بە لۆژیک و فەلسەفەێکی ماتماتیکییەوە کە دەکارێ هەل لەبەردەم هزری تازەی کوردی بۆ پەرەسەندن و خۆڕاهێنان لەسەر دروست و ڕوون کارکردن بکاتەوە. هاوکات ئەو تێزە فەلسەفیانەی چ ڤیتگنشتاین و چش پۆست ڤیتگنشتاینیەکان پەرەیانپێداوە بیرکردنەوەی فەلسەفی لە فۆڕمی بیرکردنەوەی سادە، سەرپێی، لابەلا،پەرت و ناسێستەمی دەپارێزێت. ئەمەو دەردی گەورەی نووسینی کوردی (بەهەموو جۆرەکانیەوە: شیکردنەوە ڕۆژنامەوانیەکان بێت یان وانەکانی نێوەندی ئەکادیمی و قووتابخانەکان و تادەگاتە قسەی سەر شاشەی تەلەفزیۆن و کارە ئەدەبیەکان) ئەوەیە خۆی زۆر تەنک و ناقووڵ و پەلە و دووبارە و سواو و پەرت نیشاندەدات. ئەمەش لەسەرێترەوە وادەکات چ تێکستەکان (ئەدەبی و غەیرە ئەدەبییەکان) و چش ووتنەکان (قسەکردنەکانمان) و ئەڵبەتە وتارەکانیش(ڕۆژنامەوانی و غەیرە ڕۆژنامەوانیەکان) پەرە بە نەرێتێ لە نووسینی سواوئاسا و کاوێژکاری و لێوانلێو لە ڕەوانبێژی و نا-لۆژیکی بدەن.
دیارە و گومانیشی ناوێت سەفەری فەلسەفی ئێمەی کورد بێڕادە کورت و بێ ڕیشەیە وەلێ دەستوپەنجەنەرمکردن لەتەک هزری هزرەڤانێ وەک ڤیتگنشتاین و دواتر هزرەڤانە بەناو پۆست ڤیتگنشتاینیەکان کاریگەری گەورە دەخاتەوە و ئاسۆ لەبەردەم نەک هەر بیرکردنەوەی فەلسەفی لەناو ئێمەی کورد بەرین و قووڵ دەکات بگرە کاریگەرێ مەزنیش لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و نووسینی کوردی دادەنێت. لەلاێتر ئاوێتەبوونی ڕوناکبیرانی کورد لەتەک میراتی فەلسەفی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان و خودی نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەیش ئاشانبوونیشە لەتەک ئەوەی پێیدەڵێن لۆژیک Logic. لۆژیک، کە لەئێستادا لەنێوەندە فەلسەفیەکان دا خۆی وەک دیسپلینێ سەربەخۆی فەلسەفی نیشاندەدات ، کە بۆ خۆڕاهێنان لەسەر بەڵگەهێنانەوە Argumentation و ساغکردنەوەی سەلمێنە (فاکتە) بوارێ ڕوناکبیری بەپیتە ،شوێنی لە هزری نووسین و کردەی شیکردنەوەمان دا بێسنوور وونە. هەروەها لە هەگبەی میراتی فەلسەفی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ، و ئەڵبەتە نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەیش ، ئەوەش دەبینینەوە بیرکردنەوەی فەلسەفی سەرلەنوێ و بە ئامادەسازیێ ترەوە خۆی بە ماتماتیک (بیرکاری) و ئەوەی پێیدەڵێن زانستەسرووشتیەکانەوە گرێدەداتەوە کە فەلسەفە هەر لەسەرەتاکانیەوە لەپێوەندیدا بووە پێوەی.
بە بەراوورد لەگەڵ فەلسەفەی کۆنتنێنتال تێکستی فەلسەفی ڤیتگنشتاین و تەنانەت پۆست ڤیتگنشتاینیەکانیش تایبەتمەندی خۆی هەیە. نکوڵیشیناوێت خۆڕاهێنان لەسەر ئەو تایبەتمەندیە درزێ گەورە دەخاتە ئەزمونی ڕوناکبیری کوردیەوە. ئەو درزە لەگەڵ کارکردنی بێوچانی ڕوناکبیرانی کورد لەسەر لۆژیک گەورەتر و گەورەتردەبێتەوە. درزی لەوجۆرە بۆ ئەزموونی نووسینی کوردی فڕەمانادارە و دەستکەوتی خۆیدەبێت. لێرە قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە ڕوناکبیری کوردی گشت نەرێتی فەلسەفی ڤیتگنشتاین و فەلسەفەی شیکردنەوەی قووتدات و یان ئەو ئەزموونە هزریە کاوێژکاتەوە ئەم نەرێتە فەلسەفییە دایهێناوە بەڵکو قسەی ئێمە لەوەیە ئەزموونی نووسینی کوردی و بەگشتیش ئەزموونی ڕوناکبیری کوردی پێویستی بە ڕەفتارکردنە لەتەک دژە جەمسەری خۆی و توانەوە لەناو ئەو جۆرە شێوازانە لە بیرکردنەوە کە دەکارن ڕێگری لە بیرکردنەوەی پەرپووت و بێناواخن بکەن.
گومانی ناوێت شێوازی ئەفۆریستی Aphoristic لە نووسینەکانی ڤیتگنشتاین دا ئامادەن وەلێ هاوکات ڤیتگنشتاین کار بۆئەوەشدەکات لێنەگەڕێین لەکاتی قسەکردندا هەموو شتێ بڵێین. ئەم لایەنەش بەخۆی چاودێری بەسەر ووتنەوە دروستدەکات. بۆ ڤیتگنشتاین گرینگبووە ووتن مانادر و مونەسەق بێت و دەربڕینەکانمان لەڕووی لۆژیکییەوە یەکبگرنەوە. ئەوە هۆکارێکە بەبۆچوونی ڤیتگنشتاین بۆ ئەوەی ووتراو خۆی وەک ووتراوئامێز نیشاندات. ئەگەرنا قسەکردن پێویستناکات. کەواتە چۆن قسەبکەین و چی بەقسەکردن بزانین، چی بووترێت و چی نەووترێت لەلایەن ڤیتگنشتاینەوە حسێبی گەورەی بۆکراوە. ئاشکرایە داوای بێدەنگی دەکات بەس کەموکوڕیش هەیە لە ڕوونکردنەوەکانی بۆ بێدەنگی. سەرباری ناکۆکی و کەموکوڕیەکان ڕێگالەبەردەم قسەکردن لەسەر ووتراو و نەووتراویش دەکاتەوە.   
لایەنێ تری فەلسەفەی شیکردنەوەی و خودی بیرکردنەوەی فەلسەفی ڤیتگنشتاین کە قابیلە بە گفتووگۆی بەردەوام ئەوەیە چۆن مانا لە نووسینەکانمانا(ووتنەکانمانا) دروستکەین؟ چونکە ئەو بێماناییەی ڕۆژانە لە نووسینەکانمانا(ووتنەکانمانا) بەرهەمیدێنین خۆیان وەک مانا دەردەخەن چونکە تائێستا نووسینەکانمان دیوارێکیان نەخستۆتە نێوان مانا و بێ ماناییەوە. ئەو مانایەی لە وتارێکمانا ، لە دێڕێکمانا، لە گوزارەێکمانا پەنهانە ڕاسێل ووتەنی پێویستە شیکرێتەوە وەلێ ئێمە ئەم هێزە لە ئێستادا لە ڕوناکبیری نوێ کوردیدا نابینینەوە بکارێ ئەمە بکات. ئەوەی فەلسەفەی شیکردنەوەیش بەوەوە ناوەستێ ڕاستی لە هەڵە جیاکاتەوە بەڵکو ئەوەش چۆن ڕاستی پێکدێت و چۆن دەتوانین دڵنیابین ئەوە ڕاستە ڕێگاێکە بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی نەک هەر ڕاستی بەلکو هەڵەش. چونکە، بۆئەوەی هەڵەنەکرێت پێویستمان بەوەیە هەڵەناس بین. بۆیە کارێ سوودمەندانەیە لەوە حاڵیبین لە ووتنەکانمانا چی هەڵەیە و چیش ڕاستە. 
لەو باوەڕەشداین خۆڕاهێنانی ڕوناکبیرانی کورد لە خستنەگەڕی مێتۆدی فەلسەفی و چارەسەر پێشنیارکردن بۆ کێشە فەلسەفیەکان بەجۆری مێتۆدیانە ڕێگری لە سەفسەتەکردن و ئەو هەڵە کوشندانە دەگرێت نووسینی تازەی کوردی بۆیهێناوین. ئێمە گەر لەسەر شێوازی ڤیتگنشتاین بیربکەینەوە کە شتی زانستی شایانی ووتنە و شتی نازانستی، بۆنموونە میتافیزیکی، شایانی ووتن نییە هەیبەت بۆ ووتنەکانمان دەگەڕێنینەوە.
گەر ئامانجی نووسینی کوردی ئەوەبێت زانین بدات بەدەستەوە گرینگە لێرە سەرنجبخرێتە سەر ئەو زمانەی زانین دەدات. واتە چۆن لەڕێگای بەکاربردنی زمانەوە زانین بدەین بەدەستەوە؟ ئێمە پێویستمان بەوەیە زانین بدەین بەدەستەوە بێئەوەی بکەوینە تەڵەی ڕەوانبێژییەوە. ڕوونە ڤیتگنشتاین بەلایەوە مەرج بووە بیرکردنەوەی فەلسەفی خۆی لەو کێشانە بەدووربگرێت زمان بۆیدروستدەکات بەس پرسیارە بنەڕەتیەکە لێرە ئەوەیە ئەم تێگەیشتنە ڤیتگنشتاینیە چۆن دەکرێ دەستەبەرکرێت و بەسوودی وتاری ڕوناکبیری کوردی بکەوێتەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پیێمانباشە بڵێین ڕوناکبیرانی کورد تێگەیشتنییان بۆ زمان نییە نەک لەبەرئەوەی وتاری ناسیۆنالیزمی کورد شکستیهێناوە و یان هەوڵەکان بۆ ستانداریزەکردنی زمانی کوردی سەرکەوتنیبەدەستنەهێناوە بەڵکو لەبەرئەوەش زمان بەمانا زانستیەکەی کارکردنی لەسەر ناکرێ و پێوەندی نێوان  زمان وەک زانست و  خودی زمانی مرۆڤ ژێرشیکردنەوەی بەردوام ناکرێت. هەروەها نووسینی تازەی کوردی بێڕادە زمان بارگاوی دەکا و چیشیبوێت پێدەڵێت. واتە ووتنی هەمووشتێ و گشت شتەکان بە زمان شوێنێکی بۆ ئابووریکردن لەبەکاربردنی زمانا بەجێنەهێشتووە و سەفسەتەگەری بووە بە مەرام بۆ گشت نووسین و ووتنێ.
گەر لەژێر کاریگەری هزراندنی ڤیتگنشتاین تایبەت بەوی لایسەرەوە ووتمان بەجۆرێ تر بێینە گۆ دەخوازین ئەوەش  بڵێین ئەو فێڵانەی ڕێزمان لەکاتی قسەکردن دا لێماندەکات پێویستە لێیبەدووربین چونکە پێوەندی بیر و زمان بەهۆی ئەو فێڵانەوە تێکدەچێت. ئەودەمەی فەلسەفەدەکەین ئەم کردارە بەهۆ زمانەوە دێنینەسەرپێی بەس پێویستمان بەوەیە لە ڕێساکانی زمان بەکاربردن بگەین تا بیرمان (بیرکردنەوەمان) نەشێوێنین.
بۆیە و پێمانوایە لێکۆڵینەوەکانی ڤیتگنشتاین تایبەت بە گرینگی زمان و کاری زمانی سادە یان ڕۆژانە و هەروەها دوورخستنەوەی ڕۆڵی ڕەوانبێژی لەبەردەم کاریگەریەکانی لۆژیک لە زماندا گشت ئەمانە سەرنجڕاکێشن و ڕوناکبیرانی کورد لەسەر ڕیتمێتر لە شێوازی بیرکردنەوە و نووسینین ڕادێنن. پێوەندی نێوان زمان وەک بیر و زمان وەک شتێ لەدەرەوەی بیر و تێهەڵکێشکردنی زمان بە بیرکاری و بیرکردنەوەی لۆژیکی ڕەخساندنی هەلومەرجێ ترە بۆ بیرکردنەوە لەو زمانەی لە گەرووماندایە. ئەڵبەتە ئەوەش کە چۆن ناوی شتەکان دەنێین و چۆن زمان لە بەکاربردنێ زۆر دەخەین و ئابووری لە خستنەگەڕی زمانا دەکەین پێویستە بۆ ڕوناکبیرانی کورد ببێت بەجێی سەرنج. زمان کە تێگەیشتنێ یان واتاێک دەدات بەدەستەوە چۆن مامەڵە لەتەک ئەو واتایە بکەین و بەچ جۆرێک زمان و هزر لەپێوەندیدابن لەتەک یەکا ئەمەش مەرجە شوێنی تێڕامانی وتاری ڕوناکبیری و بەتایبەت زمانەوانی نوێی کوردی بێت. لێ ئەم لایەنە لە ئێستادا لە وتاری ڕوناکبیری و بەتایبەت زمانەوانی نوێی کوردی دا زۆر بەسەختی دێتەچێکردن ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی زمانی نووسینی نوێی کوردی زمانێ ڕۆمانتیک Romantic و بگرە عیرفانیشە.
لە ڕۆژئاوا زمانی نووسینی ڕۆمانتیزسیزم Romanticism لەلایەن زمانی نووسینی پۆزەتڤیزمەوە، پێشتریش لەلایەن ڕیالیزم Realism ەوە، تێکشکێنرا. بەس زمانی نووسینی ڕۆمانتیزسیزم تائێستاش لە ئەدەبی کوردیدا سەروەر و بکەرە. ئەڵبەتە، لەناو ڕوناکبیرانی کوردا و بەدرێژەی سەد ساڵی وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی شەپۆلگەرێکی ئەدەبی و سیاسی و فەلسەفی وەک ڕۆمانتیزسیزم و ڕیالیزم بڵاو و کاریگەربووە و زەمینەی بۆ نووسینی ئەدەبی و سیاسی و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی داناوە. لەکاتێکدا ئەو دوو شەپۆلە هزرییە لە شوێنی خۆی کە ئەورووپایە لەلایەن پۆزەتڤیزمەوە تێکشکێنراوە کەچی ئەم تێکشکانەی ئەم شەپۆلە هزریانە هیچ ڕەنگدانەوەێکی لەناو ئەزموونی نووسین و بیرکردنەوەی ڕووناکبیرانی کورد نەبووە.  
زمانی نووسینی ڕۆمانتیزسیزم لەناو ڕوناکبیرانی کورد بێڕادە خۆی سەپاندووە و لەتەک وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی دا، کە ئەدەبی کوردی بووە بە نوێنەری ئەم وتارە و قسەکری ڕۆمانتیزسیزمیش، ئاوێتەبووە. کەچی لە ئەورووپا دا ئەم هاوکێشەیە تەواو جیابووە. چونکە گەشەکردنی ڕۆمانتیزسیزم یان بایەخی ڕوناکبیران لە ئەورووپا بە ڕۆمانتیزسیزم و خولانەوە لە فەلەکی هەست و ڕۆح و فەنتازیادا لە گەلێ لە وڵاتانی ئەورووپا دا خۆی وەک پەرچەکرداریێک نیشانداوە دژ بەو بایەخە زۆرەی ڕۆشنگەری دای بە عەقڵ ، یان بۆ هاتنەدەرەوە بوو لە ستەمی عەقڵ و هوشیاری کە فەلسەفەی پۆست ڕێنێسانس لەتەک خۆڕاهێنای.

واتای ماتماتیک و ڕوناکبیرانی کورد

سەبارەت بە واتای ماتماتیک لێرە هەر هێندە دەڵێین، ئەم واتایە لە ماهیەتیدا لە مێتۆد پێکدێ و، ئەم مێتۆدەش کاری  شیکردنەوەی بوونیاد و پێوەندییە ئەبستراکتەکانە. لەبەرئەوەی ماتماتیک لە چەند بەشێک پێکدێت (ئەندازە، ژماردن، ئامار، تیۆری قەبارە و …) ئەمە وادەکا ماتماتیک کاری شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەکانی بڵاو و جۆراوجۆربێت. بەڵام ئەو شێوازەی ماتماتیک لە گەیشتن بە ئاکامەکان بەکاریدەبات هەمیشە ئەبستراکت و پووختە. ئەم لایەنەش وادەکا گەلێ لە بیریاران ماتماتیک وەک بناغەێ بۆ ڕاسیۆنالیزم سێرکەن. بەڵام نەشونمای واتای ماتماتیک لەڕووی مێژوویەوە تاک شێوە و هاوجۆر نییە بەڵکو نەشونماکەی پێوەندی بە نەشونمای خودی پرۆسەی مرۆڤ و دۆزینەوەکان و ئەمجار موغامەراتە زانستیەکانی مرۆڤیشەوە هەیە. ئەمەو ئەم واتایە لەو بوار و مێتۆدانەی تر دابڕاو نییە مرۆڤ کاری لەسەرکردوون. هەربۆیشە ماتماتیک هەمیشە تۆڕی پێوەندیەکانی بڵاو و فڕاوان بووە. یان بۆیە کاتێ باس لە گەشەی مێژووی زانستە سرووشتیەکان یان فەلسەفە بۆنموونە دەکرێ ماتماتیک لەناو ئەم جۆرە مێژووانەدا کاریگەر و دیار بووە. ئێستاش کە فەلسەفە لە ڕۆژئاوا لەتەک تەکنیک و خودی تەکنیکدا لە پێوەندیێ بتەودایە ئەمە زۆرترین مانای بۆ گەشەی زانستە سرووشتیەکان هەیە، هەر ئەمە واشیکردووە تۆڕی پێوەندیەکانی ماتماتیک بەرچاوی و کۆنکرێت بن. بۆیە تێگەیشتن لە جیهانی تازە بێ ماتماتیک ئەستەمە چونکە بازاڕی گلوباڵ کە بە تەکنیکێ ئەلەکترۆنی پشتبەستووە ماهیەتی ئەم جۆرە تەکنیکە ماتماتیکە نەک سەفسەتە یان ڕەوانبێژی .هەر لێرە و تایبەت بە توانای ماتماتیک ئەوەش دەڵێین، ئابووری سەرمایەداری جیهانی کە لە ئابووریێ نەختی (مالی، فینانس) پێکدێت ئەم جۆرە ئابووریە ئابووریێ ئەلەکترۆنی ئاڵۆزە و ماتماتیک زۆرترین ڕۆڵی تیادەبینی. تەنانەت خودی ئەو دەزگا ئەلەکترۆنیانەی ڕۆژانە کارگە تازەکانی ڕۆژئاوا دەیخەنە بازاڕەوە پێوەندیێ زۆریان بەو عەقڵە دیگیتالی (ژمارەیی) یەوە هەیە ماتماتیک زۆرترین مانای تیادەگێڕێ. بۆیە هەموو ئەوانەی کێشەێ هزری ماتماتیکیان هەیە درەنگتر لە بەکاربردنی ئەو دەزگا ئەلەکترۆنیانە دەگەن. بەڵام مەسەلەی مانای ماتماتیک لە ژیانی مرۆڤی تازە تەنیا لێرە ناوەستێ و بگرە لقوپۆپی تریشی لێدەبێتەوە و یەک لەو لقوپۆپانە گفتووگۆ فەلسەفیەکانە لەسەر بوونی بوونەوەر (واتە بوونمان). بۆیە لایخوارەوە باس لە شوێنی ماتماتیک لە ژیانی بووندا دەکەین هەروەها پاڵپشتی بۆ ئەو دۆکترینە فەلسەفیەی بادیوش دەدۆزینەوە پێیوایە “”ماتماتیسیان (بیرکار) نەک فەیلەسوف دەکارێ لە پرسی بوون بگات””(3). 
ئەوەندەی ئاگامان لێبێت مێژووی هزر لەبارەی بوونەوە کە بەخۆی هەمان مێژووی فەلسەفەشە لەتەک هزری ماتماتیکیدا هەمیشە لە پێوەندیدا بووە. لەبەرئەوەی ئەم هزرە لە کەس و کولتوورێکیشەوە بۆ ئەویتر جیابووە شرۆڤەکردنی بوونیش هەمیشە لە جیاوازیدا ژیاوە. بەپێیئەوەش پێوەندیێ قووڵ لەنێوان فەلسەفە (یان هزری فەلسەفی) و ماتماتیک (هزری ماتماتیکی) دا هەیە بابەتی بوون بەشێک بووە لەم پێوەندیە. بەڵام ئەم پێوەندیە هیچکات یەک چوارچێوەی وەرنەگرتووە و وەک خۆشی نەماوەتەوە. بۆنموونە لەلاێ سەرەتاکانی گەشەی ماتماتیک ڕۆلی لە دروستکردنی ئەم جیاوازیە لەپێوەندی نێوان فەلسەفە (یان هزری فەلسەفی) و ماتماتیک (هزری ماتماتیکی) دا دیووە و لەلاێتریش خودی گەشەی دۆزی بوونەوەر لە بوونا مانای خۆی بۆ ئەم پێوەندییە هەبووە. چونکە هەر لەسەرەتاوە ڕاستیە ماتماتیکیەکان هەوڵیانداوە قسەی خۆیان لەسەر بوونی فیزیای مرۆڤ بکەن و ئەوە شیکەنەوە ئەم بوونە و جیهانی دەرەکی مرۆڤ بەرهەمی ئەو جوڵە و گۆڕانەن ماتماتیک دەیەوێ توێژینەوەی لەبارەوەبکات. ڕاستە ڕوونکردنەوەی ئەم لایەنە بۆچوونی جۆراوجۆر بەدووی خۆی ڕادەکێشێ بەڵام کۆنترین بۆچوون ئەو بۆچوونانەیە ئەفلاتوونیزمەکان و لەپێش هەمووشیانەوە ڤیتاگۆرس و قووتابیەکانی کەوتنە شیکردنەوەی. چونکە ڕیشەی تێگەیشتنی ئەفلاتوونی لەوێوە دەستبەکاردەبێ کە ماتماتیک، ڕاستیە ماتماتیکیەکان،لە جیهانی ئێمە دا ئامادەن و ئەوە کاری ماتماتیسیەکانە ئەوە شیکەنەوە ئەم جیهانە پێوەندیە ماتماتیکیەکانی لەناخی خۆیا حەشارداوە. بەڵام ئەم تێگەیشتنە فەلسەفیە لەگەڵ ڕەخنەکردنی فەلسەفەی ئەفڵاتونیزم لەسەردەمی نوێدا گۆڕانی هاتەسەر و ، ئەو بۆچوونانەش فەلسەفەی ماتماتیکی ئەفڵاتوونی خستەژێرپرسیار و گومانەوە بەزۆری ئەو شێوە ئاڕاستە فەلسەفیەیە پێیدەووترێ “”فەلسەفەی شیکردنەوەی لۆژیکی”” کە بۆچوونەکانی ڕاسێل لەمڕوەوە ڕۆڵێ زۆری تیادیووە. چونکە سەرهەڵدانی ماتماتیک هەر لە ئەزەلەوە بە ژیان و ئارەزووەکانی تاکەوە گرێدراو بووە و بۆیشە لەو ئەکادیمیایەی 23 سەدەێ لەمەوبەر ئەفڵاتوون دایمەزراند ماتماتیک شانبەشانی سیاسەت و جوانکاری و ڕەووشت دەووترایەوە و تەنانەت ماتماتیک بوو بە درووشمێک و  بەسەر دەرگای  ئەکادیمیاکەشەوە هەڵواسرا:””ئەوی ماتماتیسی(بیرکار) نییە با نەێتە ژوورەوە “”.
گومانیشیناوێت قسەکردن لەسەر گەشەی واتای ماتماتیک یان مێژووی گەشەی ماتماتیک ئەوەشمان پێدەڵێت سەرەتاکانی ماتماتیک بۆ ناوچەی بابلیەکان و یۆنانیە کۆنەکان دەگەڕێتەوە و دواتر ووردە ووردە گەشەکردنەکە تەشەنەی سەندووە و ڕووەو ئەو ناوچانە ملی ڕێگای گرتۆتەبەر ئەمڕۆ پێیدەڵێن ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و ،لەپاش سەدەکانی ناوەڕاستیش بەولاوە گەشەی ماتماتیک بەزۆری کەوتۆتە بەشێ لە ناوچە جیاوازەکانی ئەورووپاوە. ئەڵبەتە لەگەڵ ئاوابوونی سەدەکانی ناوەڕاست کە مرۆڤایەتی پێینایە ناو قۆناغێترەوە و مانادان بە هاتنەکایەوە و دۆزینەوەکان و هەوڵی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر سرووشت گەیشتە ترۆپک و گەشەی ماتماتیکیش، مانای بۆئەم دۆزە نوێیە دی، بەزۆری خۆی لە وڵاتانی ئەورووپایدا قەتیسکرد، واتە ماتماتیک دوا ئێستگای بوو بە ڕۆژئاوا، ئەو شوێنەی ڕۆڵی لە ئاواکردنی سەدەکانی ناوەڕاست دی. هەربۆیشە ئەمڕۆ گەشەی تەکنیک و ئەمجار زانستە سرووشتیەکان کەوتۆتە وڵاتانی ئەورووپاوە. کەواتە، هاوهەنگاوبوونی گەشەی زانست لەتەک ماتماتیک لە ڕۆژئاوا ماناێ گەورەی بۆ ئەو گەشە گەورە و بەردەوامە هەیە ڕۆژئاوا لەئێستادا پێیناسراوە. بەواتاێتر، ئەوەی گەشەی زانست لە ڕۆژئاوا شانبەشانی گەشەی ماتماتیک ڕێیکردووە و ئەمەشوایکردووە ماتماتیک ببێ بە ڕۆحی زانستی نوێ، کە ئەوەش بریتیە لە تەکنەلۆژیای زانیاری، بەهێزترین ناسنامەی شارستانی بۆ ڕۆژئاوای هەنووکە دروستکردووە. 
بەپێی ئەوی لایسەرەوە بێت پرۆسەی گەشەی زانین و مێتۆدی ماتماتیکی لە ناوچەکانی ئێمەدا، لەناوچەی میزۆپۆتامیا کە لە دیرۆکی ماتماتیک دا یەکێکە لەو ناوچانەی هزری ماتماتیکی تیایا نەشونمایێ باشی کردووە، ڕیشەی خۆی هەیە. بەڵام لەسەردەمی نوێدا ئەم ناوچانە پشتیان لەم جۆرە هزرە کردووە و بەدڵنیایشەوە کۆمەڵگەی ئێمە لەمبوارەدا زێدە چالاکە، واتە چالاک بووە لەپشتکردن لە ماتماتیک. ئەڵبەتە ئەم پشتکردنەش لە ماتماتیک گرفتی مرۆیی و ڕاسیۆنالی زۆری بۆ ئەم کۆمەڵگەیە دروستکردوە و بە بیری نا-ئایندەی و سیحری و نا-هزریشەوە گلاندوویەتی.
وەک دەرئەنجامی ئەوی لایسەرەوە ووترا شتێکی بەدیهیە لەئەمڕۆدا بیرکردنەوەکانمان (تێهزرینمان) بەگشتی و گەشەی وتاری ڕوناکبیریمان بەتایبەتی لە پێوەندیدا نەبێت بە ماتماتیکەوە. هۆیئەوە گەر ئەوەبێ ئێمە دەمێکە پشتمان لە ماتماتیک کردووە ئەوا ئەوە شتێ ڕاستە بەڵام هۆێکی تری ئەمەش گەر ئەوەبێ ئێمە لەم پشتلێکردنە لە ماتماتیک تەنیا نیین ئەوەش دیسانەوە شتێ هەر ڕاستە. بەڵام هیچ یەکێ لەو هۆیانە پاساودانی ئەوەناکەن ئێمەی کورد لەم پشتکردنەمان لە ماتماتیک هەڵەی خۆمان تیا نەبێت و لەئاکامیئەوەشەوە زیانێ بێئەندازەشمان لێنەکەوتووبێت. بەبێگومان پشتکردنیشمان لە ماتماتیک بێئاکام نییە و ئەم پشتکردنەش هەندێ دیاردەی سەیری لەناو توێژی نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد دروستکردوە کە شایانی دەستنیشانکردنن:
* ئێمە گەر بینینە ئەفڵاتوونییەکان بۆ مانای ماتماتیک لە ژیانی مرۆڤدا بەسەر ڕۆشنبیری کوردیدا پێڕەوکەین باوەڕناکەم بە هیچ شت و شوێنێکی دیاریکراو بگەین چونکە پشتکردنی توێژی ڕوناکبیریمان لە ماتماتیک دەرگای لەگشت گەشەێ زانستی لەناومانا گرتووە و ڕەوتی تێگەیشتن و ڕاڤەکردنیشمانی بێ سنوور نا-کۆنکرێت و نا-بەرجەستەکردووە.
* بایەخدان بە نووسین و تێکستی ئەدەبی و مێژوویی (ئەڵبەتە سیاسیش) لەناو توێژی ڕوناکبیرانی کورد لە ڕادەبەدەر بەهێزە و بگرە تاکە بوار و داڵدەێکیشە بۆ تیۆریزەکردن و ئەنجامدانی شیکردنەوە. ئەمەش ڕێک لەسەر حیسابی ئەوە کراوە پێیدەڵێن بوارە شیکارەیەکان یان بوارە تەجریبیەکان.
* دابڕانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان لە ماتماتیک و پشتبەستنی ئەم زانستانە بە شتی فانتازی و هەقایەتئامێزی بووە بە ناسنامەی وتاری ڕەخنەیی کوردی. ئەمەش بەدڵنیاییەوە گورزێ گەورەی لە ئەندێشەی ئەم جۆرە زانستانە داوە.
* گەشەی زانستە سرووشتیەکان لەناو ئێمە تابڵێی لاواز و بێ هێزە ئەمەش نیشانەێ باشە لەسەر ناکاریگەری ماتماتیک و ئامادەنەبوونی هزری ماتماتیکی لەناو وتاری ڕوناکبیری کوردی دا.
* فەلسەفە شوێنێ زێدە هزرییە بۆ داڵدەدانی ماتماتیک بەڵام گرفتی ڕوناکبیری کوردی لەوەدایە شوێنێکی بۆ فەلسەفە دابیننەکردووە. بۆیە نەبوونی فەلسەفە وەک دیسپلینێ ئەوە ئاشکرا نەبووە چەند ماتماتیک بوارێ زانستی کاریگەر و پۆلێ هزری بەرهەمهێنەرە .کەوابێت، ئەو دەمەی فەلسەفە بوونی نەبێت هیچ شتێ ناتوانێ لەناو ئێمە ئەوە ڕونکاتەوە ماتماتیک هزرە و ئەمجار هزرێ پێویستیشە. ئەو فەلسەفەیەش کە هەیە، کە لە مێدیادا دەخولێتەوە، بکوژی فەلسەفەیە چونکە لەسەر حیسابی فەلسەفەێ ڕاستەقینە مشەخۆرە.
* زانست لەتەک ماتماتیکا دەستپێدەکا (4) وەلێ ئەو کاتەی ماتماتیک لە کۆمەڵگەدا شوێنی بایەخ نییە و ئیلیتێ  (دەستەبژێرێ) لەناو ئەم کۆمەڵگەیە کاری ئەوە نەبێت ماتماتیکیانە بیرکاتەوە(تێهزرێ) دەبێ ئاستی زانست لە کوێ دا دەبێت؟ بەدڵنیاییەوە ئاستی زانست لەو شوێنە دەبێ ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی تیایەتی. ئاشکرایشە ئەمڕۆ ئاستی زانست لەناو کورد شایانی حەسوودیپێبردن نییە و ئەو شەپۆلی گەندەڵیەش کە بەڕێوەیە زۆرترین دەگە و زیانی نەک لە نەشونمای زانستی داوە بەڵکو بکوژی ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینەی گشت دیتن و بینینێ ڕاسیۆنالی و لۆژیکیشە.
*لەناو نووسەر و ڕوناکبیرانی کورد بایەخ بۆ زانستە تەجریبیەکان( فیزیا، ماتماتیک ، بیۆلۆژی- زیندەوەرناسی- و …هتد) ئەوە مانایەی نییە. هەروەها پێوەندی لەلاێ لەنێوان زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتی و لەلاێتر لەنێوان زانستە تەجریبیەکانیشا دیشانەوە ئەو مانایە گەورەی نیە. وەلێ ئەم پێوەندیە زۆر ئەستەمە دروستبێت تا ماتماتیک لە هزری ڕوناکبیر و ئەکادیمیکەرانی کورد دا پەراوێزبێت.
پاشان هەر ئەو هزرە ماتماتیکیەی لایسەرەوە جەغتی لەسەرکرا مەبەستلێی ئەوەش بوو، هزری لەمجۆرە دەتوانێ لەلایەن خۆیەوە کاریگەری بەسەر دیتنە میتافیزیکی و ئیتیکیەکانیشمانەوە بەجێبێڵێت. بۆیە بۆ ڕێگاگرتن لە گێڕانەوەی مێژووی کە بەرۆکی تێڕامان و نووسینی گرتووین پێویستە ڕێگا لەبەردەم هزری ماتماتیکیدا بکەینەوە. چونکە تا ڕەهەندی ماتماتیکی نەکەوێتە ناو تێهزرینەکانمانەوە ناتوانین نە پووخت و نەش کۆنکرێت بیرکەینەوە. کەواتە هزری ماتماتیکی یارمەتیدەرێ باشە مرۆڤ بکارێ بڕیاری یەکلای و ژیرانە بدا و خۆی لە ڕاڕای و گومانی بێ بناغە بەدوورگرێت. هەروەها گەشەی هزری ماتماتیکی لە کۆمەڵگە و لە دامەزراوەکانی دەوڵەت یارمەتیدەرێ باشن بۆ بەدەستهێنانی ئاکامی ڕاسیۆنالی و بنەبڕی. بۆیە بەلامانەوە زێدە ئاسای بوو لەمیانەی ئەم نووسینە پیێگیری لەسەر ئەوەکەین ڕۆڵی زانین و ڕاستییە ماتماتیکیەکان لە گۆڕینی باوەڕ و شێوازی بیرکردنەوە و ژیانی مرۆڤ بێ ئەندازە مانادارە و  ئەم مانایەش لەسەردەمی نوێدا هێجگار لە تەشەنەسەندندایە.

بیرکردنەوەی فەلسەفی شێوە ماتماتیکییانە و دۆزی ڕوناکبیری کوردی

پەرەسەندنی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە ڕۆژئاوا تاکئاڕاستە نەبووە و فەلسەفەی شیکردنەوەی یەکێکە لە ئاڕاستە دیارەکانی. فەلسەفەی شیکردنەوەیەش لەگەلێ ڕوەوە بە گەشەی ماتماتیکەوە پێوەندیداربووە. ئەوەی لێرە بەهائامێزە تایبەت بەم لایەنە باسکرێت ئەوەیە فەلسەفەی شیکردنەوەی یان بیری بیریارانی شیکردنەوەی گرینگی خۆی بۆ قسەکانمان هەیە. چونکە بیری بیریارانی شیکردنەوەی ئەو شیاویەی تێدایە ڕوناکبیرانی کورد لەسەر ئەوە ڕابێنێت ڕوون و ڕاستەوخۆ و کۆنکرێت بیرکەنەوە. هاوکات لەتەک ئەم قسانە ئەوەش دەڵێین ، تێکەڵبوونی ڕوناکبیرانی کورد لەتەک تێکستە فەلسەفییەکانی بیرمەندانی فەلسەفەی شیکردنەوەی خۆی لەبەردەم هەندێ سەختیدا دەبینێتەوە کە پێوەندی بە دوو شتی زێدە گرینگەوە هەیە. یەکیێکیان ئەوەیە میراتی فەلسەفی فەلسەفەی شیکردنەوەی بێت یان بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان خۆی لەتەک ئەو میرات و کەلەپوورە ئاینی و سیاسی و ئەدەبییە یەکناگرێتەوە ڕوناکبیرانی کوردی لەسەر بیرکردنەوە و نووسین ڕاهێناوە. چونکە نووسینی کوردی بەزۆری بەرهەمی ئەو جۆرە بیرکردنەوە عیرفانی و ئیشراقی و ناسێستەمی (نالۆژیکی مەبەستە) و ڕەوانبێژییانەیە ڕێچکەیان لەناو پرۆسەی بەڕوناکبیریکردنی کوردیدا داناوە. هەرچی سەختی دووەمە ئەوەیە دەستوپەنجە نەرمکردن لەتەک میراتی فەلسەفەی شیکردنەوەی بێت یان بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان کارێ زێدە ئاسان و ناگومڕا نییە ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو زانین و داناییەی لەناو ئەو میرات و یاخود بیرە پەنهانە قوورس و تووند و گرژ خۆیان نیشاندەدەن و لەگەڵ کولتووری بیرکردنەوە و هەروەها شێوازی نووسینی ڕوناکبیرانی کورد یەکناگرنەوە.
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا دەکرێت ئاماژە بەهەندێ هۆکاری تریش کرێت کە مانایان لە دوورخستنەوەی ڕوناکبیرانی کوردە لە میراتی فەلسەفی فەلسەفەی شیکردنەوەی بێت یان بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان. لەلاێ دەکرێ بۆ ئەوە هێماکرێت خودی بیرکردنەوەی فەلسەفی لەناو ئێمە بەجۆرێ سێستەماتیکیانە گەشەی نەکردووە و فەلسەفە بوارێ لۆژیکی و عەقڵی نییە. لەوە سەرنجڕاکێشتر فەلسەفە تاهەنووکە دیسپلین نییە. ئەمەش وایکردووە فەلسەفە لەسەر دەستی نافەیلەسوف گەشەبکات و فەلسەفە لە گەرووی غەیرە فەیلەسوفەوە بێتەدەرێ. لایەنێ تر پێویستە لەمبارەوە بەهەندوەرگێرێت ئەوەیە نووسینی کوردی لەژێرکاریگەری نوسینی ئەوی دی دا بووە کە بە تەبیعەتیحاڵ لەژێر کاریگەری نووسینی فارسی و عەرەبی بووە، ئەڵبەتە ئەم ساڵانەی دوای لێدەرچێت کە لێرە و لەوێ ڕوناکبیرانی کورد خۆیان فێری زمانی بێگانەی ئەورووپای کردوە و یان تێزێکیان بەو زمانانە نووسیوە. تەنانەت ئەم لایەنەش گۆڕانی مەزنی نەخستۆتەوە و وتاری ڕوناکبیری کوردی هاوچەرخی دووچاری خورپەی گەورە نەکردووە. چونکە نە تێزە ئەکادیمیەکانی ڕوناکبیرانی کوردی هەندەران ئەو سەمەرەیەی تیابەدیدەکرێ و نەش لە چوارچێوەی ئەو وتارە ناسیۆنالیزمییە هاتۆتەدەرێ کە وتاری ڕوناکبیری نائەکادیمیشی بەخۆوە گلاندوووە. چونکە ڕۆژهەڵاتناسی و کێشە ناسیۆنالی (ئەنفال، هەڵەبجە، ….)و ئەدەبی و مێژوویەکان پشکی شێری لە تێزە ئەکادیمیەکانی ڕوناکبیرانی کوردی هەندەرانی بەرکەوتووە.
ئێمە لایسەرەوە ئەوەمان ووت کە وتاری ڕوناکبیری هاوچەرخی عەرەبی یان فارسی کاریگەری بەسەر وتاری ڕوناکبیری هاوچەرخی کوردیەوە هەیە هەرلەبەرئەوە لەناو ڕوناکبیرانی فارس و بەتایبەت عەرەب میراتی فەلسەفەی شیکردنەوەی بێت یان بیری فەلسەفی ڤیتگنشتاین و پۆست ڤیتگنشتاینیەکان لاواز و کەمبایەخ بووە ئەمە وایکروە میرات و بیری ناوبراو نەگاتە ناو کوردان وەک ئەوەی فەلسەفەی غەیرە شیکردنەوەی بەخۆیەوە دیویەتی. بەواتێتر، لەبەرئەوەی ڕوناکبیرانی فارس و بەتایبەت عەرەب لەژێرکاریگەری فەلسەفەی دژە جەمسەری فەلسەفەی شیکردنەوەی دا بوونە(فەلسەفەی کۆنتنێنتال) نەیانتوانیوە لەگەڵ ئەو سێستەمە فەلسەفیەدا تێکەڵبن بە بیرکاری، ژیۆمێتری (ئەندازە)، فیزیا، کیمیا، فسیۆلۆژی (کارئەندامزانی)، بیۆلۆژی (زیندەوەرناسی) یەوە لە پێوەندیدا بووە. واتە، ئەو فەلسەفەیەی لە جیهانی عەرەبیدا هەمیشە زاڵبووە فەلسەفەی کۆنتنێنتال (کیشوەری) بووە و، ئەمەش کاریگەری خۆی بەسەر وتاری ڕوناکبیری کوردیەوە جێهێشتووە. تەنانەت ئەوەی کە زمانی نووسینی ڕۆمانتیزسیزم لەناو ڕوناکبیرانی کورد دا زاڵ و باو بووە ئەمەش هەمدیس کاریگەری ڕوناکبیرانی عەرەب و فارسی بەسەرەوەیە.
سەرباری ئەوی ووترا بائەوەش بڵێین کە ترسێ گەورە لەناو ئێمە لە لۆژیک هەیە ئەوەش ترسە لە شیکردنەوە. چونکە ئامادەبوونی لۆژیک شیکردنەوە دەگەێنێ و بۆیە ئێمە تووخنی لۆژیک ناکەوین. ئەم ترسە دیوێتریشی هەیە کە باوەڕمان بە بیرکردنەوەی لۆژیکی نییە و پێمانوایە فەلسەفە یان بیرکردنەوەی فەلسەفی ، وەکیتریش بیرکردنەوە بەگشتی، کە بێ تێهەڵکێشکردنی بە لۆژیک نەشیاوی دروستدەکات لە شیکردنەوە بە زێدەڕۆی و سەرئێشە دەزانین. بەس ئەو تێگەیشتنە لەناو ڕوناکبیرانی کورد زۆر بەدەگمەن باوە کە ئەوی لە نووسینەکانمان دا مەرجە ئەوەیە ئەو نووسینانەی خۆیان لە فۆڕمی شیکردنەوە نیشاندەدەن بیانو و سەلێمەنەکانی ئەو نووسینانە پێویستە بەجۆرێ بیرکارانە و لۆژیکیانە بخرێنەڕوو نەک هەڕەمەکی و پەرتانە. هەڵەێ کوشندەشە لەوە تێنەگەین دێڕێ یان ووتنی زمانەوانی دەکرێ بەهۆی لۆژیکەوە یەکلاکرێتەوە چەند ڕاست یان هەڵەیە. واتە بەهۆی لۆژیکەوە لەوەدەگەین ئەوی ووتومانەوە ڕاستە یان ڕاست نییە.
ئێمە دەزانین فەلسەفەی ماتماتیکی ناو فەلسەفەی شیکردنەوەی بۆ ڕوناکبیرانی کورد شتێ سەرنجڕاکێش نییە چونکە بەرگەی ئەو زانینە لۆژیکی و تەجریبیە ناگرن لە هەناوی ئەو فەلسەفەیەدا پەنهانە بەس ڕوناکبیرانی کورد لەو موسیبەتە ڕوناکبیریە بەئاگا نین دووچاری وتاری ڕوناکبیری کوردی بۆتەوە. زۆریش ڕێیتێدەچێ ئەوی ئێمە بە موسیبەتی دەزانین ئەوان واینەبین؟ ئاخر ئەوە موسیبەتە چەنەبازی و زۆربڵێی شوێنی نووسین بگرێتەوە!! یان بەلێشاو نووسین و بڵاوکردنەوە ببێ بە کردەێ لە ڕوناکبیری!!
ئێمە پێشتریش لە نووسینێکمانا (هزری بیرکاری (ماتماتیکی) لە کۆمەڵگەی گەندەڵدا وونە: پێویستی بۆ پووخت بیرکردنەوە)(5) قسەمان لەو لایەنە کردووە کە هزری ماتماتیکی لە کۆمەڵگەی گەندەڵی کوردی دا وونە و بگرە هیچ مەوداێ تیۆری و ڕوناکبیریش بۆ گفتووگۆکردن لەسەر ئەم لایەنە نەخوڵقاوە. ئەم دیاردەیە کە پێوەندی بە مەسەلەی پشتکردنی توێژی نووسەر و ڕوناکبیری کوردە لە بیرکاری (ڕیازیات ، ماتماتیک) کێشەی خۆی لەپاشخۆی لەناو وتاری ڕوناکبیری کوردی داناوە. پشتکردنی ئەم توێژە لە ماتماتیک واتە پشتکردن لە پووخت بیرکردنەوە و کۆنکرێت تێهزرین، ئەمەش لەسەرێترەوە ئەوەدەگەێنێ ئەم توێژە دەیەوێ پشت لەگشت شتێ لۆژیکی و ڕاسیۆنالی(عەقڵانی) بکات. باشە ئەم جەغتەی ئێمە لێرە بۆ دەبێ لە هزری ماتماتیکی بێ نەک  لە شتێتر؟ یان بۆ ئەم بایەخدانە بە ماتماتیک؟ هۆی ئەم جەغت و بایەخدانەی ئێمە هەر لەبەرئەوە نییە ماتماتیک وەک مۆدێل و مێتۆد لە فەلسەفە و زانستی سەدەی بیستدا گەورەترین مانای هەبووە و هیچ ڕەنگدانەوەێکی لە وتاری ڕۆشنبیری و ئەکادیمی کوردیدا نەبووە. هەروەها هۆی سەرەکی و بنەڕەتی ئەم جەغت و بایەخدانەی ئێمە دیسانەوە هەر لەبەرئەوە نییە ئەوەی پێیدەڵێن دەستەبژێری ڕوناکبیری کوردی هیچ بایەخێکی بۆ نە ماتماتیک هەیە و نەش لۆژیک، لەوەشبترازێ ئەم دەستەبژێرە حەوسەڵەی ئەو پۆلە زانستیەشی نییە پێیدەووترێ زانستە تەجریبیەکان و ئەو نەختە پێوەندیەش ئەم دەستەبژێرە لەتەک زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانا هەیەتی بەهیچی نەگایندووە، یان لەم بوارەدا وتارێ دیاریکراوی خۆی نییە و پرسیار و گومانەکانی تابڵێی نا-بەرهەمهێنەر و نا- خوڵقێنەرن. واتە هۆی بایەخدانەکەمان هەر لەبەر ئەو دوو هۆیە نیین ئەگەرچی ئەو دوو هۆیە بۆ ئێمە زێدەگرینگن و بابەتی تێڕامانی جۆراوجۆریشن، بەڵکو ئەو هۆیەی زێدە بناغەییەی وایلێکردووین سەرنجبخەینە سەر ڕۆڵی هزری ماتماتیکی لە ژیانی ڕۆشنبیری ئەوەیە هزری ماتماتیکی والە مرۆڤ دەکات هزر (بیر) پووخت و تێگەیشتن کۆنکرێت و بەرجەستەیی بێت. واتە ئەوی هزری ماتماتیکی بێ هزری پتر ڕاسیۆنالی و لۆژیکی دەبێت بەمەش ئەو کەسە کەمتر ساویلکە و زۆرتر ڕەخنەکار و ڕاستەوخۆ تێدەهزرێت. ئەم شێوە تێهزرینەش لەئێستادا بۆ ئێمەی کورد، بۆ سیاسی و ڕۆشنبیر و ئەکادیمیکەرانی کورد، لەڕادەبەدەر پێویست و مانابەخشە.
بۆ پشتگیریکردنیش لەوی لایسەرەوە ووتمان دێینە سەر دۆکترینێکی (عەقیدەێکی) فەلسەفی ئالان بادیو. چونکە بەپێی دیتنی ئالان بادیو ئێمەی مرۆڤ بۆ پێکهێنانی هزرێ پووختی ڕاسیۆنالی پێویستمان بە ماتماتیکە. هەر لەبەرئەوە بادیو دەگاتە ئەو دیتنەی ئێمەی مرۆڤ بەبێ بیرکاری نابیناین (کوێرین). ئەم دیتنەش ئەو مانایە بەدەستەوە دەدات ئێمەی مرۆڤ بەهۆی ماتماتیکەوە بینا دەبین (واتە چاوساغبین) و ژیانمان ڕۆشنایی تێدەکەوێت. بەڵام ناکرێ ئەوە لەبیرکەین ئەم دۆکترینەی بادیو پشتگیریلێدەکا ئاڕاستەێ گەردووناوی هەیە و پێوەندی بە کولتوور و تاقم و یان کۆمەڵگەێ دیاریکراوەوە نییە. بەڵام بۆ بادیو ئەوە ئەرکی(کاری) فەلسەفەیە ئەوە نیشاندات بیرکاری( ماتماتیک) هزرە (6).
ئەم بایەخدانەی بادیو بە ماتماتیک سەرچاوەێ ئەفڵاتوونی هەیە چونکە بەپێی بینینی ئەفڵاتوون ماتماتیک فۆڕمێکە لە هزر (بیر). هەر خودی ئەو ئەکادیمیایەش ئەفڵاتوون بیست و سێ سەدەێ لەمەوبەر دروستیکرد لەسەر دەرگاکەی بە گەورەی نووسرابوو : “”ئەوی بیرکار(ڕیازی، ماتماتیسیان) نییە بانەێتە ژوورەوە “”. ئەفڵاتوون لە نووسینی “”شار”” دا تەنانەت ئەوەشمان بۆ شیدەکاتەوە ئەوی تواناێ ماتماتیکی هەبێ دەکارێ زوو و بەپەلە لەشت بگات. ئەم بایەخدانەی ئەفڵاتوون بە ماتماتیک لە “”شار””دا لەپال بایەخدانەکانیەتی بە پەروەردە و ڕێکخستن و بردنەڕێوە. چونکە ئەفڵاتوون لەو شارە نموونەییەی دەیویست بوونیادیکا هەمیشە ئارەزووی ئەوەیدەکرد کەس و تاکی زیتەڵە و ژیر لە شاردا نیشتەجێ و ڕێنیشاندەر و ڕاوێژکاربن بەڵام ئەفڵاتوون ئەم ئارەزووەی لەسەر ئەو ویستە دادەڕشت کەسەکان پێویستە توانا و شیاویێ ماتماتیکیان هەبێ. چونکە بەپێی پێناسەی ئەفڵاتوون بۆ کەسی ماتماتیسیان (بیرکار) ئەم جۆرە کەسە قابیلیەتێ باشی هەیە و خێرا و زوو لە شت دەگات. کەواتە ئەو شارەی ئەفڵاتوون خوازیارە بۆمانچێکا پێویستی بە بیرکارە (ڕیازی)، و پێویستی بەو هاوڵاتیانەیە خێرا و گورج لەشت حاڵیدەبن. ڕەنگە و لەگەلێ سەریشەوە ئەم بینینە ئەفڵاتوونیە بۆ هاوڵاتی شار، کە بەخۆی مەرج دانانێکیشی تیابەدیدەکرێ، پێوەندی بەو تێگەیشتنەی تری ئەفڵاتوونەوە هەبێ لەسەر هاوڵاتیێ تری شار کە ئەوەش  “”شاعیر””ە. چونکە لەو شارەی ئەفڵاتوون نیازمەندە سازیکا و بیشیکا بە نموونە بۆ گشت شارێ شوێنێ بۆ شاعیر بوونی نییە و، بگرە شاعیر لەم شارە نموونەییەدا ڕاودەنرێ و شاربەدەریشدەکرێ. کەواتە لە “”شار””ەکەی ئەفڵاتوون شاعیر دەبێ بەکۆچەری بژی و بیرکار (ڕیازی، ماتماتیکی) تائەندازەێ عەقلی شارە. ئێمە بۆئەوەی مانا بە ناواخنی نووسینەکەمان بدەین دەخوازین لەم گفتووکۆ ئەفڵاتوونیە گەڕێین و بێینەسەر لایەنێتر و لەوێ دەمانەوێ باس لە ڕووێکی تری ئەم نووسینەکەین و گرێشیدەینەوە بە پێویستی بۆ هزری ماتماتیکی و ئەو لقوپۆپانەی لەم هزرە دەبێتەوە. بۆئەوەی ڕاستەوخۆتریش بێینەگۆ دووبارە دەچینەوە سەر بادیو. هۆی ئەوەی ئێمە دەچینەوە سەر بادیو بۆئەوە دەگەڕێنینەوە بەپێی تەماشاکردنی بادیو ئۆنتۆلۆژیا (کەینوونە، بوونگەری) ماتماتیکە. هەرلەبەرئەوەی بادیو بەمجۆرە سێری ماتماتیک دەکا جەغتلەوەشدەکا ئەوە کاری ماتماتیسیەکانە(بیرکارەکان) پرسیاری بوون شیکەنەوە نەک فەیلەسوفەکان.
ڕەخنەی بادیوش لە فەلسەفەی بووناوی پاش ئەفڵاتوون ئەوەیە فەیلەسوفەکانی پاش ئەفڵاتوون بوونیان لەڕێگای فەلسەفەوە شیکردۆتەوە نەک ماتماتیک. ئەمەش بەقەولی بادیو هەڵەێ هێجگار گەورەیە. بەڵام ڕەخنەی ڕاستەوخۆی بادیو لەم ڕوەوە لەلاێ لە فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیای هایدیگەرە و ، لەلاێتریش لە فەلسەفەی ماتماتیکی ئەنگلۆ-ساکسۆنی. هەر ئەو شێوە ڕەخنەیەش بادیو قایلەپێی واشیلێدەکا ڕەخنە لە بەماتماتیزەکردنی (بەبیرکاریکردنی) لۆژیک بگرێت کە ئێمە بەشبەحاڵیخۆمان  زۆر کۆک نیین لەگەڵی. واتە ڕەخنە لەو ئاڕاستە فەلسەفییە دەگرێ فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆ- ساکسۆنی خۆی لەسەر ڕاهێنا. هۆی ئەوەی بادیو ئاوا بیردەکاتەوە زۆر بەکورتی بۆئەوەدەگەڕێتەوە بادیو باوەڕی بە بەماتماتیزەکردنی لۆژیک نییە. بەڵام هەرگیز ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە والە بادیو ناکا ماتماتیک لە فەلسەفە بەتایبەت لە فەلسەفەکردن دوورخاتەوە. هۆی ئەوەی ئێمە بەمشێوەیە دەپەیڤین بۆ خودی باوەڕ و گریمانە فەلسەفیەکانی بادیو دەگەڕێتەوە. چونکە بادیو لە سێستەمی فەلسەفی خۆیا تەماشای ماتماتیک وەک بەرهەمهێنەری ڕاستی، ڕاستی زانستی، دەکا. ئەم جۆرە ڕاستییە بەپێی دیتنی بادیو ڕاستی فەلسەفیش بەرهەمدێنێ. ئەلبەتە لێرە نابێ ئەوەمانبیرچێ بادیو لەڕێگای ماتماتیکەوە پشتگیری لە نەرێتی عەقلانی و زانستی دەکا و دژ بە گشت فۆڕمەکانی ڕێژەگەریی و زمانەوانیش دەوەستێتەوە. ئەم جۆرە ڕەخنەیەی بادیو کە چەند جەمسەریە یەک لەو جەمسەرانە ئامانجی ڕەخنەکردنی لەلاێ ئۆنتۆلۆژیای شیعرگەرایی هایدیگەرە و لەلاێتر ئەتەیزمی (ئیلحادی) هاوچەرخە، کە فەلسەفەی نیچە ( بیرۆکەی مەرگی یەزدان) بناغەی بۆدانا.
لەو پەرەگرافەی لایسەرەوە ویستمان بە کورتی ئەم گریمانانە (هێپۆتێزانە) بخەینەڕوو کە مانای خۆیان بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو ڕۆشنبیریە گەندەڵ و نالۆژیکیەش هەیە ئەمڕۆ لە کوردستانا باوە :
* بۆ ڕێگرتن لەو ئەتەیزمە(ئیلحادیە) هیچگەرایەی ئەمڕۆ یەقەی ڕوناکبیر و نووسەرانی کوردی گرتووە پێویستە پشتگیری لە لەسەرهەڵدانی هزری ماتماتیکی بکرێ. وەکیتریش ئەتەیزمی ڕوناکبیرانی کوردی هێندە هیچگەرایە هیچی لەو ئیسلامیزمە فۆندەمینتالیستە کەمتر نیە تێکەڵ بە وتاری ڕوناکبیری هاوچەرخی کوردی بووە. مەترسی ئەم دوانە (ئەتەیزمێ هیگەرا و فۆندەمینتالیزمێ ئیسلامی) یەک شتە و یەک شتیش بەرهەمدێنێ.
* ماتماتیک دەتوانێ بناغەێ چاک لە هزرمانا بۆ تێگەیشتن لە “”بوون”” دانێ. چونکە ماتماتیک هزری بوونە. باسی بوون کە نەبووە بە پرسیارێ بنەڕەتی لە ژیانی ڕوناکبیریمان ئەم باسە تەنیا لەڕێگای ماتماتیکەوە دەشێ بە ووردی بەرگفتووگۆخرێ.
* بۆئەوەی پووخت بیرکەینەوە پێویستمان بە هزری ماتماتیکیە. پووختبیرکردنەوەش لە درێژدادڕی و سەفسەتە و ڕەوانبێژی ڕزگارماندەکا. واتە بەهۆی هزری ماتماتیکیەوە پووختبیردەکەینەوە و لەگشت ئەو شتانەش دەربازماندەبێ سازێنەری ڕوناکبیریێ گەندەڵن.
وەک دوا پەیڤیش دەمانەوێ بڵێین، مەرامی ئێمە لەم نووسینە توانەوەی ڕوناکبیرانی کورد نییە لەناو نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی یان نەوەی ڤیتگشتاین ، کە بە چاخی زێرینی فەلسەفەی هەردوو زانکۆی کامبرج و ئۆکسفۆردی لەقەڵەمدەدەین، بەڵکو گۆڕینی تەماشاکردنی ئەم ڕوناکبیرانەیە بۆ زانینی فەلسەفی و ، سەرنجخستنەسەر نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی و پۆزەتڤیزمی لۆژیکی یان ئیمپریزمی لۆژیکی ئەنگلۆ- ئەمەریکیش مەبەستە. چونکە گیرکردنی زانینی فەلسەفی لەبوار و پۆلێک، یان بێئاگابوون لە بیرکارانەبوون و لەپەرەسەندنی لۆژیکی شێوەی (فۆڕمال) و ئێمپریزمی شیکردنەوەی و ، وەکیتریش بێئاگابوون لە بایەخەکانی بیرمەندانی زانکۆی کامبرج و ئۆکسفۆرد بە فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی ئاگای Mind ، کە بواری نەشونمای فەلسەفەی شیکردنەوەییان پەلەترکرد ، بەبێگومانەوە دەڵێین ، بەزیانی کردەی فەلسەفەکردنمان دەگەڕێتەوە. هەروەها ئێمە نکوڵی لەوەشناکەین نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی و شەپۆلە فەلسەفیەکانی ناو ئەم نەرێتە فەلسەفییە بێ کێشە و کەموکوڕی نیین و دوا چارەسەریان بۆ کێشە فەلسەفیەکان ،کە لەخودی خۆیدا کێشە هەمیشەییەکانی مرۆڤن، پێنییە بەس ئاوێتەبوون لەتەک بیری بیریارانی ئەم نەرێتە بێکەڵک و بێناواخن نییە.
هەروەها ئێمە لەڕێگای ڕوانینەکانی ئەم نووسینە کورتەوە ویستمان سەرنجی خوێنەر بۆئەوەش ڕاکێشین کە زێدەگرینگە لە هزرمانا شوێن و داڵدەێ بۆ ماتماتیک (یاخود بیرکارانەبوون) چێکرێت، چونکە هزری ماتماتیکی و هەوڵە ئاکسیۆمیەکانی ئەم هزرە مانایان لە ژیانی ُپڕاکتیکی مرۆڤدا هەیە. لەسەرێترەوە ئەم هزرە یارمەتی ئەوەشمان دەدات چڕ و وورد و تیژ و پووخت بیرکەینەوە. پووخت بیرکردنەوەش بەخۆی هەنگاوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە سەفسەتەگەرای و جادووگەرایی. بۆئەوەی پووختیش بیرکەینەوە دەبێ لۆژیکیبین (مەنتیقیبین). چونکە لۆژیکی بوون، یاخود لۆژیکیتێهزرین، بەو مانایە دێت کە ئێمە کۆنکرێت تێدەهزرین و هەمان زانیاری لە دیدی جیاوە دەردێنین. بۆیە ئەو کەسەی لۆژیکی تێدەهزرێ (بیردەکاتەوە) گفتووگۆکانی ڕاستەوخۆ و دیارکراو و بەرجەستەدەبن. ئەم جۆرە گفتووگۆیەش دەشێ ناونرێ گفتووگۆی پووخت کە لەبنەچەدا ڕاسیۆنالیشە. هەرلەبەرئەوە تێهزرینی لۆژیکی جۆرە تێهزرینێ ڕوون و سنوردار و کۆنکرێتە. ئەم جۆرە تێهزرینە، جا ئەوە تێهزرینی لۆژیکی بێ یان ڕاسیۆنالی، لە: سۆز، پاڕانەوە، گریان، توڕەبوون، هەڕەشە، لەخۆبایبوون و مشەخۆری لەسەر دید و بۆچوونی ئەویترەوە دوورە. چونکە ئەو کەسەی لۆژیکیانە بە ئاکامێ دەگات لەمیانەی تێگەیشتنی خۆیەوە بەوە گەیووە و بۆیشە بەوەگەیووە چونکە ڕەخنەگر و پووخت و کۆنکرێت بیریکردۆتەوە. ئەم کەسە لەبەرئەوەی لۆژیکیانە بیریکردۆتەوە پێویستی بەوە نییە زمانێ ساویلکە و زەبراوی و ڕەوانبێژیئامێز بەکاربەرێ. چونکە گشت ئەو جۆرە زمانانە نە لۆژیکین و بگرە خەڵەتێنەر و فێڵاویشن.
مایەوە ئەوەش بڵێین ئێمە وەک گشت خوێنەرانی بەرهەمی چ ڤیتگنشتاین و چش پۆست ڤیتگنشتاینیەکان ، و تەنانەت سەرجەم نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەیش، ڕەخنەی تایبەتی خۆمانمان لە فۆڕمی داڕشتن و ئاڕاستەی بیرکردنەوەی فەلسەفی و تیۆریزەکردنی فەلسەفی ڤیتگنشتاین و موریدانی و بگرە ئەنتی ڤیتگنشتاینیەکانیش هەیە وەلێ ئەمە هەرگیزاو هەرگیز ئەوە ناگەێنێت پشت لە بەرهەمی فەلسەفی بیرمەندێ وەک  ڤیتگنشتاین و ئەوانەش بکەین لەتەک ئەم بیرمەندەدا دژ و یان کۆکن.  ڤیتگنشتاین زۆری مەبەستبووە جۆرە پاکسازیێ لەڕێگای جەغتکردن لە لۆژیک و زمان لەناو فەلسەفە بکات و هیچنەبێت ئەوەی پێیدەڵێن فەلسەفەی نەرێتی لە هەڵە زمانەوانیەکانی خاوێنکاتەوە. تەنانەت ئەو پاکسازیەی ڤیتگنشتاین گەیشتە ئەو ڕادەیەش فەلسەفە لە فەلسەفە پاککاتەوە کە دوای خۆی ئەم لایەنە گەلێک لە بیرمەندانی چ کۆنتنێتال و چش شیکردنەوەی دووچاری پەتای قسەکردن لە مەرگی فەلسەفەکرد. ئەم لایەنانە کە لە خەسڵەتەکانی بیری ڤیتگنشتاینن پێویستە گفتووگرێت بەس ئەمە لە هێزی ووتنەکانی ڤیتگنشتاین کەمناکاتەوە و ئێمە لەوە ساردناکاتەوە ڕوناکبیرانی کورد هاننەدەین سەرگەرمی خوێندنەوەی نووسینەکانی ڤیتگنشتاین و پاش ڤیتگنشتاینیەکان و بەگشتیش فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆ- ئەمەریکی نەبن.
ئەو تراژیدیایەش کە لە نێوەندی ڕوناکبیری کوردی دا چەکەرەی کردووە پێوەندی نە بە شێوازی بیرکردنەوەی ئێمەوە هەیە و نەش ئێمە خۆمان لێیبەبەر پرسیاری دەزانین. هیچ شوێنێکیش لەو نێوەندە خێلەکیەدا ، کە بەسەر خێزانە سیاسی و ڕۆشنبیریەکان دا دابەشبووە، بۆ دادگایکردنێ دادپەروەرانە نابینینەوە کە تیا نووسەرێک بەوە تاوانبارکرێت ئەوی دەیلێت دوورە لە ووتنەکانی ئەو نێوەندەوە. تاوانی ئێمە نییە وتاری ڕوناکبیری کوردی هاوچەرخ بە وتاری لۆژیکی ڕۆژئاوای ئاشنا نییە و بەئاگاش نییە لەشەڕی فەلسەفی و هزری نێوان نەرێت و قووتابخانە و ئاقارە فەلسەفی و هزریە جیاجیا و ناکۆکەکان.  هەروەها هیچکات ئێمە بەڵێنی ئەوەش نادەین لە سەروتارێکدا دەکارین گشت مێژووی  سێ هەزار ساڵەی هزر و بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا بە زمانێ سادەی لاواز و ناهزری بگێڕینەوە ، یان  پووخت و چڕکەینەوە ، تا خوێنەری کوردی لە چەند چرکەێکدا بە دیرۆکێ ئاشناکەین لە دەرەوەی ئەزموون و تێڕامانی ئەوەوە هاتۆتەدونیاوە. لێ ئێمە زۆر بەلامانەوە مەبەستە بەشداری لە دەربازکردنی ئەو نێوەندە لەو دیلێما (میحنەت) یە بکەین دەمێکوەختە پێوەیگلاوە. ئەمەش لەکاتێکا مەیسەر و مسۆگەردەبێت کە تاکەکانی ئەو نێوەندە لەتەک بیرکردنەوە و تێڕامان دەستلەملان بن و مەیلی تێهزرین و تێفکرین داگیریانیکردبێت. چ بێ خەیالیێکە تۆ بۆ یەکەمجار بەناو گەلێ وەک ڤیتگنشتاین، فرێجە و جۆرج مۆر و….. ئاشنابووبێتی و دواتر پێتوابێت ئەوی ئەوان دەیڵێن یان ئەوی بیری ئەوان گفتووگۆدەکات ڕوون نادوێ یان سادە ناێتەگۆ؟ ئەوی ئاشنابێت بە نەرێتی فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆ- ئەمەریکی لەوە حالیدەبێت ئەستەمە بە سەروتار و دوان دەستوپەنجەنەرمکردن لەتەک ئایدیا و بیرۆکەی بیرمەندانی نەرێتی ناوبراو و ، بگرە بەو نەرێتەش (واتە ، نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێنتال) کە دژە جەمسەری نەرێتی ناوبراوە.
ئێمە لەڕێگای ئەم توێژینەوەیەی بەردەستمانخستووە فریوی هیچ جۆرە دیتن و بیرۆکەێک نادەین و خەسڵەتی بیرکردنەوەکان لە شوێنی خۆی دەستنیشاندەکەین و ڕێگاش لەبەردەم خوێنەر ئاوەڵادەکەین خۆی تەنیا بە گوزارە و مانا سەراپاگیریەکان نەبەستێتەوە و پشت لەوەناکات تێیناگات و گۆینەکردوە. چونکە قسەکردنی ئێمە لەم نووسینە، و لەکارەکانی تریشمان ، هەمیشە تەقەلاێک بووە بۆ ووتن لە نەووترا و دەرکپێنەکراو و نەبینراو. گشت ئەوانەش لەپێوەندیدان بە بیرکردنەوەوە. ئەو دەمەش بیرکردنەوە هەیە دەشێ و دەکرێت ئەوی نەووتراوە و دەرکیپێنەکراوە و یان نەبینراوە بکەوێتە زۆنی بیرکردنەوەوە. موخابن کە زۆنی بیرکردنەوە لە نێوەندی ڕوناکبیری کوردی دا زۆرتەسک و پەرت و بێ بەرە. تاهەنووکەش لەم نێوەندە دونیایێک بیرلێنەکراو و نەووتراو و دەرکپێنەکراو وەکخۆی ماوەتەوە.

ئازاد حەمە/ پاریس
azadhama500@yahoo.fr

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1.بۆ پتر تێگەیشتن لە دووری ووتنەکانمان داوادەکەین خوێنەر بۆ ئەم دوو سەروتارەمان بگەڕێتەوە: سەروتاری”” . هزری بیرکاری (ماتماتیکی) لە کۆمەڵگەی گەندەڵدا وونە: پێویستی بۆ پووخت بیرکردنەوە  “” و سەروتاری “” شوێنی فەلسەفەکردن لە کۆمەڵگەی گەندەل: فێڵکردن لە فەلسەفە””. بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە: مانیفێستی دژەگەندەڵی: پاکڕەوشتی دژ بە گەندەڵی. چاپی یەکەم ئاراس، هەولێر، 2010 .
2. تەنانەت ئێمە بەخۆشمان بەشداریمان لەباو کردنی فەلسەفەی کۆنتنێنتال و ئاقارە جیاکانی ئەم فەلسەفەیە لەناو ماڵی ڕوناکبیری کوردی دا کردوە : بۆنموونە یەکەم کتێبمان””ڕەهەندی تێڕامان و جەستەی وتاری ڕۆشنبیری هاوچەرخ””، چاپی ستۆکهۆلم 1994 ، هەوڵێکە بۆ ناساندنی بیری بنەماخوازی و پاش بنەماخوازی. کتێبی دواترمان بەناوی “”بیری پۆست مۆدێرنیزم”” لە ساڵی 1999 چاپی ستۆکۆلم، کۆششێکە بۆ ناساندنی بیری پۆستمۆدێرنەی فەڕەنسی(لیوتار، دێریدا، بۆدریار) و خوێندنەوەی بیری گیانی ڤاتیمۆ بۆ نیچە ، وەک سەرچاوەی بیری بیرمەندە پۆستمۆدێرنەکان، ئەوەش هەمدیس دەچێتە خانەی ناساندنی نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێنتالەوە. هەروەها لەسەر هەمان ڕەوت ڕۆشتووین و کتێبێ ترمان بەناوی “”ویست بۆ فەلسەفاندن : ڤیتکنشتاین و بادیو”” نووسیوە، و تیایدا فەسلێ لەم کتێبەمان لەسەر ئالان بادیو نووسیوە ،کە بیرمەندێ دیاری ناو نەرێتی فەلسەفەی کۆنتنێنتالی هاوچەرخە و ، تەنانەت تێزی دکتۆرانامەکەشمان (سیاسەتی ڕووداوی ڕاستی: هەنووکەی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی ئالان بادیو) هەر بەم بیرمەندەوە تایبەتکردووە. لە دوا بەرهەمی فەلسەفیشماندا ،کە ساڵی 2010 چاپکراوە ، بە فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی فەیلەسوفی فینۆمینۆلۆژی چیکییەوە بەناوی یان پاتوچکە Jan Patochka تایبەتکراوە کە ئەمەش دیسانەوە دەچێتە هەمان زۆنی فەلسەفییەوە.  

3. لەمڕوەوە بڕوانە ئەم کتێبەی بادیو “مانیفێستی فەلسەفە” بە زمانی ڕووسی :
Бадью A. Манифест философии. — СПб.: Аксиома، 2003.    
4. Alain Badiou. Metapolitics، Verso، 2006، p. 14.
5.بڕوانە ئەو ڕوونکردنەوەیەی لە پەراوێزی 1 دا بەرچاومانخستووە.
6.Alain Badiou. Briefings on Existence: A Short Treatise on Transitory Ontology. State University of New York Press، 2006، p. 43.
 

   

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.